٣\١٢\٢٠١٣
هەفتەی
بەرەنگاربوونەوە یان ١٢ مانگەی خەبات لە دژی توندوتیژیی؟

مەهدی خالید خەمبار
خانمانی کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژنانی
دونیا بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی ڕووبەڕووی دەیان شێوازی
جۆراوجۆر لە توندوتیژیی و ئەشکەنجە بوونەتەوە و دەبنەوە.
توندوتیژیی و خنکان، سوتاندن و ناچاربەخۆسوتاندن، لە سێدارەدان و
دەستدرێژیی و هەتککردنی خانمانی کورد بە ئاستێکی مەترسیداری ئەوتۆ
گەیشتوە کە ناکرێ چیدی لە دەرەوەی دیاردە هەرە ترسناکەکانی کۆمەڵگە
بیهێڵینەوە، خەریکە وەک ناسنامەیەکیش لە وڵاتاندا کوردی پێ بناسرێتەوە،
ئەم دیاردەیە ساڵ ١٢ مانگ بەردەوامە و لە هەر جێگا و وڵاتێکیش خێزانی
کورد بوونی هەبێ ئەم توندوتیژیی و مەترسیانەی خانمان بوونیان هەیە، هەر
بۆیەش لە قاڵبدانی ئەم پرسە بڤەیە لە چوارچێوەی (هەفتەی
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە خانمان) ڕەنگە لە قەبارە و گرنگیی
ئەم دیاردەیە کەم بکاتەوە، ئەم بەردەئاشەی هاڕینی ژنان ڕۆژانە چەندین
(ژیان و بەناز و فاتیمە و پێڵا دەهاڕن و دەیانی تر بە بیانووی ئاینەوە
وەک دوعا بلۆککوژ دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن).
ماوەیەکە باس و خواسی ژنان گەرمیەکی باشی بەخۆوە بینیوە و زۆرێک لە
میدیا و ناوەند و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی کوردستانی سەرقاڵ کردوە، بەڵام
بە دڵنیاییەوە ئەم کەف و کوڵە دوای هەفتەیەک و دوان ئیدی دەنیشێتەوە!
کەم نین ئەو قەیرانانەی کە کوردستانیان دووچاری جۆرێک لە سستیی و کەم
هیوایی و ناجێگیریی کردوە، نەبوونی دەستوور و یاسا و دەستوەردان لە
سەربەخۆیی دادگا و دابەشکردنی دادگاکان مەترسیی گەورەن بۆ کۆمەڵگا و
ئایندەی نیشتمان!
ئەو بۆشاییە دەستووریەی وڵاتی ئێمە، زەمینەخۆشکەرە بۆ ئەوەی نەک تەنها
گورزی تیرۆر و کوشتن و سوتان و تێکشکان بەر خانمان کەوتبێ و ژیان و
چارەنووسی ئەوانی بە تەنها خستبێتە بەر رەشەبای مەترسییەکان، ئەو
جیاوازیەی خانمان لە پیاوان جیا دەکاتەوە ئەو رێژەیەی توندوتیژیەکانە
کە خانمان پشکی شێریان بەرکەوتوە.
هەردوو ڕەگەز، لە نێویاندا (ژنانی ماڵ، کچ، چالاکوانانی ژن،
رۆژنامەنووس، میدیاکار، پیاوانی حکومەت و حیزب، دادوەر، دادگا،
سیاسەتکار، خاوەنی ئارایشگا، دەوڵەمەند، خوێدکار، مامۆستا، شاعیر،
رۆماننوس، منداڵ، پەیکەر، سومبوڵ) کەسیان لە بەرکەوتنی پریشکی ئەم
ئاگری توندوتیژییانە بەدوور نین و ژیان و چارەنووسی زۆرینەش لە هەڕەشەی
ئەم مەترسییانە پارێزراو نین، بەشێک لە کچان هەر لە منداڵییەوە
رووبەڕووی ترساندن و شێواندنی جەستەیی دەبنەوە، ڕۆژنامەنووس و
میدیاکاران لە پای درکاندنی ڕاستییەکان دووچاری هەڕەشەی زمانبڕین و
قەڵەم شکاندن و کوشتن دەبنەوە، ئافرەتان بە بیانووی خۆشەویستیی و
ئابڕووپارێزییەوە سەردەبڕێن و ئەنجنئەنجن دەکرێن و دەسوتێندرێن و بەرد
و بلۆکباران دەکرێن و هەڵدەواسرێن و رووبەڕووی دەیان شێوازی ئازار و
ئەشکەنجەی دژە مرۆیی دەبنەوە و خۆیان و جوانییەکانیان زیندەچاڵدەکرێن.
نابێ ئەوەشمان بیر بچێ کە بەشی هەرە زۆری ئەم تاوانانە لە کۆمەڵگایەکی
باوک و پیاوسالارییدا کە دژ بە تاکەکانی ئەنجام دەدرێن ئێمەی پیاوان
لێیان بەرپرسین و شەرواڵپیسیی و دەست و فیشەکی ئێمەیە بڕیار لەسەر
شەهیدکردنیان دەدەین.
خاوەرمیانە و لە کوردستانی وڵاتی ئێمەدا کە
کرۆکی باسەکەمە سەرباری ئەو داهاتە زۆروزەوەند و زەمینەخۆشییەی کە
هەیەتی و بە بەراورد بە هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا دەستکورت و
پێشکەوتوو، نەتواندراوە سوود لەم گڵۆبالیزم و تەکنەلۆژیایە وەربگیردرێ
و بخرێتە خزمەتی کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەکی مەدەنی ئەوتۆ بنیات بنێ کە زامنی
دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی خەڵک بێ و رێز لە هەموو چین و توێژەکانی
کۆمەڵگا بگرێ بێ ئەوەی گوێبدرێتە جیاوازیی ڕەگەزیی، ئاینیی، مەزهەبیی،
ئەتنیکیی و کولتووریی و بیروڕا، کۆمەڵگایەک کە نەهێڵێ چیتر ئاین و
دەوڵەت تێکەڵ بە یەک بکرێن و لەو درزانەوە دژ بە دیمکراسیی و
یەکسانییبوونی ژن و پیاو بوەستنەوە، دەبێ لە رێگەی یاساوە سنوورێکی
تۆکمە بۆ هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی و تیرۆر و دەستدرێژییکردنە سەر
ژنان و تاکەکان دابڕێژێ، کۆمەڵگایەک سەر و ماڵی هاوڵاتیانی تێدا
پارێزراو بێ و دابەشبوون و کارکردن لە تەواوی کایە و جومگەکانیدا لە
سەر بنەمای توانا و شارەزایی و لێهاتوویی بێ نەک حیزبییبوون و
خزمخزمێنە و ناوچەگەریی. کۆمەڵگایەک کە هەمووان لە داهاتەکەیدا پشکمان
هەبێ و چیتر دانیشتوانەکەی بە دەست هەژاریی و نەدارییەوە نەناڵێنن و لە
رێگەی بیمەی بێکارییەوە بژێو و سەرچاوەی ژیانی تاکەکان دابین بکرێ.
بەڵام ئەفسووس زۆرینەی ئەمانە بوونەتە خەونی شاعیرانەی ئێمەمانان و
قووتی هەمووانیش دەچێتە چەند گیرفانێکی کۆنەوە! ژنکوشتن و سووکایەتی و
کوشتنی تاکەکان بۆتە ئاوخواردنەوە و بە رۆژی رووناک تیرۆریان دەکەن و
کەسیش مافی هاتنەدەنگی نییە و هیچ دادوەرێکیش توانای لێکۆڵینەوەی لە
کەیسەکە نییە، یان دەبێ لە ملی نەگبەتێکیتری قایم بکەن (با هەر بڵێ من
مالە نیم) یان ئەوەتا کەیسەکە دەکرێتە بەردێک و فڕێدەدرێتە ناو گۆمێکی
قوڵەوە.
m.zerdeshti@gmail.com
|