په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١٥

    هاونیشتیمانیی بێ نیشتیمانین.

                            

    نه‌زار قه‌بانی                            و: جه‌لال ده‌باغ

 

نەزار قەبانی شاعیر لە فیستیڤاڵی پێنجەمی میربەد لە بەغدا ساڵی ١٩٨٥ خوێندیەوەو لە ناوەندە ئەدەبیەکانداو لە ئەنجامی ئەو نەترسیەیدا کاتی خۆی هەرایەکی گەورەی نايەوە. لەبەر ئەوە لەتاریکیدا هێشتیانەوەو شێواندیان و رێگەیاننەدا رۆژنامەکانی عێراق و کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاویبکەنەوە.
ئەو فیسیڤاڵە بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی (لەتیف نصیف جاسم)ی وەزیری راگەیاندنبوو کە دوای خوێندنەوەی شیعرەکە زۆر بێزارو توڕە دیاربوو، چونکە ناوبراو چاوەڕوانبوو وەک شاعیرەکانی پێشخۆی، نەزار بەشان و باڵی سەدامدا هەڵبدات..
جەنابی وەزیر شیعرەکەی نەزاری بەدڵنەبوو، لە کاتێکدا پێش فێستیڤاڵەکە وەزارەتەکەی پتر لە شاعیرەکانیتر بەشان و باڵی نەزاریاندا هەڵدابوو زۆربەرزیان کردبۆوەو پێشوازیەکی گەرمیان لێکردبوو، رۆژنامەکان و کەناڵەکانی راگەیاندنیش بەشێکی زۆریان بۆ تەرخانکردبوو...
نەزار زۆرتر بەوە وەزيرو بەرپرسانی وروژاندبوو کە گەیشتبووە ئەو بڕگەیەی دەڵێ:
لە شارانێکدا دەزگا هەواڵگریەکانی دەوڵەت بوونەتە کریڤی ئەدەب و هونەر، نەزار بە قامکیش ئاماژەی بۆ ئەو شاعیرو بەرپرسانەکرد کە لەریزی پێشەوە دانێشتبوون...
پاشان بۆ ئەوەی هێرشەکەی تەواو بکات گوتی:
بەسواری کەشتیی خەمان گەشتدەکەین
سەرکردەکەمان نۆکەرە
شیخەکەمان چەتەی دەریا
سەرکردەمان بۆتە نۆکەر.. لەبری ئەوەی قارەمانی سوارەکانبێ
جێگەی سەرسامیەکی سەرسوڕهێنبوو، لەوکاتەدا کێ دەیتوانی پڕکێشی ئەوە بکات؟!
پاش کۆتایی خوێندنەوەی شیعرەکە بەرپرسان بەساردی و لالوتێکەوە چەپڵەیان بۆ نەزارلێدا
لەدەزگایەکانی راگەیاندنیشدا شیعرەکەیان لە تاریکیدا هێشتەوەو بڵاویان نەکردەوە....
لە فێستیڤاڵەکەدا کۆپيەکی شیعرەکەم دەستکەوت وپاراستم چونکە دەساودەستی شیعرەکە بە تاوان دادەنرا...
من کە ئەم هەڵوێستەی نەزار قەبانی تۆماردەکەم لە گۆشەی راستگۆیی مێژوییەوەیە..دوای ئەوە نەزار لە عێراق بۆ هیچ فێستیڤاڵێک بانگنەکرا
پاشان دوای ساڵی ١٩٩٠ لە دەزگاکانی راگەیاندنی عێراقەوە بەئاشکرا قسەی ناشرینی پێدەگوترا، دوای ئەوەی بەشاعیری گەورەی عەرەب دایاندەنا!!!..
جا ئێستاش با شیعرەکەی نەزار قەبانی بخوێنینەوە:


