په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٤

هاوارێک بۆ ئازادیی.

نەجم محەمەد      

من ژانى هاوبەشم هاوارم کە. (شاملۆ).


ئەو ناونیشانەى سەرەوە ناوى نوێترین گۆرانى سیاسیی خۆمە کە ماوەیەک لە مەوبەر تۆمارم کرد کە لە (ئاوازو گوتنى خۆمە و لە هۆنراوەى (کارزان جەلال)ە و کارى موزیکیش (سەفین خەراجیانى) بۆى ئەنجام داوە لەتەک گرووپێکى موزیکى دا بەڵام تائێستا بڵاوم نەکردۆتەوە بە هۆى ئەوەى کە وەک بەرهەم و پرۆژەیەک بە نیازى ئەوە بووم کە کلیپێکى بۆ بکەم ئەوسا بڵاوى بکەمەوە بۆ ئەو مەبەستە زۆر گەڕام و لە زۆر دەرگام دا تاسپۆنسەرێک بۆ ئەم بەرهەمە پەیدا بکەم تاوەکو کلیپى بکەم تەنانەت لە دەرگاى ئەو کەناڵ و دەزگایانەشم دا کە خۆیان بە ڕاگەیاندنى ئازاد و ئەهلیى لە قەڵەم دەدەن و بە سەرسەختیى بەرگریی لە ئازادیی  باوەڕ و بیروڕا دەکەن و لافى میدیاى ئازاد لێدەدەن بەڵام بە داخەوە هیچ کام لەوانە ئامادەییان دەرنەبڕى کە ئەرکى سپۆنسەرى بەکلیپکردنى ئەم بەرهەمە لە ئەستۆ بگرن.


خۆ ئەمە لە بەر ئەوە نەبوو کە بەرهەمەکە بەرهەمێکى هونەرى لاواز بێ بە پێچەوانەوە بەرهەمەکە بە شایەتى زۆر هونەرمەندى بوارى گۆرانى مۆزیکا بەرهەمێکى هونەرى بەهێزە و پەیوەندیی بەوەوە نییە بەڵکوپەیوەندى بە بابەتى ترەوە هەیە کە دواتر لە درێژەى بابەتەکەمدا دێمە سەرى هەر بۆیە دواجار بڕیارم دا ئەو بەرهەمە هونەریەم بڵاوبکەمەوە بە بێ کلیپ واتە تەنها بە دەنگ و مۆزیکاوە و چیتر چاوەڕوانى ناکەم چونکە ئەم هاوارە بۆ خۆى هاوارى هەموو ئازادیخوازانە لە هەر کوێ ى دونیادا بن هاوارى هەموو مرۆڤێکى بێبەش و چە وساوەیە ئەم هاوارە بە تەنها هاوارى من نییە بۆیە ناتوانم چى دێ ئەو هاوارە بڵاونەکەمەوە چونکە ئەم هاوارە هاوارێکى گەورەی مرۆییە من ناتوانم ئەو هاوارە کپ کەم کە رۆژ بە رۆژ هاوارەکان بۆ ئازادیی لە کوردستان و ناوچەکەدا بەرز دەبنەوە و کپ دەکرێن و دەخنکێنرێن لە کوردستاندا هاوارەکان بۆ ئازادیی رۆژانە بەرز دەبنەوە و مافى مرۆژڤ دونیایەک پێشێلکاریی بەرابەر دەکرێ میدیاى ئازاد و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بەرتەسک دەکرێنەوە خودى ئازادیی تیرۆر دەکرێ سووکایەتى و بێ رێزیی پێ دەکرێ هەروەک چۆن مرۆڤەکان تیرۆر دەکرێن و سووکایەتى و بێ رێزییان پێ دەکرێ ئازادیی و دیموکراسى لە کوردستاندا دوو درۆى گەورەن و خەڵکیان پێ فریوو دەدرێ دوو درۆى سپى نین بە ڵکو دوو درۆى رەش و دزێون رەش وەک رەشەکوژیی مرۆڤەکان دزێوە چەشنى برسێتیى و دیلیى.


لە کوردستان بە لێشاو ژن دەکوژرێ لەسەر بڕوبیانووى جۆراوجۆرى ئابڕووپەرستیی لەسەر زەنگى مۆبایل لە سەر هاتنە بەردەرگا لەسەر خەندە و بزە و قاقا لەسەر خۆشەویستى لە سەر ئازادیی جل و بەرگ پۆشین لێرە ژن پرچ و لووت وخەونەکانى پێکەوە دەبڕێن ژن بەرد و بلۆک باران دەکرێ لە کوردستان لە سەر ئازادیی ڕادەربڕین و بیروڕا.. لە سەر ووشە رۆژنامەنووسان دەکوژێن.. لێدەدرێن.. دەگیرێن.. سووکایەتیان پێدەکرێ.. پێنووس و کامێراکانیان دەشکێنرێ.. کەناڵەکانیان دەسوتێنرێ کەچى لە ولاشەوە دەسەڵاتداران و حوکمەتەکەیان باسی ئازادیی لە میدیاى ئازاد و دیموکراسى دەکەن بۆیە لە هەلومەرجێکى ئاواى کوردستان و ناوچەکەدا بە پێویستم زانى بەرهەمێکى هونەریی لەو جۆرە بەرهەم بێنم کە هاوارێک بێ بۆ ئازادیی ئێستا لە کوردستان و ناوچەکەدا وەڵامى داواکارییە مرۆییەکانى خەڵکى و وەڵامى وشە بە ئاگر و ئاسن و فیشەک دەدرێتەوە زیندانەکان پڕن لە ئازادیی خوازان و سێدارە و تیرۆر بۆتە دەرمانى گشت دەردێ بەیانى ژەمێ نیوەڕۆ ژەمێ ئێوارە ژەمێ شەقام و کووچە و ماڵەکان بە خوێنى مرۆڤەکان سووردەکرێ.


جا بۆیە من وەک هونەرمەندێک بە هەڵوێست و ئەرکێکى رەوشتیی و هونەریی و مرۆییم زانى کە هاوارێک لە هاوارەکانى مرۆڤ بکەمە گۆرانى ئەویش هاوارى ئازادییە بەلاى منەوە هونەر ئاوێنەى واقیعى کۆمەڵایەتییە و هونەر بە لاى منەوە واتە سیاسەت و جۆرێکە لە سیاسەتکردن سیاسەت بە واتا مرۆییەکەی بە واتا کۆمەڵایەتییەکەى بە واتا چینایەتییەکەى بە واتا هونەرییەکەى بە واتای دەسکاریکردنى ژیان و خەباتکردن بۆ دونیایەکى باشتر و جوانتر نەک بە واتا نەریتییەکەی سیاسەت بە واتای ئەندامبوون لە حیزبێکى سیاسیدا و کارکردن لە ڕێکخستنى حیزبیدا و ئابوونەوە دان و... هتد، بە داخەوە ئەمڕۆ هونەرمەندان بە بیانووى پابەندبوون بە هونەرى و ئیستیتیکاوە لایەنە مرۆیى و کۆمەڵایەتییەکەى هونەریان فەرامۆش کردووە هونەر بۆ خۆى فرە رەهەندە و هەڵگرى پەیامێکى مرۆیی و ئیستاتیکیە بە داخەوە هونەر لە مڕۆدا بووەتە تاک رەهەند و تەنها گرنگى بە لایەنى عەشق و سۆز دەدا و نوقم بووە تێیدا و هەموو لایەنەکانى ترى ژیانى مرۆڤى فەرامۆش کردوە و تەنها گرنگیى بە ئیستاتیکا دەدا و پەیامە مرۆییەکەى ون کردوە ئەم بارە هەموو هونەرى گۆرانى و مۆزیکاى میللەتانى دونیاى گرتۆتەوە بە هونەرى گۆرانى مۆزیکاى کوردیشەوە کە من ئەم هونەرە بە هونەرێکى ناتەواو و ناتەندروست دەزانم ئاخر من بە لامەوە سەیرە مرۆڤەکان لەمڕۆدا ئەو هەمووە ستەم و و نابەرابەریی و پێشێلکاریی و تاوانەیان بەرابەر دەکرێ کەچى هونەرمەند تەنها گۆرانى عەشق و سۆز بڵێ بۆ مرۆڤەکان من پێم وایە ئەمە رێک داماڵینى مرۆڤەکانە لە بەها و لە غەریزە و خەم و ئازارە مرۆییەکانى ترى بەڵێ لە نێو کۆمەڵگادا وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ژن دونیایەک سووکایەتى و ستەم و تاوانى بەرابەر دەکرێ کەچى هونەرمەندان هەر سەرقاڵى گۆرانیى عەشقن من دژى عەشق و خۆشەویستى نیم چ لە ژیاندا چ لە هونەریشدا بەڵکو لەگەڵیدام.


لێرەدا بە هونەرمەندان دەڵێم بەسیە ئیتر بۆ تاوێ لادەن لە باسى عەشق و خۆشەوویستى و زوڵف و ئەگریجە و لێو ماچ و باڵا و ژوان و دووریی و بێ وەفایی یار! بۆ تەنیا ساتێک گۆرانى بۆ ستەم و نابەرابەریی و خەم و ئازارەکانی ترى مرۆڤ بڵێن وەرن گۆرانى بۆ مرۆڤ بڵێن کە ئەمڕۆ بە جۆرێکى تر لە جۆرەکان هێشتا کۆیلەیە.. قوربانییە.. وەرن گۆرانى بەسەر مرۆڤدا بڵێن مارکس گوتەنى (مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە) من راشکاوانە دەڵێم شەرمەزاریییە بۆ هونەرمەندێک لە نێو ئەو هەموو تیرۆر و ستەم و نابەرابەریی و بێ مافیى و کۆیلەیەتى و دیلیەتى و سووکایەتى و بێ رێزییەی بە مرۆڤەکان دەکرێ لە نێو کۆمەڵگادا لە نێو ئەو هەموو وێنە تاڵانەداکەچى چاوى تەنها وێنەى سینگ و مەمک و بەرۆکى ژن ببینێ و گۆرانى بەبەڵاو چاو وڕانى ژندا بڵێ شەرمەزاریە بۆ هونەرمەندێک لە گۆرانییەکەیدا بڵێ (دایخە دوگمەکانت دیارە خاڵى سێوانت) یان بڵێ (قوربانى لیمۆى سینەى وازت بم) یان بڵێت (بێوەژنە و دەستى دووە) و... هتد.


لەمڕۆدا ئەرکى هونەرمەندە لە رێى هونەرەکەیەوە کەمێک رێز و بۆ مرۆڤەکان بگەڕێنێتەوە نەک بێڕێزیی و بە مرۆڤەکان بکا ئەرکى هونەرمەندە لەگەڵ مرۆڤەکاندا هاوار بۆ ئازادیی بکا دژ بە ستەم و نابەرابەریی بوەستێتەوە دەنگ و هاوارى هونەرمەند دەبێ دەنگ و هاوارى خەڵکى بێ و قسەى سەرزار و نێو دڵى خەڵک بێ، گۆرگى دەڵێ (مرۆڤ پێویستی بە بزەیە کە چیت لە دەست دێ بۆ مرۆڤ بیکە و درێغى مەکە) دەبا هونەرمەندان چیدى درێخیى نەکەین، لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە نێوەرۆکى ئەم بەرهەمەى من هاوارى مرۆڤەکانە بۆ ئازادیی بۆ مافى مرۆڤ، هاوارى مرۆڤەکان دژ بە ستەم و بێ دادیی هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کە هیچ دەزگا و کەناڵێک نەچووە ژێر باری ئەوەى کە سپۆنسەر بکا بۆ کلیپکردنى ئەم هاوارە، ئەوە ئەگەر بەرهەمەکەم سووکایەتى و بێ رێزیی بکردایە بە مرۆڤەکان بە ژنان.. بە بێوەژنەکان ئەوە ئەگەر بەرهەمەکەى من بە باڵاى حیزب و دەسەڵات و سەرکردە و هەڵبژاردندا بووایە یان ئەگەر بەرهەمەکەى من ژنى وەک سیکس و چێژ و لەش و کاڵا وێنا کردایە یان ئەوە ئەگەر بەرهەمەکەی من بەرهەمێکى سۆزدار و سارد و کرچ و کاڵ بووایە یا بەرهەمێکى فریودەرانە بووایە یا بەرهەمێک بووایە خەڵکى هەڵپەڕاندایە و هەڵفریواندایە ئەوا ئە و دەزگا و کەناڵانە باشترین سپۆنسەر و کلیپیان بۆ دەکردم کە هەرگیز لە فەرهەنگى هونەرى مندا ئەمانە بوونیان نییە و نابێ، هونەرى من بە درێژایی مێژووى هونەرییم هونەرێکى ئیستاتیکى.. مرۆیی.. چینایەتى.. شۆڕشگێڕیی بووە و لە خزمەت ئازادیی مرۆڤەکان و خەڵکى هەژار و زەحمەتکێش و کرێکاردا بووە و لە خزمەت ژنانى ستەمکێش و منداڵانى بەش مەینەتدا بووە من هونەرمەندێکم نێونەتەوەییانە بیر دەکەمەوە.. ئازارى هەر مرۆڤێ لە هەر کوێى بستە زەمینێکى ئەم دونیایەدا بێ بە ئازارى خۆمى دەزانم.. شاعیر گەورەى فارس شاملۆ گوتەنى (من ژانى هاوبەشم هاوارم کە) وەک گیڤارا گوتەنى (من خاکى هەموو وڵاتێ بە نیشتیمانى خۆم دەزانم و ستەم لە هەر کوێ بێ منیش لە وێم) من مرۆڤم و مرۆڤچێتیى دەکەم، ئەگەر توانستی دارایی و میدیایی بخرێتە بەردەستمەوە ئەوا گۆرانى و سروودى مرۆیی و چینایەتى لە کوردستاندا جێکەوتە دەکەم لە نێو کۆمەڵگادا هەر بۆیە دوا جار بڕیارم دا بەرهەمەکەم تەنها وەک دەنگ بڵاوبکەمەوە.. هاوارێک بۆ ئازادیی هاوارى هەمووانە با هەمووان بە دەنگى بەرز هاوارکەین.. ئازادیی .. ئازادیی... ئازادیی.

 

ماڵپه‌ڕی نه‌جم محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک