٢٣\٦\٢٠١٤
هەلێکی مێژوويی
نابێ لەدەست بدرێ!

جەلال دەباغ
دوابەدوای هێرشە سەربازيیەکانی (داعش) بۆ سەر چەند پارێزگا و ناوچەيەکی
عێراق و هەڵهاتنی سوپای عێراق و داگيرکردنی موسڵ و چەند ناوچەيەکیتر،
وێڕای مەترسيداريی بارودۆخەکە بە گشتیی، هەڵومەرجێکی باش و لەبار بۆ
گەلی کوردستان و حکومەتەکەی لە باشووری کوردستان هاتۆتە ئارا کە بە
کورتیی لەم چەند دێڕەدا بەرجەستە دەبێ:
دەسەڵاتگرتنی حکومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر تەواوی
شاری کەرکوکدا و، بەسەر هەندێ لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی
کوردستاندا کە بە " ناوچە کێشەلەسەرەکان" ناودەبرێن.
هەنگاونانی هێزو حیزبە نيشتيمانپەروەرەکانی کوردستان بەرەو يەکڕيزیی و
يەک گوتاریی سياسیی هاوبەش لەم هەلومەرجە هەستيارەدا و، ئامادەکردنی
جەماوەری کوردستان و پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە ماف و دەستکەوتەکان و
خاکی کوردستان.
چۆکدادانی مالکی و حکومەتەکەی و ژێرکەوتنيان لە سياسەتەکەياندا و
نەتوانينی پاراستنی دەسەڵاتيان لە زۆر پارێزگادا و، نەتوانينی
سووربوونيان لەسەر جێبەجێ نەکردنی بەندی ١٤٠ی دەستوور کە هەلومەرجی نوێ،
بە بێ خواستی ئەوان جێبەجێی کرد... تاد.
بەمجۆرە دەبينين هەلێکی مێژويی نوێ لەپێش گەلەکەماندا هاتۆتەکايەوە کە
نابێ لەدەست بدرێ. ئەمەش بەوەدەبێ کە:
بەهيچ جۆريک پاشەکشەو خۆبەدەستەوەدان نەکرێ و دەست لە کەرکوک و
ناوچەدابڕاوەکان بەرنەدرێ و، وريابين نەکەوێنە شەڕو پێکدادان لەگەڵ (داعش)
و هاوکارەکانی وبەرگری کردن هەڵوێستمان بێ و بەربەستی هەر هێرش و
پەلامارێکيان بۆ سەرکەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بکرێ و لەمەشدا کەڵک
لە دانيشتوانی ناوچەکان خۆيان وەربگيرێ و کەڵک لە ئاوارە کوردستانيەکان
وەربگيرێ و ئامادە و چەکداربکرێن بۆ پشتگيریی هێزەکانی پێشمەرگە. وێڕای
ئامادەکردنی جەماوەری کوردستان و بەرينکردن و رێکخستنی زياتری هێزی
پێشمەرگەی کوردستان.
حکومەت و پەرلەمانی کوردستان ودامەزراوە فەرميیەکان بڕياری خێراو
ياسايی بدەن بۆ ئەوەی کەرکوک و ئەو ناوچانە بخرێنەوە سەر هەرێمی
کوردستان و، هەرچی پێويستە لەناوخۆو لەسەر ئاستی دەرەوەو جيهان بکرێ بۆ
بڕياردانی سەربەخۆيی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و بەشدارکردنی
چەند نوێنەرێکی ئەو ناوچانە لە کابينەی هەشتی کوردستاندا. بەکارهێنانی
نەوت و سامانەکانی کوردستان وەک چەکێکی تيژو بڕای لە پڕۆسەی
سەربەخۆبوونداو، لە بوژاندنەوەو بەرەوپێشبردنی باری ئابوری کوردستانداو،
لە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانداوبۆ خزمەتی جەماوەر.
دەبێ بانگەوازی هەمووان و دروشمی سەرەکيیمان ئەمە بێ (هەلێکی مێژوويیە
و نابێ لەدەست بدرێ!). سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستانە و ژێرکەوتن و
سەرشۆڕیی بۆ دوژمنانی..!
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|