هاونيشتیمانیی بێنیشتیمانین
لەسەر نەخشەی زەمانە
وەک چۆلەکە
راونراوین
بێبەڵگەنامە گەشتیارین
مردوین وبێکفن ماوین
ئێمە سۆزانیی ئەم چەرخەین
هەر فەرماندارێک دەمانفرۆشێت
نرخەکەشمان وەردەگرێت
ئێمە کەنیزەکی ئەم کۆشکەین
لەم ژوور بۆ ئەو ژوورمان دەنێرن
لەم چنگ بۆ ئەوچنگ
لەم خاوەن بۆ ئەو خاوەن
لەم بت بۆ ئەو بت
هەموو شەوان
وەکو سەگان
غاردەدەین
لە عەدەنەوە بۆ تەنجە
لەتەنجەوە بۆ عەدەن
بۆ خێڵێک دەگەڕێین وەرمانبگرێت
بۆ خێزانێک دەگەڕێین بەخێومانکات
بۆ پەردەیەک دەگەڕێین دامانپۆشێت
بۆ نێشتەجێیەک....
منداڵانمان لەدەورن
پشتکۆماوەن و پێرن
لە فەرهەنگی دێریندا
پەرە پەرە دەگەڕێن
بەدوای بەهەشتی بەریندا
بەدوای درۆيەکی گەورەدا...
گەورەدا…
کە ناوی نیشتیمانە
   *   *   *
هاونیشتیمانیی شاری گریانین
قاوەمان لەخوێنی کەربەلا بۆکراوە
گەنمەکەمان بەگۆشتی کەربەلا شێلدراوە
خۆراکمان.. خواردنەوەمان
نەریتمان.. ئاڵاکانمان
گوڵەکانمان.. گۆڕەکانمان
پێستەکانمان
بەمۆری کەربەلا.. مۆرکراون
لەم بیابانەدا کەس نامانناسێ
نەدارخورمایەک.. نە حوشترێک
نە سنگێک..نەبەردێک
نە هند..نە عەفراء
کاغەزمان گوماندارن
بیروباوەڕمان نامۆن
ناوەکانمان لەناوناکەن
نە ئەوانەش نەوتەکەمان دەخۆنەوە
دەمانناسن
نە ئەوانەش فرمێسک و ماندوبوونمان دەخۆنەوە دەمانناسن
   *   *   *
لەناودەقی نووسراوی فەرماندارەکانماندا
دەستگیرکراوین
لە ناو ئایندا دەستگیرکراوین
بەو چەشنەی رێبەرمان لێکیداوەتەوە
لەناو خەمدا دەستگیرکراوین
خەمەکانمان لەهەرشتێکمان جوانترن..
ئێمە لەژێر چاودێریداین
لە چایخانە.. لەماڵەوە
لەمنداڵدانی دایکماندا!!
کاتێک ئاوڕماندایەوە
هەواڵگری پەنهانمان دی
چاوەڕوانە..
لە قاوەمان دەخواتەوە
لەناو جێگەماندا دەنوێ
دەسکاری پۆستەماندەکا
ناو کاغەزەکانمان دەگەڕێ
دەچێتە ناو لوتمانەوە
لە کۆکەماندا دەردەچێ
زمانمان..بڕدراوە
سەرمان.. بڕدراوە
نانەکەشمان بەترس و فرمێسک تەڕکراوە
ئەگەر زۆرلێکراوێمان بۆ پارێزەرمانگێڕاوە
پێماندەڵێن: قەدەغەیە
ئەگەر لە یەزدانی ئاسمان پاڕاینەوە
پێماندەڵێن: قەدەغەیە
گەر هاوارمان بەرزبۆوە..
ئەی پەیامبەری خودا یارمەتیدەرمانبە
ڤیزای دەرچوونماندەدەنێ
بەبێ توانای گەڕانەوە
ئەگەر داوای پێنووسمانکرد
بۆ نووسینی دواشیعرمان
یان نووسینی دواوەسێتمان
پێش مردنمان بە خنکاندن
بابەتەکە زوودەگۆڕن
   *   *   *
ئەی نێشتیمانی لەخاچدراوم
لەسەردیواری ڕق وکینە
ئەی تۆپی ئاگرینی گلۆربۆوە
بەرەو نشێوی هەزار بەهەزار
هیچ کەسێک لە خێڵی مضر... یان لە خێڵی بنی ثقیف
يەک قاپ لە خوێنی خۆیان
یان لە میزی موبارەکیان
بە نیشتیمان نەبەخشێوە
کەلە خوێن بەربوونیدا نوقومبووە
بە درێژایی ئەم عەبایە پینەکراوە
هيچ کەس رۆژێک پالتۆیەکی،
شەپقەیەکی،
پێنەبەخشیت..
نیشتیمانی وەک گیای پایز داشکاومان
وەکو درەخت هەڵکەندراوین لە جێی خۆمان
لە ئاوات و بیرەوەریی کۆچمانکردووە
چاوەکانمان لە دەنگەکانمان دەترسێن
فەرمانڕەواکانمان خودان
خوێنی شین بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێن
ئێمەش نەوەی کەنێزەکین
نەسەردارانی حیجازو.. نە هەرچی وپەرچییەکانی بیابان دەمانناسن
نە ئەبوتەیب میوانداریماندەکا.. نە ئەبو عەتاهیە
ئەگەر ستەمگەرێک بڕوات
ئێمە بە ستەمگەرێکیتر دەدات
   *   *   *
ئێمە کۆچبەرین لە بەندەرەکانی ماندوبوونەوە
کەسێک نییە ئێمەی بوێ
لەدەریای بەیروتەوە تا دەریای عەرەب
نە فاتمیەکان...نەقرمەتیەکان
نە مەمالیک... نە بەرمەکیەکان
نەشەیتانەکان ...نە فریشتەکان
کەسێک نییە ئێمەی بوێ
کەسێک نامانخوێنێتەوە
لەشارانی خوێ ساڵی بەملیۆن
پەڕاو سەردەبڕن
هیچکەس نامانخوێنێتەوە
لە شارانێکدا دەزگا دەوڵەتیەکانی هەواڵگر
بوونەتە کریڤی ئەدەب و هونەر
   *   *   *
بەسواری کەشتیی خەمان گەشتدەکەین
سەرکردەکەمان نۆکەرە
شیخەکەمان چەتەی دەریا
لەناو قەفەزەکاندا وەکو مشکان گرمۆڵەبووین
نەکەنارێک وەرماندەگرێ
نە مەیخانەیەک وەرماندەگرێ
نە ئافرەتێک ئێمەی دەوێ
هەموو ئەو پەساپۆرتانەی پێمانن
کردەی دەستی شەیتانن
هەموو ئەو نووسینانەی دەیاننووسین
بەدڵی سوڵتاننین
   *   *   *
لەدەرەوەی کات و شوێندا سەفەردەکەین
گەشتیارن وپارەکەیان ونکردووە..
کەل وپەلیان ونکردووە!!
رۆڵەکانیان ونکردووە..
ناوەکانیان ونکردووە..
پەیوەستییان ونکردووە
هەستکردنیان بە ئاسایش.. ونکردووە
نە بەنوهاشم دەمانناسن..
نە بەنو قەحتان
نە بەنو رەبیعە.. نەبەنو شەیبان
نەبەنو "لێنین" دەمانناسن..
نەبەنو "ریگان"
ئەی نیشتیمانەکەم.. گشت چۆلەکەکان ماڵدارن
جگە لەو چۆلەکانەی ئازادییان کردۆتە پیشە
ئەوان لە دەرەوەی نیشتیمانەکان دەمرن
لە دەرەوەی نیشتیمانەکان دەمرن
لە دەرەوەی نیشتیمانەکان.


١٠\٣\١٩٨٥
ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک