١٩\٣\٢٠١٠
گوتارێک
له‌سه‌ر گۆڕی مارکس.*
فریدریک ئه‌نجلس

وه‌رگێڕانی: موزه‌فه‌ر
عه‌بدوڵا
ڕێکه‌وتی 14 مارسی 1883 کاتژمێر دوو و چل و پێنج ده‌قیقه‌ی پاشنیوه‌ڕۆ
مێشکی گه‌وره‌ترین بیرمه‌ند له‌بیرکردنه‌وه ڕاوه‌ستا. کاتێک بۆ ماوه‌ی
ته‌نها دوو ده‌قیقه به‌جێمان هێشت به‌ڵام که گه‌ڕاینه‌وه، بینیمان
له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه‌ی که دانیشتبوو، زۆر به هێمنی بۆ یه‌کجاری خه‌وی
لێکه‌وتووه.
مه‌رگی مارکس زیانێکی زۆر زۆر گه‌وره‌یه بۆ هه‌ردوو چینی کرێکاری
تیکۆشه‌ری ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و بۆ زانستی
مێژوو. ئه‌م زیانه هه‌رگیزاو هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه. ته‌نانه‌ت
ئه‌و بۆشایییه گه‌وره‌یه‌ی که‌به ڕۆیشتنی ئه‌م گیانه مه‌زنه پێک
دێت له ئاینده‌دا زۆر به‌ڕوونی به‌ده‌ر ده‌که‌وێت.
هه‌روه‌ک چۆن داروین یاسای گه‌شه‌سه‌ندنی سروشتی ئۆرگانیکی دۆزیه‌وه،
مارکس‌یش ئاوا یاسای په‌ره‌سه‌ندنی مێژووی مرۆڤایه‌تی دۆزییه‌وه: ئه‌و
ڕاستییه ساده‌یه‌ی کهئایدیۆلۆژی باڵا ده‌ست شاردویه‌تیه‌وه، ئه‌وه‌یه
که‌مرۆڤ یه‌که‌مجار به‌رله‌وه‌ی گرینگی به‌سیاسه‌ت و زانست و هونه‌رو
ئاین و..هتد بدات، پێویسته خواردن و خواردنه‌وه‌و شوێنی حه‌وانه‌وه‌و
جل و به‌رگ و...هیتری بۆ دابین بێت. به‌م پیه‌ش به‌رهه‌می هۆیه‌کانی
مادی که پێویستن بۆ ژیان و هه‌روه‌ها ئاستی گه‌شه سه‌ندنی ئابوری به‌ده‌ستهاتووی
هه‌ر گۆمهلگایهک وه‌یا له‌هه‌ر سه‌رده‌میکدا، ده‌بێته بنه‌ما بۆ
بنیادنانی دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و چه‌مکه باوه‌کانی هونه‌ر و ته‌نانه‌ت
بیروباوه‌ڕه ئایینیه‌کان، که تایبه‌ته به‌م یان به‌و به‌شه له‌خه‌ڵک
و له‌سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌مانه‌ش دنیای پێ لێکده‌درێته‌وه. نه‌ک به
پیچه‌وانه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا باوه.
به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو ئه‌و کاره نییه که‌مارکس پێی هه‌ستاوه. به‌ڵکو
مارکس ئه‌و یاسا تایبه‌ته‌شی که شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری
ئه‌م چه‌رخه‌و کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی که‌دروستکه‌ری ئه‌م شێوه به‌رهه‌م
هێنانه‌یه دۆزییه‌وه. ڕاستییه‌که‌ی دۆزینه‌وه‌ی زیده‌بایی ڕاسته‌وخۆ
ڕۆشنایی خسته‌سه‌ر گرفته‌که‌و له هه‌وڵی چاره‌ی هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌دا
بووکه پێشتر لێکۆڵیاره ئابوری و سیاسی یه‌کانی بۆرژوازی و هه‌روه‌ها
ڕه‌خنه‌گره سۆسیالیستی یه‌کان له‌به‌رده‌میدا بێچاره‌بوون. ته‌نها ئه‌و
دوو دۆزینه‌وه‌یه له ژیانی که‌سێکدا به‌سه بۆ به‌خته‌وه‌ری و ته‌نانه‌ت
هه‌ندێک که‌س زۆر به‌خته‌وه‌ر ده‌بن ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌کێک له‌م دوو
یاسایه‌یان دۆزیبێته‌وه.
جگه له‌مانه‌ش له‌هه‌ر مه‌یدانێک که مارکس لێکۆڵینه‌وه‌ی کردبێت - هه‌رچه‌نده
که له‌هه‌ر مه‌یدانێک باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی کردبێت ئه‌وا سه‌ر پێی نه‌یکردوه
- ته‌نانه‌ت له مه‌یدانی ماتماتیکیشدا، مارکس هه‌ستاوه به دۆزینه‌وه‌ی
تازه.
مارکس ئا به‌م شێوه‌یه مرۆڤی زانست بووه. به‌ڵام هێشتا ئه‌مانه
نابێته نیوه‌ی کاره‌کانی مارکس. چونکه به‌نیسبه‌ت مارکسه‌وه زانست
داینامیکی مێژوویی و هێزی شۆرشگیرانه‌یه. هه‌ر چه‌نده ئه‌و دڵخۆش
بووه به‌هه‌ر دۆزینه‌وه‌یه‌کی تازه‌ی تیۆری زانستی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر
به‌کرده‌وه ده‌رهاتنی ئه‌م تیوهرانه ئه‌سته‌م بوو بێت، به‌ڵام
دڵخۆشی و به‌خته‌وه‌ری ئه‌و جۆرێکی تربووه، به‌تایبه‌تی کاتیک
دۆزینه‌وه زانستی یه‌کان گۆرانێکی شۆڕشگیرانه‌ی ڕاسته‌وخۆی له مه‌یدانی
پیشه‌سازی و مێژوویی‌دا به‌دواوه بووه. بۆ نمونه زۆر له‌نزیکه‌وه
چاودێری دۆزینه‌وه‌و گه‌شه‌ی مه‌یدانی کاره‌بای ده‌کرد له‌چه‌شنی
دۆزینه‌وه‌که‌ی مارسال دۆبری.
به‌ڵێ مارکس به‌ر له‌هه‌ر شتێک شۆڕشگێر بووه. هه‌ربۆیه ئه‌رکی یه‌که‌م
له‌ژیاندا به‌لای ئه‌وه‌وه به‌شداری کردن بووه له ڕوخانی سیسته‌می
سه‌رمایه‌داری به‌دامه‌زراوه دهوڵهتییهکهیهوه، که‌ئه‌م سیسته‌مه
له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوێتی. هاوکات به‌شدار بوو له خه‌بات بۆ ڕزگاری چینی
پرۆلیتاریای تازه پێگه‌یشتو. ته‌نانه‌ت ئه‌و یه‌که‌مین که‌س بوو کهدرکی
به جێگا‌و ڕێگاو ڕۆڵی شۆڕشگێرانه‌ی ئه‌م چینه ده‌کرد وهوشیار بوو بهپیداویستییهکان
و هه‌لومه‌رجی رزگاربوونی. خه‌باتکردن به‌لای مارکسه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی
سه‌ره‌کی بوو هه‌ربۆیه لێبڕاوانه وسهرکهوتوانه تیکۆشاو و له‌م مه‌یدانه‌شدا
که‌م وێنه بوو.
بۆ نمونه کاره‌کانی له ڕۆژنامه‌ی ڕینانی یه‌که‌م ساڵی 1842 و له
ڕۆژنامه‌ی بۆ پێشه‌وه‌ی پاریسی ساڵی 1844 و ڕۆژنامه‌ی بڕوکسالی ئه‌لمانی
ساڵی 1847 و له ڕینانی نوێ ساڵی 1848-1849 و له تریبونی نیویۆرکی
ساڵی 1852-1861 ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای سه‌رپه‌رشتی کردنی بڵاوکراوه‌ی خه‌باتکارانه
و کار و تێکۆشانی له ڕێکخراوه‌کان له پاریس و بروکسل و له‌نده‌ن تا
گه‌یشته ڕۆڵی سه‌ره‌کی له‌پێک هێنانی ڕێکخراوی (ئه‌نته‌رناسیونال)نیونه‌ته‌وه‌یی
یه‌که‌م. هه‌موو ئه‌مانه شایانی شانازیی هه‌تا هه‌تایین بۆ ئه‌و ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر هیچ به‌رهه‌مێکی تری نه‌بوایه.
هه‌ڵبه‌ت له ئاکامی ئه‌مانه‌وه مارکس که‌سێکی زۆر بێزراو ناوزڕێنراو
بووه له سه‌رده‌می خۆی دا له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته سه‌رکوتگه‌ره
ڕه‌هاو کۆماری یه‌کان و هه‌موویان له وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا
هه‌تا بۆیان کرابێت ده‌ریان کردوه. ته‌نانه‌ت ده‌سه‌لاته بۆرژوازی یه‌کان
له شاربه‌ده‌ر کردنی مارکس دا بۆڕبۆڕێنیان کردوه. هه‌ر له
بۆرژوازییه لیبرالی یه‌کانه‌وه بگره تا ئه‌وپه‌ڕی ڕادیکال و
دیموکراسی یهکانیاوه، ئه‌مانه هه‌میشه خه‌ریکی شێواندنی که‌سایه‌تی
و ڕێبازی مارکس بوون. هه‌میشه وه‌ک جاڵجالۆکه خه‌ریکی ته‌ون بوون بۆ
به‌رگرتن بهمارکس.
به‌ڵام مارکس له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرینگی زۆری به‌مانه نه‌داوه‌و وه‌ڵامی
نه‌داونه‌ته‌وه تا ئه‌و جێگایه‌ی پێویستی زۆری نهکردبَیت. بۆیه که‌مرد
بۆ هه‌میشه خۆشه‌ویست ونهمربوو. وه له لایه‌ن ملیۆنه‌ها کرێکاری
شۆڕشگێره‌وه خۆشه‌ویست بوو. هه‌ر له کرێکارانی کانه‌کانی سیبیریاوه
بگره تا کالیفۆرنیاو تا هه‌موو کرێکارانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا.
له‌م ووته‌یه‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه بوتریت ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی مارکس
دوژمنانێکی زۆری هه‌بووه، به‌ڵام بۆ ئه‌و هیچ دوژمنێکی شهخسشی نه‌بوو.
ناوی ئه‌و سه‌ده‌کان ده‌بری و به نه‌مری ئه‌مێنێته‌وه!
____________________________________________
*
ئه‌م گوتاره:
قسه‌وباسێکی ئهنگڵزه له حه‌ڤده‌ی
مارسی 1883،
واته دوای سێ ڕۆژ مردنی مارکس له
گۆڕستانی هایگێت له له‌نده‌ن به زمانی ئینگلیزی
کردوێتی. ئه‌مرۆش له یادی سه‌دو بیست و حهوتهمین ساڵرۆژی مه‌رگی دا
به پێویستمان زانی بڵاوی بکه‌ینه‌وه.
نیوه‌ی مارسی
2010
|