په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١١

هه‌فته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن.

 

 

 

بە خێرھاتنتان دەکەین بۆ حەوتەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن. وەک زۆربەتان دەزانن ئێمە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە ئەم فێستیڤاڵە ساز دەکەین و خۆشحاڵین بەوەی کە دەتوانین پرۆگرامێکی تۆکمەوتۆڵتان لە سەرانسەری دنیاوە پێشکەش بکەین. پرۆگرامی ئەمساڵمان ١٨ فیلمی درێژ، ٣٠ دۆکیومێنتار و ٥٥ کورتەفیلمی لە خۆ گرتووە، کە ٢٠یان، دواتر، لە سێیەمین پێشبڕکێیی یەڵماز گوینەی بۆ کورتەفیلم بەشداری دەکەن.

زۆر شادمانین بەوەی کە پیکچەرھاوس ھاکنێی (Picturehouse Hackney)، گرنگترین شوێنی فێستیڤاڵەکەمان، بە تەکنیکێکی دیجیتاڵییەوە، ئامادەیە بۆ پێشاندانی فیلمە کوردییەکانمان، بۆ ئەوەی، بۆ یەکەمین جار، بە یارمەتیی شێوازی دیجیتاڵ پێشکەش بکرێن. پیکچەرھاوس ھاکنێی، لەنێوان ١٧ تا ٢٤ی نۆڤەمبەردا، شوێنی سەرەکیی پێشاندانی فیلمەکانمانن، بەڵام ئێمە بە ھیوای ئەوەیشین ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ دۆستایەتی و پێکەوەکارکردنێکی درێژخایەن! ھەروەھا زۆر خۆشحاڵین کە دوایین سێ ڕۆژەکانی فێستیڤاڵەکەمان (لەنێوان ٢٥ تا ٢٧ی نۆڤەمبەردا) لە ھۆڵی ھونەریی ڕازاوە و سەرنجڕاکێشی وێستبۆرن ستۆدیۆس (Westbourne Studios)، لە ڕۆژئاوای لەندەن، پێشکەش دەکرێن.

فێستیڤاڵی ئەمساڵمان، ١٨ فیلمی درێژ، کە ١٦ فیلمیان کاری دەرھێنەری بە ڕەسەن کوردن، لە خۆ دەگرێت. خۆشحاڵین پێتان ڕابگەیەنین کە ١٣ لەو فیلمانەی بەشداری دەکەن بۆ یەکەمین جارە لە بریتانیای گەورە و لەم فێستیڤاڵەی ئێمەدا پێشان دەدرێن، ھاوکاتیش خۆشحاڵین کە فیلمێکی تر بە ناوی (ئێستا، لێرە) بۆ یەکەمین جار لە فێستیڤاڵەکەماندا پێشان دەدەین.

دەرھێنەری ناوداری کورد؛ ھونەر سەلیم، لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە ھەموو فێستیڤاڵەکانمدا بەشداری کردووە و بەردەوامیشە لەسەر ئەوەی ھاوڕێیەکی بەڕێز و لایەنگری کاروبارەکانمان بێت. ئەمساڵ، شادمانین، کە بە دوافیلمی درێژی ئەو، (ئەگەر بمریت، دەتکوژم) فێستیڤاڵەکەمان دەکەینەوە. ھونەر و ھاوڕێکانی لە ھەموو ڕۆژانی فێستیڤاڵدا میوانی ئێمە دەبن.

کوردانی تورکیا، سەرەتا ھەفتانە و پاشان ڕۆژانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شاڵاوی پرۆپاگەندەیەی لەبارەی ڕووداوەکانەوە پێڕەوی دەکرێت و بەتەواوی لە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵیی دەوڵەتدایە، دەستیان بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکانیان کرد. بەشێکی زۆر لەو تاوانە قێزەونانەی لە لایەن بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکییەوە لە دژی خەڵکی کورد ئەنجام دەدرێن لە لایەن ئەم ڕۆژنامەنووس و ناوەندی ڕاگەیاندنە کوردییانەوە ئاشکرا کراون.

ئوێزگویر گوندەم (کارنامەی ئازاد) یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردی بوو کە ساڵی ١٩٩٢ دەرکرا و لەوساوە ڕۆژنامەکە بوو بە نیشانی ھەموو دامودەستگا دەوڵەتییەکان و ٣٦ نووسەر، ڕۆژنامەنووس و بڵاوکەرەوەی ڕۆژنامەکە لە لایەن (جتێم)ـەوە کە ڕێکخراوی نھێنیی سەر بە دەوڵەتە کوژران. ئوێزگویر گوندەم ٢٠ جاران و بەسەر یەکەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠٠ ڕۆژ داخرا و دەستەی نووسەرانیشی بە زیاتر لە ١٤٠ ساڵ زیندانی سزا دران. دەرئەنجامیش بۆ ھەمیشە ڕێ لە چاپ و بڵاوکردنەوەی گیرا و داخرا.

فیلمی (پرێس)ی سەدات یڵماز باس لە ڕۆژنامەنووسێک دەکات کە لە نووسینگەی ڕۆژنامەی ئوێزگویر گوندەم، لە ئامەد (دیاربەکر)، کار دەکات. جێی ڕێزلێنانە بۆ ئێمە کە ئەم فیلمە بۆ یەکەمین جار لە بریتانیای گەورە و لە لایەن ئێمەوە پێشان دەدرێت و دەرھێنەر؛ سەدات یڵماز و ئەکتەر؛ ئارام دلداریش بەشداری دەکەن.

(ئازادیی ونبوو)ی ئومور ھۆزاتلی و (وندا)یش کە فیلمێکە و لە لایەن سێ دەرھێنەری لاوەوە؛ عەبدوڵا یاسا، عەلی کەمال چنار و م. سەعید کۆرکوتەوە و بە بودجەیەکی کەم بەرھەم ھێنراوە، بۆ یەکەمین بەشداری فێستیڤاڵ دەبن و چیرۆکەکانیان پێوەندن بەو دڕندەییەی (جتێم) لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە کاریان دەھێنا.

پێنج فیلمی درێژیش لە باشووری کوردستانەوە (عێراق) بەشدار دەبن و ھەریەک لەوان لە لایەن بەشە تایبەتەکانی سینەماوە لەوێ پشتگیری لێ کراوە. ئەو فیلمانەیش بریتین لە (شوێنێک بۆ یاری)ی شەوکەت ئەمین کۆرکی، (ماندوو)ی ئیبراھیم سەعیدی، (شەوی حیساب)ی حوسەین سەودن، (کوێستانی قەندیل)ی تەھا کەریمی و (گەڕەکی داھۆڵەکان)ی حەسەن عەلی. ئێمە زۆر شادمانین کە ئەم فیلمە بەھێزانە لە پرۆگرامەکەماندا بەشدارن و سوپاسی وەزارەتی ڕۆشنبیریی کوردستان، بەشی سینەما، دەکەین کە ئەم ھەلەیان بۆ ڕەخساندووین.

ھەروەھا خۆشحاڵین کە سێ فیلمی درێژ؛ (ئەوان لە کەس ناچن) ی جەلال سەعیدپەنا و (چاو) ی جەمیل رۆستەمی و (تیشکی خۆری پشت بەفر)ی رەزا سوبحانی، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە (ئێران)، لە فێستیڤاڵدا بەشدارن. ھەروەھا ئەم فیلمانەش؛ (پەنابەری لە پاریس)ی زیرەک، ئامبازبوون لە ئاسماندا (تانگلت ئین بلو)ی حەیدەر ڕەشید و (گوڵەکانی کەرکووک)ی فەریبۆرز کامکاری، لە پرۆگرامی ئەمساڵدا بەشداری دەکەن و ھەمووشیان لە لایەن دەرھێنەرانی کوردەوە، کە لە ئەوروپا نیشتەجێن، بەرھەم ھێنراون.

فیلمی درێژی گەڕان (مەش)ی دەرھێنەری لاو، شیار عەبدی، لە کاتی پێشاندانیدا لە فێستیڤاڵی فیلمی پرتەقاڵی زێڕینی نێودەوڵەتی لە ئەنتالیا بوو بە سەردێڕی زۆربەی ڕۆژنامەکانی تورکیا و یەکسەر دوای پێشاندانی لە لایەن بینەرانی نەتەوەپەرستەوە ڕەخنە لەو دیمەنەی گیرا کە تێیدا ئەکتەری سەرەکی لە ئەفسەرێکی سوپای تورکیا دەدات و ناڕەزاییان دەربڕی کە تەنانەت لە فیلمێکیشدا نابێت ڕێ بدرێت ئەو شتانە پێشان بدرێن. شیار عەبدیی دەرھێنەر لە کاتی پێشاندانی فیلمەکانیدا لەگەڵ ئێمە دەبێت و لە فێستیڤاڵەکەمان ئامادە دەبێت.

ئەوەی ئەمساڵ بە تایبەت خۆشحاڵمان دەکات ئەوەیە کە لە پرۆگرامەکەماندا فیلمێکی حاجۆ چێکۆ؛ یەکێک لە ئەندامەکانی پێشووی فێستیڤاڵەکەمان، کە ساڵانی ڕابوردوو لەگەڵ ئێمە کارا بوو و ئەمساڵ یەکەمین دۆکیو-فیلمی درێژی خۆی؛ ل ڤڕ (لێرە)، بە بودجەیەکی کەم بەرھەم ھێناوە و لە فێستیڤاڵدا پێشان دەدرێت. خۆشحاڵین بەوەی کە خانەخوێی یەکەمین پێشاندانی ئەو فیلمەی ئەو بین لە فێستیڤاڵەکەماندا و بە ھیوای سەرکەوتنی ئەوین لەم گەشتەی لەگەڵ ئەو فیلمەدا و لە ھەموو کاروبارەکانی داھاتووشیدا.

لە دۆکیومێنتارەکانی نێو پڕۆگرامی ئەمساڵماندا زیاتر لە ٣٠ فیلم بەشدارن و ئاوڕیان لە بەشێک لە پرسە گرنگەکان داوەتەوە. فیلممان، ھەم لە کوردستان و ھەم لە زۆر وڵاتی تری جیھانەوە، پێ گەیشتووە. ھەندێک لە دیوە ڕۆشنەکانی پرۆگرامی دۆکیومێنتاری فێستیڤاڵ بریتین لە (یەکەمین فیلم)ی دەرھێنەری ئیرلاندی؛ مارک کۆوسین و (ھەموو دایکانی من)ی زەھاوی سەنجاوی، کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی بردووەتەوە. ھەروەھا دۆکیومێنتاری بەھێزی (منداڵانی ونبووی ھەڵەبجە)ی دەرھێنەری کورد؛ ئەکرەم ھدۆو، یەکێک لە دۆکیومێنتارە بەھێزەکان دەبێت کە پێشان دەدرێت.

لە دوایین فێستیڤاڵماندا، یەکەمین بەشی دۆکیومێنتاری (کوردی ئازادیخواز)ی ئازاد کەرکووکی پێشان درا کە ئاوڕی لە پرسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی لە باشووری کوردستاندا دابووە وە ئەمساڵ دووەمین بەشی دۆکیومێنتارەکە پێشان دەدەین و ئازادیش لە فێستیڤاڵدا لەگەڵماندا دەبێت. (کوڕی پێشمەرگە)ی (زانیار ئادەمی)ی دانیشتووی سوید کە چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە یەکێک لە فیلمە سەرنجڕاکێش و جوانەکانی تری ئەمساڵمانە.

پرۆگرامەکەمان بە دۆکیومێنتارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش دەوڵەمەندتر بووە. لەنێو ئەم گرووپەدا (شیلەی بەرد)ی (سەتار چەمەنی گۆل) و (لەگەڵ خوادا سەما دەکەم)ی ھۆشەنگ میرزایی بەشدار دەبن.

ئەمساڵ میوانداریی سێیەمین پێشبڕکێی کورتەفیلمیش دەکەین کە بە ناوی دەرھێنەری بەناووبانگی کورد (یڵماز گوینەی)یەوە ناو نراوە. ژمارەی کورتەفیلمە بەشدارەکانی پێشبڕکێیەکە بۆ ٢٠ فیلم کەم کراوەتەوە، ئەگەرچی نزیکەی ١٠٠ فیلم بۆ پێشبڕکێکە نێردرابوون، بەڵام کۆمیتەی ھەڵبژاردن ئەرکێکی زۆری کەوتە ئەستۆ بۆ ئەوەی ژمارەکەی کەم بکاتەوە. ئەو ٢٠ فیلمە ھەڵبژێردراوە لە سێ پرۆگرامدا پێشان دەدرێن و ڕۆژی ٢٤ی نۆڤەمبەر، لە ئاھەنگێکدا لە پیکچەرھاوس ھاکنێی (Picturehouse Hackney) خەڵات بە باشترین فیلمی بەشدار لە ھەر پرۆگرامێکدا دەبەخشرێت. ھەروەھا ٣٥ کورتەفیلمی ترمان لە بەرنامەماندا داناوە کە لە دەرەوەی پێشبڕکێیەکە و بەگوێرەی کورتەفیلمەکان لە بریتانیای گەورە، دیاسپۆرا، باشووری کوردستان، ڕۆژھەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستانەوە بەشداری دەکەن. بەداخەوە، (محێدین ڕەزا)ی دەرھێنەر لە باشووری کوردستانەوە، ماوەیەک دوای ناردنی فیلمەکەی خۆی بۆ فێستیڤاڵەکەمان، کۆچی دوایی کرد. فیلمەکەی ئەو؛ (تەونی جاڵجاڵۆکە) لەنێو کورتەفیلمەکانی بەرنامەی تایبەت بە باشووری کوردستاندایە و وەک یادەوەرییەک بۆ ئەو پێشان دەدرێت.

دەمانەوێت سوپاسی ھەموو ئەوانە بکەین کە کۆمەکیان بە فێستیڤاڵی ئەمساڵمان کردووە. پێش ھەمووان دەمانەوێت سوپاسی فیلمسازان بکەین کە بە دڵئاوەڵاییەوە فیلمەکانی خۆیانیان بۆ ناردووین، ھەروەھا سوپاسی ئەندامانی دەستەی ھەڵبژاردن بکەین کە تا ئەوپەڕی توانایان بە ئەرکەکانی خۆیان ھەڵساون، سوپاسی ئەندامانی دەستەی ھەڵسەنگاندن بکەین کە لە ھەڵبژاردنی ئەوانەدا بەشدار بوون کە خەڵاتیان بردووەتەوە، سوپاسی ئەوانە بکەین کە خۆبەخش و بە لەخۆبوردنەوە و لە ھەلومەرجی زۆر سەخت و نالەباردا کارەکانی خۆیان ئەنجام داوە. سوپاس بۆ ھەموو نوێنەرانیشمان لە باکوور، باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کە بێ گومانین بەبێ کۆمەک و ڕەخنە و ھالیکاریی ئەوان بۆ فێستیڤاڵەکەمان و بەبێ پشتگیریی سەرجەم ئەوان نەماندەتوانی فێستیڤاڵەکەمان بە ڕێوە ببەین.

دەمانەوێت، بە تایبەتیش، سوپاسی پشتگیریی وێستوەی ترەست، سینەمای پۆپ ئەپ لە پۆرتۆبێلۆ، بنکەی پەنابەرانی کورد ( کیا)، بنکەی کۆمەڵی کورد و ھەلکێڤی و بنکەکانی کۆمەڵی تورکی و کوردی بکەین کە بەبێ کۆمەکی ئەوان نەماندەتوانی فیلمە دەستبژێرەکانمان بۆ ھەموو بەشەکانی فێستیڤاڵەکەمان ھەڵبژێرین. دەمانەوێت سوپاسی ھەموو کەسێک لەو ڕێکخراوانە بکەین کە بە کۆمەکی ئەوان ئەم کارە ئاسانتر بە ڕێوە چوو و سەرکەوتووتر بە ئەنجام گەیشت.

ھەروەھا زۆر سوپاسی کلێر بینس؛ بەڕێوەبەری بەرنامەڕێژی و دەستخستن لە سیتی سکرینی پیکچەرھاوس و یاریدەدەری جێبەجێکەری ئەو میکالار وێڵکەر دەکەین، ھەروەھا سوپاسی دەرن جۆنس؛ بەڕێوەبەری پیکچەرھاوس ھاکنێی، دەکەین بۆ ئەو خۆڕاگرییە بێپایان و ھاندانەی لە کاتی خۆئامادەکردنماندا بەرانبەرمان دەریبڕین. ھەروەھا سوپاسی وەرگێڕە کوردەکانمان؛ جەلیل کەیا و بنکەی چاپ و پەخشی ئاورا دەکەین، سوپاسی ھاوڕێیانمان ڕوبی چۆربایجیان و ھێلن شیھان دەکەین بۆ پشتگیریمان بە ڕا و وتارەکانیان و سوپاس بۆ جەمیل گۆنول و پێشڕەو نامۆ، کە شەو و ڕۆژ، لەگەڵ ئێمەدا خەریک بوون بۆ دیزاینی پرۆگرامی فێستیڤاڵەکەمان لە کاتی خۆیدا.

سوپاسگوزاریی ئێمە ھەر بەوەندە کۆتایی نایەت، بەڵام ھەوڵ دەدەین دیسان، لە دەمی خۆمانەوە، سوپاسی دوو ھونەرمەندی زرنگ و ناوازەی کورد، کە ئێستا وەک ئەندامانی گرووپەکەمان لێیان دەڕوانین و بە ئەندامانی گرووپیان دەزانین، ئەوانیش ئالان دیلان؛ کە ئەمساڵیش ترەیلەر (ریکلام)ی فێستیڤاڵی دروست کرد و کاردۆ ئەیوبی ھونەرمەندی کورد کە ئەفیشی فێستیڤاڵ و ماڵپەڕەی تایبەت بە فیستیڤاڵی دیزان کردووە.

سوپاس
ھیوادارین کە خۆشی لە فێستیڤاڵی ئەمساڵمان ببینن. با ھەموومان پێکەوە بە کوردی بیڵێینەوە: ”سینەما بە کوردی خۆشە!”
_____________________________________________________

بۆ زانیاریی پتر: سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فێستیڤاڵه‌که‌ بکه‌ن: http://sorani.lkff.co.uk

بلیت و شوێنه‌کانی فێستیڤاڵ: http://sorani.lkff.co.uk/?page_id=1699

به‌رنامه‌: http://sorani.lkff.co.uk/?page_id=1226

 


کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک