١٩\٢\٢٠١١ گوتارى پارتى و یەکێتى و گۆڕان وەکو یەکە.
لە خۆپیشاندانى ئەمجارەى شارى سلێمانیشدا ، بەر لەوەى پارتى و یەکێتى تۆمەت ببەخشنەوە بەسەر خەڵکى توڕە و ناڕازى لە سیاسەتى بیست ساڵەیان، عەیان بوو کە بە دەستەواژەى ناڕەوا و ناپەسەند هەوڵ دەدەن کراسى بەرخودان لەبەر خۆپیشاندەران دابماڵن و بە ویستى خۆیان کراسە تەقلیدییەکەى دیکتاتۆران بە باڵاى دا بدوورن ، وەلێ ئەوەى چاوەڕوان نەدەکرا هەڵوێستى شەرمنانەى بزووتنەوەى گۆران بوو لە هەمبەر ڕاپەڕین و قوربانیدانى خەڵکى مافخوراو، چونکە لە سەرەتاى سەرهەڵدانى بزووتنەوەکە و دەست پێ کردنى کارى ڕاگەیاندنەکانیان بە تایبەتى تەلەفزیۆنى - کەى ، ئێن ، ئێن - ەوە ختوکە و سوخورمە لە هەستى تەواوى خەڵک و بینەران و هەوادارانى خۆیان دەدەن و ناشرینییەکانى پارتى و یەکێتى و دەسەڵاتدارێتییەکەیان دەخەنە بەرچاو و نهێنییەکانیان لە دزى و تاڵانى و داگیرکارى و ناهەقییەکانیان ئاشکرا دەکەن ، کەچى لە ئاستى توڕەیى خەڵک و ڕژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانەکەیان دا، بزووتنەوەى گۆڕان گوتار و ڕاگەیاندنەکانیان هیچ جیاوازییەکى ئەوتۆى تێدا بەدى ناکرێ لەگەڵ پارتى و یەکێتى و بە وتەى ئەوان بێت کۆمەڵێک ( ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێن ) کارى ( تێکدەر ) انەیان ئەنجام داوە ، بێئەوەى ئەوەى وەیادى خۆیاندا بهێننەوە کە توڕەیى خەڵک هەڵبچێ بەزەییان بە سنگى خۆیاندا نایەتەوە و وەبەر گوللەى دەنێن جا لە کوێ گوێ بە دار و پەردووى بارەگایەک دەدەن کە خەرجییەکەى لە قووت و بژێوى خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان دەر دەکرێ؟! کە وا ئێستا زەمینەسازى بۆ تاوانبار کردنى خەڵک دەدەن و بەوەوە ناوەستن کە شەهیدێک و نزیکەى شەست برینداریان لەو ناڕەزایەتییە خستۆتەوە بەڵکو بە نیازن بۆ بنبڕ کردنى ( فتنە ) ئەو چەند هەزار کەسەى لە برى خەڵک ڕژاونەتە شەقام دووچارى ڕِاوەدووى یاسایى - ملاحقە قانونیە - بکەنەوە ، جا بڵێى بزوتنەوە گۆڕان هەماهەنگییان نەکات بۆ شوێن پێ کەوتنى - گێرەشێوێن - ەکان ، بۆ ئەوەى ڕێگە بگیرێ لە - دوژمنانى ئازادى و دادپەروەرى - تا ڕەوشى هێمن و ئارامى کوردستان تێک نەچێ ؟ -
بێگومان ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بە وەڵامێکى ڕاشکاوانە ناسنامەى گۆڕان دەخاتە ڕوو ، دەبێ خۆیان یەکلا بکەنەوە کە یان دەسەڵاتى حوکمڕانى خۆماڵیى ستەمگەران وە یان خەڵکى بەشمەیتەت ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێنن ! هەرچەندە ئەوان هەرچییەک بکەن و بڵێن بەقەد حوکمى مێژوویان پێناکرێ و ناوترێ.
|