٤\١\٢٠١٢
حاجی ئەحمەدی:
ئەوانەی باسی بەرە دەکەن، نە لەگەڵ خۆیان راستن و
نە لەگەڵ دەوروبەریان.
ئامادهکردنی: دیار محهمهد
دوای ماوەیەکی زۆر
شەڕ و پێکدادان لە نێوان گهریلاکانی پژاک و سوپای پاسداراندا ئاگربەست
راگەیانرا، ئەو ئاگربەستە چۆن و لەسەر چ بنەمایەکی بوو؟
حاجی
ئەحمەدی: لە راستیدا ئەوھێرشەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر
قەندیل، ھێرشێک بولەسەر گەلی کورد و دەسکەوتەکانی گەلی کورد، بەتایبەتی
لەسەر باشوری کوردستان، بەڵام بەھانەکەی پژاک بو. لەو ھێرشەدا کۆماری
ئیسلامی ئێران توشی سێ ھەڵەی گەورەی بوو:
- ھەم لەباری کەمیەت و
ھەم لەباری کەیفیەتەوە زۆری متمانە بەھێزی نیزامی و
چەکوچۆڵی مۆدێرنی نیزامی خۆی ھەبو.
- ھێز و توانا و
فیداکاری و قارەمانەتی گهریلاکانی پژاکی لەبەرچاونەگرتبو یان بە کەمی
گرتبوو.
- حیسابی ئەوەی نەکردبوو کە گەلی کورد ئاوا لە ھەموو پارچەکانی
کوردستان ولە دیاسپۆرا بەوشێوە یەکگرتوو و یەکدەنگ، ھەم لەباری مادی
وھەم لەباری مەعنەوێوە دژی کۆماری ئیسلامی، پشتی پژاک دەگرێ.
کاتێک شەرەکەی دەست پێکرد لە مەیدانی شەردا ھەم ھێزی خۆی ناسی وھەم
بەرخۆدان و فیداکاری و قارەمانەتی گهریلاکانی پژاکی ناسی،ھەم
یەکگرتویی گەلی کورد بۆ پشتیوانی لە پژاک، لە بواری مادی و مەعنەوێوە،
لێرە بە پێویستی دەزانم کە سپاس وپێزانینی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد،
بە تایبەتی گەلەکەمان لەباشوری کوردستان، لە پێشمەرگە دێرینەکان وکچ
وکورانی وڵاتپارێزونیشتمانپەروەر بکەم، کە ھەلوێستی نەتەوەیی وان،
وەحشەتی خستە ناو دڵی ھێزەکانی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران. کە
ھەموی ئەوانە بون بەھۆی دو سەرکەوتنی مەزنی گەلی کورد: لەباری سیاسی و
لەباری نیزامیەوە.
سەرکەوتنی سیاسی: گەلی کورد لە ھەموپارچەکانی کوردستان ودیاسپۆرا بۆ
پشتیوانی پژاک لە دژی داگیرکەر راوەستان وھەنگاوێکی دیکە لە پێک ھێنانی
یەکێتی نەتەوەیی نزیک بۆونەوە. لە بواری خۆپاراستنەوە، ھێزی داگیرکەری
توشی شکەستێکی گەورە وچاوەروان نەکراو کرد. ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی،
بۆوەی کە بتوانن جەنازەی کوژراوەکانیان لەمەیدانی شەر نەجات بدەن
وزیاتر ئابرویان نەچێ، ھاواریان برد بۆ چەند لایەنی خێرخواز بۆ
نێوبژیوانی کە ھەوڵبدەن ئەو شەرە رابگرن. ئەولایەنانە داوایان لە ئێمە
کرد، کە شەرەکە رابگرین وھەوڵبدەین کێشەکەمان لەرێگەی دیالۆگەوە
چارەسەر بکەین. ئێمەش داخوازی ئەولایەنە خێر خوازانەمان قەبوڵکرد، بە
شەرتێک کە لە ھیچ شوێنێک ھێرش نەکەنە سەر ھەڤالانی ئێمە.ئەگەر ھێرش
بکرێتە سەر ھەڤاڵانی ئێمە، شەر دەست پێدەکاتەوە. ئەگەر شەر دەست
پێبکاتەوە ئیتر ئەوە ئەوانن کە شەریان دەست پێکردۆتەوە. دیارە تا ئێستا
بە ئاگربەستەکەوە وەفادارن.
ڕۆڵی پارتی و یەکێتی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان پژاک و کۆماری
ئیسلامی چ بوو؟
حاجی ئەحمەدی: پارتی ویەکێتی بەتایبەتی
بەرێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەریم وبەرێز مام جەلال سەرۆک
کۆماری عێراق بۆ راوەستانی شەر نێوبژیوانیان کرد ورۆڵێکی ئەرێنی
وپۆزیتیویان ھەبوو.
ئایا ئەو ئاگربەستە پەیوەندی ھەبوو بە
ھەرەشەکانی یەکێتی بۆ سەر پژاک، کە ئەگەر شەڕ رانەگرن لە دژی ئێران
ئەوە ناچارین وەک یەکێتی بەشداری بکەین لە گەل سوپای پاسداراندا لە دژی
پژاک؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە ھەر شتێک لە مەسڵەحەت
وبەرژەوەندی گەلی کورد بێ دەیکەین، بەڵام نە ئەوان ھەرەشەیان لە ئێمە
کردوە ونە ئێمەش ھەرەشە لەکەس قەبوڵ دەکەین.
ئێستا گفتوگۆی نێوان پژاک و ئێران بە ناوبژیوانی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەردەوامە، بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی
گونجاو بۆ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا، ئێوە ئەو چۆن
لێکدەدنەوە؟
حاجی ئەحمەدی: ھەر لایەنێک، ھەر کەسێک
ھەوڵبدا بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە ئێران لەرێگەی سیاسی ودیالۆگەوە،
ئێمە رێزی لێدەگرین وسپاسی دەکەین.
بە گشتی فۆرمۆلی چارەسەری پژاک لەو قۆناغەدا چیە
بۆ مەسەلەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا؟
ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە، ئێمە بۆچارەسەری کێشەی نەتەوەکان
ودێموکراتیزە کردنی ئێران سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دێموکراتیک بە
گونجاوترین سیستەم بۆ ئێران دەزانین.
لەو شەڕی ئەم دوایەی پژاک لە گەڵ سوپای پاسداراندا، باسی ھاوکاری و چەک
و لۆجستیکی ئەمریکا دەکرێ، ئایا ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکدا ھاوکاری
ئێوەیان کردوە؟
حاجی ئەحمەدی: کۆماری ئیسلامی ئێران
ناخوازێ ونایھەوێ ئیعتراف بە ھێز و توانای پژاک بکا، ھەوڵدەدا بە
پرۆپاگەندەی دور لەراستی، بڵێ کە ئێمە شەڕی ئەمریکا دەکەین، ئەوە
ئەمریکا وئیسرائیلن کە پشتی پژاک دەگرن. بەڵام ھەرکەس دەزانێ کە پژاک
لە لیستی رەشی وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکادایە، وھەروەھا ئەمریکاش
ناڕاستەوخۆ لە شەری دژی ئێمە دا بەشدارە، بۆنمونە فرۆکەکانی سیخوری
ئامریکا دایم لەسەر سەری ئێمە دەخولێنەوە وئینفۆرماسیۆنەکان دەدەن بە
تورکیە وتورکیەش دەیاندا بە ئێران.
لە ماوەی رابردوودا گەشتێکی نوێی سەردان و دیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان
لەگەل ئێران و تورکیا دەستی پێکردەوە، ئێوە بە گشتی سەردانی سەرۆکی
ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و تورکیا چۆن دەبین؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە ھیوادارین وچاوەروانی
ئەوە دەکەین کە سەرۆکی حکومەتی ھەریم ئەرکی نەتەوەیی وکوردانەی خۆی لە
پێناو چارەسەری کێشەی کورد لەئێران وتورکیە وسوریەش بەڕێگەی سیاسی
ودیالۆگەوە بەجێ بگەیەنێ.
لە ئێران مەسەلەی خەباتی چەکداری پژاک و لە
تورکیاش مەسەلەی پەکەکە بە گشتی رۆژەڤی دانوستانەکان بوون، ئایا بە ڕای
ئێوە تورکیا و ئێران ھەرێمی کوردستان ناچاری دووبارە بوونەوەی شەڕی
نێوان ھێزە کوردیەکان دەکەنەوە؟
حاجی ئەحمەدی: یەکێک لەدەسکەوتەکانی
مەزنی کورد لە سەدەی بیست ویەکدا ئەوەیە کە ھەمولایەنەکانی کوردی لە
ھەمو پارچەکانی کوردستان وبەتایبەتی گەلی کورد ئەوراستیە تێگەیشتون کە
شەڕی کورد دژی کورد بە زیانی کوردە وتەنیا بەقازانجی داگیرکەرانە، بۆیە
نەچاوەروانی ئەوە لە ھیچ لایەنێک دەکرێ و نە گەلی کوردیش ئیتر شتێکی
ئەوتۆ قەبوڵ دەکا، بەڵام لەسیاسەتدا ھیچ شتێک غەیری مومکین نیە، وئێمە
پێویستە بۆ ھەمو ئەگەرەکان ئامادەگیمان ھەبێ.
لەم دوایەدا کۆمەڵە باڵیکی تریشی لێ جیابووە، راتان لە سەر ئەو
لێکترازانە چییە؟
حاجی ئەحمەدی: ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام
بێ خەباتی سیاسی و چەکداری ئەو پارت و لایەنەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان
تووشی خەسارێکی گەورە دەبی و ناتوانن ئەو پڵاتفۆرمە سیاسیەی کە بە
ساڵانە باسی دەکەن دروستی بکەن.
ئێستا مەسەلەی دروستبوونی بەرەی خەباتی ھێزەکانی
رۆژھەڵاتی چی بەسەر ھاتوە؟
حاجی ئەحمەدی: ئەمڕۆ ھەر لایەنێک یان
ھەرکەسێک باسی شتێک بەنێوی بەرە بۆحیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بکا
درۆکردن لەگەڵ خۆیی و بۆخەڵک فریودانە. پێش ١٧ سال وەک سێ یا چوارحیزب
چون بۆ باشوری کوردستان، ئەوکات نەیانتوانی یەکێتێک پێک بێنن. ئیستا
پازدە، شازدە حیزبن ھیچیان ھیچیان قەبوڵ ناکەن وزوربەشیان لەگەڵ یەکتری
قسە ناکەن.چۆن دەتوانن پێکەوە بەرە پێک بێنن؟ ئەوانەی باسی بەرە دەکەن،
نە لە گەڵ خۆیان راستن ونەلەگەڵ دەوروبەریان.
پژاک وەک پارتێکی سیاسی بانگەشەی دروستبوونی ئەو پڵاتفۆرمە سیاسیەی
ھێزەکانی رۆژھەڵاتی دەکرد، ھۆکاری چیە کە لایەنەکانی تر ئامادە نین
بەشداری ئەو پڵاتفۆرمە سیاسیە بکەن لە گەل ئێوەدا؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە تا ئێستا چەندین جار
راستەوخۆ وناراستەوخۆ داوامان لە گشت حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان
کردوە، کە وەرن با پێکەوە دانیشین، گۆرانکارییەکانی رۆژھەڵاتی ناوین
وقەیرانەکانی نیوخۆی ئێران مەجبورمان دەکەن کە پێکەوە دانیشین، دانیشتن
لەخزمەت دیالۆگ، دیالۆگ لە پێناو یەکترقەبوڵ کردن، کێشەی حیزبەکانی
رۆژھەلات لە پلەی یەکدا، یەکتر قەبوڵنەکردنە، تا یەکتر قەبوڵ نەکەین،
ناتوانین باسی یەکێتی وبەرەیەک، چ بەرەیەکی سیاسی و چ بەرەیەکی نیزامی
بکەین. بەڵام کە یەکترمان قەبوڵکرد، ئەوکات خاڵی موشتەرەکمان دەبێ
ئەمجار دەتوانین لەسەرئەو خاڵانە، باسی لێک نزیکبونەوە یان بەرە بکەین.
ئەو سێ -چوار حیزبەی رۆژھەڵاتی کوردستان کە چونە باشوری کوردستان،
لەجیاتی یەکێتێک پێک بێنن وبەرەیەک دروست بکەن، لەت لەتبون، بونە چاردە
پازدە حیزب. دیارە بۆ خۆیان لەت لەت نەبون، بەڵکو لەت لەتیان کردون.
وبۆیەش لەت لەت نەکراون کە بتوانن جارێکتر دیسان یەک بگرنەوە، ویان
بەرەیەک پێکبێنن. بەڵام بۆچی تا ئێستا بەو بانگەوازەی ئێمەوە نەھاتون،
دەبێ ئەوپرسیارە لەوان بکرێ.
|