په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

هاوشێوەى نامەیەک یان نیمچە نامەیەک.

بۆ...........................؟!


بۆ ئەوەى ریتمى دنیاى هێمنانەى ئێوە نەشێوێنم، ناچارم لە ناخى خۆمەوە، زۆر بەکپى، خامۆشانە، تەنانەت لەدەرەوەى دنیاى دەنگەکان، بڵێم: ئەم کاتەتان باش؟!...


دەشزانم گەورەترین گرفتى ئێمە لەوەدایە هیچ کاتێکمان نییە باش بێت، نەشیاوە باشى لەساتەوەختەکانى ئەم زەمەنەدا ببینینەوە.


دوا نامەتان زۆر کارى تێکردم و ویستم لەڕێى ئەم نامەیەوە بگەینە یەک و پێکەوە رێگەى سەفەرێکى سەیر و سەمەرە بگرینە بەر، بەڵام سەفەر بۆ کوێ؟!...
با وادانێین لەڕێى خەیاڵ و وێنە زەینییەکانمانەوە سەرەتا دەگەینە لاى " ئەمیل سیۆران"، ئەو نووسەرە سەیرەى کەدەڵێت:" من ماکبێسم".. دیارە لەخۆڕا وا ناڵێت و وەک خۆى دەڵێت:" من خۆم بەماکبێس بەراورد دەکەم هەرچەندە کەسم نەکوشتوە؟!.. بەڵام لەناوەوە هەڵگرى هەمان ئەو چەشنە ژیانەم کە ئەو تێیدا ژیاوەو ئەوەى کە ئەو گوتویەتى منیش دەتوانم بڵێم". ئەم نووسەرە دەستبەردارى زمانى زگماکى خۆى بوو لەنووسینداو دەستیدایە نووسین بەزمانى فەڕەنسى، وەک دەڵێت: " نووسین بەزمانێکى بیانى ئازادبوونە، رزگاربوونە لەڕابردوو".


دیارە ئەوەى کەدەمانکوژێت، یادەوەریى و ساتەوەختەکانى رابردووە بەهەموو شێوەو شکڵەکانییەوە، بەهەموو دەنگ و سەداو وێنەو دیمەنەکانییەوە، چونکە رابردوو هەمیشە ئەو شوێنەیە، ئەو زەمەنەیە کەئێمە تێیدا دۆڕاوین، چونکە ئیدى ئەو شوێن و زەمەنانەمان لەدەستداو لەدەستدانى شوێن و زەمەنیش یەکێکە لەکارەساتە گەورەکان.. ئیدى هێدى هێدى بەتەمەنتر و بەتەمەنتر دەبین و لەویش موسیبەت تر مەرگە، مەرگێک کەناخۆشترین ساتى بۆگەنکردنمانە، چوونە ژێر گڵ و راکشانى ئەبەدیمانە، نەبینین و نەبیستن و هەستنەکردن و لەدەستدانى هەموو شتەکانمانە.. ئیدى بۆ هەین و ئاستەمە کەس لەحیکمەتى بوونمان حاڵى بێت، وەک سارتر دەڵێت:" هیچ مانایەک لەوەدانییە کەبژین و پاشان بمرین؟!"..


بێگومان لەم دنیایەدا گەڕان بەشوێن هیوادا زەیفێکى گەورەیە، خۆ هەڵخەڵەتاندنێکى بێوێنەیە، ئێمە بەتەواوى نغرۆى عەبەسێکین کەناوى ژیانە.


بابچینەوە بۆ لاى "ئەمیل سیۆران"، ئەم نووسەرە لەماوەیەکى ژیانیدا کاتێک لەشوێنێکدا دادەنیشت کورسییەکیشى بۆ"شکسپیر" دادەناو چاوەڕێى هاتنى دەکرد، تەنانەت جارێکیان بەگژ برادەرێکى خۆیدا چۆبووە کەویستبووى لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت، کەتایبەتە بە"شکسپیر"، تەنانەت بەتووڕەیییەو گوتبووى:" تۆ شکسپیرى؟!".


رەنگە هەبێت پێى وابێت کەلەوانەیە ئەو پیاوە شێت بووبێت، بەڵام ئەو زاتە یەکێکە لەبیرمەندە بەتواناکان و ئەوەى کەکردوویەتى تەنها لەوەوەیە کەئەو کەسێکى یاخییەو قایل نییە بەهیچ پێودانگێکى تەقلیدى و ئەمەش لەبونیادى پسکیۆلۆژى ئەو پیاوەدا مەوجودەو لەیەکەمین کتێبیدا بەچەشنێک هێرشى کردە سەر مەسیحییەت، کەسەرەتا بەئاستەم پاش رەفزکردنى کتیبەکەى لەلایەن دەزگاکانى بڵاوکردنەوەوە، شوێنێکى چنگ کەوت بۆى چاپ بکات، لەکتێبەکەیدا باس لەزۆر شت دەکات لەهەموویان سەیرتر باسکردنێتى لەحەزى خۆى بۆ لەباوەشگرتنى راهیبەکان و زۆر شتى تر کەکەم کەس هەن بتوانن خۆیانى لێبدەن، بەتایبەت کەخودى ئەو لەخێزانێکى ئایین پەرەوەرى مەسیحیدا گەورەبووە، بەڵام هیچ کاتێک بەیەقینەوە نەیڕوانیوەتە ئەوەى کەلەبارەى ئایینەوە دەگێڕدرێتەوە.


هەوڵدانى بەردەواممان بۆ ئازادبوون، وتەیەکى "بودا"م بیردەخاتەوە کەدەڵێت:" ئازادبوونى تەواو بەواتاى ئازادبوون لەهەموو رزگارکاران دێت".


ئێمە لەنێو بێدەنگییەکى فیساگۆریى زۆر سامناکدا دەژین، لەزەمەنى کوژران و لەخاچدانى خەیاڵ و میسۆبییەتدا دەژین.. ناچارین بڕوانینە هەلوەسەى هەموو ئەوانەى لەدنیا تێناگەن، ئەگەر خەون بینینمان سەرەتاى وەئاگاهاتنەوەمان بێت، ئەوە شوێنێک نەماوە خەونى تێدا ببینین، هەوڵدانى ئێمە بۆ نزیک بوونەوە لەو مەجهولەى کەدەمانەوێت، گوتەیەکى غەزالى- یم بیردەخاتەوە کەدەڵێت: " لەدواى هەموو نزیکییەکەوە نزیکییەکى تر هەیە، گەیشتنە دوا پلەکانى نزیکیش مەحاڵە".


سەبارەت بەزۆرێک لەتێکست و نووسینە جددییەکان، ئەگەر لەسەرەتاشدا وەک گەمەیەک هاتبێتنە پێش چاو، بەڵام رەنگە دواجار دەرئەنجامى ئەو گەمەیە بۆ نووسەرەکەى زۆر تراژیدیى بووبێت، دەسەڵاتدارێکى بەڕەچەڵەک مەغۆلى متەسەوفى وەک"دارا" کاتێک کتێبى " بەیەکگەیشتنى موحیتەین" ى نووسى و لەدوو توێى کتێبەکەیدا داواى یەکبوونى ئایینەکانى کردو گوتى لەبنەڕەتدا هیندۆسییەت و ئیسلامییەت یەکن، نەیدەزانى هەر خودى"ئۆرانزیپ" ى براى خۆى کە کەسێکى سەلەفیى ئیسلامى بووە، لەسەر ئەو کتێبە دەیکوژێت و پێش کوشتنیشى بۆ ریسواکردن و رەجمکردنى بەڕووت و قووتى لەسەر فیلێک بەنێو شاردا دەگێڕێت.


پێوەندى نووسین و خوێن رژان پێناچێت چارەسەرێکى هەبێت، بەتایبەت لەمڕۆیەکدا کەزەمەنى باڵادەستبوونى "فەنەتیک"ەکەکانە، وەک "پیرکینیسۆن" دەڵێت:


" فەنەتیک دۆگماتیکە، فەنەتیک- کەکان تیۆریى و ئایدیۆلۆژیا و بیرو بۆچوونى خۆیان پێ راستە.. ئەوانە جاهیلن".


ئیدى لەنێو جەهلى چەندینى وەک ئەواندا هەین و دەژین، نووسین یەکێکە لەو نهێنییانەى کەسانا لێى حاڵى نابین و رەنگە نەزانین بۆ دەنووسین؟!.. گەرچى هەن دەزانن بۆ دەنووسن، وەک ئەم نووسەرە تەقلیدییە مەغریبییەى کەناوى" سەعید ئاحبات"ە و سەبارەت بەکردەى نووسین دەڵێت:


"نووسین لەبەرانبەردا خۆشەویستى خەڵکیت پێدەبەخشێت، دەبێتە مایەى زیاد بوونى هاوڕێکانت و جوانى نووسینیش لەمەدایە".. دەبێت چەند نووسەرى ئاوا لاى خۆمان هەبن و ئاوا لەنووسین حاڵى بووبێتن؟!.. ئەمە تەنها تێڕوانینى " سەعید ئاحبات" نییە، هەن گەرچى دەرینابڕن، بەڵام نووسین هۆکارێکە بۆ گەیشتنە ئامانج و دەسکەوتێکى شەخسى، یان تەنها هۆبیی و هەوڵدانە بۆ شوێن داگیرکردن، هەوڵدانە بۆ بوونە ناو و زۆر شتى تر.. دیارە ئێوەش پێتان وایە تێڕوانینێکى ئاوا بۆ نووسین، سەقەت و نوقسان و ئیفلیجە، بەو پێیەش ناشیرینە وەک هەر ناشیرینییەکى دیکەى ئەم دنیایە.


"خوان رۆلفۆ" بۆچوونێکى جوانى سەبارەت بەخۆى هەیە، دەڵێت:" زۆرجار وابیر دەکەمەوە کەمن نیم؟!".. ئەم نووسەرە پاش نووسینى"کۆردیلیرا"، کاتێک زانى ئەو جددیەتەى تێدا نییە کەئەو مەبەستییەتى و بەتێڕوانینى خۆى جوان نییە، تێکستەکەى دڕاند و ئیدى زانى لەبەردەم دەرکەیەکى کڵۆم دراودایەو چیدى هیچى دیکەشى نەنووسى. بەڵام لاى ئێمە گرنگ نییە نووسەر چى دەنووسێت؟!.. گرنگ ئەوەیە تا دوا نەفەسى ژیانى بەردەوام بێت و ئیدامە بەناوى خۆى بدات، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو شەڕ لەسەر پێشەنگێتى خۆشى بکات و هیچ کاتێکیش ئامادە نەبێت لەسەر ئەو عەرشە وەهمییەى کەئەو پێى وایە تەنها خۆى بۆى هەیە لەسەرى دابنیشێت بێتە خوارەوە. هەوڵدانى میکاڤیلییانە بۆ پاراستنى ناو، نەرجسیەت تێپەڕدەکات.. کەسێک ئەگەر جدیەتییەکى هەبووبێت لەنووسیندا، ئەوە باش دەزانێت دەبێت لەڕۆژگارێکدا بۆخۆى رابوەستێت، نەک پاش خڵەفانیشى هەر بەردەوام بێت؟!.


لەکاتێکدا سەرقاڵى نووسینى نیمچە یان هاوشێوە نامەکەم گوێشم لەسترانێکى " باربارا کارلۆتى" یە، یەکێکە لەو ستران بێژە فەڕەنساییانەى حەزم بەگوێبیستى دەنگێتى، ئەم هونەرمەندە پێش ئەوەى هۆنراوەى گۆرانییەکانى بنووسێتەوەو دواتریش ئاوازیان بۆ دابنێت، هەر ئەوەندەى بیرۆکەکەى بەخەیاڵدا هات سەرقاڵى نیگارکێشان دەبێت و پاشان هەر خودى ئەو نیگارانە دەکاتە سەرەتاى ئەوەى کەدواتر لاى ئەو دەبێتە گۆرانى، ئەم جۆرە جدییەتە لەکارکردندا سەرسامم دەکات..


دەبێت ئەوەش بڵێم هەر وەک چۆن پاش تەواو بوونى گۆرانییەکانى"باربارا کارلۆتى" هیچ هەست ناکەم کەتەواو بووە، ئاواش پاش تەوابوونى ئەم هاوشێوەى نامەیە، یان نیمچە نامەیە، هەست ناکەم تەواو بووە، راستیەکەى بیرکردنەوە لەتەواو بوون نیگەرانم دەکات، بۆیە وایدادەنێم کەئەمە یەکەمین بەشى نیمچە نامەو هاوشێوە نامەیەکى درێژەو من لەمڕۆدا هەر ئەوەندەم پێنووسرا، بەهیواى بەردەوام بوون و پێک گەیشتنەوەیەکى دیکە لەگەڵ ئەم کۆپلە شیعرییەى "بیکیت"دا جێت دەهێڵم:


  بچۆرە ئەوێ و کۆتایى بێنە ''
بەڕۆژێکى خۆش
لەوێ تا ئەم کاتەش نەبووە
هێندەى کەبگوترێت
لەکوێ ببێت، باببێت؟!
'' !چ کاتێک بێت، باببێت؟
 

   هەردەم ئازیزن                                        


یوسف عیزەدین