په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١\٢٠١٣

گوڵە سوورەکەی ئازادی، سەفەر خێردان بود.


سه‌لام عه‌بدوڵا    


ببوورە کەنیشکە ئەڵوەنییەکە، بەپێچەوانەی پێشبینییەکەت (خاوەن مردوو هەموو شتێکە.... مەپرسن کێ ئامادە دەبێ، کەس!) و پێشبینی دایکت (منداڵێکی ئاخر شەڕی)، ماڵئاوایی تۆی ئاخر خێر، هەموو شتێکە... خەوی خێری بێت. راستە شاری (عەقار و بازرگانی و وەهم) بەبێ ناز، ئەقڵ و گیان و روحە ماندوو و توڕە و یاخی و بێزارەکەی لە چەوساندنەوەی ئینسان بۆ ئینسان بەرێکرد: نە سلێمانی (ماکوندو)یە و نە خەوتنی ئەبەد (ئەحلام)ەکەمان وەک مەرگی دایە گەورەکەی(مارکیزە)، لێ بەرەی دژ بە سەرمایەی باوکسالار لە ئامێزی ئەڵوەن، خدری زیندە و(کەڵات) بە خەفەتبارییەوە ناوتان بەرز رادەگرن.


کاتێ دنیا راوەستانی زەمەنی (ئەحلام)ی راگەیاند، خەوتنە ئەبەدییەکەی بوو بە زەمینی پرۆتێستێک بۆ وڵاتێک هێشتا لەدایک نەبووە. وەک رابەرێک بانگەوازی شۆڕشی نوێی گەنجانی کرد دژ بە سەرمایەداری و دابونەریتە پیاوسالارە دواکەوتووەکەی.


ئاساییە، ئاسایی بۆ دوێتە ئەڵوەنییەگە.... ئەی ئەو بۆ نووسینەکانی(دوو دەفتەر بە قەرز کڕی)و، لەبری تەلار و ئاڵتون و ئۆتۆمبیلی"خانمەکان"، تەنها چاویلکە و پێنووسەکەی بەدوای خۆی بەجێهێشت(خوی وتی: پێنووسەکەم گۆچان و سەروەت و سامانمە، ئەویش دەکەم بە قوربانی کورد و مرۆڤایەتی)، ئێ‌ ئەقڵ و هۆشی خۆی نەکرد بە کاڵا بۆ سوڵتان، بۆیە وەک سیرڤانتس نووسینەکانی نەبوون بە نان و ئاو و وەک بەهایەکی مرۆیی گرانبەهاو دانسقە ماڵئاوایی کرد.


ئەحلام وەک دەنگ و هاوڕێی هەژاران بە شیوەنەوە پرسیاری(ناعەداڵەتی زەوی و ئاسمان)ی وروژاند بۆ مەرگی منداڵێکی سۆماڵی و خەم دایدەگرت بۆ (وێرانکردنی سرووشت و لێکردنەوەی گوڵ و پیسکردنی گیا)، بۆیە ئەو رۆژە، بەفر بە بەرزی باڵای ئەزمەر بوو بە ویژدانی مرۆڤایەتی و تا چاوبڕدەکات بۆ(دادە)، دەستی لە مل ئازادی کرد و سیمفۆنیای بێدەنگی ژەنی...بێدەنگ، بێدەنگ، بێدەنگ بن، ئاخر بێدەنگی تروپکی مملەکەتی شکومەندییە و لایقە بە خاوەن هەست و سۆزی ئەو مرۆڤانە کە پێشوەختی سەردەمەکەیان لەدایکبوون.


ئەحلام پەیام و خەون و هیوا و هاواری دوێتەکانی ئەڵوەن بۆ(نان و ئازادی)لە کۆڵ کرد و شار بە شار رۆیشت تا بوو بە تاقە شۆڕسواری دژ بە پیاوە ئەقڵ چەقبەسووە شیزۆفرین و ئەتکەرەکانی کچ و ژنانی کوردستان.


لەم کاتە کە پیاوە"زیرەکەکان" سەمادەکەن بۆ سیستێمی سەرمایەداری یا بە گەمژەییەکی تایبەتەوە لە راگەیاندنەکان دەڵێن(بەهاری عەرەبی)، دوێتە سەرڕاست و توڕەکەمان بەبێ سازشکردن، بە زمانێکی ئەدەبی روون دەڵێت(خۆ گڕی سەرمایەداری نەک تەنها هەر درەختەکان دەسوتێنێ، بەڵکو خەونە ساواکانیش....لە سیستێمی سەرمایەداریدا دۆلار دڵداری لەناو گیرفان دەکات، سەرمایەداری خۆشەویستی پێشێلدەکات و ئەیسڕێتەوە، دڵ کاریگەری نیە) و هاوکات بەم شێوەیە نموونەی کۆمەڵگەی بەکاربەر مەحکوم دەکات(دۆلار لاپ تۆب و دوا مۆدێلی مۆبایل ئەهێنی) و بە وەهمپەرستانیش وت(ئەوە پایزی عەرەبییە)و نەفەرت دەکات لەوانەی وەک(کرم روحی میللەت دەخۆن) و (دوو حزب یاری میللەت دەکەن...).


دادە بە هوشیارییەوە ئاماژە بۆ کارەساتی پەروەردەکردنی خواروخێچ و دەبەنگانەی مندال دەکات و دەڵێ(مندال...فێری وشەی>>مەکە<<دەبن، چونکە هەموو شتێک بۆ منداڵ قەدەغە و بڤەیە.


کەسایەتی و فکری(دادە) لە سەردەمی فرەرەنگی بەکاڵاکردنی جەستەی ئافرەت و ئەتککردن، گاڵتەی بە دەزگای(زەواج) و چۆنییەتی رێکخستنی و رەفتارە پیاوان دەهات. لەم سەردەمە توشی دڵەڕاوکێ دەبێ، لە بێدەسەلاتییەوە بە گریان ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێ، بەڵام هەر ئومید لەدەست نادا و بڕوا بە گۆڕینی ئەم واقیعە دەکات و دەڵێ (راستە چاوەکانی من کزن و واقعێکی تەڵخ دەبینن، بەڵام بە هەست، هەست بە واقعێکی رەش دەکەم...ئەمڕۆ کۆنەپەرەستی ئۆکسیژینی کوردە و دەبوایە چەپڕەوی ئۆکسیژینی بوایە...).


ئەحلام بەرامبەر هەموو ناعەداڵەت، زوڵمکاری و تەنهایی و ئازارەکان بە راشکاوی دەڵێ (ئێستاش لە دژی دوژمنەکانم هێزی شانزە ساڵانم هەیە...من خۆشەویستی بە هەموو شتێک دەزانم).


ئەحلام نموونەی مرۆڤێکە خۆنەویستانە ژیانی خۆی پێشکەشکرد بە دنیایەک لێوانلێو لە دادوەری و خۆشەویستی. دوێتە شرینەکەمان نەیدەزانی چۆن (هەست و نەستم بکەمە بوکەشووشەی منداڵان، نازانم چۆن چاوەکانم بکەم بە کانی! نازانم چۆن نێوچەوانم بکەم بە تەختەی هەڵواسراو لە پۆلەکان! نازانم چۆن زەویەکەت بکێڵم نینۆکی پەنجەکانم! نازانم چۆن فرمێسکەکانم بکەمە مرواری و ملوانکە بۆ گەردەنی کچان! ئەخولێمەوە بە چواردەوری نەخۆشەکان تنۆکەکانی خوێنم بکەم بە حەب و دەرمان)....


بنوو (ئەحلام)ەکەمان بنوو، خەوێکی خێر...خەم و هیوا و چاوەڕوانییەکانت، خەم و هیوا و چاوەڕوانی ئافرەتان و هەموو بەشمەینەتەکانە و ئەوەند دەڵێم: تۆ بە گەورەیی خۆت، هەموومانت شەرمەزارکرد!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک