|
٣٠\١١\٢٠٢٥
گوتنی ستران.

دڵکەش قادر
ئەو چرکانەی بە
میلی کاتژمێری تەمەن نایەنەگۆ
دیرۆکی ئەو کوشتنانەی بە ئاگری ستەم
ناخرێنە ناو
تابووتی جەنگی وڕێنەوە
من نەبم
بە فرمێسک ئەندێشەی هۆنراوە چێناکرێ
من وڕێنەکان دەخەمە نێو پەرتووکە ئاڵتوونییەکانەوە
پەڕێکی زێڕین
لەسەر پەڕەی ئاونگ جێدەهێڵم
بە گەشت
چناری ئەندێشە لە جەنگەڵی حەزدا باڵاتر دەبێ
کەفی پەتا لە دەریای خەم دەکشێ بۆ کەناری گومان
با دڵی گومان لە سووچێکی گەردووندا لێبدا و
واتا لە کۆڵانەکانی گوماندا تا باڵابوونی دەڕواتەوە
ئێواران دەچنە سەر حەزی ڕشتنی ئەشک و
دیرۆکی ستەم لە ماڵی ئاگردا
میوانێکی خۆنەویستە
درۆی جاران
نەخشاندنی وێنەیەک بوو
لەتکردنی هاوێنەیەک بوو
گوتنی سترانێک بوو
تا سەما لە ئەندێشە نەکەوێ
تا ماڵ لە باران دانەبڕێ
تا ئەندێشە تەڕتر بێ
تا باخچە سێوی سوور بگرێ و
هەنگ لە شیلە بێبەش نەبێ.
سلێمانی
ماڵپهڕی
دڵکەش قادر
|