١١\٧\٢٠٢٤
هەڵبژاردنەکانی
ئێران و پەیامەکانی!

نوری بەشیر
کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆککۆماردا سەخترین
کاتەکانی خۆی بەسەربرد. کێشەکانی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتدا بە ڕادەیەکی
بەرچاو توندبوونەوە. دەسەڵاتی بۆرژوازی ئیسلامی و سیاسەتی ولایەتی
فەقیە ٤٥ ساڵی دەستی لە سەرکوت، راونان، زیندانی، ئەشکەنجە و سێدارە
نەپاراستووە. بە رژێمی سەد هەزار زیندان و سێدارە ناسراوە. دڕندانەترین
یاسای دژی ژنانی بەڕێوەبردوە و بە رژێمێکی دژە ژن ناسراوە! بەڵام
سەربارەی هەموو ئەو دڕندایەتییە نەیتوانی خەڵک بێدەنگ بکات و
ناڕەزایەتیەکانیان خەفە بکات. هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی کۆمار،
لە دوای خرۆشانێکی فراوانی جەماوەری دێت کە بە شۆڕشی ژینا ناودەبرێ و
تەلاری دەسەڵاتی ئیسلامی لەرزاند! بۆیە سەرباری سەرکوتی دڕندانەی ئەو
خرۆشانە جەماوەرییە لە رێگای زیندانیکردنی هەزاران خۆپیشاندەر و کوشتن
و لەسێدارەدانی دەیان کەسیان، بەڵام گیانی ئەو ناڕەزایەتی و
بەرەنگارییەی خەڵك لە بایکۆتی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
کۆماریدا خۆی بە شێوەیەکی درەخشان نواند و خەڵکی ئێران "نا" یەکی
گەورەیان لە ناوچەوانی ئەو رژێمە دڕندەیە دا! "نا"یەکی گەورە بۆ
دەسەڵاتی ولایەتی فەقیە و سوپای پاسداران و هەموو دەسەڵات و باڵە
جیاوازەکانی بۆرژوازی ئیسلامی ئێران، لە ریفۆرمخواز و میانەڕەو و
توندڕەویانەوە!
تاقیکردنەوەی ئەمجارەی هەڵبژاردن سەرباری هاتوهاوار و پروپاگەندەی
هەموو باڵەکانی بۆرژوازی ئێران و میدیایەکانیان بۆ هەڵبژاردن و هاندانی
خەڵك بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لە گەڕی یەکەمدا لە لایەن خودی
ڕاگەیاندنەکانی رژێمی ئیسلامیەوە بە رێژەی ٤٠٪ی ژمارەی دەنگدەران
راگەیەندرا، ئەگەرچی چاودێرانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و بەشێک لە
میدیای جیهانی، بەکەمتر لە ٣٠٪ مەزەندەیان کرد! ئەوە وایکرد کە سەرانی
رژێمی ئیسلامی ترسیان لێبنیشێت و خودی خامەنەیی لە خەڵك بپاڕێتەوە کە
بەشداریی هەڵبژردن بکەن، گوایە حکومەت دەبێ خەڵك هەڵیبژێرێت و ئەگەر
خەڵك بەشداریی نەکەن ئەوا ئەو کارە ناکرێ! سەرەنجام لە گەڕی دووەمی
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، بە رێنمایی عەلی خامەنەیی رابەری باڵای رژێم،
لە نێوان دوو بەربژێری سەرۆکۆماردا، مەسعود پزیشكیان وەک باڵی
ریفۆرمخواز و سەعید جەلیلی وەک باڵی توندڕەو، لە رێگای گفتوگۆی
تەلەفزیۆنییەوە هەوڵیاندا کەشوهەوای هەڵبژاردن گەرم بکەن، وا نیشانبدەن
کە ئەگەر دەنگ بدرێ بە مەسعود پزیشکیان، ئەگەری ئەوە هەیە کە
گۆڕانکاریی لە زۆر پرسی گرنگی ژیان و گوزەران و تەنانەت مافە
سیاسیەکانی خەڵکدا رووبدات، ئەوە سەرەڕای ئەگەری کرانەوە بە ڕووی
رۆژاوا و ئەمەریکا و ئومیدی کەمکرنەوەی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر
خەڵکی ئێران کە بە هۆی گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکاوە، ژیانی خەڵکی
ئێرانی بەرەو وێرانیی و هەژاریی رەها بردوە. بەو جۆرە هەوڵیاندا لە
جەرگەی توندکردنەوەی پڕوپاگەندەی نێوان باڵی ریفۆرمخواز و باڵی
توندڕەودا، بتوانن بەشێکی زیاتر لە خەڵك ڕابکێشنە ناو گاڵتەجارییەی
هەڵبژاردنەکەیانەوە.
ئەوەبوو پزیشکیان رەخنەی لە جیاوازی و نایەکسانیی نێوان ژیانی
بەرپرسانی رژێمەکەی و خەڵك دەگرت، باسی نەرمکردنەوەی رێگرییەکان لەسەر
پۆشینی سەرپۆشی زۆرەملێ دەکرد. بۆ نیشاندانی نیازپاکیی رژێمەکەی و
ئاشتکردنەوەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان، پزیشکیانیان ڕەوانەی کوردستان کرد
تا بە زمانی کوردی وتاربدات و بۆ جوولاندنی هەستی خەڵک بڵێت بژی
کوردستان! باسی ئەوەی دەکرد کە دەستی ئاشتی بۆ هەمووان درێژدەکات، چ لە
ناو خۆی وڵات و چ لە دەرەوە! بەو جۆرە ئەوە نیشانبدات کە ئەگەری
شلکردنەوەی کۆتوبەندە سەرکوتگەرییەکانی رژێم دژ بە خەڵك کەمتر بکاتەوە
و تەنانەت دەرگا بۆ گەڕانەوەی نەیارانی سیاسی رژێمەکەی بکاتەوە و تاد...
بەو جۆرە سەرەنجام، لە تاریکستانی رژێمی ئیسلامیدا، توانییان رێژەیەکی
دیکەی خەڵك بەو ئومێدەی هێندەی سەردەرزیەك گۆڕانکاریی بکرێ و بەشێکی
یەکجار کەمیش لەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن، بەشداریی پێبکەن! بە تایبەتی
کە ئێستا رژێمی ئیسلامی پێویستی بەو جۆرە لە پروپاگەندە و هەنگاونان
هەیە، چونکە رژێمەکەی لەوە پتر ناتوانێ بە شێوازی کۆن بەرگەبگرێ و
رووبەڕووی ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و
حکومەتییە ببێتەوە.
ئەم باڵانەی کۆماری ئیسلامی ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەوەیە رێگایەکانیان
بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتە لەو قەیرانە قووڵەی کە یەخەی بە هەموو دەسەڵاتی
بۆرژوازی گرتوە، ئەوەی کە دەیانەوێت ئەندێشەی خۆش لە ناوخۆی ئێران و
ئاستی جیهاندا دروستبکەن، بەوەی کە پزیشکیان ریفۆرمخوازە و ریفۆرم و
ئاڵوگۆڕ، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەکات، شتێك نییە بێجگە لە
ئەرکێکی نوێی ڕابەری باڵای رژێمەکەی لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی
ئێستای ئێراندا، کە ئامانجی راگرتن و پاراستنی رژێمی ئیسلامی لە دەستی
تووڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و لاوان و ژنانی
ستەملێکراو و بێمافکراوی ئێران!
گومان لەوەدا نییە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ریفۆرمی بنچینەیی کە
ژیانی خەڵك باشبکات هەڵناگرێت، ئەوەی پزیشکیان وەک سەرۆککۆمار بە بێ
ئاگاداریی و رێگەپێدانی خامەنەیی هیچ ئاڵوگۆڕێک، چەندە بچووکیش بێت
ناتوانێت دەستی بۆ ببات، چونکە ئەوەی هەمەکارەیە لە رژێمی ئیسلامی
ئێراندا، خامەنەییە نەك حکومەت و سەرۆککۆمار. خامەنەیی ڕابەری رژێمی
ئیسلامیە، کە هەموو دەزگایەکانی رژێم بە حکومەت و سوپای پاسداران و
ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندیی رژێم و... تاد. دەستنیشان دەکات.
رژێمی ئیسلامی تووشی قەیرانێکی کەمەرشکێنی ئابووریی هاتوە کە
ناڕەزایەتی فراوانی کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەوڕوو کردونەتەوە و رۆژانە
یەخەی دەسەڵاتەکەیان دەگیرێت لەناوخۆی ئێراندا. پایەی رژێمەکەی لەسەر
ئاستی ناوخۆ لەسەر بنەمای سەرکوت و کوشتار و زیندانی و سێدارە
دامەزراوە، لەسەر بنەمای سەرکوتی هەر جۆرە مافێکی سەرەتایی مرۆڤ
دامەزراوە، لەسەر بنەمای سەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملێ دامەرزاوە، کە
سادەترین کرانەوەو ریفۆرمی سیاسی و ئابووریی و کەلتووریی و فەرهەنگیی،
پایەی رژێمەکە لەقتر دەکات. لەسەر ئاستی ناوچەکەش دەستی بە چەند هێزی
ئیسلامی تیرۆریستی نۆکەری خۆیەوە گرتوە کە بەشێکن لە نائارامیی و
سەپاندنی ئاژاوەگێڕیی و بێمافیی و کۆنەپەرستیی لە ناوچەکەدا، لەوانە
حوسیەکان، فاتیمیەکان، میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، حزبوڵای لوبنان و
تاد. ئەمانە بەشێكن لە پایەکانی ڕاگرتنی دەسەڵاتی ئەم رژێمە هارەی
ئیسلامی سەرمایە و پێگەی لە ناوچەکەدا، بۆیە ناتوانێ دەستبەرداری
ئەمانە بێت، بۆ ئەوەی دەستی ئاشتی و دۆستایەتی بۆ ناوچەکە درێژبکات!
هەروەها لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوادا کێشەی چەکی ناوەکیی و
گوشارەکانی گەمارۆی ئابووریی رووبەڕووە، ئەو فایلەش فایلێکی پێچیدەیە و
پێناچێت بەو زووانە بە جێگایەك بگات کە گوشارە ئابوورییەکان و گەمارۆی
ئەمەریکا لەسەر ئێران لابەرێت! هەموو ئەمانە ئەو گرێوگۆڵ و رێگرییانەن
کە رووبەرووی ئەو بانگەشەیەی رژیم دەبێتەوە بۆ کرانەوە و درێژکردنی
دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان!
بەڵام سەرەڕای ئەوانەی باسکران، رژێم ناچارە و دەبێت بە دوای ئەم
هەڵبژاردنانەدا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەندێ هەنگاوی بە ئاقاری
هێورکردنەوەی گوشارەکان لەسەر رژێمەکەی هەڵگرێت، چونکە بوار بۆ ئەوە
نەماوەتەوە کە رژێم بەو شێوەیەی تا ئێستا ئەنجامی داوە، درێژە بە
دەسەلاتی بدات، بۆیە دەستی بۆ گوایە باڵی ریفحۆرمخواز بردوە، تا وەکو
رەخنەگرێکی شێوازی حکومڕانی پێشوو دەربکەوێ و دەرگایەك بۆ خودی رژێمی
ئیسلامی بکاتەوە تا پاشەکشەیەکی شەرمنانە بەرامبەر بە خەڵک بکات.
بەڵام ئاستی پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی بە دوای هەڵبژاردنی ئەمجارەدا،
بەندە بە هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەیە کە سەراپای کۆمەڵگای ئێرانی
داگیرکردوە، بە تایبەت لە سەرووی هەموویانەوە ناڕەزایەتی کرێکارانی
بەشە جۆراجۆرەکانی ئێران و ناڕەزایەتیەکانی ژنان، کە رۆژانەییە و یەخەی
ئەم رژێمەی بەردەوام گرتوە، ئیتر ئەم ناڕەزایەتیانەیە کە بڕیاردەدات تا
چەندە خامەنەیی و رابەری دەسەڵات لە ئێراندا، بواردەکەنەوە تا پزیشکیان،
ئەوەی بۆی دیاریکراوە لە کرانەوە بە رووی هەموواندا جێبەجێی بکات!
تەمووزی ٢٠٢٤
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|