په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٣\٢٠١٤

گوڵفرۆشەکان سوودمەند نابن.


ئەرسەلان سافیە    

 

بۆچی لە دەڤەری ئێمە و لەو دەڤەرانەی هاوشێوەی لای خۆمانن گوڵفرۆشەکان سوودمەند نابن؟ سەرەتا دەمەوێ باسی گوڵ بکەم؛ من پێم وایە گوڵ هێمایە بۆ خۆشەویستیی بە هەموو جۆرەکانیەوە بە تایبەتییش خۆشەویستیی نێوان دوو ئاشق واتە کوڕ و کچ، زۆر جار پێدانی گوڵێک لە لایەن کوڕێکەوە بە کچێک یاخود بە پێچەوانەوە بۆتە سەرەتای دروستبوونی ئەو خۆشەویستییە گەورەیەی کە ئەو دوو مرۆڤە بتوانن تا مردن بە ژیانێکی خۆش و کامەران پێکەوە بژین و چەندین کۆرپەی جوانیش بێننە بەرهەم.. هاوکات گوڵ هێمایە بۆ جوانیی.. هێمایە بۆ لێبووردەیی و بۆ ژیان.

 

زۆر جار ئێمە تەنانەت گوڵفرۆشەکانیشمان خۆشدەوێن کەچی ناشیانناسین.. تەنیا لەبەر ئەوەی گوڵ دەفرۆشن، باشە ئەی بۆچی گوڵفرۆشەکان بەردەوام زیان دەکەن و گوڵفرۆش لە دەڤەری ئێمە ژمارەیان زۆر کەمە و کەس لێیان ناکڕێ بە بەراورد بە ولاتانی ئەوروپا کە گوڵفرۆشان لە گشت کۆڵان و سووچێکەوە هەن؟

 

من هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە یاخود واتای ئەوە دەبەخشێ کە لە وڵاتی ئێمە خۆشەویستیی بوونی نییە لە نێوان مرۆڤەکان ئەگەر هەشبێ یاساغە. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی گوڵ یاساغە؟ بۆچی خۆشەویستیی یاساغە؟ کێن ئەوانەی گوڵ و خۆشەویستیی قەدەغە دەکەن؟


‌ئەگەر گوڵ هێما بێ بۆ جوانیی ئەوە وڵاتەکەمان هیچ جوانییەکی تێدا نییە چونکە گوڵفرۆشەکان تێیدا سوودمەند نین و ژمارەیان زۆر زۆر زۆر کەمە. هەر لەبەر ئەو هۆیەشە گوڵفۆشەکان زیان دەکەن چونکە لە ولاتەکەی ئێمەدا لێبووردەیی نییە ئەگەر نا لە هەر سووچێکی کۆڵان و شەقامەکان گوڵفرۆشێک دەبوو.

 

ئایا لە وڵاتی ئێمە ژیان هەیە.. ئەگەر هەیە بۆ گوڵفرۆشەکان بەردەوام هیچ قازانج ناکەن و کەسێک گوڵیان لێ ناکڕێ.. نا من بینیم مەندیل بەسەرێک گوڵێکی کڕی و دەمانچە لە نێکێکش گوڵێکی کڕی!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان سافیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک