|
٧\٦\٢٠٢٦
هەڵاوسانی وشە.

ئەرسەلان مەحمود
لەم سەردەمی غەوغاوییەدا، زمان بەرەو هەڵاوسانێکی ملهوڕانە هەنگاو
دەنێت. لافاوێکی بێبەزەیی لە وشە تا دێت زیاتر ڕووبەرەکان دادەپۆشێت،
بێئەوەی تەنانەت یەک دڵۆپ مانا چییە بە خاکە تینووەکانی هزر ببەخشێت.
ئەمە تەنها سستبوونی میکانیزمێکی ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی
قووڵی بوونناسییە، تێیدا تێکست لە پێگەی داهێنان و ڕامانەوە بەرەو
کاڵایەکی کاتیی بەکاربردن دادەبەزێت. ئابووریناسەکان دەڵێن: هەر کاتێ
بەهای دراوێک شکست دەهێنێت، چاپکردنی زیاتری پارە تەنها قووڵبوونەوەی
زیاتری قەیرانەکەی لێدەکەوێتەوە. لە جیهانی نووسینیشدا هەمان یاسا
کاردەکات، هەر کاتێک مانا کاڵ دەبێتەوە، زۆربڵێیی و ڕیزکردنی وشە
سواوەکان هیچ نییە جگە لە سووکایەتیکردن بە پیرۆزیی سپێتیی لاپەڕە و
ڕووبەرەکان.
زمان، وەک چۆن فەیلەسوفان دەیڵێن، ماڵی بوونە. بەڵام لەژێر سایەی ئەم
هەڵاوسانە مۆدێرنەدا، ئەو ماڵە بووەتە زیندانێکی تەنگ و مانا تێیدا
غایب و دەربەدەرە. ئەو قەڵەمانەی ڕۆژانە ڕووبەری میدیاکان بە زنجیرە
گوتاری بێڕۆح داگیر دەکەن، تێکست ناخەنە ناو پرۆسەی گومان و دۆزینەوەی
حەقیقەتەوە، بەڵکوو دەیخەنە ناو سووڕێکی میکانیکیی کوشندەوە. لەم جۆرە
نووسینەدا، زمان لە بری ئەوەی ببێتە کەرەستەیەک بۆ هەڵکۆڵینی حەقیقەت و
تێکشکاندنی چەقبەستووییەکان، دەبێتە ئامرازێکی ساکار بۆ سەلماندنی
ئامادەیییەکی وەهمی لە بۆشایی بێشوێنی نووسەردا. لافاوی وشە سواوەکان
ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر دادەبەزێنێت و زەوقی گشتی بەرەو تەمبەڵییەکی
فیکری ڕادەکێشێت، تێیدا پرسیارە قووڵەکان لەناو ژاوەژاوی ڕستە
تەقلیدییەکاندا ون و بێدەنگ دەبن.
نووسینی باڵا، پێش هەموو شتێک، هونەری ڕێکخستنی بێدەنگییە. دەقێکی
خاوەن کێش و بەها، باش دەزانێ لە چ کاتێکدا بێدەنگ بێت، تا ڕێگە بە
خوێنەر بدات لەنێوان دێڕەکاندا بیر بکاتەوە و هەناسە بدات. مۆریس
بلانشۆ، کاتێ باس لە پانتایی ئەدەبی دەکات، ئاماژە بەو شوێنە نامۆ و
قووڵە دەکات نووسەر تێیدا لەگەڵ نەبوو و نەگوتراوەکاندا ڕووبەڕوو
دەبێتەوە. بەڵام هەر کاتێ نووسین دەبێتە پیشەیەکی ڕۆژانەی بێڕامان،
تێکست ئەو پانتایییە ئەفسوناوییە لەدەست دەدات و دەبێتە کارگەیەکی
پیشەسازیی بۆ بەرهەمهێنانی ڕستەی ئامادەکراو و یەکجۆر. ئەم هەڵاوسانە،
لە بنەڕەتدا کوشتنی لایەنی فرەڕەهەندی و مێتافۆریکی زمانە، وشەکان لە
گۆشە سواوەکاندا وەک سەربازی ماندوو و بریندار وان، چەندین جار لە
جەنگی بێهودەدا بەکارهێنراونەتەوە و ئیدی چیتر توانای ڕاچڵەکاندنی
هۆشیاریی مرۆییان تێدا نەماوە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، پێویستمان بە شۆڕشێکی ئیستێتیکی و فیکری
هەیە لە ناوەندەکانی میدیا و نووسیندا. دەبێت پێوەری بەها لە
چەندایەتیی نووسینەوە بگوازرێتەوە بۆ چۆنایەتیی مانەوە و کاریگەری.
نووسەر، پێش ئەوەی قەڵەمەکەی بجوڵێنێ، پێویستە لە خۆی بپرسێت: ئایا ئەم
وشەیەی دەینووسم، شتێک بە جیهانی مانا دەبەخشێت، یان تەنها دەبێتە هۆی
چڕتربوونەوەی ئەو تەمومژەی کایە فیکرییەکەی داپۆشیوە؟ ڕزگارکردنی
ڕووپەڕی میدیاکان لەم هەڵاوسانە، یەکەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت
بۆ وشە، بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزیی مانا و بۆ ڕێزگرتن لەو عەقڵە
ڕەخنەگرەی کۆمەڵگە بەرەو ڕووناکی و بەرەو پێشەوە دەبات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|