په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٧\٢٠٢٦

گۆرانیی پەپوولەکە.

 

    مەی ئیسماعیل

وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: فەرھاد ئەحمەد

«لاوەند» کوڕێکی بچوک بوو، زۆر حەزی لە ژەنینی پیانۆ بوو، و خەونی دەبینی لە داهاتوودا ببێتە ژەنیارێکی گەورە. ئەو هەموو هەفتەیەک دەچوو بۆ وانەی پیانۆ، و هەموو ڕۆژێک پێش خەوتن ڕاهێنانی لەسەر ژەنین دەکرد. «لاوەند» بوو بە ژەنیارێکی لێهاتوو چونکە لە ڕاهێنانەکانیدا دڵسۆز بوو؛ ڕەنگە زۆر شتی بیر بچوایەتەوە، بەڵام قەت ڕاهێنانەکەی خۆی بیر نەدەچوو!


​ڕۆژێک «مامۆستا هەژار » کە مامۆستای پیانۆکەی بوو پێی وت:


​«لاوەند ، سبەی لەبەردەم جەماوەرێکی گەورەدا دەژەنیت، تۆ بوویتەتە ژەنیارێکی بەتوانا! پەنجەکانت وەک سمۆرە بە سووکی بەسەر کلیلەکانی پیانۆکەدا باز دەدەن. بەڵام شتێک کەمە».


​«لاوەند » بە سەر سوڕمانەوە لێی پرسی: «ئەو شتە چییە؟»، چونکە دەیویست ببێتە ژەنیارێکی ناودار و دیار، نەک تەنها ژەنیارێکی باش.
​«مامۆستا هەژار» زەردەخەنەیەکی کرد و بە نهێنی بە گوێی «لاوەند»دا چرپاند:


​«بە تەواوی دڵتەوە بژەنە، نەک تەنها بە پەنجەکانت».


​وەک هەمیشە، «مامۆستا هەژار» سندوقە بچووکەکەی هێنایە دەرەوە کە ستیکەرەکانی تێدا هەڵدەگرت، و وێنەی پەپوولەیەکی جوانی لێ دەرهێنا. «لاوەند» دەستی درێژ کرد و ئەویش پەپوولەکەی بە دەستیەوە چەسپاند و وتی: «بیر لەم پەپوولە جوانە بکەرەوە کاتێک کە دەتەوێت بە دڵ بژەنیت».


​لەو ڕۆژەدا، کاتێک هەموو منداڵەکان ڕۆشتن بۆ ئەوەی لە باخچەکەدا یاری بکەن، «لاوەند» دانیشت و سەیری پەپوولەکەی دەکرد و لە خۆی دەپرسی: «من دەتوانم بە پەنجەکانم بژەنم چونکە دەتوانم بیانجوڵێنم و کلیلەکانی پیانۆکەی پێ دابگرم، بەڵام چۆن بە دڵم بژەنم لەکاتێکدا ناتوانم بیبینم؟». بۆ یەکەمجار لە دوای ماوەیەکی درێژ، «لاوەند» بەبێ ئەوەی پیانۆ بژەنێت چوو بخەوێت.


​شەوی پێش کۆنسێرتەکە، «لاوەند» ڕاهێنانی نەکرد، چونکە نەیدەزانی چۆن بە دڵ بیژەنێت! کاتێک بەیانی بەخەبەر هات، سەیری وێنەی پەپوولەکەی سەر دەستی کرد.. بەڵام نەخێر! پەپوولەکەش ون ببوو! لەوکاتەدا «لاوەند » زۆر شڵەژابوو... کاتێک ویستی پیانۆ بژەنێت، نەیدەتوانی پەنجەکانی بجوڵێنێت!
​ زۆری پێ نەچوو کاتی پێشکەشکردنی پارچە مۆسیقاکە هات. پیانۆکە لە ناوەڕاستی سەکۆیەکی بازنەیی گەورەدا دانرابوو، جەماوەرەکەش لە چەندین ڕیزدا لە دەوری دانیشتبوون.


​«لاوەند» بەرەو پیانۆکە ڕۆیشت، لەسەر کورسی ژەنیارەکە دانیشت، و بۆ ساتێک چاوەکانی نوقاند.. قسەکانی مامۆستا «هەژار» ی بیرکەوتەوە، و بیری لە پەپوولە جوانەکە کردەوە. لە بێدەنگی هۆڵەکەدا، دەنگی شەقەی باڵە ناسکەکانی بیست.. لەسەر شانی پەپوولەیەکی جوان نیشتەوە و دەستی کرد بە چرپاندنی ئاوازێک.. پەنجەکانی «لاوەند » بە ئازادی کەوتنە جووڵە، و بەدڵیی ئاوازی گۆرانیی پەپوولەکەی ژەند.
 

 

rahanddrwd@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک