|
٢٥\١٠\٢٠٢٦
ھاودەنگیی و
پشتیوانیی لە بانگەوازەکەی
زانای گەورە
مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف.

هەڵۆ محەمەد
بە
تاسەوە گوێم بۆ پەیام و بانگەوازەکەی مامۆستا عەبدولرەقیب گرت کە
بڵاویکردۆتەوە.
بە باوەڕێکی تەواوەوە لە ھەست و پەرۆش و خەمخۆری مامۆستای گەورەمان بۆ
داروبەرد و شوێنە پیرۆز و مێژووییەکانی کوردستان و تەواوی میرات و
مێژوو و کەلەپووری کوردی تێدەگەم و دەزانم تاکە مۆتیڤی پاڵنەری بۆ ئەم
بانگەوازە، لە دڵسۆزی و بەتەنگەوە ھاتنە بۆ میراتی نەتەوایەتیمان.
مێژووی تژی لە سەروەری و شانازی و تێکۆشانی تەمەنی مامۆستا و ھەوڵ و
تێکۆشانەکانی لە پێناوی پاراستن و کۆکردنەوە و زیندووکردنەوە و
ناساندنی میراتەکەمان و ئەو بەرھەمانەی بڵاوی کردوونەتەوە، بەڵگە و
دیکۆمێنتی نەمریی بیرکردنەوە و ھەڵوێست و دڵسۆزی و بێنیازیی
مامۆستان.ئەم راستییەش وەک تیشکی خۆری درەخشان، روون و دیارە و ھێز
نییە بتوانێ نکۆڵی لێ بکات.
بانگەوازەکەی مامۆستا رووی لە دەوڵەمەندان و بازرگان و خێرخوازەکانە لە
کوردستان و شاری سلێمانی بەتایبەت. تکایان لێ دەکات بە ئەرکی مێژوویی و
نەتەوایەتی و مۆڕاڵی خۆیان ڕابن و بەشداری لە پاراستن و زیندووڕاگرتنی
کەلەپووری نەتەوایەتیماندا بکەن.. سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار
بکەن و بکەونە خەمخۆری نۆژەنکردنەوەی ئەو خانوو و جێگە و شوێنەوارە
مێژوویی و کەلەپوورییە گرنگانە کە پگویستیان بە خزمەتکردن ھەیە و
پێناسەی رەسەنایەتی و سیمای رازاوەی کوردستان و شار و شارۆچکەکان و
مێژوو و کەلەپوورە تایبەتەکەی و لە خۆ دەگرن.
لە مێژووی گەلاندا زۆرن ئەوانەی بۆ بچوکترین کەرەسەی کەلەپووری
نەتەوایەتییان بە ھەزاران ھەزار دۆلاریان خەرج کردوە. ئێستا وڵاتە
پێشکەوتووەکان بۆ کڕین و پاراستنی تابلۆیەک، دەستنووسێک، بەڵگەنامەیەک
یان ھەر کەرەسەیەکی تری مێژوویی و فەرھەنگی و کولتووری خۆیان سامانی
زۆر تەرخان دەکەن و کۆمیسیۆن و وەزارەت و حکومەتی دەخەنە خزمەتەوە.
نەتەوەیەک کە کەلەپوورەکەی دەپارێزێت، ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەپارێزێت؛
چونکە نەتەوە بێ مێژوو و ناسنامە، وەک دارێکە بێ ڕەگ وایە.
لە زۆر وڵات سەرمایەدارە خێرخوازەکان بۆ خۆیان وەقف
Foundation و دەزگەی سەربەخۆیان دروست کردووە و خەریکی
نۆژەنکردنەوەی کلێسا و شانۆ و قوتابخانە و کتێبخانە و قەڵا و شوێنەوارە
مێژوویی و کەلەپوورییەکانیانن.
وەک David Ruhendteinی ئەمەریکی زیاتر لە
٢٥ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم جۆرە کارانە پێشکەشکردووە. لە ئەڵمانیا خێزانی
Oetker لەڕێی دەزگەی
Rudolf August Oetker Stiftung
یان
Ernst von Siemens Kunststiftung
زیاتر بایەخ بە پاراستنی کار و تابلۆی ھونەریی دەدات..
دیسان لە ئەڵمانیا دەزگەیەک ھەیە بە ناوی
Deutsche Stiftung Denkmalschutz DSD
نزیکەی ٢٠٠ ھەزار خێرخواز پێکەوە ھاوکاری دەکەن و بەڕێوەی دەبەن . ئەم
دەزگەیە ساڵانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی ٦٠٠ شوێنەواری
کەلەپوورییەکان خەرج دەکەن . ھەردوو کەسایەتی فەڕەنسایی
Bernard Arnault & François Pinault کاتێ
Notre-Dame in Paris
سووتا ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆیان بۆ نۆژەنکردنەوەی بەخشی.. سەدان و ھەزاران
نموونە تر لە کەسایەتی خێرخواز و دەزگە لەم سەر گۆی زەوییە ھەن ئەم
جۆرە کارانە بەڕێوە دەبەن.
لەکاتێکدا ھەریەک لەمانە خاوەنی دەوڵەتی بەھێز و گەورە و دامەزراوەن،
کە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی زۆریان ھەیە تەرخانە بۆ ئەم جۆرە کارانە.
بەڵام ھاونیشتمانی و سەرمایەداری خێرخواز و نیشتمانپەروەر بێ گوێدانە
بەرپرسیارێتی و کاروباری فەرمی دەوڵەت ئەوانیش ئەرکی نەتەوەیی خۆیان
جێبەجێ دەکەن.
کورد کە خاوەنی دەوڵەت نییە و ھیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی بەھێز و کارای
نییە بەم کارانە ھەڵسێ.. ھاوکات دوژمنان و داگیرکەرانی ھەڕەشەی نەمانی
لێ دەکەن، بۆیە گرنگ دڵسۆزانی نیشتمان بەچاوێکی بایەخەوە لەم پرسە
بڕوانن. دیارە ھەموو دەزانین کە لەناوبردنی شوێنەوار، تەنھا لەناوبردنی
بەرد و تەختەی خانوو و ماڵ و شوێنی گشتی نییە؛ بەڵکوو، سڕینەوە و
فەوتانی یادەوەریی و ناسنامەی باووباپیرانە.
من نامەوێت لیستی ئەو شوێنانە بنووسم کە پێویستیان بە رزگارکردن لە
فەوتان و نەمان ھەیە، چونکە ئێستا زانایەک بە باڵای چەندین وەزارەت و
حکومەت بەرزتر، توانیویەتی گەورەترین خەرمانی سەرمایەی کەلەپووری کورد
کۆبکاتەوە و بپارێزێ، لە ماڵپەڕ و ئەرشیفی خۆیدا ئەم شوێنانەی بۆ تۆمار
کردوین.
ھەر لەم روانگەیەوەیە کە زانای ناوبراو داواکارە دڵسۆزانی نەتەوەکەی
بەدەم بانگەوازەکەیەوە بێن و بەھەوڵ و پەرۆشی دڵسۆزانە ئەو سامان و
سەرمایە کەلەپووریی و شوێنەوارە گرنگە ھەرە ھەرە بەنرخەی بوونی
نەتەوایەتی کورد بپارێزن و لە فەوتان رزگاریان بکەن و ئەگەر پێویستە
نۆژەن بکرێنەوە.
ئابڕومەندی و ناموسێکی گەورەی بەھادارە، ھەر کەسێک لەم رووەوە ئاوڕ
بداتەوە لە پەیام و بانگەوازی مامۆستای خەمخۆر و خواست و ئاواتەکەی و
ئەو پێداویستییانەی رووبەرووی دەوڵەمەندان دەبێتەوە.
ئەوەی مامۆستا عەبدولرەقیب کردوویەتی بە دەیان وەزارەت نەکراوە و
ناکرێت.
دڵسۆزانی کورد و کوردستان ئەم بانگەوازەی مامۆستا بە گرنگ وەرگرن تا
سەروەری مێژوومان گەشاوەتر بێت و بەدەنگ پەیامەکەیەوە بچن و بیسەلمێنن،
باوەڕ و ھەست و خۆشەویستیتان بەنەتەوە و نیشتمان لە بن نەھاتووە.
کوردستانیش خاوەنی رۆڵەی ڕەسەنی خۆیەتی و ئامادەن خزمەتی بکەن.
مامۆستا عەبدولرەقیب باشترین میتۆدی بۆ رزگارکردنی ئەرشیڤ و
بەڵگەنامەکانی گرتۆتە بەر. لەم پانتاییەشدا ھیچ بیری لە خۆی نەکردۆتەوە،
ھێندەی گیانی بەسەر نەخشونیگاری وەستایەکی دەستڕەنگینی کوردەوە
دەردەچێت، ھێندەی لەو خەمەدایە، بڵێ کوردیش خاوەن شارستانێتی و
کەلەپوور و مێژوویەکی دەوڵەمەندە، ئەوە نییە بەڵگە و شوێنەوارەکان
خۆیان زیندوون و دەدوێن.
ئەوە نییە شاعیر دەفەرمووێ زەڕەیەک لە خاکی وەتەن نادەم بە قەسری
قەیسەری.
دڵسۆزان و خێرخوازانی کوردستان لە ئاستی کارەساتەکانی رۆژئاوا و ھەولێر
و چەمچەماڵ مێژوویەکی جوانیان تۆمار کرد و ئێستا گرنگە ئاستی
ھوشیارییان بەھێزتر و بەرزتر بکەن و ئاوڕی ڕژد لەم پرسە گرنگەی
شوێنەوار بدەنەوە. ئاخر شانازی بە نیشتمانەوە ھەر بە تەنیا بە قسە نییە؛
بە پاراستنی زمان، کولتوور، مێژوو و کەلەپوور و یەکتر خۆشویستن، کە
ھەموو ئەم بنەمایانە ناسنامەی کوردبوون پێک دێنن.
کوردستان نیشتمانی ھەژار و دەوڵەمەندە و ھەر خزمەتێک بکرێ دەبێتە مایەی
مسۆگەرکردنی ژیانێکی خۆش و ئارامتر بۆ نەوەکانی . لەبەرئەوەی سامانی
شوێنەوار و کەلەپوور میراتێک نییە کە تەنھا لە ڕابردوودا بیھێڵینەوە و
تەواو ، بەڵکوو ئەمانەتێکە لە نەوەکانی پێشووەوە وەرمان گرتووە و دەبێت
بە سەلامەتی بیدەینە دەست نەوەکانی داھاتوو.
شوێنەوار و کەلپوور ناسنامەی زیندوو و ڕەگی مێژوویی ھەر میللەتێکن. لە
رووی مێژوویی و فەرھەنگی و کولتووریی و سیاسییەوە بایەخی خۆیان ھەیە و
گەلێک جار لەرووی ئابووریشەوە دەبێتە سەرمایەکی باش بۆ وڵات. گرنگی و
خۆشەویستی بۆ ئەم بەھایانە تەنھا وابەستەیی بە ڕابردوو نییە، بەڵکوو
ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ مانەوە و بەردەوامیی گەل و نەتەوەکان بە زیندوویی.
دوا وتە، شاعیر وتەنی و منیش دەڵێم:
نیشتمان ڕووبارێکە و ماسییەکانی ئێمەین
نیشتمان دارێکە و باڵندەکانی ئێمەین
کە ڕووبارەکە وشک دەکات، ئێمە دەمرین
کە دارەکە دەبڕنەوە، ئێمە ھەڵدەوەرێین
نیشتمان دایکە،
کێ ھەیە دایکی خۆی خۆش نەوێت؟
١٠\١٠\٢٠٢٦
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|