٤\٢\٢٠١٤
هێلانەی
سیوشەش هەڵۆیسوور .

پشکۆ نەجمەدین
ئەمڕۆ نەهاتمە
تەنگیسەر
هیچ ساتێک و هیچ ساڵێکی دیکەش نایەم!
ئەگەر من بێم، دەبێ دڵم لە سوچێکی ژوورەکەمدا
جێ بێڵم و "تەنگیسەر"یش تەنیا و تەنیا،
بە
بێ هاوەدەم و
هاوڕازێک لێم زویر بێت!
نا.. ئەو نەیهێشت.. ئەو پێی وتم:
مێژوویەکە جگە ئا لەو تەنگیسەرەی لە ناختدا
دارهەناری هەردەم سەوز و گوڵگرتووە و
ئارام ئارام، گۆرانی بۆ ژیان دەڵێ،
لە ئاسۆوە، لەگەڵ گزنگی بەیاندا،
هەموو ڕۆژێک، سی و شەش هەڵۆی
باڵخوێناویی لێ هەڵدەفڕێ و
پۆلەهەڵۆ بە ئاسمانی شاری "شێخ"دا
گڕ دەخۆن و لە ڕووخساری خۆلەمێشیی
شەقامەکان، لە ئەپارتمانی بێگیان،
لە پەشیمانیی "گرد"ەکان ڕادەمێنن.
سی و شەش هەڵۆی بەژنکورت و
بەرزەبیر و
باڵیان هێندەی خەم و ئازار و مەینەتیی
ڕەشوڕووتی ئەم وڵاتە درێژ، ڕەنگە دریژتر بن.
سی و شەش هەڵۆ، هەژدەیان ناویان (ئارام)ەو
هەژدەکەی دیش هەر (شاسوار)ن!
ئەو خۆی وتی. تەنگیسەر خۆی:
(خەڵکی تەنیا ساڵی جارێک دێنە زیارەتی مەزارم.
مەزاری من سی و شەش ساڵە، لە ڕووحتدا،
هەم مەزرایەکی بەبژوێن، هەم ئارامگەی هەڵۆیەکە،
ئاشنایەتیی
لەگەڵ پیری و مەرگ نییە!).
٣١\١\٢٠١٤
ماڵپەڕی
پشکۆ نەجمەدین
|