په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠٢٤

هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا

نموونەی ڕیسوایی دیموکراسی بۆرژوازییە.

عامر سابیر      


لە ٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ دا هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بەرپا ئەکرێت. سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی بەردەوام لە هەموو هەڵبژاردنەکانیاندا هەندێ کێشە و مەسەلەی لاوەکی ناو کۆمەڵگا زۆر زەق ئەکەنەوە و ئەیکەنە کێشەی سەرەکی جیاوازی نێوانیان و لە کەمپینی هەڵبژاردنیاندا خەڵکی پێ سەرگەرم ئەکەن و بەهیچ جۆرێک خۆیان لەو کێشە سەرەکیانەی کۆمەڵگا نادەن کە خەڵکی نیگەران کردووە و چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگا بەدەستییەوە ئەناڵێنن. ئەوان ئەیانەوێ بە گەورەکردن و زەقکردنەوەی کێشە بچوکەکان، مەسەلە گەورەکان لەبیری خەڵک ببەنەوە و سیستەمی سەرمایەدارییەکەیان کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانە، لە تووڕەی خەڵک بپارێزن.

لەم گەمەیەی بۆرژوازیدا کە پێی ئەڵێن مومارەسەی دیموکراسی و دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن. لەم گاڵتەجاڕییەی ئەمجارەی هەڵبژاردندا کێشەی کرێکارانی هاتوو و پەنابەران کە گوایە بێ بەڵگەی ڕوخسەتی مانەوە لە ئەمەریکادا ئەژین و کارئەکەن، کراوەتە باسی سەرەکی هەڵبژاردنەکەیان. چینی بۆرژوازی، کرێکارانی هاتووی کردۆتە سەرچاوەی سەرەکی هەموو کێشەکانی خەڵکی ئەمەریکا. ئەمەیان کردۆتە خاڵی سەرەکی جیاوازی و ناکۆکی نێوان دوو حیزبە سەرەکییەکەیان. وەک ئەوەی چینی کرێکار و خەڵکی هەژارکراوی ئەمەریکا هیچ کێشەیەکی تری نەبێت وتەنها کرێکارانی هاتوو سەرچاوەی هەموو کێشەکانیان بێت لە هەژاری و بێکاری و گرانی!


بەتایبەت ترامپ و حیزبی کۆمارییەکان ئەم مەسەلەیەیان زۆر گەورە کردۆتەوە و کردوویانە بە خاڵی سەرەکی کەمپینی هەڵبژاردنیان و کرێکارانی هاتوویان کردۆتە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی خەڵکی ئەمەریکا و گوایە ئەگەر ترامپ سەرکەوێ ئیتر هەموو کێشەکانی کۆمەڵگای ئەمەریکا چارەسەر ئەبێت! بەوەی هەموو کرێکارانی هاتوو ئەنێرێتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.


ترامپ و حیزبی کۆمارییەکان و کەمپینی هەڵبژاردنیان، زۆر ڕەگەزپەرستانە و نائینسانیانە هەموو ئەم کرێکارە هاتووانە بە تاوانباران و بە بازرگانانی دەرمانی هۆشبەر و بە ڕەیپێست (واتە ئەو تاوانبارانەی هێڕشی سێکسی ئەکەنە سەر ژنان) دەناسێنن و پێێان ئەڵێن کە ئەمانە تەمەڵن و نەخۆشی دەروونیان هەیە و وڵاتەکانیان ئەیاننێرن بۆ ئەمەریکا تا ژیانی خەڵکی ئەمەریکا تێک بدەن و هەلی کار بدزن و هەژاری بڵاوبکەنەوە! تەنانەت لە دیبەیتەکەی بەینی ترامپ و هاریسدا کە لە ١٠/٠٩/٢٠٢٤ دا کرا، دەرکەوت کە ترامپ و جێگرەکەی درۆیەکی شاخداریان بۆ ئەو کەسانە هەڵبەستووە کە هاتووی وڵاتانی ئاسایی رۆژهەڵاتن و وتی ئەوانە سەگ و پشیلەی ماڵانیان دزیوە و گۆشتەکەیان خواردووە؟!

میدیا زەبەلاحەکانی بۆرژوازی بۆتە بڵندگۆی بڵاوکردنەوەی ئەم هێڕشە ڕەگەزپەرستیییە و زۆر بێ مۆڕاڵانە ئەم درۆ گەورانە ئەکەنە سەردێڕی یەکەمی هاواڵەکانیان و تایتڵی وتاری ڕۆژنامەکانیان. میدیاکانی بۆرژوازی، ڕەگەزپەرستی و تاوان هەڵبەستن بۆ کرێکارانی هاتوو، وە سوکایەتیکردن بە کۆچبەرانیان ئاسایی کردۆتەوە لەو کۆمەڵگایەدا و ڕۆژانە دووبارەی ئەکەنەوە. بەداخەوە تا ئێستا بەرەی ئینساندۆست و پێشکەوتووخوازی کۆمەڵگای ئەمەریکا هیچی لەخۆی پیشاننەداوە، تا دژی ئەم درۆ گەورانە بێتە مەیدان و سنورێکی بۆ دابنێ. بەداخەوە تا ئێستا چینی کرێکاری ئەمەریکا ڕێگەی لە بۆرژوازی نەگرتووە کە نەهێڵێ سەرمایەداران، کرێکارانی هاتوو بکەنە ئەو لەزگەیەی کە برینە قوڵەکانی ناو جەستەی چینی کرێکاری ئەمەریکای پێ دائەپۆشن.

سەرجەم دانیشتوانی ئەمەریکا ٣٣٤ ملیۆن کەسە. لەم ڕێژەیە ١٦٨ ملیۆن کەس هێزی کاری ئەمەریکایە. بەپێی خودی داتاکانی حکومەتی ئەمەریکا نزیکی ١٠ ملیۆن کرێکاری هاتوو هەیە لە ئەمەریکادا. لەم ١٠ ملیۆنە، بڕی ٦٨٪ ی ئەو کەسانەن کە بە ڤیزە چوونەتە ئەمەریکاوە و دوای ئەوەی ڤیزەکانیان بەسەرچووە بێ مۆڵەت لە ئەمەریکا ماونەتەوە، ئەمانە پێش چوونیان هەموو لێکۆلێنەوەیەکیان لەسەر کراوە، جا ڤیزەیان پێ دراوە. ئەم کرێکارە هاتووانە بە کڕێیەکی زۆر هەرزان، خراپترین و سەختترین ئیشەکان ئەکەن کە کرێکارانی تری ئەمەریکا ئامادە نین بیکەن.

بۆ سەرمایەداران و خاوەنکارانی ئەمەریکا، هێزی کاری هەزران و بێمافی ئەم کرێکارە هاتووانە بۆتە کۆڵەکەیەکی گەورەی کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆیان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام وەک هەڕەشە لەبەرانبەر کرێکارانی تردا بەکاریان ئەهێنن. بۆیە خاوەنکار و سەرمایەداران هەرگیز لە بەرژەوەندیان نییە کە ئەم هێزی کاری هەرزانەیان لە دەرستدەرچێ و دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان بکرێنەوە، کە بە زۆری لە وڵاتانی ئەمەریکای باشوورەوە ڕۆیشتوون.


لە کاتێکدا سەرمایەداران ئەیانەوێ ئەم کرێکارە هاتووانە هەبن. لەهەمانکاتدا هانی ئەوە ئەدەن کە مەسەلەی لاوەکی و بچووکی ئاوا بکرێتە کێشەی سەرەکی هەڵبژاردنەکانیان و ڕەخنە دورخرێتەوە لە سیستەمی سەرمایەداری و ناکۆکییەکانی ناو سیستەمەکەیان و سەرمایەداری تاوانبار نەکرێ.

ئەمەریکا لە ئێستادا خاوەنی گەورەترین سوپا و جبەخانەیە لە دنیادا. ئابوورییەکەشی تا ئێستا گەورەترینی هەموو دنیایە، بەڵام لە ئێستا بۆیەکەم جارە کە ڕکابەرێکی تری بۆ پەیدابووە و خەریکە شان لە شانی ئەدات، ئەویش (چین)ە. ئەمەریکا لە ڕێڕەوی بوون بە ژمارە دوو دایە. بۆرژوازی و چینی خاوەن بڕیاری ئەمەریکا، ئەمەیان پێ قبوڵ ناکرێ و بۆیە ئەڵێن ئێستا کاتێتی کە لە چین بدەین بەرلەوەی گەورەتر بێت و لەدەستدەرچێ! هەر لەم ڕاستایەدا بەردەوام گێچەڵ بە چین ئەکەن و ئەیانەوێ تووڕەی کەن و پلانەکانیان بچێتە سەر. شەڕ بەشێکی دانەبڕاوە لە هاوکێشەی سیستەمی کۆمەڵگای چینایەتی. سەرمایەداری بەردەوام کە لە ناوخۆدا تووشی قەیرانە قوڵەکانی ئەبێت، ئەیەوێت بە بەرپاکردنی شەڕ قەرەبووی بکاتەوە. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، جگە لە شەڕی کۆریا کە ئەتواندرێ بگوترێ بە ٥٠-٥٠ لێی دەرباز بوو، هەموو ئەو شەڕانەی تر کە ئەمەریکا تیایدا بەشداربووە، بە دۆڕاوی لێی هاتۆتە دەرەوە.

قڵشتی چینایەتی، موشکیلەیەکی گەورەی دنیای ئەمڕۆ و ئەمەریکایە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی (ئۆکسفام) کە ساڵانە لەسەر نایەکسانی بڵاویئەکاتەوە، ١٠ کەسی دەوڵەمەنترینی دنیا لە بلیۆنێرەکان کە ٩ یان لە ئەمەریکایە، لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە تا ساڵی ٢٠٢٣ هەر سەعاتی ١٤ ملیۆن دۆلار چۆتە سەر سامانەکەیان. وە ئەگەر ٥ کەسی یەکەم وەربگری ئەوا لە سێ ساڵی ڕابردوودا، هەر ساعتێک ٢١ ملیۆن دۆلار چۆتە سەر سەروەتەکانیان. ئەمە لە کاتێکدا کە کرێکاران بەدەست هەڵئاوسان و بێکاری و گرانی و بێمافی سەرکار و سەعات کاری زۆرەوە ئەناڵێنن. لە ئەمەریکادا هەژاران و بێبەشانی خوارەوە ناچارن کە دوو ئیش و سێ ئیش بکەن تا بتوانن ژیان بەڕێبکەن و بەرگەی ئەو گرانی و نەهامەتتیە بگرن کە بۆیان دروستکراوە.

قەرزی سەر قوتابیان، واتە ئەو پارەیەی کە خوێندکار قەرزی کردووە بۆ ئەوەی خوێندنی زانکۆی پێ تەواو بکات، لە ئێستادا سێهەم گەورەترین قەرزەکانی سەر خەڵکی ئەمەریکایە لە دوای قەرزی خانوو و قەرزی (کرێدت کارت). جۆ بایدن سەرۆکی ئێستا بەڵێنی دابوو کە قەرزی سەر قوتابیان هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام چەندین جار لە دەنگدانی پەرلەماندا شکشتی هێنا، بۆیە بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆیی تا ئێستا تەنها ١٢٧ بلیۆنی لە قەرزی سەر قوتابیان هەڵوەشاندۆتەوە، کە ئەم بڕە زۆر کەمە و وەک دڵۆپێک ئاوە لە تەنکەرێکدا، چونکە هەموو قەرزی سەر قوتابیان لە ئێستادا نزیک بە دوو تریلیۆن دۆلارە.

ئەمەریکا یەکەم وڵاتی دنیایە کە تیایدا زۆرترین چەک بەدەست خەڵکەوەیە، کە هەر ١٠٠ کەسێک لە ئەمەریکادا ١٢١ پارچە چەکیان هەیە. ساڵانە بە سەدان هەزار کەس لە ئەمەریکا ئەکوژڕێن و ئەبنە قوربانی بە هۆی تەقەکردن و کوشتنی بەکۆمەڵەوە. بەڵام ئەمە نەبۆتە باسی هەڵبژاردنیان.

گەر چی ئەمەریکا ڕێژەی ٤٪ ی دانیشتوانی گۆی زەوی پێک ئەهێنێ، بەڵام ٢٠٪ هەموو زیاندانیانی دنیا لە ئەمەریکادایە. لە کەمپینی هەڵبژاردنیاندا هیچ باس و پرسیارێک لەسەر ئەمە نییە، چونکە زیندانەکان دراوە بە کەرتی تایبەت و بۆ سەرمایەداران تا زیاتر خەڵک لە زینداندابێت سەرمایەی زۆرتر بۆ ئەوان ئەهێنێ. هەر بۆیە خاوەنی زیندانەکان لە ڕێگەی گرووپی فشاریانەوە بەردەوام لە هەوڵی گۆڕینی یاساکاندان تا زۆرترین کەس بە بچوکترین کێشە بچێتە زیندانەوە.

گەرچی ئەمەریکا یەکەم وڵاتی دنیایە لە زۆری سەرفکردنی بودجە بۆ کەرتی تەندروستی، بەڵام لە باری تەندروستییەوە لە خوارەوەی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی)١ دایە، چونکە هەموو ئەو پارەیەی سەرف ئەکرێ ئەچێتە گیرفانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا گەورەکانی بیمەی تەندروسییەوە (ئینشورانس). ئەمەریکا هەر لە ڕێژەی مردنی کۆرپەلە و مردنی دایکان لە کاتی مناڵبووندا، تا ڕێژەی خۆکوژی و ڕێژەی قەڵەوی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە سەرەوەی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی)دایە، لە درێژی تەمەنی تاکەکانی کۆمەڵگادا لە خوارەوەی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی) دایە. هەر وەک چۆن لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای (کۆڤید ١٩)دا، ٢٠٪ هەموو مردووان بەو نەخۆشییە لە ئاستی دنیادا، لە ئەمەریکادا بوو، لە کاتێکدا دانیشتوانەکەی تەنها ٤٪ی ڕێژەی دانیشتوانی دنیایە.

لە پەروەردەشدا ئەمەریکا لە دواوەیە و تەنانەت وڵاتێکی وەک کۆریای باشور لە پێش ئەمەریکاوەیە.

لانی کەمی کرێ، ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی دیاری کردووە لە ئەمەریکا ٧.٢٥ $ (حەوت دۆلار و بیست و پێنج سێنتە) کە ئەمە لە نزمترینەکانی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی) یە. تەنانەت پۆڵەندا و لیتوانیا لە پێش ئەمەریکاوەن.

لە مانگی جوڵای ئەمساڵدا (٢٠٢٤) قەرزەکانی سەر حکومەتی ئەمەریکا ٣٥ تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند و لە ئێستادا دانەوەی قازانجی قەرزەکانی بۆتە سێهەم گەورەترین مەسرەفەکانی حکومەتی ئەمەریکا کە ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ بۆ ٩٠٠ بلیۆن دۆلارە. تاکە شتێک کە ترامپ بەرنامەی ڕۆشنی هەیە کە بیکات، ئەوەیە کە ڕێسا و یاساکان لە بەرژەوەندی کۆمپانیا گەورەکان ئەگۆڕی و باجی سەر بلیۆنێرەکان کەمتر ئەکاتەوە! جگە لەمە و هێڕش بۆ سەر کرێکارانی هاتوو هیچ پلانێکی تری ڕانەگایاندووە.


لە گەرمەی گرانی گەورەدا لە ساڵانی سیەکان و چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، باجی سەر دەوڵەمەندەکان (باجی سەر کۆمپانیاکان) ٩٦٪ بوو. تەنانەت تا ساڵی ١٩٨١ یش باجی سەر دەوڵەمەندەکان ٧٠٪ بوو، کە ڕۆناڵد ڕیگان بوو بەسەرۆک، باجی سەر سەرمایەدارانی یەکسەر کەمکردەوە بۆ ٤٠٪. لە ساڵی ٢٠١٧دا کە ترامپ بوو بە سەرۆک، باجی سەر سەرمایەدارانی لە ٣٥٪ ەوە کەمکردەوە بۆ ٢١٪. جۆ بایدن سەرۆکی ئێستا گەرچی بڕیاری دابوو کە زیادی بکاتەوە بۆ ٢٨٪ بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە زیادی بکات و هەوڵەکانی لە پەرلەماندا شکستی خواردووە.

لە ئێستادا ئیعتیباری بۆندی قەرزەکانی وڵاتێکی تەنانەت وەک یۆنان لە هی ئەمەریکا بەرزترە. ئەوەی دۆلار وەک تاکە دروای نێودەوڵەتی پێگەکەی ڕۆژانە لە هاتنەخوارەوەدایە، کە ئەمە ڕەنگدانەوەی نزمبوونەوەی هەژموونی ئەمەریکایە، بۆتە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی دنیا بۆندەکانی قەرزیان لای حکومەتی ئەمەریکا بفرۆشن و زێڕی پێ بکڕن. بۆ نموونە چین لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە زیاتر لە تریلیۆنێکەوە کەمیکردۆتەوە بۆ حەوت سەد بلیۆن. هی یابان کە لە ترلییۆنێک زیاتر بوو، تا ئێستا ١٠٠ بلیۆنی لێ فرۆشتووە. وە هەموو وڵاتانی ئەوروپا بە هەمان شێوە. بەڵام لە ئەمەریکادا ئەمە هەر باس ناکرێ و ئینکاری لێ ئەکرێ و نابێتە باسی هەڵبژاردنیان.

لەو دوو دیبەیتەی تا ئێستا کراوە، کە یەکەم لە ٢٧/٦/٢٠٢٤ لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترامپ بوو. وە دووەم لە ١٠/٩/٢٠٢٤ لە نێوان کامڵە هاریس و ترامپ بوو. هیچ پرسیارێکی جەوهەری لەسەر کێشە گەورەکان و ئەم پرسانەی سەرەوە نەوروژێنراوە و نەبۆتە قسەوباسی ئەوانەی کە ئەیانەوێ ببنە سەرۆکی ئەمەریکا. ئەمە هەڵەیەک نییە کە بەسەر میدیاکاندا تێپەڕیبێت، بەڵکو ئامانجدارانە بۆرژوازی نەخشەی بۆ کێشاوە و خۆیانی لێ ئەدزنەوە.

سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی خۆیان بە "ئازادی هەڵبژاردن"ەوە ڕائەدەن و ئەڵێن تاکەکان ئازادی هەڵبژاردنیان هەیە. ئەوە ڕاستە بۆ نموونە خەڵکی ئەمەریکا ٣٠ جۆری جیا مەعجونی دانیان هەیە و ئەتوانن هەڵبژێرن. بۆکرینی ئۆتۆمبیل زیاتر لە ٢٤ جۆریان هەیە وئەتوانن هەڵبژێرن، بەڵام کە دێتە سەر حیزبی سیاسی، پێیان ئەڵێن تەنها دوانتان بەسە. لە ڕاستیدا ئەم دوانەش دوو دیوی یەک دراون و هەر وەک یەکن و تەنها جیاوازییەکی زۆر کەم و ڕووکەش لە نێوانیاندا هەیە. ئەم دوو حیزبە بەهەموو شێوەیەک هاوکاری یەک ئەکەن تا نەهێڵن هیچ حیزێکی تر بێتە مەیدانەوە و ببێتە ڕکەبەریان، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هەردووکیان پێکەوە هەموو بەربەستێکیان دروست کرد لە بەرانبەر (حیزبی سەوز) تا شانسی ئەوەی نەبێت بێتە پێشەوە و ببێتە ڕەقیبیان.


