گۆڕانى کودەتایی و
بنەرەتى و شمولیمان گەرەکە نەک حیزبى شمولى.
حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ
هەموو شۆڕشەکانى گەلى کورد خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕش بوون دژ بە
داگیرکەران و ڕژێمە ڕەگەزپەرستەکان، دژى دوژمنان و بەرگریکردن بوون لە
خاک و نەتەوە و زمان و فەرهەنگ بۆخاترى هێنانەدى خەون و مافە ڕەواکان و
گەیشتن بە ڕۆژى ئازادیى، ئەمە لە کۆى هەست و نەستماندا ڕەگى داکوتیووە
و مێژووش ناتوانێت فەرامۆشى بکات، هۆکارى ئەم بیرکردنەوەیەشە وایکردووە
هەردەم وەها بڕوانینە شۆڕش و کارکردنى سیاسى و یاخیبوون لەو ڕەوشە
نالەبارانەى بەسەرماندا سەپێنراون.
لە دیدگاى ئەم ڕوانینەوە کە کرۆمۆسۆم و جینەکانیشمان هەڵگرى هەڵوێستێکى
لەم شێوەیەن، وەختێک ڕەوشى نالەبار و ناچیزەش ڕووبەڕوومان ببێتەوە
لەژێر سێبەرەکەى خۆماندا، دەستەوسانو سەرکز
دەمێنینەوە و بە دەستەواژەى (دەسەڵاتى خۆمان) کەسیرە و دۆشداماو دەبین
و بێدەنگى هەڵدەبژێرین.
بەو مانایەى کە دەسەڵاتى کوردى و حکومەتەکەى هى خۆمانە و ناکرێت
بەرامبەرى دژە هەڵوێست وەربگرین، ناکرێت شۆڕش لە دژى بەرپا بکەین و
سەنگەرى لێ بگرین، لەکاتێکدا خراپ لە ( خۆمان ) گەیشتووین و سەرى
ڕاستییەکانیش بە بن گڵدا دەکەینەوە.. هەموو شۆڕشى میللەتان شۆڕشى
ناوخۆیى بوون و شتێک نییە ناوى شۆڕش بێت لە دەرەوەى ناوخۆییدا، شۆڕشى
فەڕەنسى شۆڕشى فەڕەنسییەکانە دژ بە سیستمى هاووڵاتیانى فەڕەنسى و
ئیتاڵى بەسەر ئیتاڵیدا و هەموو شۆڕشەکانى عەرەبیش هەر شۆڕش بوون و دەبن
بەسەر عەرەبزمان و فەرمانڕوایانى عەرەبیدا، کوردیش ئەگەر بارودۆخەکەى
پێ باش نییە و پێ باش نابێت دیسانەوە ئاساییە شۆڕش بەسەر خۆیدا بکات و
لە ڕەگەوە خۆى هەڵتەکێنێ، ببێتە ئەڵتەرناتیڤ و هەڵگەڕاندنەوەى ڕیشەیى
لە هەموارکردنى ڕەوشەکەیدا، وشەى خۆمان ئەودەمە دێتە کایەوە کە خاوەنى
خۆمان بین و بۆ خۆمان تێبکۆشین.
وەلێگۆڕان بە کودەتا و شۆڕش نابێت بە چەک و ئامرازە جەنگییەکان دژ بە
دەسەڵات و حکومەت و ئیدارەى کوردیى ئەوەندەى شۆڕش و سەنگەرلێدان و
ڕاپەڕین دەبێت بەرامبەر بە خۆمان، کورد هەمیشە شۆڕشى بەرپاکردووە بۆ
دەرەوەى خۆى و هەرگیز لە ناوەوەى خۆیدا شۆڕشگێڕ نەبووە بۆ گۆڕینى
گەوهەریى خۆى، ئەو شۆڕشە دەبێت بجەنگێت بۆ کاژ فڕێدان و دژ بە گەندەڵیى
و کودەتا بێ بۆ فەراهەمکردنى یاسا و لەبازنەدانى سنوورى دەسەڵاتى تاکە
کەس و حیزب و سەرکردەکان لە چوارچێوەى یاسا و ڕێساى تەندروستدا، شۆڕشێک
کە ڕووبەرە تاریکەکانمان بە چەکى تیشک ڕۆشن بکاتەوە..
هەنوکە گۆڕانى نوێ گەلێک پێویستە کورد بەرەو ڕووى خۆى بکاتەوە تاوەکو
ئاییندەى تەندروستى لەکیس نەچێت، گۆرانێک زەرورە بیرمان بێنێتەوە کە
بۆچى ڕاپەڕین و لەپێناوى چیدا شۆڕشمان کرد و یەکەم هەڵوێستى
ڕاستەقینەمان بهێنێتەوە پێش چاو و بەراوردى ئێستامانى پێ بکەینەوە..
ئەو گۆڕانە پێویستە لە بێخەوە ڕامانتەکێنێت و وەئاگامان بێنێتەوە،
نەترسین لەوەى کارێکى دڵسۆزانەى باشترى هەیە لەوەى خۆمان بۆ باشتر
بەڕێوەبردن و بوژانەوەى سەرجەم جومگە لێک هەڵوەشاوەکان، گۆڕانى دانانى
کەسى شیاو و کارا لە پۆستەکەى خۆماندا و کشانەوەمان بەوپەڕى
هۆشمەندییەوە، ئەمڕۆ کوردستان پێویستى بە بیرکردنەوەیەکى مەدەنى لەم
شێوەیەیە..
چاکسازیى تەنها کارێکى ڕواڵەتییەو نامانگەیەنێتە ناخى ڕاستییەکان و
گۆڕینى قووڵاییەکان، بەڵکو بەر لە هەر شتێک گۆڕانى کودەتایى سەرتاسەریى
ویستەکانمانە بەسەر لایەنە نێگەتیڤ و تاریکەکانى خۆماندا و
دامەزراندنەوەى کەسێتیى و بوونى خۆمان، گرێبەستى ڕاستەقینەى
دەسەڵاتدارانە کە ببنەوە ڕۆڵەى میللەت و وەک هاووڵاتییەکى خەمخۆر
بڕواننەوە گۆشە ناڕێک و تەڵخەکان و بە چاوى میللەتەوە ڕەخنە و سکاڵا و
گلەییەکان بخوێننەوە و گوێچکەى میللەتیش بۆ بیستن بەکاربێننەوە، گۆڕان
دژ بە کورد شۆڕشێکە پێویستە گەردیلەکانیشمان سەراپا بگۆڕێ و تێکڕا
هەموومان بگرێتەوە.. ئەگەر نا، ئاییندەیەکى تاریک چاوەڕێمان دەکا و
هەموو دەستکەوتەکانمان لەکیس دەدەین، کە ئەمەش لەخۆیدا شۆڕشێکە هیچ
کامێکمان ئارەزووى ناکەین.
|