١٢\١٢\٢٠٢٢
هەڵبژێردراوانی
نۆیەمین خولی
فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی ''دهۆک'' ناسێندران.
مەنسوور جیهانی
هەڵبژێردراوانی
بەشە جیاوازەکانی رکابەری "سینەمای جیهان" و "سینەمای کوردی" نۆیەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" ناسێندران.
رێوڕەسمی کۆتایی نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بە
یادی "یۆڵماز گۆنای" دەرهێنەری بەناوبانگی براوەی خەڵاتی چڵە خورمای
زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە فەرەنسا (١٩٨٢) و بە
ئامادەبوونی دکتۆر "عەلی تەتەر" پارێزگاری دهۆک، دکتۆر "سالار عوسمان"
بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری (فەرهەنگ و هونەر)ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،
"ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر" سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"، "
شەوکەت ئەمین کۆرکی" بەڕێوەبەری هونەریی ئەم فێستیڤاڵە، ئەندامانی
دەستەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان" و بەشی رکابەری
"سینەمای کوردی" و هەروەها سینەماکارانی ئامادەبووی ئەم بۆنە رووداوە
سینەماییە و هۆگران و ئارەزوومەندانی هونەری سینەما، لە رۆژی ١٧ی مانگی
سەرماوەز رێکەوتی (٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢) لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی
دھۆک لە شاری دھۆک لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، کە براوەکانی بەشە
جیاوازەکان ڕاگەیەندرا و تەندیسی زێڕینی "گەڵای مێو" و تەندیسی زیویی
"گەڵا مێو"ی فێستیڤاڵەکە، بڕوانامەی ڕێزلێنان و خەڵاتی نەغدینە بەوان
بەخشرا.
لە لایەن ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی رکابەری "سینەمای جیهان"ی
ئەم فێستیڤاڵە، تەندیس، لەوحەی رێزلێنان و خەڵاتی ١٠ هەزار دۆلاریی
"یۆڵماز گۆنەی" بە باشترین فیلمی درێژی سینەمایی، خەڵاتی ٥ هەزار
دۆلاری بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی درێژی سینەمایی، خەڵاتی ٥ هەزار
دۆلاری بۆ باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتی، خەڵاتی ٥ هەزار دۆلاری بۆ
بەهرەی نوێ، خەڵاتی ١٥٠٠ دۆلاریی تایبەتی ئەندامانی دەستەی دادوەران بۆ
باشترین کورتە فیلم و خەڵاتی ٥ هەزار دۆلاریی ئەنیستیتۆی "گۆتە"ی
ئەڵمانی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی پێشکەش کرا.
بەشی کێبڕکێی "سینەمای جیهان":
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"ی نۆیەمین
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" کە بریتی بوون لە؛ "سۆلین یووسف"
دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران،
"شەهرام عەلیدی" بەرهەمهێنەر، سیناریۆنووس و دەرهێنەری کوردی ئێرانی
دانیشتووی وڵاتی فەرەنسا، پرۆفیسۆر "ماگنوس بارتاس" توێژەر و مامۆستای
زانکۆ لە وڵاتی سوێد، "ئیلاهه نەوبەخت"، بەرهەمهێنەر و بڵاوکەرەوەی
فیلمی سینەمایی لە وڵاتی ئێران و دکتۆر "مەهدی ئومێد" سیناریۆنووس و
دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی سوێد، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە
راگەیاند:
ـ خەڵاتی "یۆڵماز گونەی"بە فیلمی سینەمایی "کلۆندیکە" کلۆندکە لە
دەرهێنانی "مارینا ئەر گۆرباخ" بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئۆکراین و
تورکیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی ناوبژیوانانی بە فیلمی سینەمایی "تا سبەی"
ئونتل تۆمۆڕۆو لە دەرهێنانی "عەلی عەسگەری" بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی
ئێران و فەرەنسا پێشکەش کرا.
ـ "عەدنان باراکە" بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی "چەند پارچەیەک لە
بەهەشتەوە" بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی فەرەنسا و مەغریب، خەڵاتی باشترین
بەهرەمەندی فێستیڤاڵەکەی وەرگرت.
بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی":
"ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی" ئەم
خولەی فێستیڤاڵ، کە بریتی بوون لە؛ "مارکۆس تێلێچیا" بەرهەمهێنەر لە
وڵاتی بەڕازیل ـ سەرۆکی لیژنەی دادوەران، "بورهان ئۆزکان" بەرهەمهێنەر
لە وڵاتی تورکیا، "موریێل ئەبولرووسیس" بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلم لە
وڵاتی لوبنان، "هوشیار زیرۆ نێروەیی" ئەکتەر و دەرهێنەر لە هەرێمی
کوردستان و دکتۆر "کەوسەر عەلی جەبارە" مامۆستای زانستگا و ڕەخنەگر لە
وڵاتی عێراق، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
ـ "حوسێن حەسەن" بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی "بووکی باران" بەرهەمی
هاوبەشی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری
فێستیڤاڵەکەی وەرگرت.
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلمی ئەم بەشە بە "مانۆ خەلیل" بۆ نووسینی
دەقی سیناریۆی فیلمی سینەمایی "دراوسێکان" لە وڵاتی سویسڕا پێشکەش کرا.
ـ "بەنگین عەلی" و "حوسێن حەسەن" بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی
"بووکی باران" لە هەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی ئەم
فێستیڤاڵەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد.
ـ "شیلان دوزدبان" بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی "بووکی باران" لە
تورکیا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی ئەم فێستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران بە "سێمین یەڵدز" بۆ وێنەگرتنی فیلمی
سینەمایی "بووکی باران" لە تورکیا پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی پارێگاریی دهۆک بە فیلمی سینەمایی "بووکی باران" لە دەرهێنانی
"حوسێن حەسەن" لە هەرێمی کوردستان، پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران بە ئەکتەری مێرمنداڵ "سەرحەد خەلیل"
بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی "دراوسێکان" لە هەرێمی کوردستان،
پێشکەش کرا.
بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم":
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی رکابەریی "کورتە فیلم"ەکانی
نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" کە بریتی بوون لە؛
"جێنیفەر مالمکوئیست" سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی سوێد ـ سەرۆکی
دەستەی دادوەران، "ئەبووزەر ئەمینی" دەرهێنەری ئەفغانستانی نیشتەجێی
وڵاتی هۆڵەندا و "محەمەد شێخۆ" لە هەرێمی کوردستان، دەنگەکانی خۆیان بۆ
براوەکان بەم شێوەیە پێشکەش کرد:
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتی بە کورتە فیلمی "دابڕان کۆتایی
دێت".
ئەندس لە دەرهێنانی "عەلیڕەزا کازمیپوور" بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی
ئێران و کەنەدا بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی بە کورتە فیلمی "دوورخستنەوە" لە
دەرهێنانی "یڵماز ئۆزدیل" لە تورکیا پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران بە کورتە فیلمی "پێشەکی لاشەیەک" لە
دەرهێنانی "ئارین ئانان ئەرسلان" لە تورکیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران بە "سارینا تەرەقی" لە ئێران، بۆ
دەورگێڕان لە کورتە فیلمی "زکماک" لە دەرهێنانی "سامان حوسێنپوور" و
"ئاکۆ زەند کریمی" پێشکەش کرا.
بەشی کێبڕکێی "بەڵگەفیلمی دۆکیۆمێنتاری":
ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی رکابەری "بەڵگەفیلم"ی ئەم خولەی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" کە بریتی بوون لە: "پاکستۆن
وینتەرز" دەرهێنەر لە وڵاتی ئەمریکا ـ سەرۆکی لیژنەی دادوەران،
"ئانائیس بۆیلیکە" دەرهێنەری فیلم و بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی "گۆتە" لە
وڵاتی عێراق کە خەڵکی وڵاتی ئەڵمانیایە و "ڕێبەر دۆسکی" دەرهێنەری
کوردی دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندا، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
ـ بەڵگەفیلمی درێژی "زمانی دایکی" لە دەرهێنانی "سەرکیۆ مسگەری" لە
ئێران خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەیی دیکۆمێنتاریی کوردی بەدەستهێنا.
ـ بەڵگەفیلمی دیکۆمێنتاریی "گەشتێکی پێداچوونەوە"ا لە دەرهێنانی "شۆن
وانگ" بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی هۆڵەندا، هۆنگ کۆنگ، فەرەنسا و یۆنان
خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی دیکۆمێنتاریی نێودەوڵەتی وەرگرت.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران بۆ باشترین بەڵگەفیلمی دیکۆمێنتاریی
کوردی بە فیلمی بەڵگەیی "بۆ دادپەروەری" (حەسکیف) لە دەرهێنانی "ئەلیف
یەگیت" لە تورکیا پێشکەش کرا.
خەڵاتی فیپرێشی:
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی
فیلمی "فیپرێشی" کە بریتی بوون لە؛ دکتۆر "سێباستیان سێن" توێژەر و
مامۆستای زانکۆ ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران لە تورکیا، "جولیا دۆبرێ"
مرۆڤناسی وێنەیی بینراو و ڕەخنەگر لە وڵاتی ڕۆمانیا و "ڤاسیلیس
کێچاگیاس" ڕەخنەگر لە وڵاتی یۆنان، ئەم خەڵاتەیان بە فیلمی سینەمایی
"پیرەبووک" لە دەرهێنانی "لوتفو ئیردەم" لە تورکیا پێشکەش کرد.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیرعەلی محەمەد
تاهیر" و بە بەڕێوەبەرایەتی هونەریی "شەوکەت ئەمین کۆرکی" بە یادی
"یۆڵماز گۆنای" سینەماکاری کورد و دەرهێنەری براوەی چڵە خورمای زێڕینی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەرەنسا (١٩٨٢) و بە ئامانجی
دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان دەرهێنەرانی کورد و دەرهێنەرانی
سەرتاسەری جیهان و دروستکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان گەلان و
میلەتەکانی جیهاندا دامەزراوە.
نۆیەمین خولی ئەم رووداوە سینەماییە بە بابەت و تەوەری "کۆچ کردن" و بە
نمایش کردنی ٩٧ بەرهەم، لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان؛ لە
چوارچێوە و شێوەکانی فیلمی درێژی سینەمایی، کورتە فیلم و بەڵگەفیلم لە
بەشەکانی رکابەری و دەرەوەی رکابەری لەوانە؛ بەشی کێبڕکێی "سینەمای
جیهان" پێکهاتوو لە؛ ٩ فیلمی درێژی سینەمایی، ٨ فیلمی بەڵگەیی
دیکۆمێنتاری و ١١ کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" پێکهاتوو
لە؛ ٥ فیلمی درێژی سینەمایی، ٦ بەڵگەفیلمی دیکۆمێنتاری و ١٥ کورتە
فیلم، بەشی "ڕوانگەی سینەمای جیهان" پێکهاتوو لە؛ ٦ فیلمی درێژی
سینەمایی، ٤ بەڵگەفیلم و ٣ کورتە فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای
کوردستان" بریتی لە ١٩ کورتە فیلم، بەشی "نمایشکردنی تایبەتی سینەمای
سوێد" بریتی لە ٩ فیلمی درێژ و هەروەها لە بەشی "نمایش کردنی تایبەتی
سینەما" ١ فیلمی درێژ و ١ بەڵگەفیلمی دۆکیۆمێنتاری لە رۆژانی ١٠ تا ١٧ی
مانگی سەرماوەز رێکەوتی ١ تا ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری دهۆک لە
باشووری کوردستان بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.duhokiff.com
https://www.facebook.com/duhokiff
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|