٢١\٢\٢٠١٠
گۆران، نایگۆڕێ،
ئارایشی دەکا!

سەلام عەبدوڵا
علمانییەت و پێشکەوتن لە
روانگەی گۆڕان.
گۆڕان بە رابەرە روحییەکەی و زۆرێک لە لایەنگرانی لە قسەکانیاندا پتر
لە حزبە ئیسلامییە توندڕەوەکان ئەم وشانە بەکاردەهێنن:(پشتیوان بە خوا...پەنا
بە خوا...ئینشەڵا...بەئەزنی خوا، دەیگۆڕین)و ئیمڕۆ(20/2)، ژنێک لە
پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەل کەناڵی(کەی. ئێن. ئێن)
گوتی: (گۆڕان
حیزبی خوایە)و لەگەلیدا:
شێخێکی ردێن درێژ لە هەورامان، دەیگۆڕێ،
مەلا کرێکار، دەیگۆڕێ،
حاجی فڵان وەک کاندید، دەیگۆڕێ
شێخی عەشرەتی شومەر، دەیگۆڕێ،
بەرەی تورکومانی لە داقوق، دەیگۆڕێ،
بکوژی پۆلێک پێشمەرکە لە گەرمیان، دەیگۆڕێ
جاشی لێهاتوو و خاوەن ئەولادو عەشرەت دەیگۆڕێ
پاسۆک بە سەرکردەو بنگردە وەک رەوتێکی نەتەوەیی توندڕەو، دەیگۆڕن!
بۆیە نووسەرەێکیان لە سایتی(سبەی)، دەنوسێ(ئیلا، بیلا، تیلا، دەیگۆڕین)!
هەژارەکان و دەڵاڵخانەی بڕوانامە.
زۆرێک لە کاندیدەکانی گۆڕان خاوەن بڕوانامەن و خستویانەتە هەڕاجخانە:
من دکتۆرام هەیە و ئەوی تر دەڵێ: من ماجستێرم هەیەو یەکێکی تریان
هاواردەکات: من لە فڵانە وەڵات بڕوانامەم هەیەو وەک راوێژکار
کارمکردووە.
دیارە وەرگرتنی بڕوانامە کارێکی خراپ نییەو هەڵگرەکانی مافی خۆیانە وەک
زانا لە کەرتە جیاجیاکانیان شانازی پێوەوە بکەن، بەڵام هەژاران
پێویستیان بە زانستی رزگاری لە جەوری کار هەیەو هەموویان لەم بارەیەوە
دەستوپێ سپین و هەروا رزگاری چین و توێژە ژێردەستەکانی لە کوردستان
تەنها بە خەباتی خودی خۆیان دەستەبەر دەبێت!
گۆڕان لە نووسین و کردەوە.
لە خاڵی(8)ب بەرنامەی گۆڕان هاتووە: بەگژاچوونەوەی تەنگبینی و تیرۆر و
رەگەزپەرەستی و دەمارگیری و قەدەغەکردنی جیاکاری(جیسکریمینەیشن)لەنێوان
هاووڵاتیاندا لەسەر بناغەی نەتەوە یان ئاین یان مەزهەب یان باوەڕ یان
ئینتمای حیزبی یان پایەی کۆمەڵایەتی)
بە کردەوە: گەرچی رێژەی بێکاری لە کوردستان پێش هاتنی کرێکارانی بیانی
هەبووە، کەچی(knn)راپۆرتێکی راسیستی دژ بە کرێکارە بیانییەکان
بڵاودەکاتەوەو پاش ئاگادارکردنیان بە نائینسانی ئەو راپۆرتە، تەنانەت
ئامادە نەبوون داوای لێبووردنیش لەخۆیان بکەن.
شەفافییەتی گۆڕان.
بەرپرسانی گۆڕان زۆر باسی شەفافییەت دەکەن، کەچی سەرچاوەی داهاتی خۆیان
دیارنییە، ئەوە نەبێت، سەرۆکە روحییەکەی جارانیان بەشێوەیەکی زۆر شەفاف
و یاسایی10ملیون دۆلارو گردێکی"چکۆلەی هەرزانبەها"بە نرخی 600ملیون
دۆلار لەلایەن سەرۆکە روحییەکەی گۆڕان(وەک بەشی خۆی لە بەشداربوونی لە
خەبات)، وەرگرت تا سەنتەرێکی رۆشنبیر بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواچوون
دابمەزرێنێ!
"خوا قبووڵ ناکات"ئەمە نموونەیەکی زۆر زەقە بۆ بزووتنەوەی پاشقوڵدان
لە(رفیقی دێرینی الکفاح و السلاح)!
ئا بەم شێوە بلیمەتانە خەباتی گۆڕان دژ بە گەندەڵی، دەستی پێکرد!
ناوەڕۆکی گاڵتەجاڕانەی گۆڕان لە بەرنامەکەیان.
لەبەرنامەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی
7/3/2010هاتووە:
1- بایهخدان به مناڵان و لاوان و ئامادهکردنیان
له روی هونهری و جهستهییهوه، ئهویش له رێگهی پێشخستنی کهرتهکانی
هونهر و وهرزشهوه و، دابینکردنی ههلی کاری یهکسان بۆ گهنجان له
کهرتهکانی تایبهت و گشتی و تێکهڵاو دا.
2- جێگیرکردنی سیستمێکی عادیلانه بۆ بیمهی
تهندروستی و کۆمهڵایهتی و خانهنشینیی فهرمانبهران و هاووڵاتیانی
بهرههمهێن له ههردوو کهرتی تایبهتی و گشتی دا، ههروهها بۆ
قوربانییانی زیندوی جهنگهکان و قهیرانه سیاسی و کۆمهڵایهتی و
ئابوری و تهندروستییهکان.
ئابووری ناواخنی سەرەکی ژیانی هاوڵاتیان رێکدەخات، بۆیە هەر بزووتنەوەو
حزبێک بییەوێت عەدالەتی کۆمەڵایەتی دابین بکات، بۆ نموونە وەک گۆڕان
ئەو لافەی لێدەدات، دەبێ بەرنامەکەی لەسەر بەهێزکردنی کەرتی گشتی
دارێژێت، واتە دابینکردنی کەرتی حکومی. بەڵام ئەم حەقیقەتە لەبەرنامەی
بزووتنەوەی ناوبراو، غایبەو لەبەر کاڵفامی و خۆدزینەوە لەبەرنامەی
عەدالەتی کۆمەڵایەتی قبووڵی شێوەی رێکخستنی ئابووری کردووەو لەسەر
بنەمای ئەم ئابووریە سیاسەت دەکات.
ئایا گۆڕان چی دەگۆڕێ؟!
لە خاڵی(6)ی بەرنامەکەیان، هاتووە:
( 6- زامنکردنی مافهکانی گهلی کوردستان، به تێکڕای پێکهاتهکانیهوه،
له بواری وهرگرتنی پۆستی سیادی و وهزاری و فیدراڵی و کاروباری
دارایی و پهترۆڵ دا.)
ئەم خاڵە ئەو کاتە درووست دەبوو، بۆ نموونە ئەگەر چەند کوردێک
لە2دەورەی حوکم لە عیراق، سەرۆک کۆماری عیراق یان جێگری سەرۆک وەزیران
و چەند پۆستی تر نەبان! بەهەمان شێوە خاڵی(8: دامەزراندنی نوێنەرایەتی
هەرێمی کوردستان لە باڵوێزخانە و کونسلگەرییەکانی عێراق)ی
تەوەری2موزایەدەگەلی بێتام و لەزەتەو گاڵتەجاڕییە بە بەشمەینەت و
چەوساوەکان کە لەبەر هەر هۆیەک بێت، کاتی خوێندنی بەرنامەکەیان نییە!
گۆڕان و سۆسیالدیموکرات.
کاک عەدنان عوسمان(ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی گۆڕان)ئیمڕۆ وتی: چۆن
حزبێک سەر بە سۆسیال ئینتەرناسیونال بێت و نانی خەڵک دەبڕێ و تیرۆر
دەکات...).
خۆزگا کاک عەدنان بە کورتی بیرێک لە خوێنڕێژێک وەک ئەجەوید لە تورکیاو
حزبی بەعس لە سوریا و عیراق و دەسەڵاتەکانی تری سۆسیالدیموکراتەکان لە
جیهان بکاتەوە. بە ئیدیال تەماشاکردنی سۆسیال ئینتەرناسیونال یەکێکە لە
کارەساتە گەورەکان لە کوردستان و هیچی تر ناڵێم!
گۆڕان و ئازادی بیروڕا.
گۆڕان هێشتا نەبووە بە دەسەڵات، بەڵام ئەوەی رەخنەیان لێ بگرێت،
دەستبەجێ پەنا بۆ تیرۆری دەروونی دەبەن و رەخنەلێگرەکە بە جوێن و
سوکایەتی وەڵامدەدەنەوەو بە نەوکەری حزبە دەسەڵاتدارەکان ناوزەدی دەکەن.
من نازانم ئەمە چەندە پەیوەندی بە رەوشتی نووسین و بیرکردنەوەوە هەیە،
بەڵام بە کورتی پێیان دەڵێم: ئێوە ئەوەندە بازرگانی بە خۆتان و
قەڵەمەکەتان کردووە، وادەزانن"بەندەی خزمەتکاریشتان"وەک خۆتانە. لەم
بارەیەوە باشتر وایە داڕزین و سەرتان خواربکەن، نەک تۆمەتی سوک بخەنە
پاڵی خەڵک! رەخنەگرتن و بەیانی بیروبۆچوون مافێکی سەرەتاییەو نابێ بەبێ
بەڵگە حوکم لەسەر خاوەنەکەی بدەن. ئەوە ئێوەن بۆ پارەو پلەوپایە،
بەدوای ئەم و ئەو رادەکەن، من پێویستیم بە هیچیان نییە!
لەدواییدا دەڵێم.
گۆڕان نایگۆڕێ، تەنها ئارایشی ئەم سیستێمەی ئێستا دەکات و دەیپارێزێ و
لەگەلیدا هەژارە پاشقولێدراوەکان باجی دەدەن. وەڵاتانی خاوەن ئەزموون
و"دیموکراتی"ئۆروپا نەیانتوانیوە هەژاری و نەگبەتی خەڵک و ئافەتی
گەندەڵی-سیستێمەکەیان مامانی لەدایکبوونیانە-، لەناو ببەن و رۆژ بە رۆژ
رێژەیان بەرەو هەڵکشان دەڕوات، ئەم برادەرانە بەو حاڵە شڕەوە چۆن
دەیگۆڕن؟
ئۆپۆزیسیون یان گۆڕان واتە: لەگۆڕنانی ئابووری لیبڕاڵ
و زۆر دیموکراتەکەی و لەگەلیدا دڕندایەتی کەرتە تایبەتەکانی بازاڕە
ئازادەکەی ئێوەش...!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|