١٣\١\٢٠٢٠
هەفت هۆنراوەی
نازم حیکمەت.

نازم
حکیمەت |

و: جەلال
دەباغ |
بۆ ڤێرا.
کیژێک گوتی، تکایە وەرە،
گوتی، بمێنەرەوە،
گوتی، زەردەخەنەیەک بکە،
گوتی، بمرە،
ھاتم،
مامەوە،
زەردەخەنەیەکم کرد،
مردم.
________________________________
ڤێڕا:
ناوی ھاوسەرەکەی نازم حیکمەتە.
پیاوێکی گەشبین.
کە منداڵبوو بەھیچ جۆرێک
باڵی مێشەکانی ھەڵنەدەوەراند..
تەنەکەی بە کلکی پشیلەوە نەدەبەستەوە..
قالۆنچەی لە قاوغە شقارتەدابەندنەدەکرد..
گردۆڵکەی شارە مێرولەی پاماڵنەدەکرد..
کە گەورەبوو
ھەموو ئەو شتانەیان پێکرد..
لە کاتی مردنیدا بەتەنیشت جێگەکەیەوەبووم
گوتی:
لەبارەی خۆرو دەریاوە
لە بارەی بنکەی پیتاندنی نوکلیارەوە
لەبارەی مانگی دەستکردەوە
لەبارەی مەزنێتیی مرۆڤایەتییەوە
شیعرێکم بۆ بخوێنەوە.
شێرەکە
لە ناو قەفەزی ئاسنیندا.
تەماشای شێرەکە بکە لەناو قەفەزی ئاسنیندایە
بە قوڵی تەماشای چاوەکانی بکە:
وەکوو دوو خەنجەری پۆڵان
دەرکێشرابنلە کێلان
لە توندیی توڕەبوونیان
بریسکە دەھاوێژن.
بەڵام ھەرگیز شکۆداریی خۆی ون ناکات
ھەرچەندە توڕەبوونەکەی
دێت و دەڕوات
دەڕوات و دێت.
* * *
شوێنێک نادۆزیتەوە بۆ پەتی ملیوانکردنە ملی
بەدەوری کاکۆڵە مویینە ئەستورەکەیدا.
ئەگەرچی لە ئەنجامی قامچی لێداندا
برینەکانی ماونەتەوە
ھێشتا پشتە زەردەکەی دەسووتێننەوە
دوو پێیە درێژەکەی
درێژبوونەوە
لە شێوەی دوو نینۆکی مسیندا
کۆتاییان دێ.
مووی کاکۆڵی موو بەموو
بەدەوری سەریداپرژبوو.
ڕق وکینەی
دێت و دەڕوات
دەڕوات و دێت...
* * *
سێبەری برایەکەم
لەسەر دیواری زیندانێکی تەنیاییدا لەژێر زەویدا
بۆ سەرەوەو خوارەوە
بۆ سەرەوەو خوارەوە
دەجوڵێتەوە.
بیۆگرافی.
ساڵی ١٩٠٢ لەدایکبووم
ھیچ کاتێک نەگەڕاومەتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونم
حەزم لە گەڕانەوە بۆ دواوە نییە
لە سێساڵاندا
وەک نەوەی یەکێک لە پاشاکانی حەڵەب کارمدەکرد
لە تەمەنی نۆزدەساڵیمدا
لەزانکۆی کۆمونیستیی مۆسکۆ خویندکاربووم
لە چل ونۆساڵیدا
وەک میوانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
گەڕامەوە مۆسکۆ
لە چواردە ساڵییەوە شاعیربووم
ھەندێ کەس ھەموو شتێک لەسەر ڕوەک دەزانن ھەندێکیشیان لەسەر ماسی دەزانن
من لێکجودابوونەوە دەزانم
ھەندێ کەس ناوی ئەستێرەکانیان لەبەرە
من دیارنەبوونم لەبەرە
لە زیندان ولە ئوتێلە گەورەکاندا نوستووم
برسێتیم زانیوە
تەنانەت برسێتیی مانگرتن لە نانخواردن
نزیکەی ھیچ خواردنێک نییە چێژیم نەکردبێت
لەتەمەنی سیی ساڵیدا
ویستیان لە سێدارەم بدەن
لە چل و ھەشت ساڵیدا
ویستیان خەڵاتی ئاشتیم پێ ببەخشن
پێشیانبەخشیم
لە سی و شەش ساڵیدا
بەدرێژایی نیوساڵ جێگەکەم
چوارمەتری چوارگۆشەبوو
لەسەر چیمەنتۆی ئاسنڕێژ
لە پەنجاونۆ ساڵیدا
لە پڕاگەوە بۆ ھاڤانا
ھەژدە کاژێرفڕیم
من ھیچ کاتێک لێنینم نەدیوە
لە ٢٤دا ڕاوەستابوومسەرنجی تابوتەکەیمدەدا
لە ٦١دا ئەو گۆڕەی سەردانیم دەکرد کتێبەکانیبوو
ھەوڵیاندا دوور لە حیزبەکەم ڕامبماڵن
بەڵام سەرنەکەوتن
من لەژێر بتە داڕماوەکاندا نەھاڕدرام
لە٥١ ساڵێدا
لەگەڵ برادەرێکی لاودا
بەناو ددانەکانی مردندا
دەریامان بڕی
لە ٥٢ ساڵیدا
بە دڵێکی شکاوم
چوارمانگ لەسەر پشت ڕاکشاوم
چاوەڕوانی مردنبووم
ئێرەییم بەو ئافرەتانە دەبرد کە خۆشمویستبوون
ھیچ کاتیک ئێرەییم بە شارلی شاپلن نەبردووە
ئافرەتەکانی خۆمم ھەڵخەڵەتاندووە
بەھیچ جۆرێک لە پاشملە
باسی برادەرەکانمم نەکردوە
دەمخواردەوە، بەڵام نەک ھەموو ڕۆژێک
پارەی نانەکەم راست و ڕەوان پەیدادەکرد
ئای لەو بەختەوەرییە
بە دڵەڕاوکێم بۆ کەسانیتر درۆشمکرد
درۆمکرد تا ئازاری کەسێکیترنەدەم
بەڵام ھەروا
بەبێ ھیچ ھۆیەکیش درۆمکرد
سواری شەمەندوفەرو فڕۆکەوئۆتومبیلەکان بووم
زۆربەی خەڵک ھەلی ئەوەیان دەستناکەوێت
ڕۆیشتم بۆ ئۆپێرا
زۆربەی خەڵک ھیچیان لەسەر ئۆپێرا نەبیستووە
لە ٢١ ساڵانەوە نەچوم بۆ ئەو شوێنانەی
زۆربەی خەڵک دەچنە سەردانیان
مزگەوت و کڵێساو پەرستگاکان
ئەنجومەنەکانی گفتوگۆو جادوگەران
بەڵام واملێدەکردن تڵپەی قاوەکانم بۆ بخوێندنەوە
نووسینەکانم بە سیی یان چل زمان بڵاوکراونەتەوە
بەڵام لە تورکیای وڵاتی خۆم
بە زمانی تورکیم قەدەغەکراون
ھێشتا تووشی شێرپەنجە نەبووم
شتێکی واشنییە بڵێ تووشدەبم
ھەرگیز نابمە سەرۆکی وەزیران و شتێکی لەوجۆرە
ژیانێکی لەو جۆرەشم ناوێت
نەشڕۆیشتومە جەنگ
لە قوڵایی شەودا
جێ شاردنەوەی بۆمبم ھەڵنەکەندووە
ھیچ کاتێک لەسەرم نەبووە
کە لەژێرفڕۆکەی شەڕدا بۆ رێگەکان دەرچم
بەڵام لە نزیکەی شەست ساڵیدا
کەوتمەخۆشەویستییەوە
بەکورتی ھاوڕێیان
تەنانەت ئەمڕۆ کە لە بەرلین
لە خەمباریدا کەوتومەتە ناڵین
دەتوانم بڵێم من وەک مرۆڤێک ژیاوم
کێ چوزانێ
چەند زۆرتر دەژیم؟
ھەروا کێ چوزانێ
چیم بەسەردێ؟
____________________________________
ئەم بیۆگرافیایەم لە بەرلینی خۆرھەڵات لە ١١ی سەپتەمبەری ١٩٦١دا
نووسیوە.
سەیرترین گیانداری سەر زەوی.
تۆ برایەکەم، وەک دووپشکیت،
تۆ بەترسنۆکی لەتاریکیدا دەژیت
ھەروەک دووپشک.
تۆ وەک چۆلەکەی، ئەی برایەکەم،
ھەمیشە وەک چۆلەکە ھەڵدەلەرزیت.
تۆ وەک ماسیی ناو قاوغەمرواریت، ئەی برایەکەم،
لەسەرت داخراوە وەک ماسیی ناو قاوغە مرواری، قایلبوویت،
تۆ ترسناکی، برایەکەم،
وەک دەمی بورکانێکی دامرکاو.
* * *
تۆ یەکێکنیت،
تۆ پێنچنیت،
بەداخەوە ژمارەت بەملیۆنانە.
تۆ وەکو مەڕیت، ئەی برایەکەم،
کاتێک بازرگانی ڕانەمەڕ دارەکەی بەرزدەکاتەوە،
بەخێرایی دێیتەوە ناوڕانەکە
نزیکەی بە فیزێکەوە بۆ کەوڵخانە ڕادەکەیت.
من مەبەستمە بڵێم تۆ سەیرترین زیندەوەریت لە جیھاندا...
تەنانەت لە ماسیش سەیرتریت
کە بەھۆی ئاوەوە ناتوانێت ئۆقیانووسیش ببینێت.
چەوسانەوەش لەم دنیایەدا
لە سایەی تۆوە ھەیە.
ئەگەر ئێمە برسیبین، ماندوبین و، خوێن دامانپۆشێت،
ھێشتا وەک ترێ دەمانگوشن لەپێناو شەرابەکەماندا،
ھەڵەکە ھەڵەی خۆتە...
بۆ من گرانە کە خۆم ھەڵگرم وئەمە بڵێم،
بەڵام زۆربەی ھەڵەکە، ئەی برای خۆشەویستم، ھەڵەی خۆتە.
داوایەک.
ڕاکردن بە قوڵایی ئاسیادا تا بەم بەرزاییە کۆتاییدێت
لەناو دەریای ناوەڕاستدا وەک سەری ئەسپێک
ئا ئەمەیە وڵاتەکەمان.
* * *
بەمەچەکەکانی دەست نوقمی خوێنە، بەدانەکان لەکاردان، بە پێیە پەتییەکان
ئەم خاکە وەک فەرشێکی ئاوریشمین درێژبۆتەوە،
ئەم دۆزەخە دۆزەخمانە، ئەم خۆشیی ژیانە خۆشیمانە.
* * *
دەروازەکانی دەسەڵاتداریی دەوڵەمەندەکان دابخەن،
رێگەمەدەن جارێکیتر بکرێنەوە،
کۆیلایەتیی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە لەناوبەرن
ئا ئەمەیە داواکەمان.
* * *
با وەک درەختێک و ئازاد
لە برایەتیدا وەک درەختەکانی ناودارستانێک بژین،
ئەمە بەرزترین ئاواتمانە.
نموونەی
بەخشندەیی.
ئاسمان خۆڵەمێشییەو قورسە وەک قوڕقوشم.
من ھاواردەکەم،
ھاواردەکەم،
ھاواردەکەم،
بانگدەکەم!
دەی سا، وەرە
ئەم تاریکاییە خەستە
قورسەی وەک قوڕقوشمە
بڕەوێنەرەوە...
ئەوکاتە دەنگێک
بەنۆرەی خۆی دەڵێت:
بەڵام نمونەیەکی بەخشندەیت،"
دەسوتێیت،
دەسوتێیت...
ھیچ دەرمانێک
"نەخۆشییە زۆر زۆرەکانی مرۆڤ
چاکناکاتەوە.
ھەموو دڵەکان نابیستن،
کەس نابیستێ...
ئەمکەش و دۆخە خەمناکە،قورسە وەک قوڕقوشم...
بەنۆرەی خۆم دەڵێم:
کەواتە نمونەیەکی بەخشندەییە،
دەسوتێم،
دەسوتێیت.
ئەگەر من نەسوتێم،
ئەگەر تۆ نەسوتێیت،
ئەگەر ئێمە نەسوتێین،
ھەموومان لە گڕێکدا کڵپەنەستێنین،
کەواتە کێ تاریکاییەکان دەڕەوێنێتەوە؟
بارودۆخەکە ڕەقە وەک خاک،
ئاسمانیش خۆڵەمێشی و قورسە وەک قوڕقوشم.
منیش دەقیژێنم،
دەقیژێنم،
دەقیژێنم،
یان بانگدەکەم!
دەی سا وەرە
ئەم تاریکاییە خەستە
قورسە وەک قوڕقوشمە
بڕەوێنەرەوە!
___________________________________________
سەرچاوە:
خەلیل کولفەت. وتووێژی مۆدێرن. ژمارەی ٣٧١٩. تەوەری: ئەدەب و ھونەر.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|