په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

هاوڕێم بیلال، ''راپەڕینى نان، دیکتاتۆرى تونسەکەى تۆى وەدەرنا''.


حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


نزیکەى هەفتەیەک زیاترە، لە وڵاتى تونسى عەرەبیدا، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینى سەرشەقام و کوچە و کۆڵانانى گوندو شارەکان دەستپێکردو و دواجار شێرانە گەیشتە پایتەخت و بەماوەیەکى زۆر کەم تەنییەوە، بەداخەوە قوربانى و بریندارانى لێکەوتەوەو گەنج و پیر، پیاوان و ژنان.. جوتیارو کرێکارو مامۆستاو کارمەندانى فەرمى و نافەرمى بەشدارو هاوکارو هاوڕاو خۆپیشاندەرو راپەڕیوو و شۆڕشگێڕ بوون..


هەموویان پێکەوە وەکو یەک دەوست و یەک چاو و یەک دەم هاواریان گەیاندە عەرشى عەزیم، خوێنیان و دڵ و جەستەیان خستبووە سەر لەپى دەستیان و بێگوێدانە بەرژەوەندى خودى و دونیایى، بێترس و بێپەروا، شەو و رۆژیان پێکەوە گرێدا، بەم سەرماى زستانە تووشەو بە برسێتى و تینووێتى بەرامبەر گوللەو فیشەکى چەکە گەورەو دڕندەکانى دیکتاتۆرەکەى تونس کە نزیکەى بیست ساڵ و زیاتریش دەبوو، بیست ساڵبوو ئەو دیکتاتۆرە، وڵاتى سیخناخ کردبوو لە گەندەڵى و دزین و جەردەیى، بیست ساڵ و زیاتریش بوو وڵاتى تونسى دیل و زیندانى پڕببوو لە بێدەنگ کردن و قەدەغەکردنى ئازادى و یاساغکردنى بیروڕاى ئازاد دەربڕین و هەقبێژى و راستگووتن..


بیست ساڵبوو، لە تونسى سەوزدا، گوڵى سوورى دەست کچانى تونس زەردو ژاکاوو وەریو بوو..


بیست ساڵبوو لە تونسى سەوزدا، دروستکردنى حزبێکى دیکەى غەیرى حزبى دەسەڵات، هەروەها بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە تونسى سەوزدا، زەردو سیس و لاواز خۆى دەنواند.. وەکو چۆن برادەرە تونسییەکەم لە وڵاتى هۆڵاند ناوبەناو پێیدەووتم: " کاکە حەمە ئێمەش وەک ئێوەى پێش ڕاپەڕین، دیکتاتۆرمان هەیە، ئێمەش وەکو ئێوەى دواى ڕاپەڕین گەندەڵ و دزو درۆزن و بوغرامان هەیە، وڵاتمان سیخناخە لە واسیتەو دەسەڵات و حکومەتى تونس لێوانلێوە لە خزم خزمێنەو هەرکەس بۆ خۆى و فەرهودو ماشینەوەى خێربەرەکەتى سامانى وڵات..


ئێمەش وەکو ئێوە ناتوانین دوو قسەى هەق و ڕاستوڕەوان لەسەر رۆژنامەو سایتەکان بنووسین و راستى ڕووداوەکان بۆ خەڵکى هەژارو نەخوێندەوار شیبکەینەوە، چونکە دواى دوو-سێ ڕۆژ دەماندۆزنەوەو لە زیندانى ڕەش و ئینفرادى توند دەکەن.. کەسوکاریشمان بە هەڕەشەو لەسەر کار لابردن سزا دەدەن."....


هاوڕێ تونسییەکەم ناوى بیلال ئەلغەندور بوو، زوو زوو پێیدەوتم: " گوێبگرە سەید محەمەد ئەلکوردى/ وڵاتى تونسمان پڕییەتى لە بێکارو هەژارو بێلانەو کرێچى و نەخۆش و نەخوێندەوارو ئالوودە بە ماددەى هۆشبەرێک کە دەسەڵات و خزمانى زەین ئەلعابدینى دیکتاتۆر خۆیان دەیانفرۆشت و دەیانگەیاندە دەستى گەنجە کوڕ و کچەکانى پایتەخت و شارەکانى تونس و دووچارى دەردو پەتاى کوشندەیان دەکردن و ماڵوێران و سەرگەردان و ئاوارەى کۆڵانە بێبەزەییەکانى نیشتمانیان دەکردن و دواجاریش پۆلیس و پیاوانى دەسەڵات گاڵتەیان پێدەکردن و دەیانکردنە مەزەى شەوانەى خۆیان و تووشى لەشفرۆشى و دەڵاڵیى کارى خراپەو بەدیان دەکردن"....


ئەمڕۆ منیش بەو هاوڕێ تونسیەم دەڵێم:" سەید بیلالى ئاوارەى هەندەران و هاوخەمەکەى من/ ئەمڕۆ خەونى دێرینەى تۆو هەزاران و ملیۆنانى وەک تۆ هاتەدى، برادەرو هاونیشتمانانى شۆڕشگێڕو پاڵەوان و ئازاو نەبەردت، بە نزیکەى مانگێک دیکتاتۆرە ڕەش و لمۆز شوومەکەى لە تونسە سەوزەکەت وەدەرنا، هەرچەندە قوربانى و بریندارانى پێشکەشکرد، بەڵام سەرفرازى و سەربەخۆیى و ئازادى بۆ نیشتمان ئەو قوربانییەى دەوێ، سەربەزى و شکۆدارى وڵاتەکەتان خوێنى دەوێ و ڕۆڵە قارەمانەکانتان هەر لە یەکەم چرکەى ڕاپەڕنى نانەوە، لە دەموەختى کوڕە گەنجە دەستگێڕەکەوە کە پۆلیس تەنگى پێهەڵچنى و ئەویش نەوتى بەخۆیدا کردو خۆى سووتاند، هەتا درێژبوونەوە و گەیشتنى بە پایتەختە جوانەکەتان، بوو بە ئاگرو گڕو مەشخەڵى سووتاوى نانى برسى گەیاندە کۆشکى دیکتاتۆر و بە چەند رۆژێکى کەم وەدەریناو بۆ هەتا هەتایە گەڕانەوەى نییە.." .


هاوڕێم بیلالى تونسى: ئەمە کۆتایى دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوى دەسەڵاتخوازانە، لە وڵاتانى رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتى ناڤیندا، کە حوکمى قێزەونى هیتلەرانەى توندى نیشتمان دەکەن.. ئەو بەرپرسانەى خواناناسن و بێویژدانانە، بە زەبرى ئاگرو ئاسن حوکمى فاشییانە بەسەر میللەتێکى نەخوێندەوار و هەژاردا دەسەپێنن.
ئەو دیکتاتۆرانەى هاوشێوەى زەینەلعابدین، رۆڵى باوک و برا نابینن و عەدالەت و دادوەریى کۆمەڵایەتى ناچەسپێنن، یاسا مەتاتى و لاستیکى لێدەکەن و بەپێى هەواو هەوەسى خۆیان و دەوروبەرەکەیان سوارى ملى ناسک و نەرمى نیشتمانەکەیان دەبن، دەچنە بورجى عاجى و چاویان لە ئاست داخوازى و خزمەتگوزاریى گەلەکەیاندا کوێرو نابینا دەبێت، گوێیان لە ئاست هاوارو ناڵەى نەخۆش و هەژارو بێکاراندا کەڕ دەکەن، دەمیان پڕ دەبێت لە وشەى باق و بریق و وەعدو گفتى پڕ لە درۆ و دەلەسە.


ئەم ڕاپەڕینى نانەى تونس، دەبێتە وانەیەکى دیکەى گرنگ بۆ میلەتانى ئەم ناوچەو دەڤەرەى گەردوون و ئازایەتى و نەبەردیمان زیاتر دەکات، دەنگى ناڕەزایى و گووتنى وشەى "نا" دەخاتەوە قورگ و سەر لێوى گەنج و پیران، ترس و تۆقینیش لە دڵى دیکتاتۆران و بەرپرسە پیرۆزەکان و بوغراکاندا زیاتر و زیاتر دەکات و نیشتمانیش دیسانەوە خوێنى تیادا دەژێتەوە و لێوەکانى پڕ دەبنەوە لە خەندە و بزەى بەیانیان و هیواو ئاوات بە منداڵە چاو گەشەکانى خۆى دەبەخشێت..


هاوڕێم بیلالى تونسى، مژدە بێت و پیرۆزە ئەم شۆڕشى نانەى رۆڵەکانى وڵاتى تونس بەرپایان کرد و پیرۆزە ئازادى و سەربەخۆیى و نیشتمانى خاڵى لە دیکتاتۆر، مردن و سەرشۆڕى بۆ دیکتاتۆرەکانى جیهان و جیهانى عەرەبى و ئەم دەڤەرەش ئەگەر ڕەفتاریان لەگەڵ دیکتاتۆراندا وێکدێتەوەو هاوتان.
 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