په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هه‌ڵبژاردنی دیموكراسییانه‌.

 

نامق هه‌ورامی 

 

ئه‌مه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌كارهێنراوی شوێنێكه‌ نه‌ وڵاته‌و نه‌ شتێكه‌ بكه‌وێته‌ ناو جوغزی پێناسه‌كانی دیاریكراو بۆ وڵات یان شێوازی به‌ڕێوه‌بردن. لێره‌ به‌رگێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ به‌به‌ر دیموكراسیدا ده‌كرێت كه‌ له‌قوتوی هیچ عه‌تارێكدا نه‌بینراوه‌ و نابینرێت،دیموكراسییه‌ت راسته‌ چه‌ن شێوازێكی هه‌یه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌مان بێر نه‌چێت دیموكراسییه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تێگه‌شتووین له‌هیچ دنیایه‌كدا نییه‌، چونكه‌ پراكتیكی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌رگیز به‌و شێوه‌ رێژه‌ییه‌ نییه‌ كه‌ له‌لای ئێمه‌ هه‌یه‌، دیموكراسییه‌ت له‌م وڵاته‌دا وه‌ك قسه‌ی ئه‌و پیره‌ژنه‌ی خزممانه‌ كه ‌ده‌یگوتخه‌ریك بوو جه‌ڵته‌ لێم بدات له‌كاتێكدا جه‌ڵته‌ رێژه‌یی نییه‌ یان لێت ده‌دا یان لێت نادا،ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێیت وه‌خت بوو ماشێن لێم بدات.

له‌م دیموكراسییه‌ته‌دا رێگه‌ ئه‌درێت منی به‌رامبه‌ر قسه‌ بكات، به‌ڵام كاتێك منی تر قسه‌ ده‌كه‌م هه‌رچی ده‌رگا هه‌یه‌ لێم كڵۆم ده‌درێت،ئه‌وه‌ نییه‌ دادگا بڕیار ده‌دا كتێبێك كۆبكرێته‌وه‌ له‌بازاڕدا؟

هه‌ڵبه‌ته‌ به‌هیچ جۆرێك ناچمه‌ خانه‌ی به‌رگریكار له‌ ئایدۆلۆژیاو بیرێكی تایبه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا كه‌له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی ئارام ره‌شید ده‌رچووه‌ له‌ كوردستاندا،هه‌مان بڕیار له‌دژی كتێبێكی وه‌ك قورئان ده‌ربچێت هه‌مان بیروو بۆچونم ده‌بێت وبه‌ پێشێلی ئازادی بیروورایی به‌رامبه‌ری داده‌نێم،ئاخر ناكرێت له‌سه‌ر حیسابی ده‌نگێك،ده‌نگێكی تر كپ بكرێت.

له‌وه‌ش سه‌یرتر له‌م دیموكراسییه‌ خۆماڵییه‌دا هه‌ڵبژاردن وهه‌ڵبژاردن كارییه‌ كه‌ ته‌نیا لای ئێمه‌ بووه‌ته‌ مۆدێل، لێره‌ حكومه‌ت هه‌یه‌ به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن نییه‌،له‌كاتێكا ئه‌مه‌ له‌ دنیای دیموكراتیدا خه‌له‌لێكه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و گومانه‌وه‌،حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ له‌وه‌ی سوید و هۆڵه‌ندا و زۆر شوێنی تری دنیا دیموكراسی تر بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ خۆزگه‌و حه‌ز نابێت.

له‌هه‌ڵبژاردنی رۆژنامه‌نووساندا حزبه‌كان نوێنه‌ریان داناوه‌ (ره‌بی پیرۆزیان بێت)، به‌ڵام كاتێك باس له‌كاری رۆژنامه‌نووسی ده‌كرێت له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌دا باسی بێلایه‌نی ده‌كرێت،كه‌چی لای ئێمه‌ رۆژنامه‌نووسانی لایه‌نه‌كان سه‌ندیكاكه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن!!

ئه‌ی رۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆ چیبكه‌ن؟ له‌كاتێكدا نایانه‌وێت له‌ژێر باڵی هیچ لایه‌نێكدا بن ونه‌بنه‌ پاشكۆی راگه‌یاندنه‌ مولته‌زیمه‌كانی حزبه‌كانه‌وه‌؟

بۆیه‌ باشتر وایه‌ رۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆش بیر له‌رێكخراوێك بكه‌نه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تییان بكات یان رێگه‌ بدرێت سه‌ندیكا نوێنه‌ری رۆژنامه‌نووسان بێت به‌ سه‌ربه‌خۆ و مولته‌زیمه‌ حزبییه‌كانه‌وه‌ و سه‌ندیكا ببێته‌ چه‌ترێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موان نه‌ك ببیته‌ عه‌رشێك ته‌نیا حزبه‌كان له‌سه‌ری دانیشن.

دیاره‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ بوه‌ته‌ نه‌ریت له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تدا و له‌وێشه‌وه‌ هاته‌ ناو كاری سه‌ندیكاو یه‌كێتییه‌كانه‌وه‌ وئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن و ئازادییه‌،كه‌له‌م وڵاته‌دا هه‌موو شتێك قۆرخ بكرێت ئه‌ی خه‌ڵكی تر چیبكه‌ن؟

ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ ته‌نیا ئه‌م مودێله‌ دیموكراسییه‌ته‌ی كورده‌واری ده‌توانێت وه‌ڵامی بداته‌وه‌و پاساوی بۆ بهێنێته‌وه‌.

كاتێك بۆتۆ گه‌ڕایه‌وه‌ پاكستان پێیان گوت تۆ ئازادی له‌ ده‌ربڕینی بیرو راكانتا، به‌ڵام چۆن خۆت ئه‌پارێزیت ئه‌وه‌یان خۆت ده‌یزانی،دواتر دیمان بۆتۆ قسه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام ئاسایشی بۆ ده‌سه‌به‌ر نه‌كرا،لێره‌ش رێگه‌ی قسه‌كردنت لێ ناگیرێت(هه‌موو قسه‌یه‌‌كیش نا)، به‌ڵام گه‌ره‌نتی ژیان ونان بڕان و شتی تر ده‌بێت خۆت بیكه‌ی.