٢٤\٨\٢٠١٢
ھەڵبەستی
''ساکۆ و ڤانزێتی''.

دانانی:
جۆن بایەز
وەرگێڕانی: ھەژێن
بەڵێ
بابە من زیندانیم
مەترسە لە گێڕانەوەی تاوانم
تاوانی خۆشویستنی بێزراوان
تەنیا بێدەنگی نەنگییە.
ھەنووکە پێتدەڵێم چ شتێک دژی مەیە
جادوویەک کە چەندان سەدەیە بەردەوامە
بەنێو ساڵاندا گوزەر کە، ئەوسا دەزانی
چ شتێکە سەراپای مێژووی ڕەش کردووە
یاسا لە دژی ئێمەیە
بەخۆیی و ملھوڕیی بێسنووری و دەسەلاتییەوە
یاسا دژی ئێمەیە!
پۆلیس دەزانێ، چۆن لە کەسێک
تاوانبار یا بێتاوان چێ بکا
دژی ئێمە ھێزی پۆلیس
درۆیەکی بێشەرمانەیە، کە ئەوان بڵێن
چیتر ئاڵتون وەرناگرین
دژی ئێمە دەسەڵاتی ئاڵتون
دژی ئێمەیە کینەی نەژادی و
ڕاستییەکی سادەیە، کە ئێمە ھەژارین.
بابەی بەڕێز، من زیندانیم
لە وتنی تاوانم شەرم مەکە
تاوانی خۆشەویستی و ھاوپشتی
تەنیا بێدەنگی نەنگییە.
ئەوەی ھەمە، خۆشەویستیمە و بێتاوانی
کرێکاران و ھەژاران
لەپێناو ئەمانەدا مانەوە و بەھێزیم
ھیوایەکن بۆ من
یاخیبوون و شۆڕش پێویستیان بە دۆلار نییە
لەبری ئەوە پێویستیان
بە وێناندنی ناسۆری و ڕۆشنایی و ئەوین و
خەمخۆری ھەموو مرۆڤەکان ھەیە
تۆ ھەرگیز نادزی و ھەرگیز ناکوژی
تۆ بەشێکی لە ھیوا و ژیان
شۆڕش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی کە
لە دڵێکەوە بۆ دڵێێکی کە دێت و دەچێ
کاتێ کە سەیری ھەسارەکان دەکەم، پەیپێدەبەم
کە ئێمە مناڵانی ژیانین و
مردنیش گچکە.
__________________________________________
- ئەم
گۆڕانییە بەشی دووەمی ھەڵبەستەکەی Joan Baez . THE
BALLAD OF SACCO AND VANZETTI، Lyrics by Joan Baez، Music by Ennio
Morricone، 1971، 1978 Edizioni Musicali RCA، S.p.A. (ASCAP)
-
فێردیناندۆ "نیکۆلا" ساکۆ Ferdinando „Nicola“ Sacco
لەدایکبووی٢٢ی ئەپڕیل ١٨٩١ لەتەک بارتۆلۆمیۆBartolomeo
Vanzetti لەدایکبووی ١١ی جونی ١٨٨٨، وەک دوو کرێکاری کوچەری
ئیتالی ڕوویان لە دەوڵەتە یەکگتووەکانی ئەمەریکا ناوە و بە بزووتنەوەی
کرێکاری ئەنارکیستیییەوە پەیوەست بوون. لە بیستەکانی سەدەی ڕابوردوودا
بە تاوانی کوشتنی کەسێک سکاڵایان لەسەر تۆمارکراو و لە دادگەیەکی ساختە
و یەکلایەنەدا بە مردن سزادران و لە شەوی ٢٢/٢٣ی ئۆگوستی ١٩٢٧دا لە
زیندانی دەوڵەتی Charlestown لەسەر کورسی
ئەلەکتریکی دەکوژرێن.
- لە
کاتی خۆیدا بڕیاری لەسێدارەدانیان لە ٠٤ی ئەپڕیلی ١٩٢٧دا لە ئاستی
جیھانیدا ڕسواکرا و بەھۆی ھەزاران واژۆنامەوە ئەنجامدانی بڕیارەکە
دواخرا. بەڵام سەرەڕای ھەموو ھەوڵە خۆجێی و جیھانییەکان بڕیاری ناڕەوای
سەروەران سەپێنرا و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کرێکاری ئەمەریکا، دوو
ڕۆڵەی ئەنارکیستی لەدەست چوو.
-
بەڵام ھاوڕێیان و
ھاوچینانی ساکۆ و ڤانزێتی کۊلیاننەدا و پاش ساڵانێکی دوورودرێژ لە
خەباتی بەردەوام بۆ ڕسواکردن و دەرخستنی دیوی شاراوەی داگەی
تاوانبارکردنی ئەو دوو کرێکارە ئەنارکیستە، دواجار لە ساڵیادی ٢٣ی
ئۆگوستی ١٩٧٧ لەسەر داوا و پرسیاری فەرمانڕەوای ھەڕیمی
Massachusetts، میکائیل دوکاکیس،
پێداچوونەوەی سزاکەیان کرا و سەرەنجام وەک دادگەییکردنەکەی جۆھیل و
دادگەییکردنی حەوت ئەنارکیستەکەی ١ی ئایاری ١٩٨٦ی ھایمارک، ناڕەوایی و
چەواشەکاریی و پشتپەردەیی و ڕامیارییبوونی سزاکەیان سەلمێنرا و سیمبولی
بێتاوانیان بۆ دانرا.. بۆ زانیاری زیاتر و خوێندەوە و گوێگرتن لە
ھەڵبەست و گۆرانییەکە، کلیکی ئەم لینکانەی خوارەوە بکەن:
سەرچاوەی زانیارییەکان:
http://en.wikipedia.org/wiki/Sacco_and_Vanzetti
سەرچاوەی ھەڵبەستەکە :
http://www.joanbaez.com/Lyrics/saccovan2.html
بیستی گۆرانییەکە :
http://www.youtube.com/watch?v=gcgYwTnBIIQ
بینینی فیلمی بەسەرھاتەکەیان:
http://www.youtube.com/watch?v=7ZBMJ6qYbk4
ماڵپهڕی ههژێن
|