٨\٧\٢٠١٩
هەژموون.

زاھیر باھیر
هەژموونی تاک بۆ تاکی دیکە بناغەیەک بوو بۆ هەژموونی چینێک بۆ چینی
دیکە یا بۆ چینەکانی دیکە، ئەمیش بە رۆڵی خۆی بەردی بناغەی دەوڵەتی
دانا بۆ هەژموونی ھەموو کۆمەڵ.
دەرککردن بەوەی سەرەوەش من دەگەیەنێتە ئەم سەرەنجامە:
یەکەم: کۆمەڵی قووچکەیی (ھیرراشیەت) بناغە بووە بۆ دانانی کۆمەڵی
چینایەتی. واتە سەروەرێتی و باڵادەستی یەکەم قۆناغی کۆمەڵ بووە نەک
سەروەرێتی چینایەتی کە لە رێگای ئابوورییەوە (ئامرازەکانی
بەرھەمھێنانەوە) بووە. بەم پێوەدانەش لەناوبردنی کێشەی چینایەتی مەرج
نییە یەکسەر کێشەی باڵادەستی و سەرەوەریی کۆمەڵی قووچکەیی لەناوبەرێ.
دووەم: ئەگەر قووچەکیی دایکی کێشەی چیانیەتیی بێ کەواتە قووچەکیی
چوارچێوەیەکی گەورەیە و کێشەی چینایەتیی بەشێکە و بەشێکی گەورەیە لێیی.
لەم بارەشدا بە لابەلاکردنەوەی کێشەی چیانیەتی کە بەشێکی گەورەیە لە
ناو ئەو چوارچێوەیەدا مەرج نییە کێشەی تەواوی چوارچێوە گەورەکە کە
باڵادەستیی و سەروەرییە، یەکسەر لەنێوبچێ.
سێیەم: ئەوەی کە ئەم کۆمەڵەی ھێڵاوەتەوە ھەبوونی ئەو شێواز و
ناوەرۆکەیە کە رێکخستنی تەواوی دەزگە و دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵە کە لە
بنەوەی - کە بە خێزان دەستپێدەکا - تاکو سەری سەرەوە - کە دەوڵەتە -
لەسەر بناغەی قوچکەییانە دامەزراوە کە پایە و راگری گەورەی
سیستەمەکەیە. لای من ئەوەی کە تاکەکان بەرزەفت دەکا و بەو شێوەیەیە
دەیانھێڵێتەوە بەرزەفتکردنی کار و سەر کار نییە، بەڵکو گوێڕایەڵیی و
بەجێھێنانە.
چوارەم: مەرج نییە کە مێژووی بوونی کۆمەڵ، مێژووی تێکۆشانی یاخود
ململانێیی چینەکان یاخود چینایەتیی بووبێ. یاخییبوون، ملنەدان،
بەگژداچوونەوەی سەروەرێتی، باڵادەستیی، سەپاندنی را و فرمان، ھەموو
ئەمانە زۆر پێش یاخیبوون سەبارەت بە ململانێی چیایەتی کەوتوە و رۆڵی
خۆی بینیوە.
٣\٧\٢٠١٩
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|