١٨\٣\٢٠١٣ ھاواری مرۆڤە لەبیرکراوەکانی ئاوایی مێخاس و دارا!
سەلام نەجیبە
کەمئەندام یان قارەمانێکی ژیان؟! لەبەردەم ماڵە قوڕینەیەکە ئاوایی مێخاس، (عەلی ئیسماعیل، تەمەن ٢٠ ساڵ) کە بەزگماکیی کەمئەندامە، گوتی: (گیانم بە کەرەکەمە دەتوانم بۆ لەوەڕاندنی ٢ مانگاکمان بڕۆم). ئەم کەمئەندامە بەو حاڵەوە تاقە کەسە بە پێی یاسای (بژی و مەمرە) ژیانی برا کەمئەندامەکەی (حەمزە) و دایک و خۆشەکەکەی بەرێدەکا.. لەگەل خانەنشینی باوکە کۆچکردووەکەیان کە مانکی ناگاتە ١٠٠ ھەزار دینار. عەلی، گەورە قارەمانێکی گەورەی ژیانە، بەڵام پێداویستییەکانی ژیان قورسە و دەرەقەتی نایەت!
پەپولەیەکی ھەناسە کورت! جوان ئەمیر ئەکبەر (تەمەن ٤ ساڵ) ھەناسەی سوار دەبێ و بۆی نییە تا بەردەرگای بڕوا و ئەگەر رۆیشت، زۆر جار بێھۆش دەبێ. پێویستی بە ئۆکسجینە و ئەمەش گرانە و ناتوانن بۆی دابینی بکەن. جوان، وەک کەسوکارەکەی دەڵێن (فتحە قلب)ی ھەیە و توانای خەرجی نەشتەرگەرییان نییە و بۆ ئەم مەبەستە ئەبی بۆ ھیندستان ببرێ، چونکە لە کوردستان بە بۆچوونی پزیشکەکان ئەگەر نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکەن، گیانلەدەست دەدا. باوکی جوان(ئەمیر ئەکبەر) کرێکاری رۆژانەیە و لەگەل ھاوسەر و دوو منداڵەکەیان لەناو یەک ژوور لە ئاوایی مێخاس دەژین. ئەمە ژمارەی تەلەفۆنی ئەمیرە (٠٧٧٠٥٣٨٩٤١٤).
چارەنووسی تاڵی بەسیمە! بەسیمە کەریم کچێکی تەمەن سەرووی ٣٠ ساڵ بە جلوبەرگێکی شڕەوە لە تەنیشت دەرگای ماڵەکەیان راوەستابوو. ئەم خانمە لە لای براکەی ژیان بەسەردەبا و مانگی ١٢٠ ھەزار دیناری پێڕەوا دەبینرێ! دوور لە ھەر شێوە ژیانێکی شارستانیی و ئەوەی سیاسەتمەدارە گرنگەکان پێی دەڵێن (مافی مرۆڤ) لە دەورووبەری ئەم مرۆڤە نائامادەیە. دوور لە کەناڵەکانی راگەیاندن، کچێکی نامۆ لە سوچێکی وڵات، لەبیرکراوە و چارەنووسێکی دڵتەزێنی ھەیە.
سەحەر و لەولاو، دوو مرۆڤی بێ ماف و خزمەت دایک و باوکی ئەم دوو کچە (سەعید و ئەنجی) ھاوسەرێکی بە تەمەن، بێکار و بە ھیچ جۆرێک ھاریکاریی ناکرێن. ھەر ھەموویان لەناو ژوورێک دەژێن و خوشکە شووکەرەکەیان بە منداڵێکەوە خزمەتی دوو خوشکەکەی دەکا. سەحەر وەک بڵێی ئەبێ تا ئەبەد لەسەر جێگاکەی بمێنێتەوە و لەولاو کەمئەندامە و بە بێ دەنگییەکەی ھەموومانی خستەژێر پرسیار. ھەریەکێک لەم خانمانە مانگی ١٥٠ ھەزار دینار وەردەگرن! ساڵانێکە بە چالاکی و نووسین ھاوار بۆ دامەزراندنی سەنتەرێک بۆ خزمەتکردنی کەم ئەندامان و مرۆڤە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەین، بەڵام ''پیاوە مەزنەکانی مێژوو'' گوێیان لێ نییە و مافی مرۆڤ ھەر دوو وشەی بێدەسەڵاتی سەر رۆژنامەکانن! ئەمە ژمارە تەلەفۆنی خوشکەکەیانە (ھەوراو)یە: (٠٧٧٠٨٦٣٨٢٢٨).
مرۆڤ نابێ کەمئەندام ببێ! عەباس وەیس موراد (لەدایکبووی ١٩٥٠)یە، شوفێری کردووە و پێکەوە لەگەل ھاوسەرەکەی دەژی. لە رووداوێکدا لەسەر ئۆتۆمبیل دەکەوێتە خواەروە و قاچێکی پەکی دەکەوێ و ئێستا (شیرپەنجە)ش لە قاچەکەی داوە. تا نزیکەی پێش ساڵێک عەباس و ھاوسەرەکەی مانگی ٣٠ ھەزار دینار وەک ((موچەی تایبەت))یان لە مەڵبەندی خانەقین وەردەگرت، بەڵام ماوەی ١١ مانگە ئەمەشیان لێ بڕاوە! عەباس گوتی: ھیچ داھاتێکمان نییە و ھەموو خەڵک ئەمە دەزانن. ژمارەی تەلەفۆنی عەباس: (٠٧٧٠٥٤٣٨٠٣٤).
مرۆڤ نابێ ھیچی لێ بقەومێ، بە پێچەوانەوە لەسەرە رێگاکان بە تەنیا بەجێدەمێنێ و تەنھا لە دوورەوە گوێی لە ''شیرینیی'' مافی مرۆڤ و عەداڵەتی کۆمەلایەتی دەبێ... ئاوەدان ببێ وڵات، بەڵام سەڵاوێکی گەرممان ھەیە بۆ وەزیرە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی!
|