٢٣\٧\٢٠١٩
گورگ و بەرخە سپی.

وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی
منداڵە
ژیرەکان: جارێکیان لەناو لەوەڕگایەکی گەورەی پڕ لە سەوزە گیادا،
بەرخێکی خرپنی سپی زۆر پچکۆلانە لە گەڵ ڕانە مەڕێکدادەلەوەڕان. بەڵام
بەرخەکە بە دەم خواردنەوە وردە وردە ملی بۆ پێشەوە نا و بە تەواوی لە
شوان و مەڕەکان دوور کەوتەوە و بە بێ ترس بە دوای گیای تەڕ و تازەدا
دەگەڕا. پاش ماوەیەک پەڵە گیایەکی دۆزییەوە و لە خۆشیاندا بە هەر چوار
پەل سەمایدەکرد ، بەڵام نەیدەزانی زۆر لە ڕانە مەڕەکە و شوانەکەی دوور
کەوتۆتەوە و ئاگاداری ئەوەش نەبوو، کە گورگێکی چاوبز لە پەنای پیرە
دارێکی گەورەدا خۆی بۆ ماتداوە.
ساتێک بەرخەکە هەستی بەوەکرد، کە زۆر لە مەڕەکان دوور کەوتۆتەوە،
بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ لایان. بەڵام کاتێک گورگە برسییە فێڵبازەکەی
بینی، کە خۆی شاردبۆوە بۆی، زۆر شپرزە بوو، لە ترساندا هەموو گیانی
کەوتە لەرزین. جا چونکە گورگەکەی زۆر لێوەی نزیکبوو، نەیدەتوانی ڕابکات
و خۆی لە دەستی رزگار بکا.
بەرخەکە بە دەنگێکی پڕ لە گریانەوە بە گورگەکەی وت: (ئەوە تۆ دەتەوێ
بمخۆی؟)... گورگەکەش بە دەموچاوێکی ترش و تاڵەوە وەڵامی دایەوە و وتی:
(بەڵێ بۆ خواردنی تۆ هاتووم، ئەی گوایە بۆچی هاتووم).
بەرخەکە سەرلەنوێ بە گورگەکەی وت: (من ئەمڕۆ لە بەیانییەوە گیا دەخۆم،
ئێستا هەموو گەدەم پڕە پڕ بووە لە گیا، جا تکایە تۆزێک لەسەرم ڕابوەستە،
تا گیاکە هەرسدەکەم؟ .چونکە ئەگەر ئێستا من بخۆیت هەر وەک ئەوە وایە
گیا بخۆیت و تامی گۆشتە ناسکە خۆشەکەم ناکەیت و تەنها تامی گیا دەکەی،
جــا وا بـاشترە تۆزێک لـەسەرم ڕاوەبوەستیت).
گورگەکە بەوپەڕی خۆشییەوە سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند و وتی: (دەزانم تۆ
لە پێش منەوە لێرەیت و منیش هیچ کێشەیەکم نییە و دەتوانم کاتێکی زۆر
لەسەرت ڕابوەستم). بەرخەکەش زۆر سوپاسیکرد.
پاش ماوەیەک گورگەکە تاقەتی نەما و ویستی لە پڕ پەلاماری بەرخەکە بدات
و بیخوات. بەڵام بەرخەکە، کە بەمەی زانی گورج گورگەکەی وەستاند و وت: (گورگی
ئازیز: تکایە تۆزێکی کەش لەسەرم ڕابوەستە، چونکە هێشتا گیاکە لە ناو
گەدەمدا بە تەواوی هەرس نەبووە، جا تکایە ڕێگام بدە تۆزێک هەڵپەڕم، تا
زووتر گیاکە هەرس بکەم). ئەمجارەش گورگەکە بەمە ڕازی بوو. ئنجا بەرخەکە
کەوتە هەڵپەڕین و بە هەر چوارپەل سەمایدەکرد، بەڵام لە ناکاو لە خۆیەوە
وەستا.
گورگەکە سەری سوڕما، بۆیە وتی: (ئەوە بۆ وەستایت؟ دەی تا دەتوانی
خێراتر هەڵپەڕە، تا زووتر گیاکە هەرس بکەیت).. بەرخەکەش لە وەڵامدا وتی:
(ئەوی ڕاستی بێت، چونکە هەڵپەڕینەکەم مۆسیقای لەگەڵدا نییە، ئەوا
ناتوانم بە خێرایی و بە دڵی خۆم هەڵپەڕم. جا تکایە وەرە ئەم زەنگۆڵەیە
لە ملم بکەرەوە و زۆر بە قایم ڕایبوەشێنە، ئەو کاتە منیش بە دەنگ و
ئاوازی زەنگۆڵەکە خێراتر سەما دەکەم و زووتریش گیاکە هەرسدەکەم).
گورگەکەش چونکە خواخوای بوو زوو بەرخە سپییە ناسکۆڵەکە بە بێ کیشە
بخوات بەمە ڕازی بوو، بۆیە بە ئەسپایی لە بەرخەکە هاتە پێشەوە و
زەنگۆڵەکەی لە ملی کردەوە و زۆر بە قایم ڕایوەشاند... لەو لاشەوە
شوانەکە دەگەڕا بە دوای بەرخەکەدا. جا چونکە دەنگی زەنگۆڵەکە زۆر بەرز
بوو، شوانەکە گویێ لە دەنگەکەی بوو. بە خۆی و گۆچانەکەیەوە بەرەو
دەنگەکە چوو ، پاش چەند هەنگاوێک گورگ و بەرخەکەی پێکەوە بینی و بە
گۆچانەکەیەوە زۆر بە گوڕ ڕایکرد بۆ گورگەکە، گورگەکەش، کە گۆچانی
شوانەکەی بینی زۆر ترسا و هەتا توانی ڕایکرد و دوورکەوتەوە، بەرخە
سپییە جوانەکەش بۆ خۆی ڕزگاری بوو.
جا منداڵە ئازیزەکان: ئەم چیڕۆکە ئەوەمان فێردەکات، هێز تەنهامەرجی
سەرکەوتن نییە، بەڵکو بیرکردنەوەی ژیرانەش دەتوانێت بەسەر هێزی زۆر
گەورەدا سەربکەوێت.
__________________________________________________
تێبینی:
ئەم چیڕۆکە بە دەستکارییەکی کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی،
بەڵام ناوی نووسەری لەسەر نییە.
١٨\١٠\٢٠١٧
mkbarzy@hotmail.com
|