په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١٩

''ھاوسێ ھەموو وەک داڵن و ئەم کوردە وەک لاک''.

هۆمەر         


خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی ھەرە ڕوونی عەجەم جەماعەت ئەوەیە کە ئیش و کارێکی پێت ھەبێت،ھەتا ڕایی و جێبەجێی نەکات،دەستبەردارت نابێت و تەنگت پێ ھەڵدەچنێت و گیانت دەکاتە نێو کولەکەوە.ھەرکە ئیشەکەی(مەرامەکەی)بۆ چووە سەر،ئیدی لە نێو گۆمێکی لیخندابەرەڵڵات دەکات تا ئەوەندە کوێرانە پەلەقاژە بکەیت و بە جارێک بفەوتێیت. ڕەنگە ئەمە تایبەتمەندی ھاوبەشی لای عەرەب و تورکیش بێت کە لە کاتی تەنگانەدا کورد دەکەنە برا گەورە و ھەرکە دۆخەکە ھێور بووەوە،ددان بە ھیچ مافێکیدا نانێن و بگرە وەبەر دڕندانەترین ھێرش و پەلاماریشی دەدەن.

دوێشەو،٩ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٩(٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)کە گوێبیستی بەشێک لە وتەکانی "بەشار ئەسەد"ی سەرۆکی خوێنمژی سووریا لە ھەڤپەیڤین لەگەڵ کەناڵێکی سەر بە دەسەڵاتەکەی خۆی بووم،باسی لە "کوردی باش و نەباش" دەکرد. کورد،گەر خودانی بیر و ھزر و ویژدانێکی بێداری نەتەوەیی بێت،بە ھەموو ئایین و ئایینزا،شێوەزار و بنزار و مەرام و ئایدیۆلۆژیایەکەوە ھەر کوردە و چ تۆفیر ناکات و یەکە و نابێت خۆ ھەرزان تەسلیمی ناحەزانی میللەتەکەی بکات و بە دەستی خۆ،خۆی بخاتە نێو گۆمە لیخنەکەوە. چونکە سبەی ھەر ئەم مرۆی بەر کامێرا،ھەرکە دەستەڵاتی بەسەر ھەموو شوێنێکدا بشکێتەوە،ھەمان مامەڵەکەی جارانی لەگەڵدا دەکات و پاراستنی سەروەریی خاکەکەی لا دەبێتە ھێڵی سوور و ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نابێت بە موو لێی لا بدات. کورد با پەند لە ئەزموونە تاڵ و کارەساتبارەکانی دیرۆک و مێژووکەی خۆی وەربگرێت و دیسانەوە سووک و سانا خۆ نەخاتەوە باوەشی ناحەزان و فریوی قسەی بریق و باقداری بەر کامێراکان نەخوات.

کوردانی ڕۆژاوا نابێت ھەرگیز پێملی قسەکانی "بەشار ئەسەد"ی کوڕی "حافز ئەسەد"ی ملھوڕ ‌بن کە ھەتا زیندوو بوو ،قەت ددانی بە مافی کورددا نەدەنا. کوردی ڕۆژاوا ئەوەی لە ڕێی گیانبەختکردنی سەدان شەڕڤان و بە بەرخۆدان و قارەمانەتی ڕۆڵەکانی خۆوە دەستی خستووە،نابێت بە بێ ھیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی سووک و ھاسان بیخاتەوە دەست جەللادەکەی دیمەشق و چەمەڕای کەرەمی کوڕە خوێنمژەکە بمێنێتەوە.

ڕووناکبیر و ھزرمەندی ناودیاری کورد مامۆستا "مەسعوود محەممەد"زۆر ساڵان بەر لە ئێستا بەم چەشنە باس لە قارەمانی میللەت و نەتەوەی بێ خودان دەکات و دەنووسێت:"قارەمانی میللەتێکی بێدەسەڵات، بە قەدەر پاڵەوان پفێکی میللەتی خاوەن کیان و سامان و ھێز و دەسەڵات ناوی نایەت".

کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کە ساڵانێکە سەرکەوتووانە ئیدارەی ھەرێمێکی خۆسەر و سەربەخۆدەکات،بە بێ دەستەبەر و گەرەنتی نێودەوڵەتی و چەسپانی مافەکانی لە دەستووری داھاتووی سووریادا،نابێت بگەڕێتەوە باوەشی سووریای یەکگرتوو! کورد پێویستە لە ڕێی دۆستەکانی لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ھەروەھا بە ھاریکاریپاڵپشت و پشتیوانەکانی لە ناوەندەکانی بڕیاری جیھانی،ھەوڵ بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی بدات و دڵ بە وادە و بەڵێنی زارەکی بەشار ئەسەد کە نھا گڵۆڵەکەی کەوتۆتە سەرەولێژایی،خۆش بکات و بە دەستی خۆی،ئاوات و خەونەکانی جارێکی دی چاڵ بکاتەوە. ئەگینا سبەی دەبێت ھەر بە چەند سووکە مافێکی خۆجێی دڵخۆش بێت کە ئەویش لە ڕێی دارەدەستەکانیەوە و بە گوێرەی بەرژەوەندی "سووریای عەرەبی" جێبەجێ دەکرێن. بەشار مەگین کوڕی ھەمان حافز ئەسەد نییە کە حاشا و نکۆڵی لە ناسنامەی مرۆی کورد لە سووریا دەکرد و ھەرگیز پێملی ھیچ جۆرە مافێکی ئەم نەتەوە دێرینە نەدەبوو!

کورد پێویستە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بکات و پارێزەری دەستکەوتەکانی ئێستای بێت کە بە بەخشینی خوێنی سەدان شەڕڤانی ئازا و بوێر،دەست کەوتووە. سووکە ئاوڕدانەوەیەک لە بویەر و ڕووداوەکانی جیھانەکەی دەوروبەر پێمان دەڵێت ،عەرەب و فارس و تورک دیسانەوە خەریکی گەلەکۆمەکییەکی ترسناکی دیکەن دژ بە گەلەکەمان و ھەرکە دۆخەکە ھەموار ببینن و بۆیان بچێتە سەر،تەنانەت دەیانەوێت ھەموو ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە باشووریش لە بار ببەن و کورد جارێکی دی بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەعس. ئەمە ئەقڵییەتی تەنانەت تاکی عەرەب و تورک و فارسیشە کە بەو چەشنە گۆش کراون کە ئا ئەبەد دەسەڵات و حوکوومەت بۆ کورد ھێڵی سووریان دێتە ئەژمار و ھەتا ئەوی ڕۆژێ مرۆ لەسەر ئەم گۆی زەوییە بمێنێت،ئەوەندە ئازادیخواز نابن کە بچنە ژێرباری دەسەڵات و حوکوومەتێکی کوردی.

بیرمەندی ھەرە ناسراوی کورد "مەسعوود محەممەد،لەسەر ئەم باوەڕەیە کە "گیانی نەتەوەیی و نژادی بەندە بە گەلێ ھەلومەرج،لە پێش ھەمووانەوە سنووری دیاریکراوی وڵاتەکەی دێت". بەختەوەرانە کوردی ڕۆژاوا بۆ گەلێک ساڵ دەڕوات بۆ خۆی حوکمی خۆی دەکات و خاوەنی ھەرێمێکی دیاریکراوە کە نابێت لە ڕێی کەین و بەین و ساویلکەییەوە لە کیسی بدات.

"ھەڵۆ بەرزنجەیی"ڕووناکبیری کوردیش ھەر لەم پێوەندییەدا دەنووسێت:"تورک و عەرەب و فارس کامە مێژووی خراپ و نامرۆڤانە ھەیە لە کوردستاندا نەخشاندوویانە. گەر کورد بە تەنگ دەردەکانی خۆیەوە نەیەت،کێ ئاگای لە ژان و ئازاری دەبێت"؟

ھەر بۆیە چاوەڕوانمانەوە بە دیار دەسەڵاتە نگریسەکانی ئەم ناوچەوە کە گوایە ئەوان مافمان بدەنێ،لە خەونێکی ناخۆش بەولاوە،ھیچی دی نییە. تۆ بڕوانە "حەمدی"شاعیر ساڵگارانێک بەر لە ئێستا چلۆن ئیشارەت دەداتە ئەم پرسە ھەستیارە و دەڵێت:
"ھاوسێ ھەموو وەک داڵن و ئەم کوردە وەک لاک
چنگیان لە جگەرگاھی داوە ھەموو بە بێ باک".(شیعری سکاڵای نیشتمان).

کوردی ڕۆژاوا لە ڕێی دەیان مرۆی وریا و بوێر و خودان دیپلۆماسییەتی وەک "ساڵح موسلیم"،"ئیلھام ئەحمەد"،"مەزڵووم کۆبانی"و ھتدەوە و بە پاڵشتی ئیرادەی باڵای گەلەوە، دەتوانێت دەستەبەری سبەیەکی ھەرە پرشنگدار بکات.

________________________________________________
چەند ژێدەرێک:
• دیوانی حەمدی، ئامادەکردنی عەبدوڵڵا خدر مەولوود، چاپخانەی ڕۆژھەڵات، چاپی پێنجەم، ھەولێر، ٢٠١٣.
• جیھانبینی نەتەوەییانە، لە ھزری مەسعوود محەممەدا، ھەڵۆ بەرزنجەیی، چاپی یەکەم،کوردستان، ٢٠١٧.
• مرۆڤ و دەوروبەر، مەسعوود محەممەد، بەرگی ٢،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوی ئاراس، چاپی دووەم، ھەولێر، ٢٠١٠.
• چەپکێک لە گوڵزاری نالی، مەسعوود محەممەد، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، ھەولێر، ٢٠٠٧.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک