٥\٢\٢٠١٠
حهفتا
مهتر چوارگۆشه!
بەرزان هەستیار
بەیانیان لێرەوە سواری میترۆ ئەبم و
لە قەرەباڵغییدا شانم ئەسوێت ؛
ئەم حەفتا مەتر چوارگۆشە ئەفسووناوییە ،
سوپەرمارکێتەکانی ، سەد ئەوەندەی بازاڕە گەورەکانی جیهان ئەبن
مەلەوانگەی وای تێدایە تا دڵ حەز بکات فراوان ؛ .
مەیلی بینینی ئەسپە ژن و
کچانی تازە باڵقبووش وەک پشکۆ بمگەشێنێتەوە ....
بە شەقامە درێژەکانی ئەم حەفتا مەترچوارگۆشەیەدا ئەسووڕێمەوە و
تیایاندا نائومێد نابم ،
برسیم بێت ، ئەو چێشتخانانەی لێرە هەن ....
ڕۆشنترین پایتەختانی جیهان خەونی پێوە ئەبینن ،
ژنەکەم مەیلی سەیر و سەفا بکات ،.....
بە فڕکەیەک ئەیگەیەنمە سەوزترین و بەرینترین سەیرانگا ،
لەگەڵ " زەنوێر "ی کوڕما ،......
بە کەیفی خۆمان ئەچینە قەشەنگترین یاریگا
ئەم حەفتا مەتر چوارگۆشەیە ،
سنووری بە هیچ شوێنێکەوە نییە و
لە هەموو کیشوەرەکانیشەوە نزیکە ،
دیسکۆی وا نایابی تیایە ،....
هەرزەکاران ناویشیان نەبیستووە و
بەڵام من لە ترسی ژنەکەم ناوێرم بە پەرێزیاندا بچم ،
لەم حەفتا مەتر چوارگۆشەیەدا ، ....
کەی غەریبیی " جەمال غەمبار " بکەم ،.....
ئاوڕدەمەوە لە لای شانی ڕاستمەوە....
سەرقاڵی ڕەشکردنەوەی چەند لاپەڕەیەکی تری مەنفایە ،
حەز بە سەردانی گۆڕی " عەلی نەجاڕ " ی باوکم و
" حاجی ئاسکۆڵ "ی دایکم و
" ئەنوەر و ئەکرەم "ی " عەلی نەجاڕ " بکەم
چاو بکەمەوە ، وەک بازنەیەک لە "نور"ی خودایی ، تەوقیان کردووم !!
* *
* * * *
لەم حەفتا ملیۆن مەترەدا !....
شەوانە خۆم مەست ئەکەم و
هەر بە مەستییش ،.....
هەموو فەنتازیا زەرد و سوورەکانی منداڵییم....
بە شانی ماندووی خۆم گواستۆتەوە ئەم مەملەکەتە تازەیە ،
هەرزەکاریییم ، وەک کەنارییەکی ڕەنگا و ڕەنگ بەم ناوەدا فڕکەی دێت ؛ .
گشت هاوڕێکانم وەک مێروولە بە دوای خۆمدا پەلکێشی ئێرە کردووە و
هەموو باخچە و کتێبخانە گشتییەکانی دنیام هێناوەتە لای خۆم ؛
سپێدان پێش خۆرکەوتن ، گوڵەکان ئاو ئەدەم و
بەردەرگا ئاوڕشێن ئەکەم ،
عەسرانیش ، بە فێنکیی ئەچمە سینەما ؛.
لەم حەفتا مەترەدا ....
ڕۆژی حەفتا جار لووتم ئەیدات لە بەردی ئەلحەدی تەنیایی و
حەفتا جار وەڕسبوون پێستم کەوڵ ئەکات ،
حەفتا سەفەریش بە سواری کەشتیی کازیوە.....
لە دوای گەوهەر و مەرجانی عیشق ئەکەم ؛
لەم حەفتا ملیۆن مەترەدا......
مەیلی خوێن ڕشتنیش بکەم ،
کەللەی خۆم هەڵئەگرم و
ئەچمە چۆڵەوانییەک ،
بەرامبەر خۆم ئەوەستم و
دەستڕێژێک نوکتە ئەنێم بە مێژەڵاکی سەرمەوە
فوارەی سووری پێکەنینێک بە ئاسمانا هەڵئەچێت و
هەموو شتەکان ڕەنگی خۆیان ئەگرنەوە ،...
لەم حەفتا مەترە سەیرەدا .....
هیچ شتێک بۆ تا.. هەتا ، ڕەنگی خۆی ون ناکات ،
هیچ شتێک ....!!!!
ئاب و ئەیلوولی 2009
کۆلن/ ئەڵمانیا
bhastiar@yahoo.de
|