١٤\١٠\٢٠٢٥ گوڵ و یارۆم.. وەکی خۆیان!
دارا خونچە چون ئەز گوڵان ١ رێک چوون خۆیان مێزەدەکەم؛ ٢، ٣ حەوجە ناکا ٤ ''بیر'' لە برینان چێبکەم ''ئەفراندن'' لە ئەشکەنجان ''ئاسوودەیی'' لە نوچدان! ٥
لە گوڵایەتی بترازێ هیچ نازانی لە گوڵیش پتر.. چیدی نییە! لێ هەمیشە تەرزە مرۆی لە رووکەش جوانی جینگز و ٦ جرپە و ناجۆر و جانەوەر ٧ بەو دەچووێنن! سەرەڕای وەش ٨ پووڵپەرست و مەژیی سستان خاوەن باخچە و مێرگ و چەم و دارستانن! لەو دەمەیڕا لە خونچەوە شکۆفە دەکا تا هووردە هووردە سیس دەبی و دوایەمین پڕژ و پەڕانی وە پایز و وە گوڕی رەشەبا دەسپێری ٩ هەر جوانیی و بۆنوبەرامان دەپژڕێنی! کاتێ گوڵێ دەمورژێنی دەمبزوێنی دەمگلێنی چون ئەز چوون خۆی لە قەوارەی چاومی دەگرم؛ نایژاکێنم نایشێوێنم نایقرتێنم بەر هاڵاوی بۆنی دەم و گڕی هەناسەمی نادەم وە پێی سروشت و سرووتی دارستانان ١٠ کڕنۆش دەبەم هەر لەسەر بڕک و لە جێی خۆی بۆنیدەکەم! ئەها چونکێ ئەز کتومت وەکی خۆیانیان دەبینم؛ ١١ گوڵفرۆشان وە ملپەڕێن گوڵدانەکان وە زیندان و باغەوانی کارگوزاریش وە دوژمنی پڕ سەرسەختی سەرجەمی گوڵان دەزانم! گوڵ لە گوڵایەتی بترازێ هیچ نازانی لە گوڵیش پتر.. چیدی نییە!
چون ئەز یارۆم.. رێک چوون خۆی و لە دڵ و دەروونیەوە ناسی گوڵان.. یەک یەک.. دەستە دەستە ئی زەرد و سۆر و نارنجیی و سپی و مۆر و گشت رەنگەکان وە هەڵداوان هاتن گوتیان: ''هێی دەلالۆ.. پەڕ و پڕژۆڵە و پەلک و پەلوپۆ.. جوانییەکانمان سەرلەبەری لە پەڕە سپی و ناسکەکانی دڵ و دەروونی یارۆی توو وەپاشکەتن''! ١٢ ئیدی ئەمن لەو دەمەوە یارۆم وە گوڵەکان ناچووێنم پێچەوانە؛ هەر گوڵێ دەبینم دەبێژم ئای لەو گوڵە.. هەر کتومت ''پایزێ''ی خۆمە!
چون من.. هەم گوڵ.. هەم یارۆی خۆم رێک چوون خۆیان مێزەدەکەم حەوجە ناکا بیر لە برینان چێبکەم و ئەفراندنیش لە ئەشکەنجان! _______________________________________________________ ١- چون: چونکە، لەبەرئەوەی. ٢- چوون: وەک، وەکی، مینا، وەکو. ٣- مێزەدەکەم: تەمەشا دەکەم، لێدەڕۆنم، لێدەڕوانم، سەرنجدەدەم. ٤- حەوجە: پێویست، کردنی تشتەک بە ناچاریی. ٥- نوچدان: ملکەچبوون، خۆچەماندن. ٦- جینگز: جینگن، لامل، هار و بە کێشە و گرفت. ٧- جرپە: کەسی بە هەڵپە و ئەنجامدانی جوولەی ناجۆر. ٨- وەش: ئەوەش. ٩- وە: بە. ١٠- سرووت: داب و نەریت و رێکاری جێگیر لە هەر بۆنە و بیروباوەڕەک. ١١- توو: تە، تۆ، ئەتوو، ئەتۆ.
|