بۆرژوازی ئەمەریکا هەموو هەوڵێک ئەدا تا کەمترین کەس بەشداری هەڵبژاردن بکات، بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژاردنیان کردۆتە ڕۆژی سێشەمەوە کە ڕۆژی کارکردنە، وە بەربەستی جۆراوجۆر دروست ئەکەن تا کەمترین کەس خۆی ناونووسی پرۆسەی دەنگدان بکات. لە زۆر لە ویلایەتەکان هەرچی زیندانی بینیبێ ناتوانێ بۆ هەموو ژیانی دەنگ بدات!

جیاوازی نێو حیزبەکانی بۆرژوازی زۆر کەم و شکڵێن. لەم گاڵتەجاڕیەی سەرمایەداراندا ئەوە دەنگی خەڵک نییە کە بڕیار ئەدات کێ دەسەڵاتی سیاسی بگرێ، بەڵکو پارەدار و کۆمپانیا گەورەکان پشتیوانی کام حیزبەیان کرد ئەوە براوەیە. ماس میدیاکانی بۆرژوازی لە هەڵبژاردنەکانی ئێستای سیستەمی سەرمایەداریدا بڕیار ئەدات کە لە نێو حیزبەکانی بۆڕژوازیدا کێ دەسەڵات بگرێ. بۆیە خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆن ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەکڕێ و خاوەنی تێسلەرش تیوتە بە ٤٥ بلیۆن دۆلار ئەکڕی. ئەمەی هەیە دیموکراسی نییە، بەڵکو دکتاتۆری سەرمایەدارانە لە دژی کرێکاران. ئەگەر ئەمە دکتاتۆری سەرمایەداران نەبێت، ئەوا دەور و گاریگەری دەزگایەکی وەک (ئەی پاک)٢ کە ڕێکخراوێکی پرۆ ئیسرائیلە، ئەو هەموو کاریگەرییەی نابوو لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا. کە هەندێ لە بیرمەندان و قەڵەم بەدەستانی ئەم سیستەمەشی خەجاڵەت کردووە و بە ئاشکرا لەدژی قسە ئەکەن وگوێیان لێ ناگیرێ.

سەرمایەداران بۆ مەسەلە سیاسییەکان شانۆگەری هەڵبژاردنی لەمجۆرە ئەنجام ئەدەن، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەن لە شوێنی کاردا بە هیچ جۆرێک دیموکراسی پەیڕەو بکرێ و زۆرینە کە کرێکارانن دەنگ بدەن کە چۆن بەرهەمی ڕەنجیان دابەش بکەن. سەرمایەداری شوێنی کاری کردۆتە دەرەوەی کایەی ئەو دیموکراسییەی شانازی پێوە ئەکات و لەشوێنی کاردا دکتاتۆرییەکی ئاشکرا و موتڵەقی سەپاندووە.

بەداخەوە لە ئێستادا کە سەرمایەداری لە قەیرانی قوڵدایە و لە بەرانبەر کێشەکاندا بێ وەڵامە و ڕێگەی چارەسەری تەنها بریتییە لە هێڕشی زیاتر بۆ سەرکرێکاران و کەمکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە، وەیان هەڵگیرساندنی شەڕە. لەم کاتەدا کە سەرمایەداری لە قەیرانی قوڵدایە هەر خودی سەرمایەداران، فاشیستەکانیان (بۆ نمونە ترامپ و جەی دی ڤانس)یان سواری ناڕەزایەتی خەڵك کردووە و ئاسۆی بنیاتنانی دنیایەکی باشتریان زیاتر تاریک کردووە.


دکتاتۆری پرۆلیتاریا مەرجی نەهێشتنی دکتاتۆریی سەرمایەیە. سۆشیالیزمە ئەڵتەرناتیڤی ئەم سیستەمە قەیرانگرتووە کە تاوانی لێ ئەچۆڕی.
تێبینی:
١
OECD =The Organization for Economic Co-operation and Development
٢
AIPAC= The American Israel Public Affairs Committee


١٤\٩\٢٠٢٤
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک