٢٥\٦\٢٠٢٤
گۆرانی بۆ منداڵان و چەند سەرنجێک.
عەلی حەمەڕەشید
گۆرانی یەکێکە لەو هونەرە گرنگانەی کە منداڵان بەپەرۆشەوە گوێی لێدەگرن
و چێژ و سودی لێوەردەگرن و بەخۆشییەوە دەیڵێنەوە.زۆرجار سەرنجمان داوە
منداڵان گۆرانییەکیان لەبەر کردووە و دەیڵێنەوە کە نە لێی تێدەگەن و
نەدەشزانن باسی چی دەکات،بەڵام ئەوان لەبەریان کردووە چونکە لەو
ژینگەیەی کە ئەوانی تێدا دەژین زۆر دووبارەکراوەتەوە و لێدراوە،ئیتر
ماڵ بێت یان قوتابخانە یان هەر شوێنێکی تر کە منداڵ تێیدا دەژی یان
بەزۆری سەردانی کردووە.مامۆستا( ڕەزا شوان) دەربارەی گۆرانی بۆ منداڵان
لە نوسینێکدا بەناوی (سودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان) بەم شێوەیە باس
لەگۆرانی منداڵان دەکات: (گۆرانی ئەو چالاکییەیە، کە منداڵان بە هەموو
هەستێکیانەوە، بە شێوەیەکی نەستی تیدا نوقـم دەبن.. بە ئازادییش
گوزارشت لە هەستەکانیان دەکەن.. ئەم هەست و نەستەش ئارامییەکی قووڵی
دەروونییان پێدەبەخشێت.. منداڵان حەز لە گۆرانی ڕیتمی خێرا دەکەن و
حەزیان بە ڕیتمی خاو نییە.)هەروەها مامۆستا لە هەمان نووسیندا دەڵێت: (شاعیری
ناسراوی سوری (سلێمان ئەلعیسا) لە کێبەکەیدا (دیـوانی منـداڵان)
دەڵێ:"لە منداڵان بگەڕێن، با سروود بچڕن، گۆرانی بڵێن، بە نرخترین
دیاری کە پێشکەشیان بکەن، ئەو وشە جوانـانەن کە دەیانخـەنە سەر
لێوەکـانیان.. بۆ ئەوەی کە زمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە
نیشتمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە خەڵکی و گـوڵ و بەهـار و ژیانیان
خۆشبوێ.. پێویستە فێری سـرودی خۆشیان بکەین.. هۆنـراوەی جوانیان بۆ
بنووسین").کەواتە نابێت بە هیچ شێوەیەک بەسادەیی و سانایی بڕوانینە ئەو
گۆرانیانەی کە بۆیان ئامادە دەکەین،ئەو هۆنراوانەی کە بۆیان
دەنووسین،یان بۆیان هەڵدەبژێرین تا ئاوازیان بۆ دابنرێن و بکرێن بە
گۆرانی،بەڵکو پێویستە بە وردی و شارەزاییەوە بێت و گرنگی زۆریان
پێبدرێت،چونکە منداڵان بە شێوەیەک وەری دەگرن کە کاریگەری لەسەریان
دروست دەکات و دوایی بە ئاسانی ناتوانرێت ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی
کە لەسەر منداڵ دروستی کردووە لاببرێت.خۆی سەرچاوەی گۆرانی
هۆنراوەیە،هۆنراوەش بۆ منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە ،بۆیە واباشە چۆن
شاعیری بواری منداڵان شارەزایی لە تایبەتمەندییەکانی هۆنراوەی
منداڵاندا هەیە بەهەمان شێوە واباشە ئاوازدانەر ئەوانەی کە کار بۆ
منداڵان دەکەن هەوڵبدەن کە بزانن ئەو تایبەتمەندییانە چین کە پێویستە
لە هۆنراوەی منداڵاندا هەبێت ،تا بتوانن بەشێوەیەکی دروست ئەو
هۆنراوانە هەڵببژێرن کە مەرجەکانی تێدایە تا ئاوازی بۆ دابنێن و بیکەن
بە گۆرانی .نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە پێویستە بە ئەمانەتەوە وەک خۆی
و بەبێ گۆڕانکاری کاری تێدابکات،خۆ ئەگەر ویستی وشەیەک یان دێڕێک لە
هۆنراوەکەدا بگۆڕێت واباشە پەیوەندی بە خاوەنی هۆنراوەکەوە بکات کە لە
ئێستادا زۆر ئاسانە و بەزوویی دەتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات لەڕێی
مۆبایل یان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە یان ئیمێڵەوە.من بۆ ئەو مەبەستە بۆ
هۆنراوەکانم کە کردوویانن بە گۆرانی زۆر پەیوەندیم پێوە کراوە و
توانیومانە بە هەردووکمان مەبەستم من و ئاوازدانەرەکەیە ئەوە ئەنجام
بدەین کاتێ زانیومە مەبەستەکەی چییە و چۆنی دەوێت،چونکە هەندێکجار
هەندێک وشە لەوانەیە قورسییەک بۆ ئاوازەکە دروست بکات کە ئەوەش ئاساییە
بکرێت بە وشەیەکی تر کە هاوواتای بێت یان نزیک بێت لێی.لەگەڵ هەموو
ئەمانەشدا پێویستە ناوی شاعیرەکە بەباشی بنوسرێت ،نەک نەنووسرێت و
فەرامۆش بکرێت کە هۆنراوەکە هەوێنێکی سەرەکی دروستبوونی
گۆرانییەکەیە.لەم ڕۆژانەدا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ شاعیری مەزن مامۆستا (لەتیف
هەڵمەت ) دا کە دەربارەی هۆنراوە و گۆرانی منداڵان بوو ،سێ هۆنراوەیان
بۆ ناردبووم بەدوای خاوەنەکانیاندا دەگەڕام کە بەداخەوە تائێستاش بۆم
نەدۆزراوەتەوە.وتی مامۆستا:( بەڕای من لەناو کورد دا تەنانەت مۆسیقا
ژەنە گەورەکانیش شیعرناسیان کەم تیایە ئەوان ئاوازناسن نەک شیعرناس
لەبەر ئەوە دەبێ شیعرناس شیعریان بۆ هەڵبژێرێ) ئەو زیاتر مەبەستی ئەوە
بوو کە پێویستە ئەو شیعرانەی کە هەڵدەبژێررێن بۆ ئەوەی بکرێن بە گۆرانی
و بەتایبەتی بۆ منداڵان،مەرجەکانیان تێدابێت ، لەڕوی هونەری
شیعرییەوە،کێش و سەروا،بوونی مۆسیقای ناوەوەی شیعرەکە،ناسکی،گونجاندنی
بۆ تەمەنی منداڵ، کە ئەمە وادەکات گۆرانییەکە لەگەڵ ئاوازەکەدا ببنە
دووانەیەکی جوان و لێکدانەبڕاو و سودی خۆیان بگەیەنن بە منداڵ.زۆر
گۆرانی باش و جوانمان هەیە کە بۆ منداڵان کراون و لەگەڵ ئەوەی کە
منداڵان چێژ و خۆشییان لێوەردەگرن لە هەمان کاتیشدا سودیان لێوەردەگرن
و دەتوانن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاری بهێنن،کە پێویستە دەستخۆشی
لەوانە بکەین کە کاریان تێدا کردووە و بەرهەمیان هێناوە.بەڵام جاری واش
هەیە گۆرانییەک دەبینین یان گوێی لێدەگرین،لەگەڵ ئەوەی کە ماندوو
بوونێکی زۆری پێوە دیارە کەچی هەر لە ناونیشانەکەیەوە بە هەڵە دەستی
پێکردووە ،ئەگەر ئاوازدانەرەکە کەمێک لەگەڵیدا زیاتر خۆی ماندوو
بکردایە ئەوا ئەو هەڵە زەقەی نەدەکرد.بۆ نمونە هۆنراوەی (کەروێشک)ی
شاعیری مەزن (گۆران) کە خۆی بەم شێوەیەیە:
کەروێشک لەنـــــــاو لانە
گوێی لەســـــەر پشتی دانا
چـــاوی نووقاند پرخە پرخ
نووست تا ڕاوکەر وتی:پخ!
ئەمجا هەردوو گوێی لەقان
شانی پیاکـــــرد بەبازدان
کەروێشک، نزیکــە دوژمن
کەروێشک ڕاکــە قونە قون..
کەچی کراوە بە (کەروێشک لانە و لانە..گوێی لەسەرپشتانە) کە وەک ئەوە
وایە تەماشای دیوانی گۆرانی نەکردبێت تا بەدروستی هۆنراوەکە بنووسێت و
بەکاری بهێنێت. ئاشکرایە کە پەروەردە و مۆسیقا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و
نزیکیان هەیە و لەگەشە کردن و بنیاتنانی کەسێتی منداڵیشدا کاریگەریان
هەیە.بۆیە بۆ هەڵبژاردنی مۆزیک و هۆنراوەش بۆ گۆرانی پێویستی بەسەلیقەی
ورد و شارەزایی باش هەیە وەک پێشتر باسمان کرد،تا بەشێوازێکی
پەروەردەیی گونجاو ئەو کارەی کە ئاراستەی منداڵان دەکرێت بێتە بەرهەم.
گۆرانی یەکەم جۆری هونەر و ئەدەبیاتی منداڵانە و بەتەواوییش پەیوەستە
بە ژیانیانەوە و هەر لەدوای لەدایکبوونیەوە دایک پێش ئەوەی بخەوێت
منداڵەکەی بەلایلایە لاواندۆتەوە و ئارام کردۆتەوە .بۆیە گۆرانی بایەخ
و گرنگی تەواوی خۆی هەبووە و هەیە .ئەوەتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە
بۆنە تایبەتییەکانی منداڵاندا کۆنسێرت و فیستیڤاڵ و ئاهەنگی مۆسیقا و
گۆرانی بۆ منداڵان سازدەکرێت و لەڕێگەیەوە بێجگە لە چێژ و خۆشی پەیامە
پەروەردەیی و زانستی و ئاشتی و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی و......هتد
دەدرێن بە گوێی منداڵاندا و لەکوردستانیشدا بەهەمان شێوە بۆ ئەو
مەبەستە کار کراوە و بەردەوامیشە بەڵام وەکو پێویست نییە بۆیە
هیواخوازین کە زیاتر گرنگی پێبدرێت.لە گۆرانی منداڵان ئامانجمان ئەوەیە
کە هەوڵی ئەوە بدەین کە منداڵان لەڕێگەی گۆرانییەوە زیاتر تێکەڵ دەبن و
کۆمەڵایەتی دەردەچن بە مەرجێک هۆنراوەی گۆرانییەکان وەک ئەوە بێت کە
پێشتر باسمان کرد. لە کۆتایی ئەم بابەتەدا پێویستە زیاتر ئەوە دووپات
بکەینەوە کە ئەو گۆرانییە پەروەردەییانەی کە ئاراستەی منداڵان دەکرێن،
زۆر گرنگ و کاریگەرن لە ژیانی منداڵاندا، چونکە باوەڕبەخۆبوون بە
منداڵان دەبەخشێت و فێری گفتار و ڕەفتار و خووڕەوشتی باشیان دەکات،
هەروەها لە هەمان کاتیشدا هاوکار و یارمەتیدەرە بۆ داهێنان و سەرکەوتن
و بەرەوپێشچوونی توانا و بەهرەکانی منداڵان.
مامۆستا (ڕەزا شوان) لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا دەربارەی سوودەکانی
گۆرانی بۆ منداڵان دەڵێت : (گۆرانی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە فێرکردن و لە
ڕۆشنبیری کردن و لە بە کۆمەڵایەتیی کردنی منداڵان، گۆرانی هەست و
ویژدان دەبزوێنێ و دەدوێنێ، لە سایەی گۆرانیدا گەلێ سوود و ئامانجی
پەروەردەیی و زمان و کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی منداڵان دێنەدی)
_____________________________________________________
بۆ ئەم بابەتە سودم لەمانە وەرگرتووە:
١-
https://alrai.com/article
٢-
https://www.emrro.com/sudekanig.htm
٣-
https://www.youtube.com/results?search_quer
٤- دیوانی گۆران.
٥- گۆڤاری کوردجینیەس بۆ منداڵان ژمارە( ٢) ساڵی ٢٠٢٢.
ماڵپەڕی عەلی
حەمەڕەشید
|