٧\١٠\٢٠٢١
ھەڵبژاردن یان
فریودانی خەڵک؟

ئهحمهد رهجهب
لەو رۆژەوە بریاردرا ھە ڵپژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکرێت حیزبەکانی
دەسەڵات بە پارەو قوتی خەڵکەوە کەوتوونەتە بانگەشەو دابەشکردنی پاداشت
وخەڵات لە دەمانچەو لاپتۆپ و کارتۆنە خۆراکی ئێکسپایری وڵاتان و لە
ھەمووی سەیرتر کیسە ئاردیش بێبەش نەبووە لەو خەیراتەی دەسەڵات.
بەرپرسانی حیزبەکانی دەسەڵات ھێزیانداوەتە بەر خۆیان و لە قاوغی ترس
دەرباز بوون فێری تەقلەبازو باڵە فرین بوون لە کۆشکەکانیان چوونە
دەرەوەو روویانکردە شارەکان و دەستیانکردە درۆو دەلەسەو ھەرچی بکەن
جێی متمانەو بەڵین نین چونکە لە رابردوودا بەڵێنی گەورەو قەبەیاندا
بەڵام راستگۆ نەبوون و، بێ لە ئەندامەکانی خۆیان کەس پێشوازی لێنەکردن.
لە رووی راگەیاندنەوە دریغی ناکەن و ھەرچیان ھەیەو نییە خستوویانەتە
گەرو بەوانەی خۆشیان نەوەستاون بەڵکو دەستیان بە کرینی کەناڵە سەربەخۆو
کۆمەڵاییەتییەکان و، کرینی رۆژنامەنووس و کەسانی رۆشنبیری چاوچنۆکی (
موستەفید) لە وەرگرتنی ئۆتۆمبیل ، زەوی و خانوو تا ئەگاتە کارتۆنە
خۆراکی ئێکسپایەرو، حێی ئاماژەیە حیزبەکانی دەسەڵات خاوەنی سەدان
ئیزگەی رادیۆ ، ویستگەی تەلەفەزیۆن ، ستەلایت و رۆژنامە وماڵپەرن و ،
تا ئێستا دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان نەیتوانیوە و ناتوانێت
لێپێچینەوە لەوە بکات ئەم حیزبانەی دەسەڵات چۆنچۆنی بوونەتە خاوەنی
دامەزراوەکانی راگەیاندن و، ئەو پارە زۆرەی بۆیان تەرخانکراوەو، ئەوەی
جێی سەرسورمانە سەرۆک ھەرێم و سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی خاونداریتی
بەشێکی زۆری ئەو دەزگانە ئەکەن.
نازانم ئەم بەرپرسانە بەڵێنی چی بە ھاوڵاتیان ئەدەن. ؟ بەڵێنی موچە ،
موچەی کوردستان ھەموو سەری مانگێک فەرمانبەران وپێشمەرگە و خەڵکی تریش
تووشی دڵەراوکی و شۆک ئەکات و، قەوانە سواوەکەی حکومەت لێئەدرێتەو ئایا
بەغدا پارە رەوانەی کوردستان ئەکات یان ناکات ! و، ئەمە لە کاتێکدایە
پارەی ھەرێم گەر نەدزریت بەشی ھەموو شتێک ئەکات.
بەڵێنی چە ئەدەن؟ کارەبا ، وا (٣٠) سی ساڵە حکومەت دۆش داماوەو ھیچی پێ
ناکرێت لە درۆ زیاترو جێی وەبیرھێنانەوەیە پێش ـ ٩ ـ ساڵ بەرپرسێکی
گەورە ( زۆر زەبەلاح) وتی : لە پاش ساڵێک ئەگەر کارەبامان بۆ میللەت
ئامادە نەکرد واز لە بەرپرسیارێتی ئەھێنم بەڵام کارەبا نەھاتوو کاکی
بەرپرس درۆیەکی زلی کردو بۆ چەند ساڵێک لە حیزبەکەی تۆراو پاشان بۆ
ئەوەی دەستکەوتەکانی نەفەوتی و بیپارێزێت گەرایەوەو ئیستاش ھەر لە
پەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەیەتی.
کاتێک نێچێرڤان بارزانی پێش چەند ساڵێک سەرۆک وەزیرانی حکومەت بوو وتی
ھەولێر ئەکەینە دووبەی! بەڵام ھەولێر بوو بە تکساس و بەبەرچاوی
ھاوڵاتیانەو لە سەر ترافیک لایت ھاوڵاتییەکی بێ تاوان درایە بەر
رێژەنەی دەمانچەو، کابرای بکوژ ئازادانە ئەسورێتەوە چونکە خزمێکی
ئەندام سەرکردایەتییە لە حیزبێکی گەورە!!!
بەڵێنی چی ئەدەن؟ ھەولێر پایتەختی کوردستان لە بێ ئاوی خنکان و، ھاواری
ژنی بەساڵاچوو منداڵان لە ھەموو گەرەکانی ھەژاران بەرزئەبووەوە داوای
ئاویان ئەکردو، بەرپرسان بێشەرمانە ئەڵێن ئێمە ھاتووین بۆ ئەوەی خزمەتی
ھاوڵاتیان بکەین بەڵام ھاوڵاتیان لە ھەموو قۆڵێکەوە گاڵتە بە
بەڵێنەکانیان ئەکەن.
لە عێراق بەرپرسێکی باڵا ئەڵێت : ئەم ھەڵپژاردنە کە لە پاش چەند رۆژێک
بەرێوەئەچێت رووداوێکی مێژوویی گرنگەو بارودۆخی عێراق بەرەو چاکسازی
ئەبات و، ئەمە لە کاتێکدا محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق ( پەرلەمان) لەباتی ئەوەی داوا بکات تورکیا لە خاکی
کوردستان وعێراق بچێتە دەرەوە سەردانی روورەشی فاشیست رەجەب تەیب
ئەردۆکان ئەکات و ھەروا بەعسی روورەش خەمیش ئەلخەنجەری شەلاتی بە ناوی
ئەمیندارێتی پرۆژەی عەرەب ئەڵێت کۆبوونەوەیەکی میژوویمان ئەنجامدا.
ھیچ پارتێکی کوردستانی لە بانگەشەکانیاندا ناوێرن داوا بکەن
جەندەرمەکانی تورکیا برۆنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و دەست لە داگیرکردنی
کوردستان ھەڵگرن و، نازانم ھەڵپژاردن لە ژێر چەتری تورکیای رەگەزپەرست
مانای چییە؟ حکومەتی کوردستان ناوێرێت بە ھیچ شێوەیەک سەرکۆنەی
دەستدرێژی و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئیران بکات.
بەڵێنی چی ئەدەن؟ قوتابخانەکان بوونەتە وێرانە، بە زستان سەرما و بە
ھاوین لە بەر گەرما ھەر قوتابییەک پارچە مەقەبایەکی بەدەستەوەیەو
باوەشێن ئەکات و منداڵانی بەرپرسان قەمچان بە دۆلارەوە ئەکەن و بەو
شێوەیەش قوتابخانەو زانکۆ تەواو ئەکەن و، لە بەر بێ ئیشی روو لە
ھەندەران ئەکەن.
بەڵێنی چی ئەدەن؟ ئێوە ناتوانن مامۆستایانی وانەپێژ دابمەزرێنن و،
ئەوەندە درۆتان کردووە کەس باوەری بە ئێوە نەماوە.
بەڵێن مەدەن وھەولێرو شارەکان بپارێزن و ، واز لە درۆ بێنن خۆڵ مەکەنە
چاوی خەڵک و، شارەزایانی بواری سەربازی لە ھاوپەیمانێتی وڵاتان دژ بە
داعش ئەڵێن لە ساڵی ٢٠١٤ ئەو ھێزەی لە شەنگال بوو نەیتوانی ئێزدییەکان
بپارێزێت ولە ئێستاشدا مەترسی لە سەر ھەرێمی کوردستان زۆرە ھەرچەندە
خاوەنی ھێزێکی زەبەلاحە بەڵام توانای نییە ھاوڵاتیان و خاکەکەی
بپارێزێت و ھۆکارەکانی ئەگەرێتەوە بۆ گەندەڵی و دزی و پشتگوێخستنی ھێزی
پێشمەرگە و، ھەر لەو سونگەیەوە لە مانگی رابردوو لە ٢٤/٩/٢٠٢١ لە
ھەولێر پایتەخت ـ ٣١٢ ـ کەس لە بەعسیە خوێرێژەکانی رژێمەکەی سەدام
حوسەین و سەرۆک ھۆزو عەشیرەتەکان کۆنگرەیەک بەستراو لە ھەمووی سەیرتر
سەرانی ھەرێم وتیان ئێمە ئاگامان لێی نییەو ئەوانە لە ئوتێلێک
کۆبوونەتەوە و، ئەوەش بووەتە جێی پێکەنین و گاڵتەجاری، ٣١٢ کەس لە
ئوتێایک خرئەبنەوەو ئاسایش و پۆلیش ئاگایان لێی نییە.
شتێک پیویستە بوترێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان خەڵکی سڤیلی بی تاوان کە
داوای موچەی خۆیان کردووە ئەداتە بەرشەق و لە زیندانەکان توندکردووە
بە توومەتی سیخوری و ئەمەش درۆیەکی شاخدارە و، ئەو کەسانە دوورن لەو
تومەتە خراوەتە پاڵیان و پیویستە سەروەری دادگاکان بپارێزرێت و، حکومەت
بوێر بێت گەلی کوردستان ئاگادار بکات و بڵیت ئەو کەسانە پەیوەندی یان
سۆزیان لە گەل پارتی کرێکارانی کوردستان ھەیەو نابێت چیتر خەڵک چەواشە
بکات و، دیارە ھەرچی خراپەکارییەک تورکیا ئەیکات ئەخرێتە ئۆباڵی پ.ک.ک.
چیتر درۆ مەکەن و بەڵێن مەدەن و، ئێوە شایستەی ئەوە نین ھەرێمی
کوردستان بەرێوە ببەن و گەلی کوردستان لێتان توورەیەو گلەیەکانیان
کەڵەکەی کردووەو ئەگەر بتەقێتەوەبەبی شک بەرپرسان رائەمالێنێت ، لە
وڵاتان حکومەتێک شکست بێنێت دەست لەکارئەکێشیتەوەو لە کۆتاییدا پیویستە
بڵێن نا بۆحیزبەکانی دەسەڵات ،شەق و تێھەڵدان و بە ناو دادپەروەری
زیندانیکردنی ئازادیخوازان.
٧\٩\٢٠٢١
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|