١٨\١١\٢٠١٠
گوناهێک
لە غوربەتی تەمەن.

کەژاڵ
ئیبراهیم خدر
1
تۆ پێڵوی چاوە
مەستەکانت شانە بکە،
نە باڵەکانت هی خۆتەو،
نەباخی چرای زیوینی مەمکەکانت و
نە جریوەى ئێوارەی تەنهایی....
ئیدى بەو مەستیەوە بۆ کوێ دەڕۆی
بڕۆ لێوەکانت تەڕبکە،
لەو رەمەزانى سەفەرەدا،
رەنگە هەرگیز بەگزنگی ئەوین نەگەی.
2
پرچە غەمبارەکانت شانەبکە
جۆگەلەی دڵت
رەنگی نمەی بارانی گرتووەو
چاوەڕوانی سپێدەیەکی رەنگاڵەیی و
بەهارێکی پڕ لەسیمای خەیاڵ و
توێشووی سێبەری ئێواران و
ورشەی وەرینی نائومێدی و
ئاوێزانی نیگای چاوەکانت
بڕەوێنێتەوەو، بکەونە فڕین .
3
تۆ هەمیشە
لەنێو دەریایی خەیاڵتدا
گۆرانی بۆغوربەتی شارو
خوێنی پڕ ئازاری باران و
گوناهەکانی جوانی دەچنیەوە
بەسەر دیدەی دەریایەکی مەنگدا
پەپامی خۆشەویستی و
شەپۆلێک لە ئارامی دڵ دەبەخشیەوە.
4
تۆ هەمیشە وێڵی بەدوای نیگای
ئەو ژنانەی
کەبەدوای خوماری عەشقدا دێن و دەچن
تۆ لەترسی چاوەکانی شۆڤارو
خەونی پاکبوونەوەی رۆحت و
نۆشینی شەرابی لێوت
ئەسپی حەزو ئارەزووەکانت
لەنێو بەفری سپی نامۆیدا تاونەداوە.
5
تۆ لەنێو پایزێکی گەڵا وەریوو
پرسیارێکی قەدەغەکراو بوویت
بەمێخەکی باوک سالاریەوە
شەتەک دراو بویت؟
کردیانی بە پشکۆی خۆڵەمێش و
پایزی دەستی زوڵم،
گزنگی بەیانی بوویت و
کردیانی بەزەردەپەڕی ئێوارە؟
سترانێک بویت دەنگیان بڕیت
بووی بەسەمای بەفری ئێواران و
لەرینەوەی گەڵای درەختەکان
پڕیان کردیت لەبێ دەنگی؟
کردیانی بەپەیکەری مردوو
ناردیانی بۆئەوزیندانەی
نەچرایەک رۆشنایی تێدا ماوەو
نە عەقڵی پیاو و،
نەبین و نەفڕین.
6
تۆ لەتافی ژنیەتی خۆتدا
وەرزی جوانیان سڕکردی
تۆ یەکەم ژنی دەستی قەدەر بووی
لەدوای غوربەتی تۆوە
بووی بەئاوێنەیەکی رووت و
پەنجەرەی رۆحتیان هەڵکێشا.
7
رۆژێک بووی بەبڵندگۆی ئاسمان و
بووی بەشانۆیەکی کۆتایی نەهاتوو
بووی بەچیرۆکێکی خوێندراوە
بووی بەپەخشانێکی هەڵوەریوو
لەکۆشی خۆتدا
بووی بەگوڵێکی هەڵوەریوو
لەژێر پێتدا
بووی بەشەماڵێ لەسەر پەیڤی شەرمن
بووی بەسنەوبەرێکی توڕە
گەڕایتەوە بۆناو قەفەزی تەنهایی و
قاوغەکەی خۆت
دواجار بویتەوە بەخۆت
بووی بە ژنێ لە غەمباری
پڕ لەووشەو، گریان و خەم؟
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|