٢٠\٢\٢٠١٩
ھەڵبژاردن و
داسەپاندن!

عەبدوڵا ساڵح
سیستەمی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیھان بەبەردەوامی لەھەوڵی درێژەدان و
مانەوەی خۆیەتی وەک دوا سیستەمی کۆمەڵگای چینایەتی. لەدرێژەی ئەو
ھەوڵانەدا پەنای بردۆتە بەر دڕندانەترینشێوازی بەردەوام بوون کە خۆی لە
(نیولیبرالیزم)دا دەبینێتەوە. ئەم جۆرە لەسیستەم شتێک بەناوی کەرتی
گشتیەوە ناھێلێ و ھەموی دەکاتە کەرتی تایبەت و کەلێنی نێوان دەوڵەمەند
و ھەژار فراوان و فراوانتر دەکا، پەلامارێکی دڕندانەترە نەکتەنیا بۆ
سەر ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەپلەی یەکەم ، بگرە توێژاڵە
مامناوەندیەکانیش دەگرێتەوە تا ووردە ووردە سەرمایە و داھات لەدەستی
کەمینەیەکی کەمدا کۆ دەکاتەوە باجەکەشی دەکەوێتە سەر شانی زۆرینەی
کۆمەڵ، لەئەنجامداو لەدرێژەی ئەم مودێلە لە حوکمڕانی، بەناچاری
پێکدادان و ڕوبەڕوبونەوە دێتەکایەوە، بزوتنەوەی ھێلەک زەردەکانی
فەرەنسا کە لەبنەرەتدا دژی ئەم سیاسەتەیە ، نمونەیەکی زەقی ئەم
پێکدادانەیە .
لە نیولیبرالیزمدا دەوڵەت جگە لە چاودێریکردنی ئەم پێکدادانەو ئەم
پەلامارە و دواتر ڕاگرتنی ئەو سیستەمە ئابوریە بەقازانجی سەرمایەدارە
زەبەلاحەکان وە لە کاتی پێویستدا بەکارھێنانی ھێز بۆ ئەو مەبەستە،
دەورێکی دیکەی نیە، ووردە ووردە شانخاڵی دەکاتەوە لەبەرامبەر ھەموو
بەرپرسیارەتیەک لەئاست کۆمەڵگا بەتایبەتی لە سێکتەرە
خزمەتگوزاریەکانداو ئەوانەی پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە
ھەیە .
ئەم ژێر خانە ئابوریەی کۆمەڵگا، بەتایبەت لەو وڵاتانەی بە دواکەوتوو
ھەژمار دەکرێن (جیھانی سێیەم)، جۆرێک سەرخان و جۆرێک لە سیستەمی
حوکمڕانی دەخوازێ کە داسەپاو ویەکدەستبێت، بەڵام نەک لەڕێگای
کودەتایەکی سەربازیەوە کە دواترحوکمێکی دیکتاتۆری تاکە کەسی بسەپێنێ
وەک لە چەرخی بیستەمدا لەزۆرێک لەو وڵاتانە ڕویاندا، بەڵکو بۆ گەیشتن
بە ھەمان مەبەست دەبێ پەنا ببرێتە بەر ھەڵبژاردن و دروست کردنی
بەناو(دەوڵەتیموئەسەسات)! واتە یەک دەست بوون و ھێنانەکایەی
دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری داسەپاو بەڵام لەڕێگای دەنگدانی گشتی وھەڵبژاردنی
پەرلەمانەوە، ووڵاتی میسر وەک نموونە.
کوردستانی ئێمەش بەدەر نیە لەم ھاوکێشەیە و تەنانەت بەجۆرێک حوکمڕانی
تێدا دەکرێ کە نمونەکەی زۆر دەگمەنە. حوکمڕانیەک کە پەرلەمان و
(دەوڵەتە موئەسەساتەکەی) دەبێلەدوولاوە شەرعیەتیان پێبدرێ ، یەکەم بە
دەنگدانی گشتی خەڵک و دووەمیش ، کە ئەویان چارەنوس سازە، شەرعیەت
لەلایەن ئەودەستەو تاقمانە کە لە بناغەوە داسەپاون شەرعیەتیان لە ڕێگای
لولەی تفەنگی شاخەوە وەرگرتوە حەقیان داوە بەخۆیانکە بەڕاست و چەپ
لێدەن !! ئەوەتا بۆ چوار مانگ دەچێ ھەڵبژاردنێک کراوە، بەھەموو
تەزویراتێکەوە، پەرلەمانێک ھەڵبژێردراوە کە گوایە دەبێ سەرچاوەی ھەموو
دەسەڵاتەکان بێ، بەڵام لەولاوە ھەندێک دەزگای ھەڵنەبژێردراو و داسەپاو
کایەکەیانگرتۆتە دەست و ئەوان دەبێ (ڕوح) بکەن بەبەرئەو پەرلەمانەی فڕی
بەسەر خەڵکەوە نیە ولە بنەڕەتدا داردەستی ھێزە داسەپێنراوەکانە بۆیە
چاوەڕێی ئەوانە ئاوی زیندوکەرەوەی بدەنێ!
ئەم حاڵەتەی کوردستان نەک تەنیا دەگمەنە بەڵکو زۆر بەئاشکرا پێمان دەڵێ
چارەنوسی ھەموو کۆمەڵگا بەندە بە گفتو گۆی نێوان کەسانێکەوە کە
نوێنەرایەتی ئەو دەزگا داسەپاوانەدەکەن ، کەسانێک کەفڕیان بەسەر
دواکەوتوترین سیستەمی حوکمڕانیشەوە نیە!
ھێزەکانی تری دەوروبەری ئەم خەرمانە، ئەوانەی پێشتر ناوی ئۆپۆزسیۆنیان
لە خۆیان نابوو ، چاوەڕێ (ڕەحمەتی) خاوەن خەرمانن چنگێکیان بۆ فڕێدا .
سەیرو سەمەرەتریش لە ھەموو ئەم شانۆگەریە، ئەوەیە کە نەک ڕۆژانە بگرە
ھەموو سەعاتێک بەبەردەم خەڵکەوە نمایشدەکرێ، خۆخزاندنە ژێر پەردەی
(کوردایەتی و بەرژەوەندی کورد)ە! و بۆشیان دەچێتە سەر، تەنانەت لە
سیاسەتە چارەنوس سازەکانیشدا ھەندێک لەو ھێزانەی کەخۆیان بەچەپ دەزانن
لە دوا فارغۆنی شەمەندەفەرەکەی ئەواندا خۆیان ھەڵدەواسن! ڕیفراندۆمە
شکستخواردوەکەی ئەم دواییە وەک نموونە .
ئەوەی جێگای سەرنجە لەم کایە گاڵتەجاریەدا، ئەندام پەرلەمانەکانن، کە
گوایە کارتی دەنگی جەماوەریان پێ یە ونوێنەری ئەوانن و شەرعیەتیان
لەوان وەرگرتوە!! بەڵام دەستەوئەژنۆ و بێئیرادە چاوەڕێن تا شەرعیەتی
دووەم دەرگای پەرلەمانیان بۆ دەکاتەوەو لەژێر سایەی (لوتف و مەرحەمەتی)
ئەواندا بچنە سەرکورسیەکانیان!
ئەم دەسەڵاتە ئێکسپایەر بووە بە خۆی و ھەموو دام و دەزگاکانیەوە، دوور
و نزیک ، ھیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی جەماوەری کوردستانەوە نیە و
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم ڕاستیەباشتر خۆی ئاشکرا دەکا، ھەربۆیە ئەم
کۆمەڵگایە پێویستی بە سیستەمێکە کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی تیادا
پیادەبکرێ دام و دەزگاکانی ھەڵبژێردراوی ڕاستەقینەی جەماوەر بن ،
کەرەستەی بەدیھێنانی ئەم سیستەمە ھەر ئێستا بوونی ھەیە بەڵام چاوەڕێ
ماتۆڕی بەگەڕخستنیەتی.
١٨\٢\٢٠١٩
a_salih11@hotmail.com
|