په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٠

     هاواری نوقمبوون.

هه‌ردی شه‌فیق

ئەو ئێوارانەى لە باخچەکانى عومرا هەڵئەوەریت،
گوناهى من نەبوو.
عیشق لێرە بەدواى خاچەکەى خۆیدا دەگەڕێت.
ئەوسپێدانەش بەدواى لەخاچ دانى خوماوێڵ بووم،
گوناهى تۆنە بوو.

بێداربە،
ئەى ئەوکچەى ئابڕوت بە شێعرێک دائەپۆشیت.
ئەمڕۆ ئیتر دنیا ئاخریە،
پەردەى پەنجەرەکەت لابەرە و سەیرکە،
خۆر لە خۆر ئاواوە هەڵهاتووە.
تۆکچى ناوخەونەقەرەباڵغەکانى شارو
میوانى تەنیایە غەریبیەکەى من بویت،
من لەسپێدەیەکى ناکامدا،
کەپاساریەکان بەسەر پەژارەى عیشقێکدا ئەخوێنن،
گوڵ و بادەم بۆچیە؟!
کەتۆ وەک (گۆدۆ)یەکى دۆڕاو
زەمانێک دێیت،
مردن ئەم بەخەسارچووەى،
لەگەڵ خۆیابردووە.

کات چارەکى ئەوێت بۆعیبادەتێک خاڵى لەخوێن،
منیش دڵم تەنگە چەشنى ئێوارەیەک
کچێک بەکراسێکى شەڵاڵبوو بەخوێنى عەشقەوە
لەخەوێکادێتەوە و
وەک ئەوەى لەچاوى ئاسکێکى سەربڕاوا
بیرلەئایندەى خۆی بکاتەوە، ئەگرى
یابەبێدەنگى بڵێ:
((باسەرێک لەوێرانبونى خۆمان بدەین))
یائەو سەیرى
کوکوختیە تازەیەبارەکان بکات لەحەوشەکەى مناو
منیش گوڵى یادگاریەکانى ئاوبدەم
دڵم تەنگەبەئەندازەى شەوێک
خوێنى کچێنى ئەوى تیا ئەبارێت
دڵم تەنگە وەک بەرماڵێک
سۆزانیەک تکاى لێخۆشبوونى لەسەربکات.

من پێم وتى :
ڕۆژێک چیتربەرگەى دڵشکانى ناگرێت،
کۆڵوبارگەى دڵى ئەپێچێتەوە،
ئەم باڵندەکێویەش
بەرەو دنیاى نەبوون ئەفڕێت.
ڕۆژێک دێت من لێرەنیم، بەڵام
سێبەرى پیاوێکى مردوو
گۆرانیت بۆ ئەڵێ .

من لەدەست مێژوویەک هەڵدێم،
بەخوێنى پەروانەکانى نوسواوەو گۆڕیان ونە.
ئێوارەیەک لەبینابەرزەکانى (تاران)ەوە،
سەیرى تارانێکى بیمارم دەکرد.
ئاى ڕقم لەو شارانەیە عیشقیان بەدووکەڵ خنکاند.
میزیان کردە ساقیە دەردەدارەکانى دڵشکان
وەک، برینێک لەناو لیمۆدۆزیا سەمائەکات
وەکو زامێک پڕە لە ژەهرو ئازار،
ئەموت:
من لەشارئەترسم نائومێدەکانى ئەکوژێت،
کەچى دواى مردنم مێرولەکان
کەللەسەرەکەم ئەکەنەوە بەشار.

من لەوەسیەت نامەیەکا بۆم نوسیبوویت،
حاشا لەو ڕێگایانە دەکەم
دەچنەوەماڵى عەشقێکى تر.
تۆ گەڕابویتەوە دواو
بەسەر ژاکانى گوڵى حەوشەیەکا گریابوویت.
من ڕۆشتبوو مو
ڕۆژگارەکانم دابووە دەست خواحافیزى.
تۆش وەک، ئەوەى ڕۆحم بدەیت
بەکۆڵى سۆزانیەکى نیوەمردوودا،
لەم جەنگەدۆڕاوەدا،
تەنیاجەنازەکەى خۆتت
دابوو بە کۆڵتا.

ئەتوت بابچینەوە ماڵێک،
بەسەردرەختەکانیەوە پاسارى نەکوژراون.
کەچى تۆ،
لەباخچەیەکا جێت دەبێتەوە تەنیاشوێنى سیس بوونە.
گوڵێک سەیرت ئەکات چاوەکانى پڕن لەخوێن.
مردن چاوى لەدواهەناسەى ئەوە.
دەنگێک ڕات ئەچڵە کێنێ،
وەک بێدەنگى مردنى من ناوڵت ئەکات بەپرسە.
وەک هەواڵى کۆچى تۆ،
ئەم هەسارەئەکات بەجەهەننەم.

خۆزگە جادوو گەرێک پەیا ئەبوو،
ئەم خوێنە ڕژاوەى ئەکردەوە بەکۆتر.
من گوێم لێبوو،
لەسەر گۆڕەکەى من،
کچێک پەڕەى گوڵ خۆزگەکانى هەڵ ئەوەراند،
پێک لەدواى پێک نائومێدى ئەنۆشى،
مۆمى کوژاوەى دائەگیرسان.
خۆزگەکەسێک بەمنى ئەوت :
ئاخۆکێ بوو لەبێدەنگیا،
لەناو ڕۆحى تاریکیا شینى ئەکرد؟
کێ بوو لە ناو دڵ خۆیا بەبێ هاوار ئەمرد؟
کێ بوو لەسەر گۆڕەکەى خۆى هۆن هۆن ئەگریا؟
کێ بوو کزکز گۆرانى ئەوت؟
کێ بوو پەلى خەیاڵى خۆیى ئەگرت و
ڕۆحى خۆیى ئەبرد بۆ سەما؟

خۆ تۆمنت لە سەر دڵى ساڵ وسەدەکان هەڵ ئەکۆڵى،
لەسەردیوارى ڕۆژگارەکان ناوت ئەنوسیم
ئەت ویست باخچەبدەیتەوەبەو گوڵانەى
ڕوسوریان دابەمردن
ئەت وت کچێک
بەیانیان خۆڵ و گەڵاى وەریو گسک ئەداو
نیوەڕوانیش یادەوەرى کۆئەکاتەوە
ئێوارانیش لەسەر بەرماڵێکى سواڵکەرانە
دووعاى خێرت بۆدەکات.

من پێم وتى:
گوڵى هیواکانت لەنا و دڵى مندا بڕوێنە
حەوشەکەى ئێوە نەئاوى تێدایەو
نەگوڵ و نەخۆڵ
ماڵى ئێوە پڕە لەدارولاستیکى بێ بەزەى
ئێستا کەتۆ دڵت لەجوانى شکاوە
من چاوى ئەو پشیلا نە ئەکوژێنمەوە
لەودیو تاریکیەوە دڵى ئێمە وەک خۆی ئەبینن
ئێستا شێخێکم ئەوێت
دەمە بە ستى مردن بە عیشق دەست پێبکات
نوشتە لە سەرباڵى پەروانەکان بنوسێت
((ئیستا ئەم تاریکیە
بەگڵۆپی تایت ڕۆشن ئەکەم)).

تاقانەى خەیاڵ
گۆرانیەکانى تۆ،
یادگارى ئەوینێکى گوڵڕەنگى بوون
لە دڵى ئەو کچە ڕوخاوانە دا،
ئێوا رەیەک تاراکانیانکردە کفنى عاشقەکانیان،
دەچوونەوە سەر ترپەى دڵى دێوانەیەک
بەرلەوەى مردن بنێرێ بە شوێنیا لە ماڵیان بوو،
تۆ وتت کۆڵانێکم نیشانبدە
نەبچێتەوە سەر حوزنى پایز و
نەبە دەنگى بارانێک ئاشنام کە
هێلانەى کوکوختى ئەڕوخێنێ،
سرودێک بخوێنە
نە سەر بکات بەماڵى ئەو بونەوەرە خەیاڵیانە دا
لەژێر کوخەکەى رۆحیانا جگەرە ئەکێشن و
نە ڕوو بکاتە ماڵى ئەوعابیدانەى
نەیان توانى لەپاڵ گوڵێکا
وێنە یەک بۆیادگارى بگرن
گۆرانیەک بڵێ
نەبچێتەوە سەر ئێوارەکانى کەساسى و
نەگۆرانى ئەو بەختخوێنانەى
لەئێوارەکانى بێ بازاڕیا
دامێنى خۆیانیان هەڕاج ئەکرد
درۆى نەکرد ئەو پیاوەى لە کۆتانامەیدا
دڵو رۆحى بەیەکجارى بۆتۆ بەجێهێشت
تا هیچى نەبێت بیدا بەعیشقێکى تر
لە تێبنی یەکدا ئەمەى بۆنوسیبوی
ئاسودەیى گۆرانیەک بوو
فاڵچیەکان وتیان و عەشق بیرى بردینەوە
مردن پردێک بوو
لەنێون دوو جەهەننەمى سپیدا !

ئەو زەمانەى
وەک ئیمبراتۆرێک کەپیشەى کاولکاریە
ئاڵاى عیشقت لەسەر ڕۆحماچەقاند
ڕیبوارێک بووم
بەناو تاریکاییا ئەڕۆیشتم
ماسیگرێکى بەدبەختبووم و
شیعرم لەسەر ناوچاوم ئەنوسى.

گوڵى خەیاڵ
ڕۆژگارێک بوو،وەک مەلە کردنى ماسیەک لەشەرابا
بە بەلەمێک لە پەڕەى گوڵ و
دوو سەوڵى دروست کراو لە ئێسکى خۆمەوە
بەناو ئاوەکانا ئەڕۆشتم و
گۆرانیم بۆدۆلفین و
باڵندە سەرخۆشەکان و
ئاسکە کێویەکان ئەچڕى
ڕۆژگارێک منیش بە چڵێ گوڵى سورەوە
بەسەر شەقامە دڵتە نگەکانى پایزا ئەڕۆشتم و
دڵى گەڵاى زەردوو
درەختى ڕووتەڵە و
پەپولەى تەنیام ئەدایەوە
کەچى سەردەمێک هات
تۆگۆرانیت بۆمانگێک ئەوت
لەپشت هەورەکانەوە
ئاوائەبوو
منیش وەک پشیلە
بۆپاسارى بەدرەختەکانا هەڵئەزنام
وەک پڵنگێک بەدواى سێبەرى ئاسکەکان ئەڕۆشتم
وەک سەگێک یاریم بەئێسقانە کانى خۆم ئەکرد.

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق