په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٩\٢٠٢١

  هەڵبژاردەیەک لە شیعری ئەفغانی نوێوە.

 

 

 

 

 

و: نەژاد عەزیز سورمێ

پارتۆی نادری. ١
   
لە پشت شەپۆلە وەنەوشەییەکانەوە.
لە قورگی شەقامی بریندارەوە
دەنگی ستەم دەبییەم
ھەناسەی تەنیایی ھەڵدەمژم
کڵۆڵی دەناسم
کڵۆڵی
لە خوێنھێنەرەکانمدا دەگەڕێ
کڵۆڵی
کەوشی من لە پێ دەکا
بە پێی من دەڕوا
کڵۆڵی شەترەنجم لەگەڵ دەکا
ڕووی نەداوە ڕۆژێ پێی بڵێم (کش)
کڵۆڵی لە ماڵمە
یاری لەگەڵ منداڵە تاقانەکەم دەکا
نانەکەی دەدزێ
کڵۆڵی چاوەکانی پێ بەخشیم
ئێستا من
جیھان بە چاوی ئەوەوە دەبینم
کڵۆڵی بە قورگی من قەسیدەکانی دەچڕێ
لە دوا لاپەڕەی دەنووسێ (پارتۆی نادری).
 


قەنبەر عەلی تابش. ٢
   
دەنگی ژنانی نیشتمانم.
شەوان لە شاردا
گوێم لە دەنگی ژنێکە دەگری
مانگ لە وێنەی نانێکدا دەبینێ
بە دەروازەکانی خواوەندەوەیە
تەمەننا دەکا شەو تەواو نەبێ
تا گوێی لە گریانی
مناڵە برسییەکانی نەبێ
کە ھێمنی فریشتان لە نوێژی بەیانیاندا
تێک نەدەن..

شەوان
بە چاوی بە گریانەوە
نزیک پێخەفی کچێک دەوەستم
کە بە چەک لەسەری ڕاوەستاون
تەنانەت مردنیشی پێ ڕەوا نابینن..

شەوان
نزیک جێخەوی ژنێک دەوەستم
کە بە ھەر دوو مەمکی بڕاوەوە
ھەناسەی ڕادەگرێ
نەبادا
مناڵە ساواکەی لە خەو ھەستێ..

شەوان
کچێکی وێنەکێش دەبینم
ئەستێران لە تەنیشت یەک دادەنێ
وێنەی نیشتمانێک بکێشێ
لێ ئەستێرە لەگەڵ کازیوەدا
ڕا دەکەن..

من بە درێژایی شەو
بیر لە ژنانی نیشتمانەکەم دەکەمەوە.
 


عاسف حسێنی. ٣
   
خەمی خواحافیزی.
خەمی خواحافیزی
لەسەر پێڵووەکانمدا کەوتووە..
دەبینی دایە من گەورە بووم!
دەتوانم بەخۆم ڕاوەستم
جیھان بە پێیەکانم بپێوم
لە ئالیی گۆشەگیری باکوورەوە
تا گۆشەی یەکەی باشوور..
پێدەکەنم
لۆچم دەکەوێتە ڕوومەتان
دەبینی؟
برادەرەکانم دەڵێن
گەورە بووم و
سنگم دەبەر دایە قورس ببێ
دەبینی؟

ئەوان دەڵێن
ئادەمزاد
بە قەوارەی خەمەکانیان گەورە دەبن
بە قەوارەی
ئەو چیرۆکانەی نەخوێندراونەتەوە و
ئەو وشانەی کەس نەیبیستوون
دەستم لەسەر گۆڕستانێک لە وشەی مردوو دادەنێم
ترپەی دڵم بە خێرایی لێ دەدا
پاشان دەوەستێ
لە دونیای مندا کە بە شەشپاڵوو دەچێ
پڵنگەکان بە مانگ دەچن
لە ئادەمزاد میھرەبانترن
درەخت لێرە
بەقەد چۆلەکەکانیان حیکایەتییان ھەیە
بە پۆستەچیم وت ئێمزای تۆ بێنێ
بەختیاریم بۆ بێنێ.

  
 بۆنی پرتەقاڵ.
ھەموو شتێک
بە درۆیەک دەست پێ دەکا
دوگمەی کراسەکەت دەکەیەوە،
گەردنت ماچ دەکا..
لە پشت ھەر ڕووداوێکی جوان
درۆیەک بە ڕەنگی پرتەقاڵ لێ دەدا
تۆ باش دەزانی
پیاوان بە بۆنی ژنان چەند بەرھەستن
بۆنی شییریش لە پشت ھەموو ڕووداوێکی جوانە
سووراوی لێوان
دەتوانێ
ئەسپەکانی تورکمانستان ماڵیی بکا
خۆشەویستیش ئاوایە
لە بۆنی پرتەقاڵەوە بۆ خوێن لێ دەدا.
 

 

ز‌ه‌هرای زاهیدی. ٤
   
چاوەڕوانی.
- لاوانەوەیەک بۆ بێسەروشوێنانی شەڕ-
چەھرەی منت بیر بێتەوە
چوون من بەبیرم نەماوە
ماوەیەکە جەستەم بەخشیوەتە سرووشت
لەو ڕۆژەوەی ئیزڕاییل شێتی لێوەکانم بوو
من چاوەڕوانتم
تۆ دێی
لە کەڵبەی گورگم دەکەیەوە
لە تێکستی ھەواڵان
لە کامیرانم دەردێنی
لە گەڕێنی ئەنتەرنێت
لە جومگەی شاعیرە بەدبەختەکان..
ماوەیەکە گیام لە تەکدا شین دەبێ و
باڵدار شادییان
لەگەڵ زەینم بەش دەکەن

ئای ئازیزم
شانت لە کوێ دانا؟
چاوەڕوانت بووم بێی
پێش ئەوەی ھەنگ
بکەونە داوی دڵداریمەوە
پێش ئەوەی جاڵجاڵۆکە
بە باسکان ھەڵمواسن
پێش ئەوەی با
چەھرەم ببا
چاوەڕوانت بووم
خوێنی سەر سیمام پاک کەیەوە
سیمای خۆمم بە بیر بێنیەوە و
ئێسقانەکانم لەژێر گڵ بشاریەوە.

زڵکاو
شار ئارامە
ژیانمان ئارام
ماڵ ئارام
بە ئارامی دەمانئێشێ
بە ئارامی دەڕزین
بە ئارامی دەمرین
گەلۆ :
تۆ بڵێی ئەم زڵکاوە
چۆن بەو ئارامییە پێک ھاتووە.
 


فاتیمەی ڕۆشەن. ٥
   
دایکتان.
من کچی ئەو ژنەم
بەھای شییری
بارتەقای گایەک و حەفت بەرخ و
دە بزن و سێ مانگای شییردەرە..
سەردەمانێکە کچانی لادێ ئاخی بۆ ھەڵدەکێشن
ئاوڵە لە جوانی دا و
کوللە ساڵانی تەمەنی دەخوا
برا مەستەکانی ..
پیاز و کولەکە و گەنمەشامییان برد..

من کچی ئەو ژنەم
کە کەس نەبوو و کەس نابێ
بەدەر لەوەی گڕمۆڵە دەبێ و
لەخۆبایی بوونی لە نێوان برۆ پەیوەستەکانی
لە شەقام و باژێڕان بێھوودە دەڕوا..

با بە نانی پڕ لە زیخ
بێتەوە ماڵێ
من کچی ئەو ژنەم
دایکتان
کە بەر لە ئێوە لە دایک بووە
حەوت سکی لەبار چووە
تا حوکم بدەن
ئێوە بەسەر خاکێکی ساردەوەن
بۆ ئەوەی
بەسەر پردی سووردا بپەڕنەوە
پردیش سووتاوە
با بێن
مناڵانی (بورجی)
** بە خەمەوە
بۆ پێشوازی بێن
با بێن
بە لووتی چڵمنەوە
بە مناڵانی بن بە میز
ئاھی ھەناسەشیان
لەو دیو جامی ئۆتۆمبیلەکان
وەڕستان بکەن..
من کچی ئەو ژنەم
کاتێ زوو دەگەڕێتەوە ماڵێ
دیوار و پەنجەرە
خەمەکانی لەبەرخۆ دەڵێنەوە
تا بێزاری لە ڕووتاندا ڕەنگ بداتەوە.


ئەلیاسی عەلەوی. ٦
 
  ئێمە دەمرین.
ئێمە دەمرین
تا شاعیرە نەخۆشەکان بمانلاوێننەوە
گەمەیەکی جوانە..

کە دایکم پێڵاوی ئەفسەرە گەنجەکە دەلێسێتەوە و
ڕۆژنامەکان لەسەر وێنەی باوکم دەنووسن
وەختێ لە تەک پیاوە گرینگەکان دایە..

شەوان ھەزار جار
خەون بە بووکێکی جوان دەبینن
خوشکیشم ھەزار جار دەقیژێنێ
گەمەکە ھەزار جار دووبارە دەبێتەوە..

کرێکار
دوای سەعات یازدە
ھەستوەرتر دەبن.

سبەی گشتیان
دەڕژێنە شەقام
قووماشی ئاڵای وڵات
پارچە پارچە دەکەن
گۆرانی دەڵێن
سەما دەکەن
بێگومان دروشمانیش دەڵێن
ئێمە دەمرین
تا وێنەکێشی (
TIME)
خەڵات بباتەوە.

__________________________________________
پەراوێز و سەرچاوە:

* ئەم کۆمەڵە قەسیدەیە لە کتێبی ( انطولوجیا الشعر الافغانی الحدیث) بڵاو کردنەوەی دەزگای (المدی) چاپی یەکەم ٢٠٢١ کراون بە کوردی.‌

** بورجی: شارێکە دەکەوێتە دەوروبەری کابوول زۆرینەی دانیشتووانی ھەژار و بێ دەرەتان و ستەملێکراون.
١- پارتۆی نادری: شاعیر و نووسەر ساڵی ١٩٥٣ لە ویلایەتی (بەدخشان) لەدایک بووە ، بەشی بایەلۆژی لە زانکۆی کابوول تەواو کردووە . تا ئێستا دە کۆشیعری بڵاو کردوونەتەوە. ھەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی کراون بە ئینگلیزی. بەڕێوەبەری گۆڤارێکی ئەدەبییە.
٢- قەنبەر عەلی تابش: ‌ سڵی ١٩٧٠ لە ویلایەتی (غەزنە) لەدایک بووە. مناڵ بووە کە خانەوادەکەی بۆ ئێران کۆچ دەکەن، زیاتر ئایینی خوێندووە بە تایبەتی لە شاری قوم و بەکالۆریۆسی لە زانکۆی (باقر العلوم) وەرگرتووە و پاشان گەڕاوەتەوە ئەفغانستان و بووە بە مامۆستا لە زانکۆی کابوول. چەند کۆشیعر و کتێبی دیکەی بڵاو کردووەتەوە.
٣- عاسف حسێنی: ساڵی ١٩٨٠ لە شاری (بەڵخ) زێدی مەولانا جەلالەددین لەدایک بووە ، لە منداڵییەوە چووەتە ئێران، چەشنەھا کاری پیشەیی کردووە، لە شازدە ساڵی دێتە ناو دونیای ئەدەب و نووسین ، ساڵی ٢٠٠٦ دوو کۆشیعر لە تاران و کابوول بڵاو دەکاتەوە ، دواجار دەچێتە ئەڵمانیا لەوێش لە بواری ڕۆژنامەنووسی کار دەکا.
٤- زەھرای زاھدی: ساڵی ١٩٨١ لە ویلایەتی بامیان لەدایک بووە ئەویش لە منداڵییەوە خانەوادەکەی چوونەتە ئێران ، شاری قوم، لەوێ لە ڕێگەی ڤیستیڤاڵە ئەدەبیەکانەوە دێتە پێش، ھەروەھا لە بواری ڕۆژنامەنووسیش کاری کردووە.
٥- فاتیمەی ڕۆشەن: ساڵی ١٩٨٢ لە ویلایەتی (دایکەند)ی ئەفغانستان لەدایک بووە . ئەویش لە منداڵییەوە چووەتە ئێران و لەوێی خوێندووە تا بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی کشتوکێڵ وەرگرتووە ، لە ٢٠٠٦ ـەوە شیعر دەنووسێ.
٦- ئەلیاسی عەلەوی: شاعیر و نیگارکێشە ، ساڵی ١٩٨٣ لە ویلایەتی (دایکەندی) لەدایک بووە ، ئەویش ھەر زوو ھێشتا منداڵە لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچنە ئێران ، بەڵام ئەلیاس لە تەمەنی ھەرزەکاریدا دەگەڕێتەوە ئەفغانستان . ساڵی ٢٠٠٧ کۆچ بۆ ئوستورالیا دەکا. تا ئێستا سێ کۆشیعری بڵاو کردوونەتەوە و لە زۆر لە کۆڕ و سیمینارە ئەدەبی و ھونەرییەکان بەشدار بووە و پێنج پیشنگای ھونەریشی نمایش کردووە، ‌

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک