په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٧\٢٠١٢

هەلێکی مێژوویی.

جەمالی عەلیالی    


مێژوو و نەتەوەی کورد ئەوم ڕۆژانە خەریکی سەیرکردنی ڕووداوێکی زۆر بە نرخن. گەلی کوردی ڕۆژئاوا هەلێکی بۆ ڕەخسا و رەتی نەکردەوە، هەنگاوێکی گەورە بۆ داسەپاندنی مافی ئازادی و دێمۆکراسیخوازی نەتەوەی کورد. ئەو هەنگاوە لە کاتێکدا هاویژرا کە هیچ کەس (لە ئێمە خەڵکانی ئاسایی) چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد. ئەمڕۆ لە سووریا دووهێزی گەورە و هێزێکی بچووکتر باڵیان بە سەر پانتای سیاسی ئەو وڵاتە داگرتووە. هێزێکی بەرهەڵستکار و هێزێکی ستەمکار، ئەوانەی سەر بە هێزی دووهەمن زۆریان دەتوانن لە کاتی دۆخی لەباردا، ڕووهەڵگەرێننەوە. هێزێکی بچووکیش هەیە کە جارێ بێ لایەنە. ئەوانە بابەتی ئەو چەند دێرە نین. لە ئاست ناودەوڵەتییەوە هەر بە شێوەی ناوەوەی سووریا، دەوڵەتەکان بە چەند جێ دابەش کراون. ئەوانەش بابەتی ئەو چەند دێرە نین. مەبەست لەو چەند دێرە خستنە ڕووی ڕوانگەیەکە لە سەر هەڵوێستی کورد لە بەشەکانیترا.


سەرکەوتنە مێژووییەکەی کوردانی ڕۆژئاوا کاردانەوەیەکی مسۆگەری پەیماننامەکەی هەولێربوو. هەر بەو هۆیەوە دەبوایە حکومەت و پارلەمانی هەرێم و لایەنەکانی سیاسی تەنانەت بەشەکانی تری کوردستان هەر ڕۆژی یەکەم هەڵوێستی پشتگیریان گرتبا. باری سیاسی ئەو پشتگیریە کارتێکەری ڕاستەوخۆی لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان دەبوو، بەتایبەت ئەو چەند ڕۆەی یەکەم کە داگیرکەرەکانی کوردستان داماوی هەستی سڕی خافڵگیری بوون . هێدی هێدی بەیانەکانی پشتیوانی کەوتنە ڕێ، ئەوڕۆش پارلەمان هەڵوێستی گرت.


لەو پەراوێزە دا پێویستە باسی خاڵێک بکەین کە خەریکە بە دزی و وردە وردە خۆی ئاشکرا دەکات، ئەویش هەڵوێستی نەیارانە، بە تایبەت داگیرکەرانی کوردستان. توورکیا یەک لەوانە کە لە گشتیان بە جۆشترە، ئێران جارێ بێ دەنگە و چ نادرکێنێ بەڵام عێراق خۆی لە کورد توندتر کردووە، سووریاش ئەوە گڵۆڵەی کەوتۆتە سەرەوژێری وناپڕژێتە ئەوە کە بە ئاشکرایی و بە گووڕ، هەڵوێستی دژ بە کورد بگرێ.


با لەخۆمانی نەگۆڕین! هیچ یەک لە داگیرکەرەکان جگە لە تواندنەوەی کورد چ هیوایەکیتر بۆ ئەو نەتەوەیە ناخوازن، ئەوانەی جگە لەوە ئالتەرناتیڤەکیتر شک دەبەن لە هەڵەدان! فەرموون برواننە لاپەرەکانی مێژوو! جگە لە ماڵوێرانی و تواندنەوە ئایا چیان بۆ نەتەوەی کورد هەبووە؟ مەگەر کەمال ئاتاتوورک نەبوو کە دەستەو داوێنی کمۆنیستەکان بوو بۆ ئەوەی کە کوردەکان لە کمینترنی ٢٢بە ناوی "بورژوای" ڕەش بکا؟ مەگەر سەیرمان نەکردووە کە ئەوانە بۆ لە سەرکارمانەوەی خۆیان تەنانەت مزگەوت و قورئانیش دەدەنە بەر گوللە تۆپ و دەیسووتێنن؟ .... هتد. کەواتە، کاتێک کورد لە پارچەیەک سەرکەوتنێک وەدەست دێنێ، داگیرکەرانی کوردستان هەر شین ناگێڕن!


بە ڕای نووسەر ئیشارەتی سەرەوە بۆ گشت تاک و لایەنیک بەسە، بۆ ئەوەی لە ڕاستییکانی هەنووکەیی تێبگات و بە هۆی تەبلیغاتی داگیرکەران لە مەر سەرهەڵدانی گەلی کوردی ڕۆژئاوا لە سووریا، لە پشتیوانی ئەو سەرهەڵدانە سڵ ناکاتەوە. بە شایتی مێژوو، هەتا ئێستا هەرگیز، تەنانەت بە هەڵکەوتیش بووبێت، هەرگیز داگیرکەرانی کوردستان خێریان بۆ نەتەوەی کورد نەبووە! هەر بۆیە هەرچی بۆ کورد باشە لێیان سەندووە یاخود چاوەشەکارییان لە سەر کردووە!
ئەو هەلە بە هۆی کزی و لاوازی ڕژێمە چەپەڵەکەی بەشار ئەسەد و بەهۆی دووبەرەکی بیروڕای گشتی لە سەر دۆخی ئالۆزی سووریا هاتۆتە ئاراوە. بێگومان بەکار هێنانی بیرمەندانەی ئەو هەلە مێژووییە، گوزارە لە کارامەیی و پێگەیشتوویی تاک وسازەی کوردی دەدات کە دەتوانێ داهاتوویەکی ڕوون بۆ نەتەوەی کورد مسۆگەر بکات.


مستەفا بارزانی بە بانگێشتی هیج کەس بۆ یارمەتی کۆماری مهاباد نەکەوتە ڕێ! هیچ کەس قازی محەمەدی مەجبوور نەکرد کە پلەی ژنڕالی خەڵاتی بارزانی بکات! هەڵوێستی هەردووکیان، هەم بارزانی و هەم قازی لە ڕووی هەستی پاکی نەتەوەییەوە بوو، هەر بۆیە ئێستاشی دەگەڵ بێ، بخوازین و نەخوازین ناویان کەوتۆتە سەر لاپەری کتێبە مێژووییەکانەوە و سەرەرای ناکۆکییەکانیان، ئەو دوو کەسایەتییە لە لایەن مێژووناسان، لێکۆڵەڕان و نووسەران هەر بە گەوریی یاد دەکرێنەوە.
 

 ٢٤\٧\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک