١٣\١\٢٠١٢
هاشمى بکەنە
بەرپرسى لقى دووى هەولێرى پارتى و
موتڵەگیش بۆ
مەڵبەندى یهکی سلێمانیى یەکێتى!
هیوا رەش
لە مێژووى بەزۆر دامەزراندنى عێراقەوە ، کەمینەیەکى سوننە مەزهەبى
پشتئەستوور بە هاوکاریى بێ سنوورى شا و ئەمیرەکانى کەنداو و ئەمریکا،
لە عێراق دەسەڵاتدار بوون و دەسەڵاتدارێتییەکەیان سیخناخە لە کەتنى
نامرۆڤانە ( لەگەڵ سەردانەواندنم بۆ گلکۆى ونى شەهیدى سەرکردە -
عەبدولکەریم قاسم )، لە پێناوى کورسیپارێزیدا ململانێى توندى نێوخۆى
خۆیان بۆتە مایەى کودەتاى بەردەوام و کوشتارگەى بێوێنە و تۆمار کردنى
مێژویەکى شووم دەرهەق بە یەکترى، دەسەڵاتخوازانى سوننە لە عێراقدا جگە
لە نەهامەتیى گەورە ، بەخششێکیان پێنەبووە پێشکەشى گەلانى کوردستان و
عێراقى بکەن ، بە تایبەتى لە سەردەمى بەعسییەکان لە باشوردا وێڕاى
کۆمەڵکوژیى شیعەکان ، زەلکاو و قامیشەڵانەکانیشیان خاپور دەکرد ، لە
کوردستانیشدا شەڕى گەورەى جینۆسایدیان بەرامبەر بە گەلى کورد پیادە
دەکرد و تەنانەت لە دەڤەرە سوننیەکانیشدا لە تاوانى دژەمرۆڤایەتى
کەمتەرخەمییان نەنواندووە ، ئاگرى کوشتوبڕ و ڕەتکردنەوەى بەرامبەر
جەستەى سەرکردە بەعسییەکانى نێوخودى حیزبەکەى خۆشیانى سوتاندوە و دەیان
کەسیان خراونەنە نێو حەوزى تیزاب و براونەنە بەر پەتى سێدارە ، ناکرێ و
ناتوانرێ سەرپێیى باس لە ڕەشیى ڕەفتارە دزێوەکانیان لە چەند دێرێکدا
بکرێ ، چونکە ڕەنگدانەوەى سیاسەتى فاشییانەى بەعسییەکان سنورى
بەزاندووە و ئێران و کوێت و زۆربەى وڵاتانى ناوچەکەشى دوچارى
ماڵوێرانیى کردوە ، حیزبى بەعس ڕۆڵى حیزبى چاوساغى بینی لە پەلکێش
کردنى سوپاى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا بۆ ناوچەکە کە یەخسیر کردنى
زیاترى گەلان بووە دەرهاویشتەى.
لە دواى ڕوخانى بەعسییەکانەوە یاسایەک بە ناوى ( ڕیشەکێشیى بەعس ) ەوە
دەرچوو ، ئەم یاسایە دڵنەواییەکى باشى قوربانییانى دەستى بەعسییەکان
بوو ، مایەى پێشوازى گەرمى سەرجەم چین و توێژەکانى کۆمەڵگاى کوردستانى
و عێراقیى بوو جگە لە کاسەلێسان و خۆفرۆشانى بەعس ، لێ ڕەفتارى قێزەونى
ئەمریکییەکان و بێسەرەوبەرەیى دەسەڵاتدارە نوێکانى عێراق ڕێگە خۆشکەر
بوو بۆ سەرهەڵدانى ناڕەزایەتى و لەباربردنى خۆشهاتیى خەڵک ، زەمینە
ڕەخسێنرا بۆ سەرقوتکردنەوەى بەعسییەکان و دوبارە خۆڕێکخستنەوەیان ،
گەندەڵیى و ناعەدالەتیى و دزى و بەتاڵانبردنى سامانى خەڵک و نەشونماى
چینێکى مشەخۆرى سەرمایەدار و لە بەرامبەردا چینێکى بەشمەینەت و بێکار و
بێنان هێندەى تر هاوڵاتییانى توشى شۆک کرد و لە گەلێک حاڵەتدا ناچارى
خۆزگەخوازیى بە ڕابردوو کران ! چەندین فاکتەرى سیاسى و ئابورى و
کۆمەڵایەتیى هۆکار بوون بۆ ئەوەى بەعسییەکان خۆیان بنوێنن و هەندێک
کاسەلێسى پێشوو و سەرکردەى ئێستایان لە یاساى ڕیشەکێشیى بەعس وەلا
بنرێن و بگەڕێندرێنەوە نێو کایەى سیاسی و هەندێک لە ئەفسەرە
تاوانبارەکانیشیان کە لە ڕیزى سوپادا مابوونەوە وەکو مارى سڕبوو
کەوتنەوە کلکەلەقێ ، دەسلەپشتدانى ئەمریکاش لەولاوە بووەستێ لە چاو
نوقاندن لێیان و دنەدانیان بۆ بەرپا کردنى ناکۆکیى مەزهەبیى بە مەبەستى
کورتدەست کردنى ئێران لە کاروبارى ناوخۆى عێراقدا ، بەمە ئەستێرەى
بەختى کۆنەبەعسییەکان هەڵکشا ، سەرەڕاى هەماهەنگیى تەواویان لەگەڵ تاقم
و گروپە تیرۆریستەکان ئیتر وەکو ژمارەیەکى کارا خۆیان هاویشتە نێو
هاوکێشە سیاسییەکان و چنگیان لە گەلێک پۆستى باڵا لە پەرلەمان و
حکومەتدا گیر کرد .
بەعسییەکان لەوپەڕى لاوازیدا نکوڵییان لە مافەکانى گەلى کوردمان کردووە
، زەقترینیان دژایەتیى بەرچاوى مادەى 140 ى مردار و گەڕانەوەى ناوچە
داگیرکراوەکانمانە ، سەدان وتاروێژیى نامەردانەیان دەرهەق بە گەلەکەمان
بە هەمان عەقڵیەتى کۆنیانەوە دەرپەڕاندووە ، بیرمە جارێکیان سەرۆکى
هەرێم بە ئەسپاییەکەوە باسى لە سەربەخۆیى کوردستان کرد ، ساڵح موتڵەگى
کۆنە پەشتەماڵچیى ساجیدەى ژنى سەددام بە دانەجیڕەوە بەرپەچى دایەوە و
وتى : لە ئێستادا دەستمان شکاوە ! ڕاستیشى دەکرد چونکە کاتێک دەستیان و
ئەستۆیان وردوخاش نەببوو کیمیاباران و ئەنفال بە لایانەوە ئاوخواردنەوە
بوو ، هێشتا مابویان ڕیسالەى جینۆسایدەکەیان بگەیەننە جێگە ، بەڵام
بەخت یاوەریان نەبوو و دەستیان شکا بۆیە تا هەنوکەش بە ئومێدى
گیرسانەوەى دەستیانن و خەون بە قەڵاچۆ کردنى ژیان و ژینگەى کوردستانەوە
دەبینن ، دڵنیام ئەگەر بۆیان مەیسەر بێت تۆڵەى ( شهید المجاهد ) و (
قاید الاوحد ) ەکەیان و عەلى کیمیاوى و عەواد بەندەرمان لێدەکەنەوە.
بە هەموو بەڵگە و پێوەرەکان ، هاتنەوەى بەعسییەکان جگە لە سازشى
سیاسییەکانى عێراق و خۆشحاڵیى ئەمریکا ، بە سۆنگەى کارە تیرۆریستى و
دەستێکەڵییەکانیانەوە بوو لەگەڵ تیرۆریستاندا ، تا لەم دواییەدا بە
ئاشکرا دەرکەوت کە تارق هاشمیى جێگرى سەرکۆمار چ ڕۆڵێکى نەگریسى گێڕاوە
لە بەخۆڕایى خوێنڕشتن و جەرگسوتاندنى خەڵکى بێتاوان و نانەوەى پشێوى و
نائارامى ؟ ! بە بەرچاوى تەواوى دنیاوە و بە دانپێدانانى حیمایەکانى
خودى تاوانبار خۆى ، چەندین کارى تیرۆریستى ئەنجام دراوە ، لێ
ئەمجارەیان جێگرى سەرکۆمار ( هاشمى ) و جێگرى سەرەکوەزیران ( موتڵەگ )
- دژایەتییەکانى خۆیان لە هەمبەر مافەکانى گەلى کورد بیر چۆتەوە و -
شمال الحبیب - ەکەى خۆیان بیر کەوتۆتەوە و لە ترسى ڕاوەدونانى یاسایى
خەریکە لێمان دەبن بە خدرى زیندە ، کوردستانى وێرانکراوى دەستى فکرى
عەفلەقیزمیان کردۆتە ئارامگە و داڵدەى خۆیان و هانایان بۆ سەرکردە
کوردە ( مخرب و عمیل ) ەکانى پێشوو هێناوە.
بەندە لە داڵدەدانى لێقەوماوان لاریم نیە ، بەڵام کە دەڵێم لێقەوماو
مەبەستم ئەوانە نیە کە هەزاران خانەوادەیان لێقەوماو کردووە کە
پێشمەرگەیەکى کوردیان لەبەر پێى ئەمنێکى عەرەبدا سەربڕیوە ! کێ دەڵێت
جاشموستەشارە گرگنە کۆنەبەعسییە ئێستا خۆ بە پارتى و یەکێتى و گۆڕان
زانەکان ، پیاوکوژە کۆستخستووە کوژراوە بە شەهید لە قەڵەم دراو و ئەمن
و ئیستیخباراتە خۆفرۆش شەرەف هەرزانفرۆشە داڵدە دراوەکان لێقەوماون ؟ !
تا زلحیزبەکانى کوردستان یاساشکێنییان بۆ بکەن و پەنایان بدەن !
مەسخەرەى کوردایەتى لاى حیزبەکانى لەمەڕ خۆمان سنورشکێنیى کردووە ، جا
بێحورمەتى کردن بە خوێنى شەهیدان و ئەنفالکراوان ، گەمە کردن بە هەستى
کیمیابارانکراوان ، دانانى پیرۆزییەکانى نەتەوە لەسەر خوانى
بەرژەوەندخوازیى حیزبدا بگاتە ئەو ڕادەیەى تا هەنوکە تەنها یەک تاکە
چڵکاوخۆر پەتکێشى بەردەم دادگا نەکرێ ! ئیتر بۆچى هاشمى و هاشمییە
تیرۆریست و سەدامییەکان داڵدە نەدرێن ، بۆیە لێرەوە داوا لە
دەسەڵاتدارە پەند وەرنەگرتووەکانى مێژوو دەکەم ، هەرگیز چۆک بۆ هیچ
یاسا و ڕێسا و نەریتێکى ئینسانى دا نەدەن و سیاسەتى ( هەشتیش لەسەر نۆ
بێ ) پەیڕەو بکەن و بە زەڕەبینى حیزبە لە کوردایەتى تەکیوەکانیان بە
دواى تاوانباراندا بگەڕێن و بیانحەوێننەوە ، چش لە دەمارى مەردایەتى
نەتەوایەتى و نیشتمانپەروەریى ، با هاشمی و موتڵەگەکانیشمان لێ بکەن بە
کەڵەگا و لە سەرووى یاساوە جێگەیان بۆ خۆش بکەن ، باشتریش وایە ئەم
کردارەیان ڕاشکاوانەتر بنوێنن و کوردستان ڕادەستى بەعسى و جاشبەعسى و
خۆفرۆش و گەندە و مەندەکانى بەر پیڵاوى بنەماڵەى سەدامى دیکتاتۆر بکەن
، بەڵام پۆستى حکومییان پێ نەبەخشن و سەرپشک بن لە حیزبەکانیاندا ، با
هاشمى بکەنە بەرپرسى لقى دووى هەولێرى پارتى و موتڵەگیش بە بەرپرسى
مەڵبەندى یەکى سلێمانیى یەکێتى دابنێن ، چونکە ئەوان پیاوى حیزب بوونە
و هەقى خۆیانە پۆست و سەروکارى حیزبییان پێبسپێردرێت ، لەبەر ئەوەى
ئەوانە پیاوى باڵان لە تاواندا ، بۆیە دەبێ پۆستى باڵاشیان پێ بدرێ لە
حیزبدا و پۆستى حکومیى بە باڵاى ئەواندا کورت و کوێرە، کە دەڵێم پۆستى
حیزبییان بدرێتێ لەبەر ئەوەمە کە لەم دەڤەرە سوتماک و بێخاوەنەى ئێمەدا
چایچییەکى دیوەخانى بەرپرسێکى حیزبیى گەلێک لە سەرووى وەزیر و
گزیرەکانى حکومەتدایە و لەوان بەژنزراڤترە و لەوانیش باشتر دەست لە
بیناقاقاى خەڵک دەنێ.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|