په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هەڵە کوشندەکەی ساڵی1991 لە وەرنەگرتنی جاش دووبارە ناکەینەوە.

  
عەلی مەحمود محەمەد


بزووتنەوەی گۆڕان بە هەڵەی دەزانێت ساڵی1991دەرگای یەکێتی بۆ وەرگرتنی جاش و تاوانکاران نەکراوەتە سەر پشت،پێی زیانە ئەو هەموو جاشەی چوونە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستان وەریان نەگرتن،ئەوان نەبردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی1992 دەگەڕێننەوە بۆ ئەو هەڵە کوشندەیە.واتە پاش18ساڵ درکیان بەوە کرد هەڵە گەورەکە لە کوێوەیە،ئەوەی کردویانە ڕڕست نەبووە.ئیتر ڕەخنە گرتن لەوەی فڵانە جاش و تۆمەتبار لە ڕیزی پارتییە دەبێتە بێ مانا،پارتیش هەقی خۆی بوو بە تەحسین شاوەیس بڵێت شێرەکەی بارزانی،چونکە لایەنی ڕەقیب ئەوەتە ڕەخنە لە خۆی دەگرێت کە ئەوانی وەرنەگرتووە و بە باشی دەزانێت ئەمڕۆ قەرەبووی ئەو هەڵەیە بکاتەوە،ئەگەر وا نییە با وەڵام بدرێتەوە.


مەلا عوزێر تەنها سۆسیالستی کوشتووە ،قەیدی چییە کاک کۆسرەت سێ مانگ جارێک بە دیداری شاد بێت و ماڵی لە تەنیشت کاکە عوسمان بانی مارانی بێت،مافی خۆشییەتی بەرزترین و دڵگیرترین گردیشی پێِشکەش بکرێت.
تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج و برایمی حاجی دارا و عەباسی بالول ئاغا و برایما ئاغا و .....تەنها ینک و شوعیان کوشتووە،بە ڕاستیش سەر بە ڕێکخستنی پارتی بوون،کەس شایەدی ئەوە نەدا من پێشمەرگەی پارتیم لەگەڵ مەفرەزەی قالە فەرەج بە چاوەکانی خۆم بینیووە،هەر خۆیان چالاکیان بۆی کردووە.


هێمنە ڕەش تەنها شوعی کوشتووە،ئاساییە شێرەکەی ینک بێت و ئاگری شەڕی ناوخۆیی جۆش بدات.
خالیدی خولە سور بە ئەمری مام جەلال و کاک نەوشیروان تەسلیم بوەوە،ئاساییە پارتی و سۆسیالستی کوشتبێت.
مەمەند قەشقە لە ڕۆژنامەکانەوە بە ئازادانە دەڵێت بمزانیایە خۆپیشاندانەکەی6-3-1991شوعییەکان ڕێکیان خستبوو تاق بڕیانم دەکرد.
زۆربەی جاشەکان بادینان بوونە یەکێتی و ئەوانەی سۆرانیش خۆیان زەرد کرد.
نموونە زۆرە بۆ هێنانەوە،ئەوەندە زۆرە بە ئەندازەی ئەو تاوانانەی ئەم تۆمەتبارانە ئەنجامیان داوە،ئەوەندە بەرفراوانە بە ئەندازەی ژمارەی قوربانیان.
شەهیدان و ئەنفالکراوان خۆ دەنگیان نییە بخرێتە سندوقەکانی دەنگدانەوە،تەنها بۆ یاریکردن بە سۆزی کەسوکار و دۆستانیان هەڵەبجە و ئەنفال و شەهیدان لە ڕۆژەکانی پێِش هەڵبژاردنەکان دەبنە مەزەی ڕاگەیاندنەکانیان،تەنها بۆ بەڕە ڕاکێششان لەژێر پێی یەکتر کەیسی بەرامبەر دەجوڵێنن.


ئەوەی باسی خالیدی خولە سور بکات پاراستنە.
ئەوەی باسی مەلا عوزێر بکات کۆنە حسکە.
ئەوەی باسی هێمنە ڕەش بکات شوعییە.
ئەوەی باس تەحسین شاوەیس بکات جەلالییە.


بەمشێوەیە نەک لێیان دەبورن،بگرە حەرامی قسەکردن لەسەریشیان دەکەن.
بۆیە بەڕاستی پێم وایە تاکو پارتی و یەکێتی دەسەڵاتداری یەکەم بێت،تاکو گۆڕان ئۆپۆزسیۆنی گەورە بێت،قسەکردن لە دادگایی جاش و تۆمەتباران و بەرقەراری دادگای ئازاد لە کوردستان نەک خەونی شاعیرانە بگرە خواستێکی هەرزەکارانەیە،وەلێ مرۆڤ جوانە خەون بە خەیاڵی جوانەوە ببینێت و دەستبەرداری مافەکانی خۆی نەبێت.