٢٦\٦\٢٠١٦
گۆڤارە کۆچپێکراوەکان.

ئیسماعیل تەنیا
گۆڕانی کەش و هەوا،خاوەن ڕانەمەڕەکانی ناچار کردووە،کە بەدوای
پەیداکردنی مێرگ و لەوەڕگای باشدا،بۆ ئاژەڵەکانیان،بگەڕێن.کاتێک کە
گەرما تاو دەستێنێ و گژو گیا،سەرچاوەی ئاوەکان وشک دەبن ناچاری ئەوە
دەبن کە ڕەشماڵەکانیان بپێچنەوەو بەرەو کوێستانەکان،کۆچ بکەن.کە
زستانیش هات،سەرما تینی سەندو بەفر مەترە عاردێکی بەڕەشی
نەهێشتەوە؛ناچار دەبن بەرەو گەرمێن شۆڕ ببنەوە.ئەوە حاڵی خاوەن مەڕو
ئاژەڵەکانە....ئەدی ئەگەر مەودای بیرکردنەوەو ڕامان و ڕادەربڕین
بەرتەسک کرایەوە، یان هەر نەما،دەبێت مینبەرو کارگێڕو
داینەمۆکانیان،چیان بەسەر بێت؟! هەڵبەت چارەنووسیان وەک ڕۆژی ڕووناک
دیارە.یان دەستەمۆبوون و ڕازیبوون بە ئەمری واقیع،یان کۆچکردن بەرەو
شوێنێک کە ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕینی تێدا فەراهەم کرابێت.
لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی دوورو نزیکدا،ئەم جۆرە نموونانەمان
زۆرن.ئەوەی ئێمە مەبەستمانە کەلەسەری بدوێین؛-
- ماوەی نێوان ساڵانی(١٩٧٥-١٩٩٣)یە.
- ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەن کەبەمۆڵەتی ڕەسمی حکومەت و ئاگاداری ئەوان،بە
ئاشکرا دەرچووینەو دواتر بەهەر هۆکارێک بووبێت،مۆڵەتیان
لێسەندراونەتەوە.پاشان بۆ بەردەوامبوونیان،ناچار بووینە، شوێنەکانیان
بگۆڕن و وارێکی تر بکەنە نیشتیمانی بیرکردنەوەو ڕامانەکانیان،کە زێدی
لەدایکبوون و ڕەسەنی خۆیان نەبووە.
ئەوەندەی من سۆراغم بۆ کردبێت،ئەم جۆرە حاڵەتەم تەنها لە باکور و
ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیادا بەدیکرد.هەڵبەت پشکی شێری حاڵەتەکەش،بەر
باکوری کوردستان و تورکیادا،دەکەوێت.شتێکی زۆر ئاسایی و بەڵگەنەویستە
کە تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو،گۆرانی گوتن و بەکوردی قسە کردن،لەنێو
کۆمەڵگای تورکیدا، دیاردەیەکی نامۆ بوو.کە ئەم مافە سەرەتاییانەی
مرۆڤەکان،نامۆو نائاسایی بن؛ هەڵبەتە نووسین وگۆڤارو ڕۆژنامە دەرکردنیش
بەکوردی،هەر زۆر نائاسایی بووە.ئەوەندەی کراوەش، لێزانین و فرتوفێڵ
دۆزینەوی ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی کورد بووە تاوەکو بتوانن بەهەر
شێوەیەک بێت،لەداوی سانسۆر دەربازیان ببێت.لەگەڵ ئەوەشدا،تووشی(گرتن و
کوشتن و ئەشکەنجەدان)و بە ناچاری سەرهەڵگرتن،کراون.لەمەودای ئەم بۆچوون
و قسەو باسەدا،ئەم گۆڤارانە بەنموونە دەهێنینەوە کەدەچنە چوارچێوەی ئەم
بابەتەی کە ئێمە دەمانەوێت،قسەی لەبارەیەوە بکەین.
(١)- ڕێیائازادی(ئۆزگورلوک یۆڵو): گۆڤارێکی ئەدەبی و هونەری
بووە.مینبەری کۆمەڵێک ڕۆشنبیرو نووسەرو ڕۆژنامەنووس و خەڵکی چەپخوازی
کورد بووە.ئەم کۆمەڵە خەڵکە لەناو کۆمەڵگادا،هەر بەناوی
گۆڤارەکەیانەوە(ڕێیا ئازادی)،ناسراونەتەوە.خاوەنی:فاروق ئاراس.(ئۆرهان
تالون،قادر ئاکاڵ، مستەفا کایا،سیری میرئۆغڵو)،لە قۆناغی جیا
جیادا،سەرنووسەری ئەم گۆڤارە بووینە.یەکەم ژمارەی بەزمانی
کوردی(کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکی،لە حوزەیرانی ساڵی١٩٧٥
دادەرچووە. مۆڵەتی بە فەرمی دەرچوونی ،لە حکومەتەوە هەبووە.ئەم کۆمەڵە
خەڵکە بە نهێنی لە ڕیزەکانی ( پارتی سۆسیالیستی
کوردستان-تورکیا)دا،چاڵاکی سییاسییان ئەنجامداوە.ژمارە(٤٤)ی لەکانوونی
دووەمی ساڵی (١٩٧٩)دا،دەرچووە.پاش ئەوە،ئازادییەکان زۆر بەرتەسک
دەکرێنەوە.کودەتای عەسکەری دوازدەی ئەیلولی ساڵی (١٩٨٠)،ڕوودەدات.تەواوی
گۆڤارو ڕۆژنامە کوردییەکان،دادەخرێن و پارت و گرووپە چەپەکان قەدەغە
دەکرێن.خاوەنەکانیان دەخرێنە کونجی زیندانەوە.(ڕێیا ئازادی)ش بەناچاری
دادەخرێت. پارتی سۆسیالیستی کوردستان،خۆی ئاشکرا دەکات و خەباتی سیاسی
خۆی دەگوازێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.نووسەرو ڕۆژنامەنووسە
چاڵاکەکانیان،ڕوو لە ئەوروپا دەکەن.لە خوولێکی تازەدا،لەسوید و
ئەڵمانیادا،ڕێیا ئازادی،دەردەکەنەوە.یەکەم ژمارەی ساڵی یەکەمی ئەم
خوولە تازەیەی بە هەشت لاپەڕە، لە(٢١/٣/١٩٨٢)دا،دەرچووە.ژمارە (١٣٧)ی
بە (٢٨)لاپەڕە،لە دێسێمبەری ١٩٩٠دا،دەرچووە.
(٢)- ڕزگاری:(کۆڤارا ڕێزانی و چاندیا مەهانەیە).یەکەم ژمارەی بەمۆڵەتی
فەرمی دەوڵەت و بە ئاشکرا،لە ئەنقەرە،لە (٢١/٣/١٩٧٦)دا،دەرچووە.پاش
دەرچوونی ئەم ژمارەیە،مۆڵەتەکەی لێ دەسەندرێتەوە.ژمارە (٢)شی هەر لە
ئەنقەرە(بەڵام بێ مۆڵەت)،دەرچووە.پاشان بارەگای دەرچوونی بۆ شاری (ئیستانبوڵ)
دەگوێزرێتەوە.لە ژمارە (٣)یەوە تاوەکو ژمارە (٩)ی،لەم شارە دەردەچێت.
سەرنووسەر: ڕەوشەن ئەرسەلان.پاش قەدەغەکردنی ڕزگاری،یەکێک لە نووسەرە
چاڵاکەکانی، کە (محەمەد ئوزون ) بووە،بەرەو سوید ڕادەکات.پاش دەرچوونی
ژمارە (٩)،بەهۆی فشاری زۆری دەوڵەت و قەدەغەکردنی،(ڕزگاری)،چیتر لە
تورکیادا دەرناچێت،بۆ ئەڵمانیا دەگوازرێتەوە.ژمارە دەو یازدەی لەم
وڵاتەدا،دەرچووە.پاشان، لەساڵی(١٩٨٨)دا،لە وڵاتی سوید،درێژەی بە
بڵاوکردنەوە،داوە.
(٣)- ڕۆژا وەلات: ڕۆژنامەیەکی سیاسی و ئەدەبی،نیو مانگی بووە.یەکەم
ژمارەی بە مۆڵەتی فەرمی دەوڵەت،بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو و
زازایی-لاتینی)و تورکی لەشاری ئەنقەرە،لەڕێکەوتی (١٥/٩/١٩٧٧)دا،دەرچووە.لەگەڵ
دەرچوونی یەکەم ژمارەیدا،دەوڵەت بڕوبیانووی زۆرو جۆر بەجۆری
پێگرتووە.پاشان مۆڵەتی دەرچوونی لێسەندراوەتەوە،قەدەغە کراوە.کاتێک کە
سەرپەرشتیارانی سەردانی والی(پارێزگاری ئەنقەرە) دەکەن و داوای مۆڵەت
وەرگرتنەوە دەکەن،والی لێیان لەڕق ڕادەچێت و بە توڕەییەوە پێیان دەڵێت؛(
بۆتان نییە ڕۆژنامەی کوردی دەربکەن،سەرتان دەبڕین).لەگەڵ بڵاوبوونەوەی
یەکەم ژمارەدا،لێپرسراوەکانی؛(مستەفا ئایدن و سەدیق
بۆزئەرسەلان)،زیندانی دەکرێن. پاش قەدەغەکردنی بەناچاری بارەگای
ڕۆژنامەکە بۆ ئیستانبوڵ دەگوازنەوە.ژمارە (١٢)ی دواژمارە بووە کە لە
(١٥/١٢/١٩٧٨)،لە تورکیادا دەرچووبێت.ژمارە سێزدەی لە ئەڵمانیا دەردەچێت
و لەوێ درێژە بە بڵاوکردنەوەی دەدەن.هەر بۆ زانیاری،ئەم (ڕۆژا وەلات)ەی
باسمان کردووە،جیایە لەگەڵ ئەم (ڕۆژا وەلات)ەی کە یەکەم ژمارەی لە
شوباتی (١٩٧٨)دا،لە سوید دەرچووەو فۆرمەکەی بۆتە گۆڤارو (پارتی
سۆسیالیستی کوردستان-تورکیا)،خاوەنی بووە.
(٤)- کاڤا(کاوا): گۆڤارێکی سیاسی بوو،لەلایەن ڕێکخراوی (کاوە)وە،دەردەچوو.یەکەم
ژمارەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی (١٩٧٨)،لە تورکیادا،دەرچووە.ژمارە (٣
و٤)ی لە یەک بەرگدا،لە ئازاری(١٩٧٩)دا،دەرچووە.خاوەنی: عەبدوڵلا
سوێدان.بەڕێوەبەری نووسین: حوسێن شەن.هەر لەم کاتەدا(ئازاری ١٩٧٩)،حکومەت
بەدەرکردنی بڕیارێک بڵاوکردنەوەی زۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکان قەدەغە
دەکات.گۆڤاری (کاوە)ش،یەکێک دەبێت لە گۆڤارە
قەدەغەکراوەکان.خاوەنەکەی؛(عەبدوڵلا سوێدان)،لە ساڵی(١٩٧٩)وە تاوەکو
ساڵی (١٩٩١)،لەزینداندا دەمێنێتەوە،پاشان ئازاد دەکرێت.(حوسێن شەن)،لەساڵی(١٩٥٥)دا،لەشاری
دێرسیم لە دایکبووە.لەساڵی(١٩٧٩)،بەبرینداری لەلایەن پۆلیسەوە
دەگیرێت،ئازارێکی زۆری دەدەن،پاش ئەوە لەژێر ئەشکەنجەدا دەمرێت...
سەرپەرشتیارانی گۆڤارەکە،پاش ئەوەی کە هەموو پەنجەرەیەکیان
لێدادەخرێت،بەناچاری ڕوو لەوڵاتی سوید دەکەن و لەوێدا
دەگیرسێنەوە.درێژە بە دەرکردنی (کاوە) دەدەن.ژمارە(٥)ی لە سوید،لە
مانگەکانی شوبات و مارتی(١٩٨١)دا،دەرچووە.
(٥)- الآشتراکی : ئۆرگانی (پارتی سۆسیالیستی کورد لە سوریا)بووە.یەکەم
ژمارەی لەساڵی(١٩٧٨)، لە سوریا بە زمانی عەرەبی دەرچووە.پاشان قەدەغە
کراوە.ژمارەکانی دواتری لە ئەڵمانیادا،دەرچووینە.
(٦)- ئالا ڕزگاری: پاش ئەوەی (خەدیجە یەشار )و (ئیبراهیم گوجلو)،لە (پارتی
ڕزگاری کوردستان) جیا دەبنەوە،پارتێکی تر بەناوی(ئالا
ڕزگاری)،دادەمەزرێنن.گۆڤارێکیش بەناوی(ئالا ڕزگاری)، دەردەکەن.ئەم
گۆڤارە سیاسی بوو،هەر دوو هەفتە جارێک لە تورکیادا دەردەچوو.خاوەنی
گۆڤار:(ئیکرام دەلەم).یەکەم ژمارەی لە ئازاری (١٩٧٩)دا،دەرچووە.لەیەکەم
ژمارەیدا؛وتارێکی ڕەخنەیی بڵاودەکاتەوە.لەم وتارەدا هێرشێکی توند
دەکاتە سەر حکومەت دەرهەق بەم زوڵم و زۆری و ناهەقییەی کەبەرامبەر بە
نەتەوەی کورد دەکرێت.بۆیە لە٩/٥/١٩٧٩ دا،لەلایەن دەوڵەتەوە،دەگیرێت و
هەژدە مانگ لە زینداندا،دەمێنێتەوە.گۆڤارەکەش دادەخرێت.پاش
ئەوە،لەخوولێکی تازەدا،لە ئەوروپا درێژە بەبڵاوکردنەوەی دەدەن.یەکەم
ژمارەی ئەم خوولە تازەیەی لە ئازاری ١٩٨٣ ،لە ئەوروپادا،بڵاوبۆتەوە.
(٧)- تیرێژ: گۆڤارێکی کولتوری بوو،یەکەم ژمارەی لە تشرینی یەکەمی(١٩٧٩)،لە
تورکیادا، دەرچووە.مۆڵەتی فەرمی هەبووە.پاش دەرچوونی سێ ژمارە،قەدەغە
دەکرێت.ژمارە چواری لە سوید، لە شاری (ستۆکهۆڵم)دا،دەرچووە.
(٨)- ژینانوو:گۆڤارێکی سیاسی مانگانە بوو،لەشاری (وان)،لە باکوری
کوردستاندا،دەرچووە. بەرپرسیار:(ئەیوب کەمال ئادسز).سەرنووسەر:بەهجەت
ئەفشار.یەکەم ژمارەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩٧٩)دا،دەرچووە.ژمارە پێنجی
ساڵی یەکەمی،لە ساڵی(١٩٨٠)دا دەرچووە.پاشان قەدەغە کراوە. بڕیاری
دەستگیرکردن بۆ (ئەیوب کەمال)دەردەچێت.ئەو؛ناگیرێت و ڕادەکاتە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاساڵی (١٩٨٣)،لەوێدا دەمێنێتەوە.پاشان دەچێتە
ئەوروپاو لە وڵاتی دانیمارک دەگیرسێتەوە.(بەهجەت ئەفشار)یش لە١٩/١/١٩٨٠
دا،لەلایەن تورکیاوە دەستگیر دەکرێت و سێزدە ساڵ لە زینداندا،
دەمێنێتەوە.
(ئەیوب کەمال ئادسز)،لەساڵی (١٩٨٤)دا،لەلایەن دەزگای(میت)ی تورکیادا،لە
دانیمارک،تیرۆر دەکرێت.پاشان میدیاکانی تورکیا،وا بڵاوی دەکەنەوە،کە
ناوبراو لەگەڵ (پارتی کرێکارانی کوردستان) کێشەی هەبووەو هەر ئەوان
تیرۆریان کردووە!!!
ژمارە (٦)ی ئەم گۆڤارە لەمانگی گوڵانی (١٩٨٤)،لە سوید دەرچووە.لەسەر
بەرگی ژمارە شەشدا نووسراوە؛ (ئۆرگانی کۆمیتەی مەرکەزی پارتیا پێشەنگا
کارکەرێن کوردستان).
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|