٢٤\٢\٢٠٢٢
گوندێک لە ژێر بفرێکی باڵادا!

ئەرسەلان مەحمود
خـــەوی
ژێر سێبەری دار گوێزەکان،
ئەوەندەش گران و گیر نییە،
ئەگەر ویزەوێزی مێشەکان
لێگەڕێ!
•
لەدوای
تاراندنی زیکزیکەکەوە،
کپی نااا، هەست بەتەنهای و
چۆڵەوانییەک دەکەم، سەیر،
لـەساردو سڕییەکـانی
شەودا!
•
هونەری
ئەو فڕینەی
لەعەشقەوە،
فێری بووین،
لەمەلەکان
دزراوە!!
•
گوندێک
لەژێر بەفرێکی باڵادا،
خزاو لەدامێنیدا، بوو
بەشار!
•
هەر جارێک
یـادی تـــۆ دەکـەم،
باران بەبای ساردوە
دەبارێت!!
•
لەڕێگەکەدا
ڕووبارێک و پردێک هەبوون،
بەڵام ئەسپەکان بەئاوەکەدا
پەڕینەوە!!
•
بـریـــسکـەی
ئـەو بـروسکـانــەی
لەدارستانەکەیاندا،
بوون بەکانی!
•
سەری
خەونەکانم سپیکرد،
لەژێر دارە ڕەشەکانی
زستاندا!
•
وەرزەکانی ڕۆژهەڵات،
لەساڵێکدا، نۆ مانگ لەپشوودان،
شەش مانگ خۆڵباران و شەش مانگ لەتەمدان،
درێژ ترین ڕۆژە باراناوییەکان، زۆر ترین شەوە بەفراوییەکان،
دیارترین ساتـە هـەوراوییەکان، ڕونترین کاتە ئاسمانییەکان،
بەتەمەنترین ئـاوەکـان، ماندوترین ئـەستێرەکـان،
جوانترین سەما، باڵاترین ئازادی،
رۆۆۆژ ئاواااا ییییین!!
•
ژیــــان،
هەمیشە تازەیە!
ئەوەی نوێ نییە،
دونیایە!
•
مرۆڤ
پێشئەوەی
پێبنێتە دونیاوە،
کێ تیایدا دەژیا،
دیااار نییە،
ونە!!
•
کەوتنی گـەڵاکـان،
وەرزییە، کۆتایی نیە،
بەڵام چارەنووسە!
•
لەئاوو
دەپاڕێمەوە،
بەرگە بگرێ، شلییەکەی،
تێکینەدات، ڕونییەکەی،
نیانییەکەی
لەودا!
کەوتینە هەڵەیەکی قووڵەوە!
ئەم کەڵەکە تڕە،
کەشتییەکەی نوح نیە،
کەس بەتەنها خەمبار نابێ،
کەس بە تەنها دڵخۆش نابێ،
کەس بە تەنها ڕزگاری
نابێت ناااااااا!!
ئەم ئاگرە بکەوێتەوە،
درەختێک نییە، بەتەنها بسوتێت،
درەختێک نییە، بەتەنها بەپێوە بمێنێت،
درەختێک نیە بەتەنها ڕەق هەڵێ،
دارستانێک دادەمرکێ!
کەوتنی ئاسمان،
کەوتنی ئەستێرەکانیشە،
بەربوونەوەی ئەستێرەکان،
سەرانگرێبوونی زەویشە،
دونیااااا دەڕوا!!
چاوەکانت بکەوە،
ڕوناکی دەڕژێ، وشەکان نیگا دەکەن،
کەس لەگوڵە پەشموردەکان بۆنناکا،
کەس نایانچنێ، کەس نایانفرۆشێت،
کەس نایانکڕێت!
دونیا،
بەهەموو شتێکییەوە تاڵی کردوە،
چیتر بەیانی لەکاتی خۆیداا نایەت،
ئیتر ئێوارە بەکاتی خۆی ئاواا نابێ،
کەوتینە هەڵەیەکی قوڵەوە، کاااتێ
لـەدەمی خۆمانمان گرتەوە، بۆۆۆ
مەرگ!
ئەوەی دەکەوێتە
ئەودیووی مەرگ و ژینەوە،
ئاسمانێکە شین، زەوییەکە
سەوز دەچکێتەوە!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|