په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠١١

گۆڕان و راگەیاندنەکەی (پارتی و یەکێتی) خۆڵکردنن بە چاوی خەڵک.

سەلام عەبدوڵا   


دەمێکە سیاسەت و ئابووری لیبڕالیزمی نوێ و بازاڕ و بازرگانە ئازاد و کەرتە تایبەتەکانی، هەژاری و جەنگ و گەندەڵی و ناعەداڵەتی لەسەرتاسەری دنیا قوڵترکردووە. سەرەتا شەپۆلی ناڕەزایەتی و راپەڕین لە ناو خودی ئەمریکا(سیاتل)سەری هەڵداو لەو کاتەوە، هەر جارێک لە وڵات و ناوچەیەک سەرهەڵدەداتەوە. بارودۆخی جیهانی بە شڕبوونی بۆرسە، ئەوەندەی تر رەوشەکەی بەرەو خراپتر بردو تەنانەت وڵاتێکی بێدەنگ و لاپەڕ وەک ئیسلەندایشی گرتەوە. 8 وەڵاتە زلهێزەکەی جیهان بە رێکخراوی سەندوقی دراوی جیهانی رێکخراوی بازرگانی جیهان زوو زوو کۆدەبنەوە، تا سنوورێک بۆ تاوانکارییەکەی خۆیان دابنێن، بەڵام هەر جارێک رووبەڕووی شکست و بەرگری دەبنەوە لەلایەن چەپ و شوعییەکان دەبنەوە. هەموو زلهێزێکانی دنیا بە زانا بلیمەتەکانیشیان ناتوانن بەر بە کێشەکانیان بگرن. قەیرانەکە لەم رۆژانە لە یونانەوە گەیشتە تونس و ئێستا لە ئەردەن و میسر و مۆریتانیا سەریهەڵداوەتەوە.


ئایا پرژی ئەو قەیرانە بەر کوردستان و عیراق کەوتووە؟ ئایا ئەو پەتاو دەردانە لێرەش هەیە؟
بەڵێ. سیاسەتی ئابووری لە کوردستان هەمان دیاردەکانی وەڵاتانی تر لێکەوتووەتەوە.


بەیاننامەکەی گۆڕان.


سەرەتای بەیاننامەکە بە ئاشکرا چه‌واشەکاری و نەزانی و کڵۆڵی و نەگبەتی تێگەیشتنی پێوە دیارە: ئایا دەسەڵاتەکانی پایتەختە گەورەکان بەخۆیان ستەمکارو دیکتاتۆر نین؟ ئایا خۆیان سەرچاوەی ئەم قەیرانە نین؟ ئایا بێکاران و هەژاران لە سەر شەقامەکانی پاریس، ئەسین، روم...هتد بە توڕەیی خۆپیشاندانیان نەکرد؟ ئایا داوای روخاندنی سەرمایەداریان نەکرد و ناکەن؟
ناعەداڵەتی و تاوان بەری حوکمڕانی خودی دەسەڵاتی سەرمایەداری و بۆرسه‌ و بازاڕەکانییەکەیەتی لە ئەمریکا، سعودیە، ئەردەن، ئەلمانی، یابان، فەرەنسا، ئیتالیاو یونانە. خۆش ئەوەیە لەسەرتاسەری جیهان دادوەری کۆمەڵایەتی وەک تاقە هیوا و ئومیدی مرۆڤایەتی، بووە بە بنێشتە خۆشەی سەر زاری هەموو حاکمەکان، لەم بارەیەوە گوێ لە هەر حاکمێک بگرین، دەستبەجێ لەناو تەلارەکانیانەوە باسی (پاراستنی بەرژەوەندی گەل) دەکەن بۆ کرێچییەکان، دەوارنشین، ماڵە قوڕەکان و ئەوانەی بە قەرز دوو ژووریان کڕیوە!
لەبەر ئەوەی گۆڕان لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا (کاتێکی کەم نییە)، هێشتا مەبەست و مانا و چۆنێتی تێگەیشتنی بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بۆ لایەنگرانی خۆی و خەڵک روونەکردووە، منیش بۆم هەیە بڵێم: ئێوەش بۆ تەفرەدانی هەژارەکان بەکاریدەهێنن.

