|
١٤\٥\٢٠٢٦
عەجاج، پاشماوەی
برسییەتی لە تەڵەی کاتدا.

ئەرسەلان مەحمود
ساڵی ٢٠١٣، لە دادگایەکی گواتیمالادا، تۆمەتبارێکی تەمەن ٨٧ ساڵ-
ئێفرایم ڕیۆس مۆنت، دادگایی کرا. ئەمە ٣٠ ساڵ دوای ئەوەی ناوبراو وەک
سەرۆکی وڵات، فەرمانی کۆمەڵکوژکردنی پێنج هەزار کەسی لە گەلی ئیکسیلی
مایا'دا دابوو. دادگاییکردنەکە ٨٠ ڕۆژی خایاند؛ ٢٠ شایەتحاڵ یەک لە
بەدوای یەکدا، باسیان لەوە کرد چۆن منداڵەکانیان لە ثێشچاوی خۆیان
سەربڕدراون، گوندەکانیان سووتێنراون و خۆیان مانگانێکی زۆر لە شاخ و
کێوەکاندا بە برسییەتی ماونەتەوە.
مۆنت سەرەتا بە ١٨٠ ساڵ زیندانی حوکم درا، بەڵام تەنیا حەوت ڕۆژ دواتر،
دادگای باڵا بە بیانوویی شەکڵیی یاسایی، حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە. سێ ساڵ
دوای ئەوە، مۆنت لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا و پێش ئەوەی دادگاییکردنەوەکەی
دووبارە بکرێتەوە، مرد. دواجار نە حوکم درا و نە بێبەری کرا؛ لە
بەرزەخی نێوان دوو دادگاییدا مرد. ئەمە ڕێک ئەو ئەنجامەیە دادپەروەریی
دواکەوتوو، بەرهەمی دەهێنێت.
دیارە، عەجاج ئەحمەد حەردان نە بە تەواوی لە ڕیۆس مۆنت دەچێت و نە لە
ئەدۆڵف ئەیشمان. جیاوازە لە مۆنت چونکە ئەو سەرۆک نەبوو، بەڵکوو تەنها
بەڕێوەبەری زیندانێک بوو. جیاوازە لە ئەیشمان، چونکە ئەیشمان لە پشت
مێزەکەیەوە بڕیاری ناردنی شەمەندەفەرەکان و مرۆڤەکانی دەدا و ڕووبەڕوو
قوربانییەکانی نەدەبینی، بەڵام عەجاج بۆ چەندین مانگ، نەک هەر
ڕووبەڕووی ئەو سێ هەزار زیندانییە بوو خەریک بوو لە برسییەتیدا دەمردن،
خۆی جێبەجێکاری میکانیزمەکە بوو.
عەجاج لە نێوان ئەم دوو نموونە جیهانییەدا جێ دەگرێ؛ ئەو جەلادەیە نە
سەرۆکێکی دوورەدەستە و نە بیرۆکراتێکی پشت پەردە، بەڵکوو بەڕێوەبەری
شوێنی تاوانەکە بووە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئازاری قوربانییەکانیدا ژیاوە.
عەجاج لە دانپێدانانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح، بێ هیچ هەستکردنێک بە
تاوان، ئاماژە بە ڕاستییەکی ترسناک دەکات: لە ماوەی دە مانگدا، یەک
لەسەر سێی زیندانییانی نوگرەسەلمان بە برسییەتی گیانیان لەدەستداوە و
ئەمەشی وەک ئامرازێکی کوشتنی بەکۆمەڵ بەکارهێناوە، ئامرازێک هیچی لە
بۆردومانی فڕۆکە کەمتر نەبووە. ئەو زمانەی عەجاج پێی دەدوێت، زمانێکی
تەواو تەکنیکیی-سەربازییە نەک زمانی پەشیمانی؛ ئەمەش خۆی گەورەترین
بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەنفال جینۆسایدێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بووە، نەک
لێکەوتەیەکی هەڕەمەکیی شەڕ.
ئەو پرسیارە جەوهەرییەی لێرەدا دەبێ بوروژێنرێت، دەربارەی کەسی عەجاج
نییە، بەڵکوو دەربارەی ئەو ٣٧ ساڵە بێدەنگییەیە دەکەوێتە نێوان
تاوانەکە و دادگاییکردنەکە. ئەم ماوە درێژە، کاتێکی بەفیڕۆچووی بێمانا
نییە، بەڵکوو زەمەنێکی سیاسی-فکرییە و ئێمە تێیدا ژیاوین. مێژوو پێمان
دەڵێ: لە ئەرمینیا ١٠٠ ساڵی خایاند تا جیهان دانی بە جینۆسایدبوونیاندا
نا؛ لە بۆسنیا ١٣ ساڵ تێپەڕی تا کاراجیچ دەستگیر کرا؛ لە چیلیش ١٣ ساڵ
چاوەڕوان کرا بۆ گەڕانەوەی پینۆشێ.
لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، دواکەوتنەکە تەنها کێشەیەکی یاسایی نەبووە،
بەڵکوو گرێکوێرەی فکری و سیاسیی گەلێک بووە نەیتوانیوە ڕووبەڕووی
مێژووی خۆی ببێتەوە. زۆربەی جار قوربانییەکان بە تەنها نەیانتوانیوە
دادپەروەری بەدەستبهێنن، بەڵکوو پێویستیان بە گۆڕانکارییەکی گەورەی
ناوخۆیی، یان ناوبژیوانێکی دەرەکی و یان مەرگی ئەو دەسەڵاتە هەبووە
تاوانەکەی پۆشیووە.
دەستگیرکردنی عەجاج لەسەر ڕاسپاردەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،
لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراقەوە، نەک حکومەتی هەرێم،
سەلمێنەری هەمان ڕاستییە. کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٣وە خاوەنی دەسەڵاتە،
دەستوور و پەرلەمان و پێشمەرگەی هەیە، کەچی نەیتوانی تاوانبارێک
دەستگیر بکات، تاوانبارێک تەنها چەند سەد کیلۆمەترێک لە سنوورەکانیی
دوور بوو. ئەم شکستە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی، ئەمنی یان سیادەیی نییە،
بەڵکوو نیشانەی نەبوونی ئیرادەیەکە ناتوانێ دادپەروەری بکاتە
ئەولەوییەتی نیشتمانی.
ئەنفال لە کوردستاندا بووەتە یادوەرییەکی فەرمی؛ بووەتە مۆزەخانە،
مەزارگە و جلی ڕەشی ١٤ی نیسان، بەڵام نەبووەتە سیاسەتێکی داینامیکی
یاسایی بۆ ڕاوەدوونانی تاوانباران. ئەم بۆشاییەی نێوان بیرهێنانەوەی
سۆزداری و کرداری یاسایی وایکرد عەجاج لە دیمەشق ژیانێکی ئاسایی بەرێتە
سەر، لە کاتێکدا ئێمە لە کوردستان تەنها خەریکی شیوەن بووین بۆ
قوربانییەکانی دەستی ئەو.
فەیلەسووفی فەرەنسی پۆڵ ڕیکۆر چەمکێکی هەیە بە ناوی زۆرگەریی یاد. ئەمە
کاتێک ڕوودەدات گەلێک تەنها خەریکی یادکردنەوە بێت و هیچ کردارێکی
نەبێت. لەم دۆخەدا، یاد دەبێتە چەکێک دژی دادپەروەری، نەک هاوکاری.
کاتێک بەرپرسان لە ١٤ی نیسان بە دڵپڕییەوە لە مەراسیمەکاندا دەردەکەون،
بەڵام لەمە بەدواوە لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ،
دۆسیەی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال فەرامۆش دەکەن، ئەوە نیشانەی
ئەوەیە ئەنفال تەنها وەک بەشێ لە کەلتووری ڕەسمی ماوەتەوە، نەک وەک
خاڵێکی زیندووی دادخوازی.
ئایا دەستگیرکردنی عەجاج ئەم بۆشاییە پڕ دەکاتەوە؟ بە بڕوای من، نەخێر.
ئەمە تەنها یەک خاڵە لە لیستێکی درێژدا. هێشتا دەیان جەلادی وەک ئەو لە
ناوخۆ و پایتەختەکانی وڵاتانی دەوروبەردا بە ئارامی دەژین؛ هێشتا
فایلەکانی بەعس بە ڕووی لێکۆڵینەوەدا نەکراونەتەوە و هێشتا چارەنووسی
هەزاران قوربانی نادیارە. ئەگەر گرتنی عەجاج ببێتە کۆتایی، ئەوا ئێمە
تەنها چارەسەرێکی سۆزداری کاتییمان دەستکەوتووە، نەک دادپەروەری.
دواجار، با بگەڕێینەوە بۆ دادگاییکردنەکەی گواتیمالا. کاتێک شایەتحاڵێک
- ئەلیخاندرا، وتی: ئەم حوکمە بۆ من نییە، بۆ مردووەکانمە، گەورەترین
وەسفی بۆ دادپەروەریی دواکەوتوو کرد. کاتێک دادپەروەری ٣٠ ساڵ دوا
دەکەوێ، ئیتر نە بۆ زیندووەکانە و نە بۆ مردووەکان، بەڵکوو بۆ
چاککردنەوەی ئەو پەیوەندییە مرۆییەیە ساڵانێکی زۆرە شێوێندراوە. عەجاج
بمرێت یان بکوژرێت، گرنگ نییە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە، ئایا دەسەڵاتی
سیاسی و فکریی کورد دوای ٢٠٠٣، دەتوانێت ئەم ڕووداوە بکاتە دەستپێکی
پڕۆژەیەکی نیشتمانیی بەردەوام، یان تەنها وەک ساتی سۆزداریی کاتی لە
مێژووماندا دەمێنێتەوە؟
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|