په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١

گۆڤاری لڤین، جەهل و رەشبیریی.

سه‌لام عه‌بدوڵا    

 

جارێکیتر گۆڤاری لڤین وەک دەنگی جەهل، لەخشتەبردنی و وێرانکردنی ئەقڵی کوردستانیان، نێوبانگی دەرکرد. ئەم گۆڤارە(ژمارە175، لە لاپەڕی34-40)دیدارێکی بڵاوکردووە لەگەل بەختیار عەلی. دیدارەکە بە مانشتێتی(لەدوای17شوبات؛ کوردستان چووەتە قۆناغی فاشییەتەوە) سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی رادەکێشێت.

سەبارەت بەو مانشێتە کە نەزانییە بە ئەمتیازەوە، دەڵێم: ئەگەر کوردستان چووبێتە قۆناغی فاشییەتەوە، ئەوا دەبێ بۆ نموونە رۆژنامەی هاوڵاتی بوونی نەبێت، کەمال رەئوف لەبەردەم دەرگاکەی هەڵواسرێت، شوان محەمەد بەڕێگای سەفرەوزەرون بەرەو ئێران هەڵهاتبێت، کارمەندانی(کی.ئین.ئین)خۆیان بە راگەیاندنەکانی پارتی و بەرپرسەکانی یەکێتی تەسلیم بکەن"بگەڕێنەوە ماڵی باوان"یان لە گردەکە کۆمەڵکوژ کرابن و، بەرپرسانی یەکگرتوو، بزووتنەوەو کۆمەڵ لە سایەی پاشای مەزنی ئیسلام لە سعودیە یان لەلا برا گەورەکانیان لە ئەنقرە، داگیرسابن) و، پارتیزانە شوعی، چەپ و ئەنتی فاشیستەکان لە شاخەکان داگیرسابنەوە. حوکمڕانی فاشیزم لە ئەڵمانیا، ئیتالیا، رۆمانیا، هەنگاریا، کرواتیا یان حکومەتە فاشیست و دیکتاتۆرە عەسکەرییەکانی ئەمریکای لاتین هیچ نرخ و بەها و ئیعتبارێک بۆ هیچ هێزێکی ئۆپۆزیتسیون بە جۆرە ساختەکەیشیەوە ناهێڵێت.

لڤین، فاروق رەفیق و هاوشێوەکانیان پێش و پاش17شوبات رووی بەعسیان سپی کرد بەوەی کە کارە نایاسایی، نامرۆیی و شەرمئاورەکانی ئاسایش لەگەل خۆپیشاندەران بە ئەنفال ناوبرد، تەنانەت هەندێ لە قوتابییەکانی زانکۆ لە راگەیاندنەکان دەیاگوت(ئێمە ئەنفالکراین)!

ئای لەو حەکیم و فەیلەسوف و رۆشبیرانە کە هەرگیز لە ئەنفال و ناوەڕۆکەکەی تێنەگەیشتوو، بەڵام راگەیاندن بێشەرمانە وەک قەوانێکی سواو دووبارەیان دەکردەوە.

گاڵتەجاڕییەکی بەختیارانە.


نەک لە کوردستان، لە هەموو وڵاتانی دنیا حزب و هاوپەیمانییە حزبییەکان حوکمڕانی دەکەن و ئۆپۆزیتسیونیش لە چەندین بیروبۆچوون و فکری جیاواز بەرهەڵستی خۆیان دەکەن. ئەمە حەقیقەتێکی لەبەرچاوە، بەڵام بەختیار بە(دیموکراسی خراپ یان حیزبوکراتی)!

جەهل دەگاتە لووتکە لەگەل وتنی(فاشییەت ساتی ئیفلیجبوونی دەسەڵاتە لە چارەسەرکردنی قەیرانە دووروودرێژەکانی). ئاخر ئەگەر وابێت، ئەوا وەڵاتانی جیهانی سەرمایە بەهۆی ئیفلیجبوونی دەسەڵاتیان لە چارەسەرکردنی قەیرانە دووروودرێژەکانی، دەسەڵاتی فاشستین!

بەختیار دەنووسێ(فاشییەت بریتییە لەسەندنەوەی مافی قسەکردن و خۆپیشاندان و تەعبیر لە کۆمەڵگە...). باشە هەموومان شایەتی ئەو راستییەین کە خەڵک لە راگەیاندنەکان بە ئارەزووی خۆیان قسە دەکەن((ئیمڕۆ کەناڵی ن.ر.ت ریکلام بۆ دیمانەیەک دەکات لەگەل کەسێک کە دەڵێ: ئەوەی پێیوابێت لە کوردستان دیموکراتی هەیە یان نەزانە یان خۆی گێل دەکات...حکومەتێکی تیرۆریستە...) کامە حوکمی فاشیستی رێ بەم جۆرە رەخنانە دەدا؟!

نەزانی و بێویژانی و درۆزنییە یەکێک شێوەی حوکمڕانی لە کوردستان بە فاشیستی ناوببات. ئەوە راستی گوتن بۆ کۆمەڵگە؟! ماڵی نەزانی وێران بێت، فاشییەت رێ بە بوونی رۆشنبیر دەدا؟! لەوانەیە وەک رێپێدانی حکومەتی هیتلەر بێت بە هایدەگەری لایەنگرو مامۆستاکەی!

بەختیار نایەوێ دان بەو راستییە بنێت کە بەخۆی زمانێکی فاشیستی رووتی هەیە، بۆ نموونە(لەدونیای سیاسەتی ئێمەدا، بە ئۆپۆزیسیونەوە کەمجار و کەم کەس دەتوانێت خۆی لە رۆحی مێگەلگەرایی و لە ستایشی مەنتیقی زۆرینە و لە کەوتنە ژێر سیحری جەماوەر دەربهێنێت)!

لەراستیدا مێگەل و مێگەلگەرایی ئەو دەزگا راگەیاندنانەن درۆ لە دوای درۆ بۆ خەڵک کەڵەکە دەکەن و خاوەن راگەیاندنەکان بە راگەیاندنە"ئازاد"ەکانیشەوە، مامەڵەی کۆیلە لەگەل رۆژنامەنووس دەکەن(5هەزار دینار بۆ هەواڵێک!)، وەک هەر خاوەن کارێک لەگەل کرێکار، بەڵام بە مەرجی کارکردن لە کەرتێکی تایبەت کە هیچ بیمەیکیان بۆ دابین ناکرێ.

گاڵتەجاڕتر لەوەش ئەوەیە کە ئەم برادەرە بەخۆی لەبەردەم زۆرینەی جەماوەرە ئیسلامییە"شۆٌشگێرەکەی"بەر دەرگای سەرا راوەستا و بە دروشمدانی ئاینی دووپاتی مەهزەلە و رسوایی نامەعرفەتی خۆی پێشکەشدەکرد، کەچی بەهەمان ئەو جۆرە جەماوەرە دەڵێ: لەراستیدا جەماوەر دروستکەری هەموو دیکتاتۆرەکانن، هیچ دیکتاتۆرێک نییە جەماوەر درووستینەکات...)

بەڵێ جەماوەر خاوەنی راستەقینەی مێژووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە کوێ راوەستاوەو دەنگ بەکێ دەدا یان بە چی و بۆ کێ خۆی چەکدارکردووە...(Sag mir wo du stehst!)!

لە فاشیزم ترسناکتر هەیە؟!


بەختیار دەڵێ(لەناو ئۆپۆزیسیون هەندێک باڵی تێدایە لە دەسەڵات ترسناک و سوننەتگەراترە...). ئەگەر"روناکبیرەکەی رۆژنامەو گۆڤارە"ئازادەکان" دەسەڵات لە کوردستان بە فاشیست دەزانێ، ئەدی لە دەسەڵاتی فاشیستی ترسناکتر چ دەسەڵاتێکە؟! ئەوەی ئابرووی بەختیاری بردووە، فرەبێژییەکەییەتی، بۆ نموونە، لە سەرەتای قسەکانی دەڵێ (کوردستان چۆوتە قۆناغی فاشییەتەوە)، کەچی هەر بە خۆی قسەکەی لەبیردەکات و لە لاپەڕەی39دەڵێ(دەسەڵاتێکمان هەیە هەر کات پێویستبکات دەتوانێت ببێتە مەکینەیەکی فاشی سەرکوتکەر)...

خۆزگا ئەم بەڕێزە حاڵیمان بکات: دەسەڵات فاشیستە یان فاشیست نییە. ئەگەر فاشیستە، ئیتر فاشیستە و بڕایەوەو پێویست ناکات ببێت بە فاشی سەرکوتکەر!

نموونەیەکی تری نەزانی و درۆکردن بۆ خەڵک ئەمەیە(دیموکراسی لای ئێمە بە پێچەوانەی دیموکراسی خۆرئاوایە کە هەموو لایەنەکان وەک یەک سوودمەندبن لێی). لەراستیدا یاسای وڵاتانی خۆئاوا یاسای چینی باڵادەستە و هەر خاوەن پیشەسازی و کۆمپانیا بانناسیونالەکان و بۆرسەکانیان حوکمڕانی، قازانج و فەرمان دەکەن بە دادگاکا"سەربەخۆکان"یان و هەر خۆشیان یارییەکە دەچەرخێنن، بۆیە لەسەرتاسەری دنیا سەدان ملیون ژێردەستە و زیانلێکەوتووی ئابووری لیبراڵیزمی نوێ، داخوازی کۆمەڵایەتی دژ بە سەرمایە بەرزدەکەن و شەقامەکانی پۆنان، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتالیا و ڵاتانی تری دنیا دەهەژێنن...سەرەڕای هەموو ژێرکەوتنەکان...سەرەڕای راگەیاندن جەواشەکارەکان و رەشبیرەکانیان، هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بۆ سۆسیالیزم نییەو نابێت!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک