|
١٦\١١\٢٠٢٦
هاوسەرگیریی کچێکی
١٦ ساڵە لەگەڵ پیاوێکی ٢٦ ساڵە؛
یاسا و مافی منداڵ
لە کوێن؟

هۆشمەند کورد
لەم
دواییانەدا ڤیدیۆکانی کچێکی کوردی و پیاوێکی چینی لە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکاندا بەربڵاو بوونەتەوە. کچەکە خۆی دەڵێت ١٦ ساڵە و
هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوە چینییەکە کردووە. پیاوەکەش دەڵێت ٢٦ ساڵە. ئەم
بابەتە پرسیارگەلێکی گرنگ دەربارەی یاسا و مافی منداڵ دەوروژێنێت.
یاسا چی دەڵێت؟
چین: کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ژن ٢٠ ساڵ و بۆ پیاو ٢٢ ساڵە (ماددەی
١٠٤٧ی یاسای مەدەنی).
عێراق: تەمەنی بنەڕەتی ١٨ ساڵە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دادوەر لە ١٥
ساڵییەوە ڕێگە دەدات. هەموارکردنەوەکانی ٢٠٢٥ و مەدوەنەی جەعفەریش
مشتومڕی یاسایی و مافی مرۆڤیان وروژاندووە.
هەرێمی کوردستان: بەپێی یاسای ژمارە ١٥ی ٢٠٠٨، کەسێک کە ١٦ ساڵی تەواو
کردبێت، دەتوانێت بە مەرجی دیاریکراو و مۆڵەتی دادوەر هاوسەرگیری بکات.
فینلەندا: لە ساڵی ٢٠١٩ەوە هاوسەرگیریی خوار ١٨ ساڵ قەدەغەیە.
کەواتە، لە کوردستاندا تەمەنی ١٦ ساڵ بە تەنها بەڵگەی نایاساییبوونی
هاوسەرگیری نییە. بەڵام ئایا مۆڵەتی دادگا هەبووە و ڕەزامەندیی
ئازادانەی کچەکە مسۆگەر کراوە؟
لە چینیش تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ ژن ٢٠ ساڵە. هەرچەندە یاسای چین
لە هەندێک بارودۆخدا هاوسەرگیریی ئەنجامدراو لە دەرەوە هەڵدەسەنگێنێت،
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەسەڵاتدارانی چین هاوسەرگیرییەکی لەم
جۆرە دەناسنەوە و ڤیزای هاوسەری بە کچێکی ١٦ ساڵ دەدەن؟
پرسیارەکانم بۆ دادگاکان و داواکاری گشتیی کوردستان.
١. ئایا هاوسەرگیرییەکە بە شێوەی فەرمی تۆمار کراوە و مۆڵەتی دادگای
هەیە؟
٢. ئایا تەمەنی هەردوو کەسەکە بە بەڵگەنامەی فەرمی پشتڕاست کراوەتەوە؟
٣. ئایا ڕەزامەندیی ئازادانەی کچەکە و مافەکانی پارێزراون؟
٤. ئایا کۆمپانیاکان وێنە و ناوبانگی کچەکەیان بۆ ڕیکلام بەکارهێناوە و
ئەگەر وایە، بە چ ڕێگەپێدانێک؟
٥. دامەزراوەکانی پاراستنی منداڵ تا ئێستا چ هەنگاوێکیان ناوە؟
منداڵ کاڵای بازرگانی نییە. مافی منداڵ نابێت لە پێناو لایک، ناوبانگ و
پارەدا پێشێل بکرێت.
داوا دەکەم لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی و بێلایەن بکرێت، بەبێ تۆمەتبارکردنی
پێشوەختەی هیچ کەسێک و بە پاراستنی تایبەتمەندیی کچەکە.
______________________________________
سەرچاوەکان:
یاسای مەدەنیی چین (ماددەی ١٠٤٧).
یاسای پەیوەندییە مەدەنییە
بیانییەکانی چین (٢٠١٠).
یاسای باری کەسێتیی عێراق
(١٩٥٩ و هەموارکردنەوەکانی ٢٠٢٥).
یاسای ژمارە ١٥ی ٢٠٠٨ی
هەرێمی کوردستان (ماددەکانی ٥ و ٦).
یاسای هاوسەرگیریی فینلەندا
(٣٥١/٢٠١٩).
|