١٣\١\٢٠١٨
حەجە گەورەکە و
سەرکردە شیعەکانی ھەرات.

عەلی مەحمود محەمەد
رۆژی حەجە گەورەکە ٤ی کانوونی دووەم، ئەو رۆژەی بۆ یەکەم جار لە مێژووی
گەلێکی بندەستدا ٤ شاندی جیاجیا لە رۆژێکدا بگاتە پایتەختی داگیرکەری
نیشتمانەکەی نەک بۆ گفتوگۆ بگرە بۆ زەلیلی و پاڕانەوە، کە کەمتر لە ٢
مانگ پیش ئەو رۆژە ئەم پایتەختە یەک دەست فەرمانی لەشکرکێشی بۆ سەر
وڵاتەکەی دەرکرد و دژ بە ھەوڵی سەربەخۆیی بە گەلەکۆمەی ئیقلیمی و
نێودەوڵەتی وەستایەوەو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگی بەرامبەر بە
ھاووڵاتیانی ئەنجامداو سیاسەتی برسیکردن و تەعریبکردنی لە ھەمبەری گرتە
بەر، مافی خۆیەتی ئەو رۆژە بکرێتە رۆژێکی مێژویی لێ وەک زەلیلی، ئەو
رۆژەی ٤ شاندی کوردی ھاوزەمان لە بەغدا بوون و سیانیان بەجیا خەریکی
ھێنانەوەی دەستکەوتە گەورەکە (معاشە حەیاتەکە) بوون بۆ بەشێک لە موچە
خۆرانی کوردستان تا لە ھەڵبژاردنەکان دەنگیان پێ بدەن، لە لایەن
چاودێرانی سیاسی عێراقەوەو بە تەوسەوە کە دەربڕی زەلیلی نەتەوەیەکی بن
دەست و شکۆ شکێنراو بووو ئەو رۆژە ناو نرا بە رۆژی حەجی کوردان بۆ
بەغد، لە راستیشدا ئەو موچەیەی کە لە ژێر پاڵەپەستۆی سندوقی دراوی
جیھانیدا بڕیار وایە بۆ فەرمانبەرانی کوردستان بێت، ھیچ پەیوەندی بەم
حاجیانەوە نییە و تەنھا ھیوا دارم خودا حەجەکەیان قەبوڵ بکات و لە
ئاگری ئەم میلەتە بیانپارێزێت.
لە ھەواڵی چالاکی شاندی دوز بۆ بەغدا" رێزم بۆ نوێنەرانی خەڵکی دوز
ھەیە ئەگەر نوێنەر بن"، کە ئەوانیش یەکێک بوون لە شاندەکان، لە
ماڵپەڕێک کوردی مانشێتێکی سەیر بڵاو کرابوەوە بە ناونیشانی" سەرکردە
شیعەکانی عێراق ئاگاداری سوتاندنی ماڵە کوردەکانی خورماتو نین"، رۆژی
دواتر لەبەر خاتری شاندەکە، سەرکردە شیعەکانی عێراق لە رێگای ٦٧ گروپە
میلشیا تاوانکارەکەی حەشدەوە، خانوی کەریم بچکۆلیشیان لە دوز
تەقاندەوە، بۆ ئەوەی ھەواڵەکە مسباقیەت و راستگۆیی زیاتر بێت، ئەوە
بەخشیشی ٤ شاندە کوردییەکە بوو لە حەجەکەی بەغدایاندا .
خۆی لە راستیدا ھەواڵەکە ھەم راستە، چونکە بڕیارەکە لە شوێنێکی باڵاتر
لەوانەوە دەرچووە کە تارانەو ھەموو ئاگاداری تاوانەکە ھەن بە سەرکردە
شیعە ھەزارەکانی ھەراتیشەوە، ھاوکات ھەم درۆیە، بەھەمان ریتمی
سەدامیانە وەڵامیان داوەتەوە، وەک چۆن سەدام حسێن و سەرانی بەعس لە
گفتوگۆی ساڵی ١٩٩١ د، رایان گەیاند ئاگاداری ھەواڵی بێسەروشێنکردنی
١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراو ٨ ھەزار بارزانی و دەیان ھەزار فەیلی و ..... نین،
ئەم درۆیە لە کاتێکدا دەکرێت و دەڵاڵەکانی مەلاکان داکۆکی لێدەکەن، کە
راپۆرتەکەی یۆنامی دەریخست کە مانگە دەستکردەکان وێنەی تاوانەکەی
دوزیان گرتووە.
ئەم کارتێلانەی سیاسەت، کە بۆچوون و ئامانج و باوەڕیان یەک شتە، ئەوەی
جیایان دەکاتەوە، ناوو رەنگیانە، قەت فێری شەڕی پیرۆز نابن بۆ باشتر،
ئەوەی لە ئێستادا دەیان جولێنێتەوە، ژمارەی کورسیەکانی ھەڵبژاردنی
داھاتووە ، بە نیاز نین دەست و دەمیان لەم درۆو ھەڵخەڵەتاندنانە
بسڕنەوە، تا سەری ئەمانە سەلامەت بێت، ئەوا نەک تەنھا سەرو ماڵمان
دەڕوات، بگرە شکۆشمان روشاوتر دەبێت، دەنا گەلێک ملیۆنێک قوربانی دابێت
ئێستا بەھۆی ھەندێک (زەعتوت)ەوە ئاوا زەلیل دەکرێت کە ناویان دەسەڵات و
ئۆپۆزسیۆنە.
alimahmud2001@yahoo.com
|