٢٥\٥\٢٠١٢
هەڵدێم.

حهیات مهجید
تا پەنجەکانی
خاتوونێک
تەونی بەختەوەریی نەکا
تا تریفە دڵی شکاوی کیژێک
نەکاتە پۆستەر و
بە قەدی ئاسماندا ھەڵینەواسێ
تا ژنێک
بۆ ئەنفال بگری و
ھەنسکەکانی نەژمێردرێ
ھەڵدێم،
ھەڵدێم لە موتوربەکردن
نامەوێ
موتوربەم کەن
من منم.. من ژنم
تا ھەتیوەکانی مەملەکەتم
ئەسرینیان وشک نەکات
تا ئاسمان
لە خۆی نەنەوێ
پڕووشە بەفری پاکبوونەوە
نیشتیمانم دانەپۆشێ
ھەڵھاتوم و
ھەڵدێم،
تا ئەو کاتەی
شاسواری حەزەکانم
وەتەن ئەکاتە قیبلەی خۆی
ئەوسا منیش ئامێزی بۆ ئەکەمەوە
پەراسووم ئەکەم بە پەیژە بۆی
تا سەر کەوێ
ئەستێرەی بەختی وڵاتم
لە ئاسماندا بدۆزێتەوە
ئاڵای پیرۆزی کوردستان
لە گەردووندا بشەکێتەوە.
hayat.qader@gmail.com
|