لەبارەی خاڵەکانی بەیاننامەکە:


1- لە هیچ وڵاتێکی دنیا تاقە یەک دەوڵەت نییە بتوانێ حزبەکان(لەهەموو جۆرە دەستتێوەردانێ)لەکاروباری حکومەت مەنع بکات، بە پێچەوانەوە خودی حزبەکان وەک نوێنەرانی خاوەن بەرژەوەندیە ئابوورییەکان-فراکسیونی جیاجیان-، حکومەت دادەمەزرێنن و راستوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کاروبارەکانی دەستتێوەردەدەن. حزبەکان دەربڕی بەرژەوەندی ئابووری چینەکانن!
2- لەگەل گرتنەدەستی دەسەڵات، دەزگاکانی سوپا و زانیاری، پاراستن و ئاسایش لەلایەن خودی حزبەکانەوە بەڕێوە دەبرێن. بۆ نموونە ئەڵمانیا، ئەمریکا و فینلەند!0 ((بڕۆن بپرسن، نەبا من بۆ جەواشەکاری ئەم بۆچوونە بلاوبکەمەوە)
3- بۆ خاتری هەموو خوداوەندەکان ناوی تاقە یەک حکومەتم بۆ بهێنن کە حکومەتی حزبی یان هاوپەیمانی چەند حزبێک نەبێت و دەسەڵات بۆ خۆیان بە گوێرەی بەرژەوەندی و سیاسەتی سەرمایە قۆرخ نەکەن! ئایا وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئەلمانیا یان ئوسترالیا سەربەخۆن یان ئەندامی حزب یان حزبە دەسەڵاتدارەکانن؟!
4- وەهمی هەڵبژاردنی نزیهی بێ تەزویر تەنها بۆ موزایدەکردن، باسدەکرێت. ئایا هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا یان ئیتالیاو هەر وڵاتێکی تر نەزیە بوون؟! ئەوە هەژاری خودی دەزگاکانی راگەیاندنی کوردی دەردەخات لە زانیاری دەبارەی ئەم بابەتە. سەبارەت بە هەڵبژارنەکەی ئەمریکا فەرموون بڕۆن لە نەعوم چۆمسکی بپرسن چەند"نەزیە" بوو!
5- دەبوو برادەرانی گۆڕان گردەکە رادەستی بەڕێوبەرایەتی دارستانی سلیمانی بکەن و بڵێن(سەفقەیەکی ناشرین و نایاسایی مام جەلال و کاک نەوشیروان)بوو و ئەو گردە موڵکی خەڵکی شارەکەیە و مام جەلال بۆی نییە بە ئارەزووی خۆی لەسەر سینی ئاڵتونی پێشکەشی بکات بە برا عەزیزەکەی. پاشان خاڵی( 6)ی بەیاننامەکە مانایەکی جوان و سەرکەوتوو دەبوو.
6- رەشنووسەکەی دەستووری هەرێم بە کوردییەکی(بێراوی) نووسراوە! بەڵام بۆچی بکێشرێتەوە؟ باشتر وابوو خاڵ بەخال کاری لەسەر بکەن(بەڵێ گردار شەرتە!!)

بەیاننامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی لەبارەی بەیاننامەکەی گۆڕان.


بەیاننامەکە بە زمانێکی کۆن، توڕە و عەنتریانە نووسراوەو هەردوو لایان نایانەوێ لەو راستییە تێبگەن کە بەرنامە و پێگەی سیستێمێک دەپارێزن کە هەمان شێوەی سیستێمی فەرمانڕەوایی لە یونان، مەغرب، تونس و میسر و ئەمریکا و یابان هاوشێوەکانیان هەیە و ئاگرەکەی(گرانی بازاڕ، گەندەڵی بەهەموو شێوەکانی، بێکاری، جیاوازی چاوچنۆک و شێتانەی داهات لەنێوان بەرپرسە"خواپێداوە گەلپەرەست و دڵسۆز و خەباتگێر...هتدو زۆربەی کۆمەڵگە، لێکەوتووە.


خاوەن کەرتە تایبەتەکان، لەناو تەلارەکانی قەباحەت، خەریکی قازانجکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەن. زۆربەیان هەر وەک عومەر سلیمان قسە دەکەن: لەو کاتە کە گەلی میسر لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، جەنابی عالی لە سوێندخواردنەکەی لەبەردەم ناموبارەک وتی: (...سوێنددەخۆم، بەرژەوەندی گەل بپارێزم!). ئەمە نموونەیەکە بۆ گاڵتەجاڕی خاوەن دەسەڵاتەکان: بەرژەوەندی چینەکەیان و کۆمپانیا و بانق و عەقار و عەمبارەکانیان لێدەبێت بە بەرژەوەندی گەل...ئەوەندە گیل و گوێر و کەڕ و خەرن ملیونان کچ و کوڕی توڕە و ناڕازی سەر شەقامەکانی وڵاتەکەیان نابینن! لەوەش پڕ سەیروسەمەرت پێیان وایە هیچ کەس لە خۆیان دڵسۆزتر بۆ نیشتمان نییە و ئەگەر بڕۆن، نیشتمان وێران دەبێت و کەسیش نییە بیپارێزێت!


ئەگەر بمانەوێ لەگەل خۆمان و خەڵک راستگۆبین، ئەوا راستەوخۆ چارەسەرەکە لە ئابووری و سیاسەتی هەرەوەزییە کە بەداخەوە حکومەتی هەرێم بە دوو قرانی قەڵبیش نایکڕێ و بەکردەوە برەو بە کەرتی تایبەت دەداو بەمە دووبەرەکی و ناحەزی و بێزاری و نامۆیی و نەگبەتی و هەژاری زیاتر درووستدەکات: بەچاوی خۆتان دەبینن چۆن ماڵەکانتان و بژێوی ژیانی خۆتان و دەوروبەرتان چەندە لە ماڵ و بژێوی و ژیانی زۆربەی کوردستانیان جیاوازە و هیچ پێویست ناکات لێرە وەسف بکرێت.


ئەگەر بتانەوێت کوردستانیش وەک وڵاتانی تر ێنەیەت و دەرسێک لەم بارگرژییە وەربگرن، فەرموو دەست بە ریفۆرم بکەن و باشترین هەنگاو ئەوەیە دەست بە گشتگیکردنی کەرتە تایبەتەکان بکەن...هیچ نەبێت سەرەتا درزی قووڵی نێوان هەژارەکان و خاوەن دەسەڵات و پلەوپایەدارەکانتان کەم بکەنەوە. ئاخر نابێ داهاتی رۆژانەی ئەندام پەرلەمان، وەزیر و پلەدارەکانی سوپا و حزب و ئاسایش و زانیاری و ئیدارە بەو شێوەیە زۆرتر بێت لە داهاتی زۆربەی هاونیشتمانان....هەرکێ بۆ خۆیە؟ ئایا ئەمە سەرچاوەی سەرەکی و هۆی ئاژاوەنانەوە، فیتنە و تێکدان نییە؟


چارەنووسی هیچ سەرۆک وەڵات و حکومەتێکی جیهان بە ئەمریکا و یابان و ئیتالیا لە چارەنووسی بن عەلی و رسوایی ناموبارەک باشتر نابێت: جەماوەرە هەژارەکەی تونس و میسر، بن عەلی و موبارەکیان کردووە بە ئاوێنە تا هەموو سەرۆک حکومەتەکانی دنیا خۆیان ببینن و هەژارترین مروڤ لە دنیا ئێرەییان پێنابات.


نە بەیاننامەکەی گۆڕان و نە هەڵویستی پارتی و یەکێتی دادی هەژارو کەمدرامەتەکانی کوردستان دەداو تاقە دڵسۆزی و خۆشەویستی نیشتمان و برایەتی و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ئەمەیە: زۆربەتان رۆژێک لە رۆژان بڕواتان بە سۆسیالیزم هەبوو، فەرموو بۆ فکری خۆتان بگەڕێنەوەو بەدەنگ هاوارە بەناوبانگەکەی رۆزاکەتان بێن: سۆسیالیزم یان بەربەرییەت...ئایا نیشتمانەکەمان موڵکی هەموومان نییە؟ ئەم جیاوازییە بۆ، بۆ، بۆ؟ خۆتان بە ویژدانەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە: ئەمە حکمەت و ئەقڵی ئینسانیانەیە؟ تەنها عەدالەتی کۆمەڵایەتی بە مانا مارکسییەکەی یەکریزیمان بەهێزدەکات و هەر پیلانێکی رەشی دوژمنان لەناو دەبات.


ئێستا لە هەموو روویەکەوە کاتی راپەڕین نییە، بەڵام ئەگەر وڵات بەم شێوەیە بەڕێوە ببرێت، لێکترازانی ترسناک روودەدا...هیوادارم هەر خاوەن دەسەڵاتێک، ئەمەی لەلا روون بێت: باشترین دەسەڵات شایانی ئەوە نییە یەکێک بەو شێوەیە دەستیپێبگرێت...با هەر خاوەن دەسەڵاتێک لە ناو هەر حزب و فەرمانبەرایەتی و دەزگا ولایەنێک پەند لەم بارودۆخە وەربگرێ: هەژارەکان چ دەرسێکی نموونەی بە خاوەن دەسەڵاتەکان دەدەن!!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا