په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

هاوکێشەکانى ماچ لە شیعرى (ماچێک بۆ ئەمشەو)ى کوێستان عومەر زادە.


سەرهەنگ خامۆش


من لەزۆربەى ڕەخنە ئەدەبیەکانم لە بوارى شیعردا زیاتر لە بابەتەکانى ڕەگەزى(مێینە) دواوم و ئیشارەتم بۆ ئەگەرەکانى (فیمینیستى) شیعر کردووە ئەوەش لەبەر ئەوە نى یە کە ڕەگەزى نێر نەیتوانیوە یاخود لەبوارى شیعر کارامەو بە توانا نىیە بە پێچەوانەوە قوتابخانە شیعرییەکان هەر لەوانەوە بۆمان جیماوە زۆربەی کات ستایلەکانى ئەوان بۆتە باکگڕاوندی شیعرى شاعیرانمان...بەڵام هیچ شاعیرێک نى یە یەکەم دێرى شیعرى کە دایڕشتبێ بۆ دڵدارەکەى نەبووبێ لە دوایى دا پەناى بردۆتە فیگەرەکانى ترى شیعر کە بە جۆرێک لەگەڵ ئایدیاو بۆچونەکانى بەرجەستە بووە،خۆى لە ڕاستیدا شیعریش ڕەگەزێکى مێینەیە و نکۆڵى لە سەر ناکرێ...ئەى ئەگەر ئافرەتێک شیعرێک داڕیژێ و شیعرەکە بچێتە نیو چوارچێوەیەکى ڕەهاو خەسڵەتێکى جوان بەخۆوە بگرێ؟ ئەوەتا شیعرى (ماچێک بۆ ئەمشەو)ى کوێستانى شاعیر چەند وێنەیەکی جوان دەخاتە نێو چوار چێوەى هزرو بیرو بۆچونى خوێنەر..یەکێک لەم خاسیەتانەى کە ئەم شاعیرەى پێ جیا دەکرێتەوە لەگەڵ شاعیرانى تری ئافرەتى کورد ئەوەیە کە هەست و نەست و بیرو خرۆش دەخاتە نێو فەنتازیاى شیعرو ئەو پەردە شەرمە ى کە لەسەر ڕووى کچێنیتى لاى دەداو بە پاکیزەیی عیشقى شاد دەکا و هاوکێشەیەک لەنێو وشەکانى شیعر دروست دەکا دەچێتە نێو قاڵبێکى ئێستاتیکى و خۆی لە ئامێزى ویستى خۆزگەکان دەدۆزێتەوە..

دەرگاکان بخە سەر پشت
با بۆنى سێوەکانى عیشق ڕەت بێ


لێرەدا شاعیر داخوازە کە ئەم دەرگا داخراوەى لێ بکرێتەوە کە هەمیشە بۆنى عەشقى لێوە دێ،ئەمەش ویناندنێکى جوانى کوێستانە بۆ دڵدارەکەی کە لە دەروونى بێ گەردیەوە هەڵدەقوڵێ.. لێرەدا بۆنى( سێو=عەشق ) ئەمەش هاوکێشەیەیەکى فیزیکى جوانە کە شاعیر دایڕشتووە..

پەردەکان لادە
دەمەوێ
لە پەنجەرەی غەریبترین ئیوارەوە
بدوێم..
ماچێک ببەخشم
بە گەورەییت
ئامیزێ بە پاکیزەییت..


کوێستان لێرەدا لە ڕیتمى ئەگەرە پڕ گومانەکانى شیعرى ئافرەتان دەردەچێت لە پەنجەرەکانى پڕ ستایشى غەریبى دەدوێ کە ئەویش بە پەردەیەک داپۆشراوە لەوانەیە ئەو پەردەیە پەردەی ترس بێت یاخود شەرم بۆ ئەوەی بەراوردێک بخاتە نیو تەمەنى خۆشەویستى و بە ئامیزى پاکیزەیى دڵدارەکەى شاد کا..لێرەدا(پاکیزەیى+غەریبى+ئامێز=ماچ) کەواتە شاعیرخۆی لە نێو پەیامە ئۆرگانیەکانى شیعر بە جیا دادەنێ دڵدارەکەشى بە جیا دواى ئەوە هاوکێشەیەکى ئۆرگانى دروست دەبێت(شاعیر+ئەو=ئێمە)...

دەمەوێ
بۆم ببیت بە هەموو شتێک
شەرمى کچێنیم بشکێنیت
ترسى تەنیاییم هەڵگریت
ماچێک بۆ ئەمشەو
تەڕم کا لە گۆرانیدا
لە خەندەی (با)...


تەنیای و ترس و شەرم سایکۆلۆژیانە کارى کردۆتە سەر دەروونى شاعیر ئەویش بۆتە تەوقێک کە دەیەوێ بە ماچێک بیشکێنى بەڵام تەڕى کا لە گۆرانى(لێرەدا گۆرانى بە ماناى پاک بوونەوە دێ) لەژێر بارانى زەردەخەنەى (با)..کەواتە کوێستان لێرەش هاوکێشەیەکى فیزیکى جوانى بەکار هێناوە(گۆرانى+با=ماچ) ماچێک لە هەموو گوناهەکانى عیشقى بشواتەوە...

ماچێ
باڵى تارمایی شەوم بەرێ
پڕم کا لە تابلۆی
ڕەش و سپى
باڵی ئاڵترین کازیوەم
بگرێ..!!


دیارە شاعیر ستایشەکانى هەر دەخیلى ماچێک دەکا لەژێر باڵى تارماییه‌کانى شەو کە پڕە لە تابلۆی ڕەش و سپى ..ئەمجارەیان توشى هاوکێشەیەکى کیمیاگەرى دەبین
(ڕەش=شاعیر) (سپى=ئەو)
(ڕەش+سپى=ئێمە) واتە شاعیرو دڵدارەکەى
لێرەدا (ڕەش)دەمانگەڕێنتەوە سەردەمی گەنجى و (سپی)ش پیری کە شاعیر ئەم ئەگەرەى تێدا خواستووە تا سەر دەنێتە ئامێزى کازیوەو ماچەکەش کۆتایی پێ دێ...!!!
کوێستان لەم شیعرەدا توانیویەتی ئەم تەوقە بشکێنێ کە ساڵانێکە شاعیرانى ئافرەتى کورد لە نێو هەندێ خۆزگەی پڕ تەم و مژ لە شیعردا بەکاریان هیناوە..بەڵام چۆن؟وەک ژانرێکى سەرەکى ویستویەتى ڕاستیەکان دەروون پاکانە بدرکێنى هاوکێشەیەکى ئۆرگانیزمى بۆ ماچ داڕێژێ لە چوار چێوەى چەند وێنەیەکى ئێستاتیکى شیعری بەرجەستەى بکا..
دەتوانم بڵێم لایەنى تەکنیکى و هونەری لە نێو ئەم شیعرەدا شاعیر زۆر گرنگی پێ داوە چونکە لە نێوان دیالۆگ و زمان دا وێنە شیعرییەکان بە چەند پەیوەندییەکى هاوکێشەیی ئۆرگانی بەهێز بەیەکەوە بەستراون،هەروەها ئەم شیعرە بە ئاستێکى جوان و ئەکادیمى و زانستیانە داڕێژراوە بۆیە پێویستە وەک ستاندەرێک بەکار بهێنرێت لە چوارچێوەى ئەگەرەکانى(فیمینستى) شیعرى کوردى دا....

 


Xamosh_s@hotmail.com