١٦\١١\٢٠١٣
هەڵبژاردنی سەندیکای
پارێزەران، سکانداڵێکی تری ساختەکاریی!

موزەفەر عەبدوڵا
لە
کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا، هەڵبژاردنی سەندیکای پارێزەران بۆ
دیاریکردنی نەقیب و ئەنجومەنی سەندیکا لەشارەکانی کوردستان بەڕێوەچو.
لەم هەڵبژاردنەدا٣ لیستی پارێزەرانی پارتی ودادپەروەری یەکێتی و
سەربەخۆکان، کەزیاتر لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆنن و ١٤٥٥ ئەندامی پارێزەر
دەنگیاندا لەهەر ٤ شارەکەی کوردستان.
بە پێی هەواڵەکان و دانپیانانی خودی لێژنەی سەرپەرشتی هەڵبژاردن دوای
جیاکردنەوەی دەنگەکانی ناو سندوقەکان بە بەراورد لەگەڵ دەنگی ئەو
ئەندامانەی مافی دەنگدانیان هەیە نزیکەی ٢٠ کارتی دەنگ زیاد بووە.
ئەمەش بەمانای ئەوەی ساختەکارییەکی ئاشکرا کراوە لەزیاد کردنی دەنگەکان
بە مەبەستی سەرکەوتنی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو کە گومان و ئاماژەکان
بۆ پارتی دەکرێت وەک حزبی دەسەڵاتدار لە هەولێر و دهۆک. هەڵبەت ئەو
دەنگە زیادانە زیاتر لەهەولێر بووە. ئەمە ئیتر فەزیحەیەکی ئاشکرای تری
پرۆسەی دەنگدانە لەکوردستان کەلەژێهر سایهی لایەن باڵا دەستی پارتیدا
بەڕێوە دهچێت.
بێگومان ئەمە نە یەکەم هەڵبژاردنەو بە دڵنیاییشەوە، نە دوا هەڵبژاردن
دەبێت کە بەئاشکرا ساختەکاری تیا دەکریت ئەم سکانداڵەش دەچیتە سەر
خەرمانەی سکانداڵەکانی تری هەڵبژاردن.
تەواوی ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنانەی کەلە کوردستان لە ماوەی ٢١ ساڵی
ڕابردوودا بەڕێوە چووە هەموی ساختەکاری وا ئاشکرای تیا کراوەو هاوکات
ئاشکراش کراوەو بە ناچاریش لێژنەکانی سەرپەرشتی گەر دانیان نابێت بە
ساختەکاری یەکانیشدا بەڵام زۆربەی جار ئاکامە ساختەکاریەکان هەر پەسەند
کراوە. ئەم ساختەکاری یانە هەر لە هەڵبژاردنی یەکێتی مامۆستایان
پزیشکان و ڕۆژنامەنوسان و قوتابیان و لاوان و مەلایان وسەندیکای
کرێکاران و تەواوی ئەو سەندیکاو کۆمەڵەو ڕێکخراوانەی کەلە سایەی ئەم
دوو حزبە دەسەڵاتدارەدا ئەنجامدراوە هەمویان ساختەکاری یان بەجۆرەها
شێواز تیاداکراوە بەڵام زۆربەی جاریش ئەنجامی کۆتاییان پەسەند کراوە.
زەقترین سکانداڵی ساختەکاری ئەوەی هەلبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان
بوو کەلە ٢١-/٩ ی ئەمساڵدا بەڕێوە چو کە دەیان هەزار دەنگ ساختە کرا
بەڵام ئاکامەکەشی پەسەند کرا.
بۆیە پێویستە بۆ هەر کەسێکی دەنگدەرو چاودیر پرسیار بێت، بە تایبەتی بۆ
هەمو ئەو پارێزەرانەی کەدەنگیان داوە، بۆ دەبێت هەرچی پرۆسەی
هەڵبژاردنێک هەیە ئەم ساختەکاریانەی تیا بکرێت وئاکامامی ساختەکاری
یەکەش پەسەند بکرێت و بسەپێندرێت بەسەر دەنگدەراندا؟ بە ڕای من پێش هەر
کەسێک، لەچاودێران و ڕەخنەگران و ئەوانەی ناکۆکن بەم جۆرە
هەڵبژاردنانەو ئەو میکانیزمانەی کەلەم هەڵبژاردنانەدا پیادە دەکرێت،
پێویستە خودی ئەو دەنگدەرانە، بە تایبەتی پارێزەران وەک توێژێکی
کۆمەڵایەتی بەئاگاو شارەزا بە ماف و ئازادیی و ئەرکەکانی خۆیان وخەڵک،
تەواوی نەک ئەم هەڵبژاردنانە بەڵکو خودی ئەو ڕێکخراوانەش بۆیان بچێتە
ژێر پرسیارەوە. وە ئەوەی کە پێویستە پێی بگەن ئەو ئەنجامگیریە سیاسیەیە
کە دەبێت دڵنیا بن هەرگیزاو هەرگیز لە توانادا نی یە لەسایەی ئەم حزبە
قەومی خێڵەکی و ئیسلامی یانەدا هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بە پاکو
بێگەردی بڕوات بەڕێوە. چونکە لەسایەی دیدو بۆچونو کەلتورو پراتیکی
سیاسی ئەم جۆرە حزبانە ئەوەی بەڕێوە دەچێت هەڵبژاردنیکی واقعی نییە لە
خوارەوە بۆ سەرەوە بۆ بەڕێوە بردنی کاروبارەکانی توێژیک یان هەر
دامودەزگایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پیشەیی، بەڵکو دانانی ئەو کەسانەیە
لەسەرەوە بۆ خوارەوە لە لایەن سەرۆکی ئەو حزبە خێڵەکیانە و
دارودەستەکانیان. دیارە نەک هەر شێوازو میکانیزمی ئەم هەڵبژاردنانە
دەبێت لەژێر پرسیاردا بێت بەڵکو سیاست و ئامانجێکیش کە ئەم جۆرە
ڕێکخراوو کۆڕو کۆمەڵانە کەبە شوێنیهوەن دەبێت بۆیان لە ژێر پرسیاردا
بێت. یانی لە بنەڕەتدا پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوو کۆڕو کۆمەڵانە بۆ ئەوە
نی یە کە ئەم چین و توێژانە بە خەباتی یەکگرتوانەیان بگەنە ئامانج و
خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری یەکانیان، نەخێر! .. بەڵکو ڕێک بە
پێچەوانەوە بۆ دەستەمۆکردن و لە قاڵبدانی خواست و ئامانجەکانی ئەو چین
و توێژانە و پاراستنی دەسەڵاتە نەتەوەیی و خێڵەکیی و ئیسلامییەیە.
جا ئەرک و کاری پارێزەران و هەمو بەشەکانی تری کۆمەڵگایە لە خوێندکاران
و ڕۆژنامەنوسان و هەمو پیشەوەران تا دەگاتە کرێکاران و بەشە
جوراوجۆرەکانی کرێکاران لە شوێنی کارو پیشەو ژیانیان و لەسەر بنەمای
کۆبونەوەی گشتی و ڕاستەوخۆو ئاشکراکانیان بە دوور لە دەست تێوەردانی
ئەو حزبانە خۆیان ڕێکخراوی سەربەخۆ پێکبێنن و پرۆسەی هەڵبژاردن
ئەنجامبدەن ونوێنەرانی ڕاسەقینەی خۆیان هەڵبژێرن لە پێناوی بەدی هێنانی
خواستەکانیان.دەنا دەیان هەڵبژاردنی تر بکەن ئەنجامەکەی هەر ساختەکاری
دەبێت و کەسانێکی دەست و پێوەندی دەسەڵات لەسەر هەرەمی ڕێکخراوەکە
دادەنریت و ئەو کەسانەش وەک پارێزەرە پارتی یەکە لەسەر ئاوازی بەعس
هەڵدەپەڕی و سەرکەوتنەکەی دەکردە دیاری بۆ پارتی و بارزانی.
١٥\١١\٢٠١٣
ماڵپهڕی موزهفهر عهبدوڵا
|